Home | Contact us | About us
ڕۆژنامه‌ی ئاوێنه‌
 

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌ 9/10/2008

له‌سبه‌ینێوه‌ هه‌ولێر‌و سلێمانی‌ 22 كاتژمێر كاره‌بایان ده‌بێت له‌رۆژێكدا

راوێژكاری‌ وه‌زاره‌تی‌ كاره‌بای‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، رۆژی‌ پێنجشه‌ممه‌‌، رایگه‌یاند له‌سبه‌ینێ‌ (پێنجشه‌ممه‌)وه‌ شاره‌كانی‌ هه‌ولێر سلێمانی‌ 22 كاتژمێر كاره‌بایان ده‌بێت له‌رۆژێكدا، ئه‌مه‌ش پاش ده‌ستبه‌كاربوونی‌ یه‌كه‌ی‌ سێهه‌می‌ وێستگه‌ی‌ غازی‌ هه‌ولێر.

دڵشاد محه‌مه‌د به‌(ئه‌سوات ئه‌لعیراق)ی‌ راگه‌یاند "به‌هۆی‌ ده‌ستبه‌كاربوونی‌ سێهه‌م یه‌كه‌ی‌ وێستگه‌ی‌ كاره‌بای‌ غازی‌ هه‌ولێر، له‌سبه‌ینێوه‌ رۆژانه‌ شاره‌كانی‌ هه‌ولێر‌و سلێمانی‌ 15 كاتژمێر كاره‌با نیشتمانیان ده‌بێت"، روونیشیكرده‌وه‌ "له‌گه‌ڵ كاره‌بای‌ موه‌لیده‌ی‌ ئه‌هلی‌، هاوڵاتیان رۆژانه‌ نزیكه‌ی‌ 22 كاتژمێر كاره‌بای‌ به‌رده‌وامیان ده‌بێت".
ناوبراو ئاشكرایكرد له‌ماوه‌ی‌ یه‌ك مانگی‌ داهاتوودا یه‌كه‌ی‌ چواره‌می‌ وێستگه‌ی‌ ناوبراو ده‌كه‌وێته‌ كاركردن‌و هه‌ر یه‌كه‌یه‌كیش نزیكه‌ی‌ 100 مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌مده‌هێنێت.
له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ دابه‌شكردنی‌ كاره‌بای‌ هه‌ولێر ئه‌ندازیار حسێن محه‌مه‌د بۆ (ئه‌سوات ئه‌لعیراق)ی‌ روونكرده‌وه‌ كه‌ مانگانه‌ نزیكه‌ی‌ 500 مێگاوات كاره‌با ده‌گاته‌ شاره‌كانی‌ هه‌ولێر‌و سلێمانی‌ كه‌ 300یان له‌وێستگه‌ی‌ كاره‌بای‌ غازی‌ هه‌ولێر‌و 150ی‌ له‌كاره‌بای‌ تۆڕی‌ نیشتمانی‌ عیراق‌و 40 مێگاواتیش له‌وێستگه‌ی‌ كاره‌بای‌ دوكان.