ئا: بارام سوبحی
له‌شاری كه‌ركوك، ده ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌لایه‌ن حه‌وت لیسته‌وه بۆ پارله‌مانی عێراق كاندید كراون‌و له‌ئێستادا سه‌رقاڵی بانگه‌شه‌ن.
ئه‌ندامێكی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه رایده‌گه‌یه‌نێت ره‌نگه به‌هۆی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌وه كۆبونه‌وه‌یه‌كی هه‌فتانه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ئه‌نجام نه‌ده‌ن. پارێزگاری كه‌ركوكیش ده‌ڵێت "ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن ده‌بێت كاره‌كانیان رێكبخه‌ن‌و به‌كاری خۆیان هه‌ستن، ده‌بێ به‌رنامه‌ی له‌و رووه‌وه هه‌بێت".
ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌سێ لیستی سه‌ره‌كی برایه‌تی (كه زۆرینه‌ی كورده)، گردبونه‌وه‌ی كۆماری عه‌ره‌بی‌و به‌ره‌ی توركمانی پێكدێت، كه له‌ساڵی 2005 له‌چوارچێوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراقدا هه‌ڵبژێردران، به‌ڵام سه‌ره‌تای ساڵی رابردوو كه‌ركوك له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق بێبه‌شكرا. له‌ئێستادا (354) كاندید له‌چوارچێوه‌ی (27) قه‌واره‌و هاوپه‌یمانێتیدا، ململانێ له‌سه‌ر (12) كورسی كه‌ركوك له‌پارله‌مانی داهاتوی عێراقدا ده‌كه‌ن.
له‌لیستی برایه‌تی، هه‌ریه‌كه له له‌یلا حه‌سه‌ن‌و گه‌لاوێژ جه‌باری‌و ریاز محه‌مه‌د دانوك له‌لایه‌ن لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان‌و ئاوات محه‌مه‌د ئه‌مین له‌لایه‌ن لیستی گۆڕانه‌وه كاندید كراون. له‌گروپی توركمانه‌كانیش ته‌حسین محه‌مه‌د عه‌لی كه‌هیه، له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی قانونی مالیكی‌و ژاڵه یونس ئه‌حمه‌د له‌لایه‌ن ئه‌لعێراقیه‌و عه‌لی مه‌هدی سادق له‌لایه‌ن ئیئتیلافی نیشتمانی شیعه‌كانه‌وه كاندید كراون. له‌عه‌ره‌به‌كانیش، له‌لایه‌ن به‌ره‌ی كه‌ركوكی عێراقیه‌وه هه‌ریه‌كه له ره‌مله حه‌میدو هاله نوره‌دین‌و له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانی هێزه عێراقییه‌كانه‌وه راكان سه‌عید عه‌لی كاندید كراوه‌ن.
جگه له‌و ده ئه‌ندامه، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا رزگار عه‌لی كه ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتییه، سه‌رپه‌رشتی میحوه‌رێكی هه‌ڵبژاردن له‌كه‌ركوك ده‌كات. سه‌رۆكی گروپی ئه‌ندامانی پارتی له‌ناو لیستی برایه‌تی ئه‌نجومه‌ندا، محه‌مه‌د كه‌مال به‌هه‌مانشێوه سه‌رپه‌رشتی میحوه‌رێكی بانگه‌شه له‌كه‌ركوك بۆ پارته‌كه‌ی ده‌كات. یه‌كێكی دیكه له‌ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌سلێمانی كاندیدی یه‌كێتییه. له‌ناو توركمانه‌كانیشدا حه‌سه‌ن تۆران كه جێگری سه‌رۆكی حیزبی عه‌داله‌ی توركمانییه‌و له‌چوارچێوه‌ی لیستی ته‌وافوقدان‌و سه‌رقاڵی بانگه‌شه‌یه.
ژماره‌ی دانیشتوانی كه‌ركوك له‌مساڵدا نزیكه‌ی ملیۆنێك‌و (343) هه‌زار كه‌سه، ژماره‌ی ده‌نگده‌رانیش (787) هه‌زار ده‌نگده‌ره. كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش، (299) ناوه‌ندی ده‌نگدانی ئاماده‌كردوه، كه (184) ناوه‌ندیان له‌سه‌نته‌ری شاردایه‌و (115)ی دیكه‌ش له‌قه‌زاو ناحیه‌كانی سنوری كه‌ركوكدایه.
