دادگای كه‌ركوك باوه‌ڕ به‌لێكۆڵینه‌وه‌كانی ئاسایشی پارتی ناكات

دادگای شاری كه‌ركوك موسه‌نا جاسم عه‌بدوڵای ئازادكرد كه ساڵی رابردوو ئاسایش رایگه‌یاند به‌پشتێنی بۆمبڕێژكراوه‌وه له‌ناوه‌ڕاستی شاری كه‌ركوك ده‌ستگیریانكردووه. ئاوێنه، كه‌ركوك: سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌هێزه ئه‌منییه‌كانی شاری كه‌ركوك ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد"له‌ڕۆژی 14/10/2009 دادگا بڕیاری ئازدكردنی موسه‌نا جاسمی داوه، به‌ڵام تازه هێزه ئه‌منییه‌كان ده‌زانن كه ئازاد كراوه". سه‌رچاوه‌كه ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد كه ئازادكردنی ناوبراو مانای ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه دادگا باوه‌ڕ به لێكۆڵینه‌وه‌كانی ئاسایشی پارتی ناكات "چونكه له‌كاتی ده‌ستگیركردنه‌كه‌دا ئاسایشی پارتی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد كه به پشتێنه‌ی بۆمبرێژكراوه‌وه ده‌ستگیركراوه". موسه‌نا جاسم كوڕی یه‌كێكه له‌ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی شاری كه‌ركوك. به‌پێی سه‌رچاوه‌كه ناوبراو له‌سه‌رده‌ستی حاكم ئه‌حمه‌د مه‌حمودو قازی ئیبراهیم محه‌مه‌د ئازادكراوه. به‌پێی زانیارییه‌كانی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه دادگا پێیوایه ئه‌م چیرۆكه دروستكراوه، چونكه دوای ده‌ستگیركردنه‌كه ده‌ركه‌وتووه كه باوه‌ڕپێكراوێكی ئاسایشی له‌گه‌ڵدابووه‌و موسه‌ناش له‌دادگا هه‌موو تۆمه‌ته‌كانی ره‌تكردۆته‌وه‌و ئێستاش دادگا بریاری ده‌ستگیركردنی ئه‌و باوه‌رپێكراوه‌ی پارتی ده‌ركردووه به‌تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی ویستوویه‌تی موسه‌نا له‌و كاره‌وه بگلێنێت. هه‌ر له‌دوای ده‌نگۆی ناراستی ئه‌م چیرۆكه عه‌مید هه‌ڵۆ نه‌جات له‌لێدوانێكیدا بۆ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن رایگه‌یاند "ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌ستگیرمانكردووه كه‌سێكی خۆكوژ بووه،ئه‌وه‌ی ده‌وترێت بۆ بچوككردنه‌وه‌ی رۆڵی ئاسایشه".
|