"نابێت ته‌نها لایه‌نه سیاسییه‌كان بڕیار له‌چاره‌نوسی كه‌ركوك بده‌ن"

■ سازدانی: محه‌مه‌د عه‌لی وه‌لی
ئه‌و كه‌سانه‌ی نایانه‌وێت له‌كه‌ركوكدا هه‌ڵبژاردن بكرێت، نایانه‌وێت توركمان بناسرێت، چونكه توركمان تائێستا پێگه‌ی له‌عێراقدا دیارنییه. ئه‌مه ده‌ستپێكی وته‌كانی سه‌رۆكی عه‌شایه‌ری توركمانی عێراق، شێخ قه‌مبه‌ر ره‌شید به‌یاتییه. ئه‌و، كه خۆی به‌سه‌رۆكی سه‌رجه‌م عه‌شایه‌ری توركمان ده‌زانێت، له‌كه‌ركوكه‌وه به‌ئاوێنه‌ی راگه‌یاند "ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا بكرێت‌و دوانه‌خرێت، بۆ ئه‌وه‌ی شوێن‌و جێگه‌ی خۆمان بناسین". به‌پێچه‌وانه‌ی بۆچونی لایه‌نه سیاسییه‌كانی توركمانیشه‌وه، كه داواده‌كه‌ن كه‌ركوك نه‌خرێته‌وه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان. به‌یاتی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه توركمان له‌بری عه‌ره‌ب، له‌گه‌ڵ كورد له‌چوارچێوه‌ی كوردستاندا پێكه‌وه‌بن. به‌هۆكاری ئه‌وه‌ی "چونكه ئێمه له‌چوارچێوه‌ی عێراقدا ده‌بینه نه‌ته‌وه‌ی سێیه‌م، به‌ڵام له‌كوردستاندا ده‌بینه نه‌ته‌وه‌ی دووه‌م". شێخ قه‌مبه‌ر، كه له‌لایه‌ن هه‌ندێك پارت‌و ره‌وتی توركمانیه‌وه به‌لایه‌نگری كورد تۆمه‌تبارده‌كرێت. له‌باره‌ی بانگه‌شه‌كانی به‌ره‌ی توركمانی بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ركوك بكرێته هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆ، ده‌ڵێت "گرنگ ئه‌وه‌یه كه‌ركوك سه‌ربه‌ست بێت‌و بتوانێت ئیداره‌ی خۆی بكات. ئیتر له‌سه‌ركێیه، ئه‌وه‌یان گرنگ نییه". پاشان، وتیشی "به‌ره‌ی توركمانی، ده‌بێت به‌جوانی‌و وردی ئه‌و داواكارییه رونبكاته‌وه، هه‌ر به‌هاش‌و هوش ئه‌و داوایه نه‌كات. چونكه ئێمه له‌گه‌ڵ كاری هێمن‌و له‌سه‌رخۆین، نه‌ك هاش‌و هوش". ناوبراو، كه ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی راوێژكاری سه‌رۆكایه‌تی دیوان بۆ كاروباری توركمانه، رایده‌گه‌یه‌نێت زیاتر گرنگی به‌لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و عه‌شایه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی ده‌دات، له‌بری گرنگیدان به‌كاری سیاسی. به‌ڵام له‌سه‌ر پرسه سیاسییه‌كانیش خاوه‌نی راو بۆچونی تایبه‌ت به‌خۆیه‌تی. هه‌روه‌ك بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ش ده‌كات كه ژماره‌یه‌كی كه‌می توركمان له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی توركمانیدان، ده‌ڵێت "ئێمه ئاراسته‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی‌و عه‌شایه‌رین، سه‌رجه‌م توركمان په‌یوه‌ندی به‌ئێمه‌وه هه‌یه". به‌ڵام دواتر ئه‌وه‌شی وت "به‌ره، لایه‌نێكی سیاسییه‌و ئه‌جێنداو به‌رنامه‌ی سیاسی خۆی هه‌یه، سروشتییه سیاسیه‌تی خۆی به‌كاربهێنێت". زۆرجار كورده‌كانی كه‌ركوك ده‌ڵێن، توركمانه‌كان زۆر كه‌من، یاخود به‌ئه‌سڵ ده‌چنه‌وه سه‌ر كورد. به‌ڵام شێخ قه‌مبه‌ر ئه‌و بۆچونه ره‌تده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت "هه‌رگیز باوه‌ڕت به‌وه نه‌بێت كه‌سێك توركمان نه‌بێت، به‌زۆر خۆی بكاته توركمان". ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا له‌سه‌رده‌می به‌عسدا ژماره‌یه‌ك توركمان خۆیان كردۆته عه‌ره‌ب، به‌ڵام پاش روخانی رژێم "هاتنه‌وه سه‌ر خه‌ت‌و نه‌ته‌وه‌ی خۆیان". هه‌ندێك له‌لایه‌نه سیاسییه كوردییه‌كان، ده‌ڵێن "توركمانه‌كان له‌ترسی ده‌رنه‌كه‌وتنی ژماره‌ی راسته‌قینه‌یان، نایانه‌وێت سه‌رژمێری دانیشتوان ئه‌نجام بدرێت". شێخ قه‌مبه‌ر له‌وباره‌یه‌وه، وتی "ئه‌گه‌ر ئێمه له‌م سه‌رژمێرییه‌دا خۆمان نه‌ناسین‌و نه‌زانین چه‌ندین‌و كێمان هه‌یه، ناتوانین له‌داهاتودا وه‌ڵامی كه‌س بده‌ینه‌وه". پشتیوانی خۆی بۆ ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری راگه‌یاند، بۆ ئه‌وه‌ی ژماره‌ی راسته‌قینه‌ی توركمان ده‌ربكه‌وێت "نه‌وه‌كو له‌خۆمانه ژماره لێبده‌ین. چونكه ئێمه ده‌سه‌ڵاتی كه‌سمان نییه، ئێمه نه‌ته‌وه‌ین‌و ناتوانین ژماره‌مان‌و زیادو كه‌م بكه‌ین". به‌رده‌وام لایه‌نه سیاسییه‌كان باس له‌چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كه‌ركوك ده‌كه‌ن، هه‌ریه‌كه‌و لای خۆیه‌وه رێگه‌چاره‌یه‌ك پێشنیار ده‌كات. شێخ قه‌مبه‌ریش وه‌كو كه‌سایه‌تییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی پێشنیاری ئه‌وه ده‌كات، له‌هه‌ر باس‌و خواسێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌سه‌ر كه‌ركوك، نوێنه‌ری هه‌موو نه‌ته‌وه‌و چین‌و توێژه‌كانی دانیشتوانی شاره‌كه ئاماده‌بن، نه‌ك ته‌نها ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نه‌كه. چونكه "نابێت ته‌نها سیاسییه‌كان بڕیار له‌سه‌ر ئه‌م شاره بده‌ن، چونكه كه‌ركوك شاری ته‌نها لایه‌نه سیاسییه ناكۆكه‌كان نییه". هه‌رچه‌نده به‌پێی به‌نده‌كانی ماده‌ی 140، ده‌بێت عه‌ره‌به هاورده‌كانی كه‌ركوك پاش وه‌رگرتنه‌وه‌ی قه‌ره‌بوه‌كانیان بگه‌ڕێنه‌وه بۆ شوێنه ئه‌سڵییه‌كانی خۆیان. به‌ڵام به‌شێكی زۆریان تائێستا له‌كه‌ركوكدا ماونه‌ته‌وه‌و ناویان له‌سه‌ر ناوچه دابڕاوه‌كان بۆ ده‌نگدان هاتۆته‌وه، ئه‌وه‌ش گرفتێكه له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوی كه‌ركوكدا. بۆیه شێخ قه‌مبه‌ر ئه‌و كاره به"هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره" ناوده‌بات‌و پارێزگاری شاره‌كه به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كات ده‌سه‌ڵاته‌كانی بۆچاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه به‌كارنه‌هێناوه. وتیشی "ده‌بوو حكومه‌تی عێراق پاره‌كه‌ی پێنه‌دانایه تا كه‌ركوكیان جێده‌هێشت". بۆیه پێیوایه ئه‌و كاره‌ی حكومه‌تی عێراق گرفت ده‌خاته ئه‌و ناوچانه‌ی كورد‌و توركمانی لێیه‌و عه‌ره‌به‌كانیش جێیانه‌هێشتوه. پاشتر ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا "كاتی خۆی وتمان ده‌بێت ئه‌و عه‌ره‌بانه پاش وه‌رگرتنی قه‌ره‌بوو له‌هه‌ڵبژاردن به‌شدار نه‌بن، به‌ڵام كه‌س گوێی بۆ نه‌گرتین‌و كه‌سیش ئه‌وه‌ی جێبه‌جێی نه‌كرد". له‌ئێستادا قسه‌ی زۆر له‌سه‌ر پێكهێنانی هێزی هاوبه‌شی ئه‌مه‌ریكی-عێراقی-كوردی، بۆ پاراستنی ناوچه جێناكۆكه‌كان ده‌كرێت. هه‌رچی لایه‌نه سیاسییه توركمانیه‌كانه به‌توندی دژی ئه‌و بۆچونه ده‌وه‌ستنه‌وه. به‌ڵام شێخ قه‌مبه‌ر پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بۆچونه‌یه، به‌پاساوی ئه‌وه‌ی "توركمان هێزێكی نییه پارێزگاری له‌خۆی بكات، ئیتر چۆن ده‌توانێت هاتنی هێزی هاوبه‌ش ره‌تبكاته‌وه". وتیشی "هاتنی هێز كاتێك ره‌تده‌كرێته‌وه، ئێمه هێزمان له‌وان زیاتربێت".
|