ئاوات محه‌مه‌د ئه‌مین، كه كاندیدی یه‌كه‌می لیستی گۆڕانه له‌كه‌ركوك، باس له‌وه ده‌كات ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بچنه پارله‌مانه‌وه، كێشه‌یه‌كی ئه‌وتۆ دروست ناكات. چونكه له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی (2005)دا لیستی برایه‌تی ناوی (41) كاندیدی پێشكه‌ش كردوه‌و هه‌ر ئه‌ندامێك له‌ئه‌نجومه‌ن نه‌مێنێت، كه‌سێكی دیكه له‌ڕیزبه‌ندییه‌كه‌دا شوێنی ده‌گرێته‌وه. به‌هه‌مانشێوه بۆ لیسته‌كانی دیكه‌ش. وتیشی "ئه‌وه كارێكی قانونییه‌و هیچ گرفتێك بۆ پارت‌و لایه‌نه‌كان دروست ناكات".
له‌باره‌ی كاندیدكردنی ئه‌ندامه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاوه، رونیكرده‌وه یه‌كێتی‌و پارتی به‌پێی سیستمێكی هه‌ڵبژاردنی خۆیان ئه‌و كه‌سانه‌یان هه‌ڵبژاردوه، بۆ عه‌ره‌ب‌و توركمانه‌كانیش وتی "ئه‌وانیش هه‌ریه‌كه‌و به‌پێی شوێن‌و قورسایی سیاسی خۆیان كاندیدكراون".
له‌باره‌ی كاندیدكردنی خۆشیه‌وه، وتی: "بۆخۆم وه‌كو كه‌سێكی بێلایه‌ن، ئازادبوم له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ گۆڕان بم یان نا".
به‌لای هه‌ندێك له‌ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاوه، سه‌رقاڵبونی ئه‌و كه‌سانه نابێته هۆی په‌كخستنی كاره‌كانی ئه‌نجومه‌ن، چونكه وه‌كو خۆیان ده‌ڵێن له‌دانیشتنه‌كانی رابردوشدا به‌رده‌وام غیاب هه‌بووه.
ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، ئیبراهیم خه‌لیل، ئاماژه به‌وه ده‌كات هه‌فتانه ئه‌نجومه‌نی پارێزگا كۆبونه‌وه‌یه‌ك ده‌كات. به‌ڵام وای بۆ ده‌چێت "ره‌نگه له‌ماوه‌ی ئه‌م سێ هه‌فته‌یه‌ی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا، به‌وهۆیه‌وه كۆبونه‌وه‌یه‌ك دوابخرێت".
وتیشی "وه‌كو سروشتی سه‌رجه‌م پارێزگاكانی تر‌و په‌رله‌مان، به‌رده‌وام له‌دانیشتنه‌كانی ئه‌نجومه‌ندا غیاب له‌ناو هه‌مو لیسته‌كاندا هه‌بووه". به‌ڵام خاڵی گرنگ به‌لای ئه‌م ئه‌ندامه‌وه ئه‌وه‌یه كه له‌كۆبونه‌وه‌ی هه‌فتانه‌ی ئه‌نجومه‌ندا ئه‌وه‌نده ئه‌ندام ئاماده‌بن رێژه‌كه بگاته نیسابی قانونی.
خه‌لیل، بۆچونی وایه سه‌رقاڵبونی ئه‌و ئه‌ندامانه به‌هه‌ڵبژاردنه‌وه، نابێته هۆی په‌كخستنی كاره‌كانی ئه‌نجومه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی "هه‌ر لیژنه‌یه‌كی ناو ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌پێنج ئه‌ندام پێكهاتوه‌و چوار ئه‌ندامه‌كه‌ی تر ده‌توانن كاره‌كانی خۆیان بكه‌ن". سه‌باره‌ت به‌هۆكاری كاندیدكردنی ئه‌و ئه‌ندام ئه‌نجومه‌نانه‌ش بۆ پەرله‌مان، وتی: "ئه‌وه په‌یوه‌ندی به‌پارته‌كانی خۆیانه‌وه هه‌یه‌و له‌بری ئه‌وان ناتوانم وه‌ڵام بده‌مه‌وه".
پارێزگاری كه‌ركوك، عه‌بدولڕه‌حمان مسته‌فا به‌ئاوێنه‌ی راگه‌یاند، له‌به‌رئه‌وه‌ی لیستی برایه‌تی وه‌كو خۆی ماوه‌ته‌وه‌و به‌پێی قانونی ژماره 21، ئه‌وا ده‌توانن له‌كاتی نه‌مانی هه‌ر ئه‌ندامێكدا له‌ئه‌نجومه‌ن كه‌سێكی دیكه بهێننه شوێنه‌كه‌ی.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی سه‌رقاڵبونی ئه‌و ئه‌ندامانه نابێته هۆی په‌كخستنی كاره‌كانی ئه‌نجومه‌ن، وتی: "خۆیان ده‌توانن وه‌ڵام بده‌نه‌وه‌و نازانم كاریگه‌ری ده‌بێت یان نا، به‌ڵام ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن ده‌بێت كاره‌كانی خۆیان رێكبخه‌ن‌و ئه‌نجومه‌ن به‌كاری خۆی هه‌ستێت".