دوو ساڵه هیچ پڕۆژه‌یه‌كی نوێ له‌كه‌ركوك جێبه‌جێ نه‌كراوه

ئا: بارام سوبحی
ماوه‌ی دوو ساڵه به‌هۆی كه‌میی پشكی كه‌ركوك له‌بودجه‌ی گه‌شه‌پێدانی هه‌رێمه‌كان، بودجه‌كه ته‌نها بۆ ته‌واوكردنی پڕۆژه ته‌واونه‌كراوه‌كان خه‌رج ده‌كه‌ن. ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاش ده‌ڵێت "سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان به‌بێ جیاوازی نه‌ته‌وه‌یی‌و ئاینی سته‌م له‌كه‌ركوك ده‌كه‌ن". پارله‌مانتارێكی شاره‌كه‌ش ئاماژه به‌وه‌ده‌كات ئه‌گه‌ر بودجه‌كه زیاد نه‌كرێت ده‌نگ به‌یاسای بودجه ناده‌ن. به‌پێی بودجه‌ی خه‌مڵێنراوی گه‌شه‌پێدانی هه‌رێمه‌كان بۆ ساڵی 2010، پشكی پارێزگای كه‌ركوك ته‌نها 110 ملیار دیناره. سه‌رجه‌م به‌رپرسانی شاره‌كه‌ش ئه‌و بودجه‌یه به‌كه‌م ده‌زانن‌و پێیانوایه به‌شی ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌ی گرنگ ناكات. ره‌چاوی دادپه‌روه‌ریی نه‌كراوه له‌نامه‌یه‌كدا كه بۆ سه‌رۆكی پارله‌مانی عێراقی ناردوه، نوێنه‌ری كه‌ركوك له‌لیستی هاوپه‌یمانی، خالید شوانی باس له‌وه‌ده‌كات له‌دیاریكردنی پشكی كه‌ركوكدا ره‌چاوی "ژماره‌ی دانیشتوان‌و دادپه‌روه‌ریی‌و ئه‌و وێرانكارییه‌ی له‌شاره‌كه‌دا هه‌یه" نه‌كراوه، ئه‌وه‌ش به"پێچه‌وانه‌ی ده‌ستور" ناوده‌بات. له‌نامه‌كه‌دا كه كۆپیه‌كی لای ئاوێنه‌یه، شوانی رونیده‌كانه‌وه حكومه‌تی به‌عس سێ ناحیه‌ی به زیاتر له700 گونده‌وه ته‌ختكرده‌وه‌و تائێستا هیچ بودجه‌یه‌ك بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یان ته‌رخاننه‌كراوه. سه‌رباری ئه‌وانه‌ش بودجه‌ی خه‌رجكراوی وه‌زاره‌ته‌كانی عێراق له‌شاره‌كه‌دا ده‌گاته 0.5%. بۆیه ده‌ڵێت "ئه‌مه‌ش ئاستی سته‌م له‌م شاره ئاشكرا ده‌كات". شوانی داوا ده‌كات پشكی كه‌ركوك زیاد بكرێت، هه‌روه‌ها ساڵانه بڕی سه‌د ملیۆن دۆلار بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی گوند‌و ناحییه وێرانكراوه‌كانی سه‌رده‌می رژێمی پێشوو ته‌رخان بكرێت، وه‌كو چۆن حكومه‌ت بودجه‌ی بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی هۆره‌كانی باشوری عێراق دیاریكردوه. جگه‌له‌وانه داوای ته‌رخانكردنی بڕی دوو ملیار دینار ده‌كات بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی بازاڕی شۆرجه‌ی كه‌ركوك كه به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌یه‌كه‌وه دوچاری روخان هاتووه. له‌كۆتایی نامه‌كه‌دا شوانی ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر ئه‌م پێشنیارانه به‌هه‌ند وه‌رنه‌گیرێن بۆ زیادكردنی بودجه‌ی كه‌ركوك، به‌پێچه‌وانه‌وه په‌ناده‌به‌ینه به‌ر ده‌نگنه‌دان به‌یاسای بودجه، وه‌كو پاڵپشتییه‌ك له‌گه‌ڵ داواكانی پارێزگای كه‌ركوك". له‌لایه‌ن خۆیه‌وه پارێزگاری كه‌ركوك، عه‌بدولڕه‌حمان مسته‌فا رایگه‌یاند پێویستی زۆریان به‌ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و بنیادنانه‌وه هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و "بودجه‌یه‌ی بۆمان ته‌رخانكراوه، له‌گه‌ڵ قه‌باره‌ی ئه‌و وێرانكارییه‌ی دوچاری شاره‌كه هاتووه ناگونجێت". گرفته‌كه به‌ده‌ستی ئه‌نقه‌سته به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ی لای كاربه‌ده‌ستانی كه‌ركوكه، ژماره‌ی دانیشتوانی شاره‌كه به‌پێی فۆرمی خۆراك له‌نێوان ملیۆنێك‌و 335هه‌زار بۆ 340 هه‌زار كه‌سه، به‌ڵام وه‌زاره‌تی پلاندانان ژماره‌كه‌ی به ملیۆنێك‌و 265 هه‌زار كه‌س خه‌مڵاندوه، بۆیه بڕی 115 ملیار دیناریان بۆ شاره‌كه