له‌گه‌ڵ نزیكبونه‌وه‌ی‌ 31ی‌ ئاب، رێكخراوێك داواده‌كات مه‌سعود بارزانی‌ دادگایی‌ بكرێت

20 ئاب, کوردستانی - - ش ش -

هاوكات له‌گه‌ڵ نزیكبونه‌وه‌ی‌ 31ی‌ ئاب، رێكخراوی‌ چه‌تری‌ ئازادی‌ داواده‌كات "مەسعود بارزانی وەک بەرپرسی یەکەمی کوشتارو ماڵوێرانی خەڵکی کوردستان دادگایی بکرێت" راشیده‌گه‌یه‌نێت، پارتی‌و یەکێتی لەپێناو بەدەستهێنانی دەسەڵات‌و قازانج هیچکات باکیان بەژیان‌و چارەنوسی خەڵکی کوردستان نەبوە.

ئاوێنه‌نیوز: له‌به‌یاننامه‌یه‌كی‌ رێكخراوه‌كه‌دا كه‌ ئه‌مڕۆ، سێشه‌ممه‌، وێنه‌یه‌كی‌ به‌ئاوێنه‌نیوز گه‌یشتوه‌ ئاماژه‌ده‌دات "٣١ئاب یەکێکە لەو مێژوە رەشانەی هەرگیزاو هەرگیز لەبیرو زهنی خەڵکی کوردستان ناسرێتەوەو هەمان  ئەو سیاسەتە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان وەک تاکە حزبی باڵادەست لەستراتیژو بەرنامەو پرۆژەیاندا بۆ داسەپاندنی حزبی بنەماڵە لەکوردستاندا درێژەی هەیە".

راشیده‌گه‌یه‌نێت "پارتی دیموکراتی کوردستان‌و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەپێناو بەدەستهێنانی دەسەڵات‌و قازانج‌و بەرژەوەندی زیاترو بەدەستەوه‌گرتنی فەرمانرەوایەتی لەکوردستاندا هیچ کات باکیان بەژیان‌و چارەنوسی خەڵکی کوردستان نەبوەو سەروەت‌و سامانی کۆمەڵگاو بودجەو داهاتی نەوت‌و گازیان بەتاڵانبردوە. بەخاتری هاوسەنگی هێزی  نێوانیان سڵیان لەهێنانی دەستی رژێمی بەعس‌و وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە نەکردۆتەوە".

چه‌تری‌ ئازادی‌ چه‌ند داواكارییه‌ك ده‌خاته‌رو له‌وانه‌، "دادگایکردنی مەسعود بارزانی وەک کەسی یەکەم‌و بەرپرس لەو کوشتارو ماڵوێرانیەی بەرامبەر بەخەڵکی کوردستان ئەنجامدرا، چارەنوسی قوربانیەکان‌و ونبوانی ٣١ئاب‌و شەری ناوخۆ ئاشکرابکرێت، کەسوکاری قوربانیەکان‌و ئەوانەی زەرەرو زیانیان لێکەوتوە قەرەبوبکرێنەوە".

رونیشیده‌كانه‌وه‌، لەیادی ٣١ ئابدا گردبونەوەیەکی ناڕەزایەڕتی لەمەیدانی وتاربێژی، مەیدانی سەرەکی لەندەن " سپیکەر کۆرنەر" رێکدەخات بۆ خستنەروی قسەوباس لەسەر ٣١ئاب‌و ئاکامە زیانبارەکانی‌و پاشان نامەی نارەزایەتی دەگەیەنرێتە ئۆفیسی سەرەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلەندەن.

ده‌قی‌ به‌یاننامه‌كه‌:

لە ٣١ ئابدا داوا دەکەین:
مەسعود بارزانی وەک بەرپرسی یەکەمی کوشتارو ماڵوێرانی خەڵکی کوردستان دادگای بکرێت

