ئاوی قاچاخ
قسه‌یه‌كی باوی خه‌ڵكی وڵاتی خۆمان ئه‌وه‌یه كه ئه‌ڵێ كه‌س له‌به‌ختی خۆی رازی نییه. فه‌له‌به‌ر ئه‌وه زۆر زۆر به‌لامانه‌وه ئیعتیادییه فیساره ژنی جیقنی مه‌كرباز ببینین له‌پشته‌وه چه‌مۆڵه بنێت له‌مێرده قۆزه‌كه‌ی. هه‌روه‌ها واقیشمان هیچی لێ به‌سه‌ر نایه‌ت ئه‌گه‌ر ببیستینه‌وه فڵانه حیزبی سێبه‌رنشین ئه‌و ده‌نگه زۆره‌ی قبوڵ نییه كه له‌هه‌ڵبژاردنا هێناوێتی. ئه‌مانه هه‌مویان ئاسایی‌و چاوه‌ڕوانكراون، به‌ڵام به سه‌ری باوكم زۆر زۆرم پێ عه‌جایه‌به وه‌زیرێكی عه‌ره‌بستانی سعودی ته‌سریح بفه‌رموێ بڵێ خۆزگه سه‌د خۆزگه له‌جیاتی ئه‌و نه‌وته ئاومان هه‌بوایه.
دیاره خۆزگه‌ی بێ مه‌عناو گومانلێكراوی ئاوا كفرێكی ئاشكرای نیعمهتو نهعیمهخانی هێوهرژنێتی. ئیشه‌ڵڵا ئیشه‌ڵڵا هیچ رۆڵه‌یه‌كی كورد زبان دوعای له‌و جۆره‌ی له‌ده‌م نایه‌ته ده‌ره‌وه چونكێكونێ ئێمه ئه‌گه‌ر له‌جیاتی ئه‌و چۆڕه نه‌وته ئاویان تیا بدۆزینایهتهوه ئه‌و وه‌خته:
1. ئاغای شه‌هرستانی ئه‌هات مه‌نتیقه‌ی تانجه‌رۆی ئه‌خسته ئه‌ودیوی داقوقهوهو ئهیگو كێشه‌ی له‌سه‌ره.
2. ڤێلاكانی سه‌ر ئاوی دوكان سیعریان ئه‌وه‌نده‌ی تر ئه‌فڕی بۆ عاسمانی بازاڕی سیاحه‌ت.
3. قوش نه‌یئه‌توانی بچێته نزیك سه‌رچنارو بێخاڵو ئه‌وانه‌وه.
4. ژن ئیتر له‌داخی كهسو كار خۆی نهئهسوتاندو ئه‌چو خۆی فڕێ ئه‌دایه ته‌نكی سه‌ربانه‌وه.
5. هیچ عیبادهلبهشهرێك ناوی وه‌زیری نه‌وتی نه‌ئه‌زانی. له‌جیاتی ئه‌و، میراوی گه‌ڕه‌ك بره‌وی په‌یدا ئه‌كرد.
6. كه داوای پاره‌ت له‌باوكت بكردایه، ئهیدایته به‌ر شه‌ق، ئهیگو له‌كوێی بێنم هه‌تیو، خۆ تیجاره‌تی ئاو ناكه‌م.
7. ساڵه‌و ساڵ به وه‌ره‌قه‌ی ئه‌نجومه‌ن دوو به‌رمیل ئاویان ئهداینێو جه‌ریده‌ی خه‌باتیش ئه‌یكرد به خه‌به‌ر.
8. ئه‌یانوت كوڕ ئه‌و كوڕه‌یه ده‌ستی لهئیشێك گیر ببێ له‌وه‌زاره‌تی ئاوی ژێر زه‌وی.
9. زه‌لامی نیشتمانپه‌روه‌ر كه سوێندی بخواردایه، له‌جیاتی بڵێ به خاكی كوردستان، ئهیگو به ئاوی كوردستان.
10. به‌خته‌وه‌ر ئه‌و كه‌سه بو ئاو بچوایه‌ته ئه‌ژنۆیه‌وه.
11. له‌جیاتی به‌نزینخانه، مه‌سئوله‌كان خویان ئه‌دایه دانانی ئاوخانه.
12. ته‌له‌فزیۆنی موعاره‌زه شه‌وی په‌نجا جار ریزی تانكه‌ره ئاوی نیشان ئهداینو ئه‌یوت ئه‌ها حوكمه‌ت به قاچاخ ئاو ئاودیو ئه‌كات!





















