پرسی كه‌ركوك له‌نێوان ئیمتیاز‌و ئینحیاز!

■ نوری بێخاڵی
سێ ساڵێك به‌ر له‌ئێستاو له‌ڕاپۆرتێكی رۆژنامه‌یه‌كی عه‌ره‌بیدا له‌باره‌ی كێشه‌ی فه‌له‌ستین‌و ئیسرائیل‌و تێڕوانینی هاوڵاتیانیان بۆ كێشه‌كه، گه‌نجێك له‌وه‌ڵامی پرسیارێكی رۆژنامه‌نووسه‌كه گوتبووی «ئێستا ئه‌گه‌ر سیاسییه‌كان وازمان لێبێنن، ئێمه‌ی خه‌ڵكی سڤیلی فه‌له‌ستینی‌و ئیسرائیلی ئاماده‌ی به‌یه‌كه‌وه ژیانمان تێدایه له‌یه‌ك وڵاتی هاوبه‌شدا، گرنگ نییه ناوی چی ده‌بێ، گرنگ ئه‌وه‌یه هه‌موومان هاوڵاتی بین تیایدا، به‌ڵام حیزب‌و سه‌ركرده سیاسییه‌كان‌و ته‌نانه‌ت وڵاتانی عه‌ره‌بی‌و ئیسلامیش بازرگانیمان پێوه ده‌كه‌ن». ئه‌و دوو نموونه‌یه‌م بۆیه هێنایه‌وه تا لێیه‌وه به‌ڕوانگه‌یه‌كی جیاواز له‌وانیتر قسه‌یه‌ك له‌باره‌ی كه‌ركوك‌و ئه‌و هه‌ڵڵایه‌ی له‌سه‌ریه‌تی بكه‌م، كه به‌داخه‌وه بۆته (كراوه‌ته!) گرێ كوێره‌ی كێشه سیاسییه‌كانی عێراق. ده‌سه‌ڵاتی كوردی ده‌ڵێ حكومه‌تی عێراقی خۆی له‌ده‌ستوور ده‌دزێته‌وه‌و ئاماده‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌كه نییه، هه‌ندێ نوێنه‌ری كورد له‌به‌غدا ده‌ڵێن نه‌خێر كورد‌و سه‌رانی بۆ خۆیان به‌رپرسیارن له‌و پرسه، چونكه تا ئێستا كه‌مته‌رخه‌م بوونه، هه‌ندێك ده‌ڵێن ئه‌مه‌ریكا بانێكه‌و دوو هه‌وا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كێشه‌كه ده‌كات‌و نایه‌وێ كێشه‌كه بنه‌بڕ بێت‌و هاوسه‌نگی سیاسی تێكبچێ، هه‌ندێكیتر ده‌ڵێن ئه‌وه پێویستی به‌چاره‌سه‌رو بڕیارێكی نێوده‌وڵه‌تییه‌و بهكوردو عه‌ره‌ب چاره‌سه‌ر ناكرێ، هه‌ندێ ده‌ڵێن بنه‌ڕه‌تی كێشه‌كه ئه‌وه‌یه تا توركیا له‌و نێوه‌دا بێت ره‌وشی كه‌ركووك له‌وه باشتر نابێت...هتد، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌و نێوه‌دا كه‌س لای لێناكاته‌وه ژیان‌و چاره‌نووسی خه‌ڵكی سته‌م دیده‌و خێر له‌خۆ نه‌دیوی كه‌ركووكه (به‌كۆی پێكهاته جیاوازه‌كانی‌و به‌تایبه‌تی هاوڵاتیانی كورد)، كه له‌وه‌ته‌ی عێراق گوایه ئازاد كراوه، گیرۆده‌ی ترس‌و دڵه‌ڕاوكێ بوونه‌ته‌وه‌و رۆژ نه‌بووه‌و نییه ده‌ستی تیرۆر‌و كوشتن‌و ته‌قینه‌وه‌و ته‌سفیه‌ی حیساباتی سیاسی‌و شه‌خسی مرۆڤێكی ئه‌و شاره رووبه‌ڕووی مه‌رگ نه‌كاته‌وه، سه‌یریش له‌وه‌دایه هه‌موو پێكهاته‌كانی كه‌ركوك، بهكوردو عه‌ره‌ب‌و توركمان‌و مه‌سیحی به‌شی خۆیان له‌قوربانی داوه‌و ده‌ده‌ن، له‌وسه‌ری سه‌ره‌وه‌و دوای هه‌ر كاره‌ساتێكیش هه‌ر هێزه‌و كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسی عیراق دێت‌و ره‌وش‌و رووداوه‌كانی به‌میزاجی سیاسی‌و ته‌شی به‌رژه‌وه‌نده‌ییه‌كانی خۆی ده‌ڕێسێ. من