دیاریكردوه. سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، ئیبراهیم خه‌لیل وتی "ئه‌و بڕه پاره‌یه غه‌درێكه له‌خه‌ڵكی كه‌ركوك كراوه". ناوبراو رونیكرده‌وه بودجه‌ی ساڵی پاریان 117 ملیار بووه، بۆیه هیچ پڕۆژه‌یه‌كیان پێ جێبه‌جێ نه‌كردوه‌و ته‌نها پڕۆژه ته‌واونه‌كراوه‌كانی ساڵی 2008یان پێ ته‌واوكردوه، چونكه "بودجه‌ی 2008 مانگی شه‌ش گه‌یشته ده‌ستمان، له‌به‌رئه‌وه نه‌مانتوانی له‌ماوه‌ی ئه‌و شه‌ش مانگه‌دا هه‌موو پڕۆژه‌كان ته‌واو بكه‌ین". وتیشی "به‌و بودجه‌یه‌ی ئێستاش پڕۆژه‌مان بۆ جێبه‌جێ ناكرێت". له‌لایه‌كی دیكه‌وه حكومه‌تی عێراق بۆ بنیادنانه‌وه‌ی ناحیه‌ی تازه‌ی باشوری كه‌ركوك، شه‌ش ملیار دیناری ته‌رخانكردوه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له 30/6 دوچاری ته‌قینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره هات. له‌وباره‌یه‌وه خه‌لیل وتی "له‌چه‌ندین شوێنی دیكه‌ی كه‌ركوكیش ته‌قینه‌وه رویداوه، كه‌چی یه‌ك دیناری بۆ ته‌رخان نه‌كراوه". هه‌ریه‌ك له‌وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌تی عێراقیش خاوه‌نی بودجه‌ی خۆیانن‌و ده‌بێت بۆ شاره‌كانی خه‌رج بكه‌ن، به‌ڵام به‌وته‌ی ئیبراهیم خه‌لیل بڕی ته‌رخانكراوی وه‌زاره‌كان بۆ كه‌ركوك ده‌گاته 0.58%، له‌كاتێكدا "هه‌ندێ پارێزگا كه ژماره‌ی دانیشتوانی له‌كه‌ركوكیش كه‌متره، تا 6% بۆ ته‌رخانكرابوو. ئه‌وه‌ش سته‌مێكی تر بوو له‌كه‌ركوك كرا". به‌وته‌ی خه‌لیل جگه له‌وه‌زاره‌ته‌كانی وه‌رزش‌و لاوان‌و سه‌رچاوه ئاوییه‌كان كه بودجه‌یان بۆ كه‌ركوك ته‌رخانكردبوو "هه‌رچه‌نده وه‌كو پێویست نه‌بوو"، هیچ كام له‌وه‌زاره‌ته‌كانی دیكه بودجه‌یان بۆ كه‌ركوك نه‌بووه. بۆیه پێیوایه "وه‌زاره‌ته‌كانی به‌غدا، به‌بێ جیاوازی نه‌ته‌وه‌یی‌و ئاینی زوڵمێكی زۆریان له‌كه‌ركوك كردوه، چونكه هیچیان بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كه‌ركوك ته‌رخان نه‌كردوه". بۆچاره‌سه‌ری ئه‌و گرفته‌ش، ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن سه‌ردانی تاڵه‌بانی‌و مالیكی‌و وه‌زیری دارایی‌و پلاندانیان كردوه، كه‌چی "گرفته‌كه هه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌بوو". ئه‌وه‌ش بۆته هۆی ئه‌وه‌ی "دوو ساڵه له‌كه‌ركوكدا ناتوانین وه‌كو پێویست پڕۆژه ئه‌نجام بده‌ین". دواتر وتی "پێمانوایه ئه‌م گرفته به‌ده‌ستی ئه‌نقه‌ست كراوه، ده‌یانه‌وێ كه‌ركوك به‌ره‌و ئاقارێكی خراپ به‌رن". ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، تائێستا دوا بڕیاری له‌سه‌ر وه‌رگرتن یاخود ره‌تكردنه‌وه‌ی بودجه‌كه نه‌داوه، چاوه‌ڕوانی هه‌ڵوێستی پارله‌مان ده‌كه‌ن، تابزانن بودجه‌كه په‌سه‌ند ده‌كه یان نا. هه‌رچه‌نده تائێستا پارله‌مان له‌سه‌ر ته‌رخانكردنی بڕی نیو دۆلاریش له‌هه‌ر به‌رمیله نه‌وتێكی هه‌نارده‌كراوی نه‌وتی كه‌ركوك بۆ شاره‌كه، رازی نه‌بووه. كه‌چی "مالیكی ئه‌و بڕیاره‌ی په‌سه‌ند كردوه". حكومه‌تی هه‌رێم چی ده‌كات؟ سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ئاوێنه‌ی راگه‌یاند ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیاریداوه له‌بودجه‌ی 2010 هه‌ر وه‌زاره‌ته‌و پلانێكی پێشوه‌خت بۆ ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ناوچه جێناكۆكه‌كان ته‌رخان بكه‌ن. له‌به‌رئه‌وه سه‌رچاوه‌كه له‌و بڕوایه‌دا "حكومه‌تی هه‌رێم رێگه به‌وه نادات، كێشه‌ی كه‌مبوونه‌وه‌ی بودجه كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆی به‌سه‌ر كه‌ركوكه‌وه هه‌بێت".
|