مام رۆسته‌م: گۆڕان پشتی مونافسه‌كانی ده‌شكێنێت له‌كه‌ركوك

تاڵه‌بانی‌و مه‌كته‌بی سیاسی‌و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی له‌هه‌ڵمه‌تێكی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختدان له‌كه‌ركوك به‌مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین رێژه‌ی ده‌نگ‌و بردنه‌وه‌یان له‌لیستی گۆڕان، به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ی دێرین‌و كه‌سایه‌تی دیاری ناو گۆڕان، مام رۆسته‌م ده‌ڵێت "گرێژه‌نه‌ی پشتی مونافسه‌كانمان له‌كه‌ركوكدا ده‌شكێنین". تایبه‌ت به‌ئاوێنه: له‌هه‌فته‌ی رابردووه‌وه تاڵه‌بانی، سكرتێری گشتی یه‌كێتی‌و زۆرێك له‌ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی‌و سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حیزبه، هه‌ڵمه‌تێكی هه‌ڵبژاردنی چڕ‌وپڕیان له‌كه‌ركوكدا ده‌ستپێكردووه به‌و مه‌به‌سته‌ی له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی عێراقدا روبه‌ڕووی شكستێكی هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی سلێمانی نه‌بنه‌وه له‌به‌رامبه‌ر لیستی گۆڕاندا. سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌مباره‌وه به‌ئاوێنه‌ی راگه‌یاند "سه‌ركرده باڵاكانی یه‌كێتی به‌مدواییه له‌كۆبوونه‌وه حیزبی‌و تایبه‌تییه‌كانی خۆیاندا چه‌ند جارێك ئه‌وه‌یان دركاندووه كه یه‌كێتی پێشتر له‌سه‌ر دوو قاچ وه‌ستاوه كه سلێمانی‌و كه‌ركوك بووه، به‌ڵام وا قاچێكی شكا، پێویسته فریای ئه‌و قاچه‌ی تری بكه‌وێ كه نه‌شكێ". له‌به‌رامبه‌ریشدا، مام رۆسته‌م ته‌ئكید له‌وه ده‌كاته‌وه كه ئه‌وان وه‌ك لیستی گۆڕان له‌كه‌ركوكدا ئه‌گه‌ر له‌و رێژه ده‌نگه زیاتر نه‌هێنین له‌سلێمانی هێنایان، وه‌ك ئه‌و رێژه ده‌نگه هه‌ر ده‌هێنن، ئه‌و ده‌ڵێت "ئه‌م متمانه به‌خۆكردنه‌مان له‌وه‌وه دێت كه خه‌ڵكێكی زۆر ناڕازین به‌كورد‌و عه‌ره‌ب‌و توركمانه‌وه له‌ناو كه‌ركوكدا، چونكه یه‌كێتی‌و پارتی كارێكی وایان نه‌كردووه له‌ماوه‌ی ئه‌م شه‌ش ساڵه‌دا سه‌رنجی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك به‌لای خۆیاندا راكێشن". هه‌روه‌ها ناوبراو ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ئه‌م هه‌موو ئێواره‌خوانه‌ی ئێستا له‌لایه‌ن مام جه‌لال‌و ستافه‌كه‌یه‌وه هه‌ر رۆژه‌و له‌چێشتخانه‌یه‌ك سازده‌كرێ‌و سه‌دان كه‌سی تیا كۆده‌بێته‌وه‌و كه‌وتونه‌ته به‌خشینه‌وه‌ی پاره‌و سه‌یاره‌و ده‌مانچه به‌ملاو ئه‌ولادا به‌ناشه‌رعی كه پاره‌ی خه‌ڵكه، بووه‌ته هۆی ناڕه‌زایی هه‌رچی زیاتری خه‌ڵك. مام رۆسته‌م ده‌ڵێت "هه‌رچه‌نده به‌سه‌رۆك كۆمار‌و هه‌موو مه‌كته‌بی سیاسی‌و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتییه‌وه خه‌ریكن له‌كه‌ركوكدا، به‌ڵام فایده‌ی نییه تازه دره‌نگه". سه‌باره‌ت به‌سه‌رپه‌رشتیاری هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی گۆڕانیش له‌كه‌ركوك، ده‌ڵێت "چاوه‌ڕوانده‌كرێت راسته‌وخۆ كاك نه‌وشیروان سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كه بكات له‌كه‌ركوكدا". سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه‌وه به ئاوێنه‌ی راگه‌یاند یه‌كێتی لیژنه‌یه‌كی چوار كه‌سی پێكهێناوه له كۆسره‌ت ره‌سوڵ‌و عیماد ئه‌حمه‌د‌و ئه‌رسه‌لان بایز‌و مه‌لابه‌ختیار تا ته‌واوبوونی هه‌ڵبژاردن ئه‌م لیژنه‌یه سه‌رپه‌رشتی رێكخستنه‌كانی یه‌كێتی له‌كه‌ركوك ده‌كه‌ن‌و ده‌بێت هه‌فتانه یه‌كێكیان له‌و شاره بمێنێته‌وه. سه‌رچاوه‌كه ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد سه‌ره‌تا تاڵه‌بانی ویستویه‌تی هه‌ندێك به‌رپرسی ئه‌و شاره كه به‌پێی راپۆرته‌كانی ناوخۆی یه‌كێتی خۆشه‌ویست نین له‌ناو خه‌ڵكدا بگۆڕێت، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و به‌رپرسانه زۆریان به‌هه‌ڵبژاردن ئه‌و پۆستانه‌یان وه‌رگرتووه تاله‌َبانی نه‌یتوانیوه ئه‌و گۆڕانكارییه بكات.
|