پێموایه ئه‌گه‌ر سیاسییه‌كان یه‌كه‌م رۆژ‌وازیان له‌دانیشتوانی ئه‌و شاره هێنابوایه، ئه‌وا ئه‌وان ئاماده‌یی به‌یه‌كه‌وه ژیانیان تێدابوو، چونكه ئه‌گه‌ر جه‌بری به‌عس‌و سیاسه‌ته‌كانی گۆڕینی جوگرافی‌و دیمۆگرافی به‌عسیش ناسنامه‌ی شاره‌كه‌ی شێواندبێ، به‌ڵام له‌ئاسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌یدا تا پێش رووخانی به‌عس گیانی به‌یه‌كه‌وه ژیان له‌ناو كه‌ركوكییه‌كاندا پته‌وبوو، كه‌چی سیاسییه‌كان هاتن‌و ئه‌و په‌یوه‌ندی‌و ته‌باییه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌شیان كرده قوربانی گوتاره‌كانیان‌و به‌سایه‌ی سه‌ری ئه‌وانه‌وه بوو، ئێستا خه‌ڵكی ئه‌و شاره جگه له‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ترازاون، وێڕای ئه‌وه‌ی ئێستا كه‌مترین بڕوا‌و متمانه به‌یه‌كتر ده‌كه‌ن، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌چاوی رق‌و پلانگێڕییه‌وه سه‌یری یه‌كتر ده‌كه‌ن، گه‌یشته ئه‌وه‌یش به‌ناوی جیاواز‌و له‌ژێر په‌رده‌و بیانوی جیاوازیشدا ده‌ستیان بچێته خوێنی یه‌كتر. من به‌هۆی كاری رێكخراوه‌یی (له‌بواری مرۆییه‌وه) دوای ئازادی عێراق بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ له‌ناو كه‌ركوك‌و قه‌زا‌و ناحیه‌و گونده‌كانی‌و گه‌رمیان به‌گشتی مامه‌وه، ئه‌و رۆژانه كه تازه كورده كه‌ركوكییه به‌سه‌زمانه‌كان (ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر خاكی كوردستان ناومان نابوون ئاواره)، چ به‌دروشمی سۆزباوی نه‌ته‌وه‌یی‌و چ به‌زۆرلێكردن هه‌ولێر‌و سلێمانی‌و شار‌و شارۆچكه‌كانی كوردستانیان پێچۆڵكرابوو، له‌ژێر خیوه‌تی شڕ‌و شه‌ق‌و له‌سای ژیانێكی مه‌مره‌و مه‌ژی له‌ناو یاریگای كه‌ركوك‌و پێده‌شتی دۆزه‌خینی گونده‌كاندا رووبه‌ڕووی مه‌رگ كرابوونه‌وه، مه‌رگی برسێتی‌و تێنوێتی‌و نه‌خۆشی‌و په‌تا‌و نه‌داری، مه‌رگی هاوه‌ن‌و موشه‌كبارانی تیرۆریست‌و شۆفینیان، كه‌چی كورد‌و ده‌سه‌ڵاتدارانی له‌وێ رۆژانە سه‌رقاڵ‌و سه‌رگه‌رمی ره‌نگكردنی پرد‌و دار‌و دیواری ئه‌و شاره بوون به‌ڕه‌نگی حیزبی خۆیان، سه‌رگه‌رمی بیركردنه‌وه له‌كورسی ده‌سه‌ڵات‌و ئیمتازاتی ئیداری‌و ئه‌منی‌و چی‌و چی بوون، تا ئه‌وه‌ی وایلێهات له‌كه‌ركوك كورد دوو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایش‌و پۆلیس‌و په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستی‌و چی‌و چی هه‌بێت، ئیتر ئه‌و ره‌وشه ئاسۆی چاره‌سه‌ری ده‌ستوورییانه‌ی شاره‌كه‌ی ته‌ماوی تر كرد. هه‌ندێ سیاسی‌و ده‌سه‌ڵاتداری كورد به‌گوزارشتی بێ مانای (عه‌ره‌به ره‌سه‌نه‌كانی كه‌ركوك) هێنده‌ی تر