له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایشی كه‌ركوكه‌وه كه‌سێكی به‌ره‌گه‌ز توركمان ده‌ستگیر كرا كه به‌وته‌ی هێزه‌كانی ئاسایش ئه‌و تۆمه‌تباره سه‌رچاوه‌ی دابه‌شكردنی حه‌پی هۆشبه‌ر بووه له‌ناو شاری كه‌ركوك.
دابه‌شكاری مادده هۆشبه‌ره‌كان له‌كه‌ركوك ده‌ستگیركرا
زریان محه‌مه‌د، ئاوێنه‌نیوز: به‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی كه‌ركوك كه وێنه‌یه‌كی به‌ئاوێنه‌نیوز گه‌یشتووه، هێزه‌كانی ئاسایش به‌هامه‌هه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌رێوبه‌رایه‌تی پۆلیسی ماده هۆشبه‌ره‌كان له‌ناو شاری كه‌ركوكدا كه‌سێكیان به‌ناوی (ف.م.م) ده‌ستگیركردووه كه مامه‌ڵه‌ی كڕین‌و فروشتنو بازرگانی به‌حه‌بی هۆشبه‌ره‌وه كردووه.
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه له‌كاتی پشكنینی ماڵی تۆمه‌تباره‌كه‌دا ده‌ستگیراوه به‌سه‌ر چه‌ند پارچه‌یه‌ك حه‌بی هۆشبه‌ردا.
لهڕاگهیهندراوهكهدا هاتووه، "تاوانباری ناوبراو به‌نه‌ته‌وه توركمانه‌و پاسه‌وانه له‌گرتوخانه‌ی فیدرالی له‌چه‌مچه‌ماڵ‌و سه‌رچاوه‌ی دابه‌شكردنی حه‌پی هۆشبه‌ر بووه له‌ناو شاری كه‌ركوك، هه‌روه‌ها چه‌ندین جار له‌رێگه‌ی ئه‌م تاوانباره‌وه حه‌پی هۆشبه‌ر بۆ سزادراوانی ناو گرتوخانه‌ی چه‌مچه‌ماڵ گوازراوه‌ته‌وه."
له‌لایه‌كی تره‌وه‌و هه‌ر به‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه، هێزه‌كانی ئاسایشی كه‌ركوك به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ بنكه‌ی پۆلیسی عروبه‌و لیژنه‌ی ته‌ندروستی له‌گه‌ره‌كی روناكی شاری كه‌ركوك ده‌ستیانگرتووه به‌سه‌ر كارگه‌یه‌كی دروستكردنی ترشیات كه چوار ته‌ن ترشیاتی ماوه به‌سه‌ر چووی تێدا بووه، سه‌ڕه‌رای نه‌بوونی مه‌رجی تهندروستیو نه‌بوونی مۆڵه‌تی كاركردن.





















