یانەى هەولێر لەمیانەى خولى بژاردەی یانەکانى عێراق توانى لە یاریگاى خۆى بە پێنج گۆڵ لەیانەى تاجى بباتەوە و شوێنى خۆى لەسەرو ریزبەندى خولى عێراق بەهێزتر بکات، پاش ئەم بردنەوەیە یانەى هەولیر لە 17 یاریدا 39 خاڵى کۆکردوەتەوە و بە جیاوازى شەش خاڵ لەپێش یانەى تەلەبەوە دێت کە لەپلەى دووەمدایە و یاریەکى کەمتر ئەنجامداوە.
هەولێر پێنج گۆڵى کردو شەش یاریزانى کڕى
لەلایەکى ترەوە چوارشەمەى رابردوو یانەى هەولێر لە ئۆفیسى یانەکە لەشارى هەولێر بە شێوەیەکى فەرمى چوار یاریزانى پیشەگەرى نوێى پێشکەش بەدەزگاکانى راگەیاندنکرد.
لەلای خۆیەوە دکتۆر عەبدوڵا مەجید سەرۆکى یانەى هەولێر لە وتەیەکیدا بۆ ئاژانسى هەواڵى عێراق (ئەین) رایگەیاند "یانەکەمان هەریەکە لەیاریزانى ئۆگەندى (ئیڤان بۆکینى) و یاریزانى نێجیرى (ئەفینى بۆندى) و هەردوو یاریزانى سورى عەبدول رەزاق حسێن و نەدیم سەباغ کڕیوە".
جێگەى باسە هەردوو یاریزانى کنان عەدنا بەبڕى مانگانەى 1000 دۆلارو هەرێم بورهان بەبڕى 35 ملیۆن دینارى عێراقى بۆ ساڵێک پێشتر یانەکە گرێبەستى لەگەڵ کردوون.
سەرۆکى یانەى هەولێر وتیشى " بەسوود وەرگرتن لەم بۆندانە دەمانەوێت خولى عێراقى لەم ورەزەدا ببەینەوە و کێبەرکێش لەسەر جامى یانەکانى ئاسیا دەکەین، هەروەها ئەم یاریزانانەش پێشتر لەلایەن نزار مەحروسى سورى راهێنەرەمانەوە ناسراوە، ئەمەش لەبەرژەوەندى یانەکەدایە".
جێگەى باسە ئەم چوار بۆندەى کە یانەى هەولێر واژۆى کردووە لەنێوان 70 بۆ 90 هەزار دۆلاردایە، هەرلەم کۆبونەیوەیدا سەرۆکی یانەى هەولێر رایگەیاند ئەم وەرزە تا ئێستا حکومەتى هەرێم 3 ملیار دینارى بەخشیوە بەیانەکە و ئەم بڕەش لەچاو ساڵى رابردوو کەم بوەتەوە.

