نه‌فه‌سی ته‌عریبیان له‌و شاره درێژ كرده‌وه، هه‌ندێكیتر له‌سیاسی‌و ده‌سه‌ڵاتداره‌كانمان له‌سه‌ر حیسابی قه‌به‌كردنی قه‌باره‌ی توركمان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی حیزبی، توركمانیان لێكردین به‌دامه‌زرێنه‌ری كه‌ركوك، حیزبه‌كان پاره نه‌ما به‌سه‌ر توركمانی ته‌زویر‌و عه‌ره‌بی (ره‌سه‌ن!) نه‌به‌شنه‌وه، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، بگره وای لێهات هه‌ندێ ئه‌ربابی سیاسی به‌دۆنم زه‌ویشی له‌سنوری هه‌ولێر‌و سلێمانی به‌توركمان‌و عه‌ره‌ب به‌خشی، له‌ملاش‌و له‌و ده‌شته مه‌نجه‌نیقیه‌و گه‌رمه‌سێره‌دا‌و له‌ژێر چادره شڕ‌و شه‌پڕێوه‌كاندا، مێش‌و مه‌گه‌ز‌و بێ ئاوی‌و نه‌داری‌و ترسی تیرۆر‌و تۆقاندنی شۆفینییه‌كان گیانی مناڵانی كوردی كه‌ركوكیان ده‌خوارد. كه هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2005 كرا، حیزب‌و سه‌ركرده سیاسییه‌كانی كوردستان سواری سه‌ری دروشمی نه‌ته‌وه‌یی‌و جۆشدانی كوردی كه‌ركوك بوون‌و وایان نیشاندا چاره‌نووسی كه‌ركوك بریتییه له‌و پێنج‌و دوو كورسییه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا‌و ئه‌گه‌ر ئه‌وه ببه‌نه‌وه ئیتر هه‌فته‌یه‌ك نابا شوێنه‌واره‌كانی ته‌عریب ده‌سڕێنه‌وه‌و ناسنامه نه‌ته‌وه‌ییه راسته‌قینه‌كه‌ی كه‌ركوك بۆ به‌غدا‌و ئه‌نقه‌ره روون ده‌بێته‌وه‌و شایه‌تمانی بۆ كوردبوونی ده‌ده‌ن، كه‌چی نه‌ك ئه‌وه‌مان نه‌دی، به‌ڵكو ئه‌و كه‌ركوكه‌ی به‌قسه‌ی سیاسییه‌كانی كورد، سێ به‌ش‌و نیوه‌ش له‌چاره‌كه‌كه‌ی تری كوردن، هاتن‌و پێشنیاری‌وه‌ك یه‌ك‌و برابه‌شی كورسی‌و پۆست‌و ئیمتیازاتیان له‌نێوان كورد‌و عه‌ره‌ب‌و توركمان كرد، تا ئه‌وه‌ی ئێستا نازمان به‌سه‌ره‌وه بكه‌ن‌و هه‌ر یه‌كه‌و بۆ خۆی داوای ئۆتۆنۆمی بكات له‌ناو كه‌ركوكدا. هه‌ڵبژاردن كرا‌و كورد چووه به‌غدا‌و له‌كه‌ركوكیش پارێزگار‌و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا‌و ده‌رزه‌نێك ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای برده‌وه، كه‌چی كه‌ركوك هێشتا حاڵی ئه‌وه‌یه كه ده‌یبینین، له‌ڕه‌وش‌و شوێنێكدایه كه خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌نێوان ئاگری دۆزه‌خی تیرۆر‌و تۆقاندنی شۆفینییه‌كان‌و به‌هه‌شتی‌وه‌همی دروشمی سۆزباوی نه‌ته‌وه‌یی حیزب‌و سیاسییه‌كانی كوردستاندا تێماون، نه‌به‌ملادا ده‌كه‌ون‌و نه‌به‌ولا، تا ئه‌وه‌ی‌وای لێهاتووه خه‌ڵك‌و پێكهاته ئیتنی‌و ئایینییه جیاوازه‌كانی خوازیاری ئه‌وه‌بن سیاسییه‌كان‌وازیان لێبێنن، هه‌رنا بۆ ئه‌وه‌ی ته‌بایی كۆمه‌ڵایه‌تی نێوانیان بونیاد بنێنه‌وه‌و جارێكی دی