٣١ئابی ١٩٩٦ یەکێکە لەو رۆژە نەخوازراو و ئازاردەرانەی کە پارتی دیمکراتی کوردستان بە پێش لەشکری وپشتیوانی سوپاو وتانکی رژێمی سەدام حسین شاری هەوڵیرو ناوچەکانی کوردستانیان داگیرکرد بەو شیوەیە لەو کارەساتەدا بەدەیان کەس گیانیان بەختکرد، لەسێدارەدران ، بەدیلی کوژران و بە دەیان کەس ئاوارەو زەرەرو زیانیان لێکەوت.
٣١ئاب یەکێکە لە ومیژووە ڕەشانەی هەرگیزاو هەرگیز لە بیرو زهنی خەڵکی کوردستان ناسرێتەوەو. هەمان  ئەو سیاسەتە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان وەک تاکە حزبی باڵادەست لە ستراتیژو بەرنامەو پرۆژەیاندا بۆ داسەپاندنی حزبی بنەماڵە لە کوردستاندا دریژەی هەیە.
پارتی دیمکراتی کوردستان و یەکیتی نیشتیمانی کوردستان لە پێناو بەدەستهێنانی دەسەڵات و قازانج و بەرژەوەندی زیاترو بەدەستەوگرتنی فەرمانرەوایەتی لە کوردستاندا هیچ کات باکیان بە ژیان و چارەنوسی خەلکی کوردستان نەبوە و  سەروەت و سامانی کۆمەڵگا و بودجەو داهاتی نەوت و گازیان بە تاڵانبردوە. بەخاتری هاوسەنگی هێزی  نێوانیان سڵیان لەهینانی دەستی  رژێمی بەعس و ولاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە نەکردۆتەوە .
پەیامەکانی ٣١ ئاب بە دەخاڵەتی ئێستای پارتی دیمکراتی کوردستان لە بارودۆخی ئیستای سوریا و راوەستان لەبەرەی تورکیاو ئەمریکا ئاکامی زیانبارترو خۆێناوی تر  دووبارەدەکاتەوە لەسەر  ژیان و ئایندەی خەڵکی کوردستان . بۆیە ئیمە لەچەتری ئازادی لە یادی ٣١ ئابدا ئەو رۆژە ڕەشەدا داوای:
1.    دادگایکردنی مەسعود بارزانی وەک کەسی یەکەم وبەرپرس لەو کوشتارو ماڵوێرانیەی بەرامبەر بەخەڵکی کوردستان ئەنجامدرا.
2.    چارەنوسی قوربانیەکانو وونبوانی ٣١ئاب وشەری ناوخۆ ئاشکرا بکرێت،کەسوکاری قوربانیەکان وئەوانەی زەرەوزیانیان لێکەوتووە قەرەبوو بکرێنەوە.
3.    هەڵوەشانەوەی هەموو ئەو دامودەزگا میلیشیایی‌و سەروو یاساییانەی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار و قەدەغەکردنی بەکار هێنانی چەک‌و هێزی سەربازی‌ بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێی سیاسی.
چەتری ئازادی لە یادی ٣١ ئابدا گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەڕتی لە مەیدانی ووتاربیژی، مەیدانی سەرەکی لەندەن " سپیکەر کۆرنەر" ڕێک دەخات بۆ  خستنەرووی قسەوباس لەسەر ٣١ئاب وئاکامە زیانبارەکانی وپاشان نامەی نارەزایەتی  دەگەیەنریتە ئۆفیسی  سەرەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لەندەن.
چەتری ئازادی داوا لە تەواوی ئازادیخوازان و ڕەوەندی کوردی دەکات لەم گردبوونەوە ناڕەزایەتیە دا بەشداری بکەن.
ڕۆژی شەمە ٣١ ئاب لە مەیدانی سپیکەر کۆرنەر"مەیدانی ووتار بیژی" لە ماربڵ ئارچ نزیکرین ئیستگای قیتاری Marble Arch لەسەر خەتی سور.
کاتژمێر: ٢  بۆ ٤ پاشنیوەرۆ

بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندی بکەن بە ژمارەی تەلەفونی: هاورێ جاف بە ژمارەی:٠٧٤٢٨٥٠٠٧٣٧ وەیان گۆنا سەعید بە ژمارەی:٠٧٨٩٤٢٥٢٧٠٨  وەیان بە دەشتی جەمال ریکخەری چەتری ئازادی بە ژمارەی ٠٧٨٥٦٠٣٢٩٩١
چەتری ئازادی
٢٠-٨-٢٠١٣