گیانی متمانه‌و هاوكاری‌و به‌یه‌كه‌وه ژیانی نێوانیان ببه‌نه‌وه دۆخی سروشتی خۆی، به‌جۆرێك نه‌كه‌وێته ژێر باری هیچ هه‌لومه‌رجێكی سیاسی‌و ئایدیۆلۆژی، دوور نییه ئێستا دوای ئه‌و هه‌موو رق هه‌ڵڕشتن‌و خوێن رشتنه، كه‌ركوكییه‌كان رازی بن به‌یه‌كه‌وه دوه‌یله‌یه‌ك بۆ خۆیان له‌و شاره دروست بكه‌ن‌و هیچ كه‌س‌و به‌تایبه‌تی حیزب‌و سیاسییه‌كان ده‌ستنه‌خه‌نه ژیان‌و كاروبارییانه‌وه. ئێستاش كه دیسانه‌وه گه‌ڕێكی دیكه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌عێراقدا به‌ڕێوه‌یه‌و كه‌ركوكیش ئه‌و مامزه زراو تۆقیوه‌یه، هه‌ولێر‌و به‌غدا‌و ئه‌نقه‌ره گره‌وی راوی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، كه‌چی به‌گوێره‌ی هه‌ندێ لێدوانی به‌رپرس‌و سه‌ركرده‌ی پارتی‌و یه‌كێتی، دیار نییه ئاخۆ ئه‌و دوو حیزبه به‌لیستی جیاواز یان لیستێكی هاوبه‌ش ده‌چنه شه‌ڕی كه‌ركوك، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه كه ئه‌و دوو هێزه سیاسییه گومان له‌كوردبوونی ئه‌وانه ده‌كه‌ن، كه یه‌كڕیزی كورد له‌شه‌ڕی هه‌ڵبژاردنی عێراق تێكبده‌ن‌و به‌لیستی جیاوازه‌وه بچنه نێو پرۆسه‌كه! كه‌ركوك به‌شه‌ڕكردن له‌سه‌ر پۆسته سیادییه‌كانی به‌غدا، یان به‌بردنه‌وه‌ی پۆستی پارێزگار‌و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌ن‌و كورسییه‌كانی پارێزگا نایه‌ته‌وه باوه‌شی كوردستان، بۆیه ده‌بێ بزانین چیتر به‌م چه‌كه سواوه ناتوانین شه‌ڕی بردنه‌وه‌ی كه‌ركوك له‌به‌غدا بكه‌ین، به‌ڵكو كه‌ركوك پێویستی به‌پشتیوانی‌و رێكخستنی ریزه‌كان‌و یه‌ك ئیراده‌یی كه‌ركوكیه‌كانه. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كوردستان‌و هێزه سیاسییه‌كانی كورد ده‌یانه‌وێ گره‌وه‌كه ببه‌نه‌وه، ده‌بێ ئیراده‌و پشتگیری‌و متمانه‌ی كوردانی كه‌ركوك مسۆگه‌ر بكه‌ن، مسۆگه‌ركردنێك له‌سه‌ر بنه‌مای دروشمی بریقه‌دار‌و چاوبه‌سته‌كی نا، به‌ڵكو له‌سه‌ر په‌یوه‌ستبوونی مه‌بده‌ئی‌و ویژدانی‌و ئه‌خلاقی‌و پراكتیكی هه‌موو حیزب‌و هێزه كوردییه‌كان به‌ماف‌و ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، په‌یوه‌ستبوونێك له‌گه‌ڵ كه‌ركوكدا ناوچه دابڕێنراوه‌كان (نه‌ك دابڕا‌و ناكۆكی له‌سه‌ره‌كان!)ی تری كوردستانیش به‌ئه‌وله‌ویه‌تی كار‌و به‌رنامه‌ی سیاسی‌وه‌ربگیرێن، چونكه به‌قه‌د گرنگی‌و بایه‌خی كه‌ركوك، خانه‌قین‌و جه‌له‌ولا‌و شه‌نگارو زوممار‌و مه‌خمور‌و ناوچه‌كانیتر بۆ كورد بایه‌خدارن، به‌مانایه‌كیتر بردنه‌وه‌ی ئه‌و شه‌ڕه پێویستی به په‌یوه‌ستبوونێكی نه‌ته‌وه‌یی‌و نیشتمانی وا هه‌یه، كه بستێك به‌قوربانی ته‌نها قومێك نه‌كات!
|