"فاروقی‌ مه‌لا مسته‌فا خاوه‌نی‌ 2 ملیارو 700 ملیۆن دۆلاره‌"

29 تشرینی یەکەم, راپۆرت سلێمانى - م. ع -

فاروقی‌ مه‌لا مسته‌فا به‌تاكه‌ ملیاردێر داده‌نرێت له‌سه‌رتاسه‌ری‌ کوردستاندا كه‌ سه‌رمایه‌که‌ی ئاشکرا ده‌کرێت، ئه‌و خاوه‌نی‌ 2 ملیارو 700 ملیۆن دۆلاری‌ ئه‌مه‌ریكیه‌و بیرۆكه‌ی‌ دامه‌زراندنی‌ كۆمپانیای‌ ئاسیاسێڵیش به‌شێوه‌یه‌كی‌ رێكه‌وت بوه‌.

ئاوێنه‌، تایبه‌ت: پێگه‌ی‌ ره‌سمی‌ دامه‌زراوه‌ی‌ میدیایی‌ بلومبێگری‌ ئه‌مه‌ریكی‌ له‌راپۆرتێكدا فاروقی‌ مه‌لا مسته‌فا به‌تاكه‌ ملیاردێری‌ عێراق ناوده‌بات‌و سه‌رمایه‌كه‌ی‌ ئاشكراده‌كات كه‌ نزیكه‌ی‌ 2.7 ملیار دۆلاره‌.

به‌شێكی‌ سه‌رنجڕاكێشی‌ ئه‌و راپۆرته‌ تایبه‌ته‌ به‌بیرۆكه‌ی‌ دامه‌زراندنی‌ كۆمپانیای‌ ئاسیاسێڵ كه‌ له‌ساڵی‌ 1998، له‌وكاته‌ی‌ فاروقی‌ مه‌لا مسته‌فا له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌یه‌ك له‌یه‌كێك له‌نه‌خۆشخانه‌كانی‌ له‌نده‌ن كه‌وتوه‌و نه‌شته‌رگه‌ری‌ دڵی‌ بۆ كراوه‌، كتوپڕ چاویده‌كه‌وێت به‌مۆبایلێك، ئه‌م دیمه‌نه‌ وایلێده‌كات ته‌نانه‌ت ئامۆژگاری‌ پزیشكه‌كانیشی‌ بۆ حه‌وانه‌وه‌ فه‌رامۆشبكات‌و ده‌كه‌وێته‌ كه‌ڵكه‌ڵه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ چۆن بتوانێت ئه‌و ئامێره‌ بهێنێته‌ ناو عێراقه‌وه‌.

هه‌ر به‌پێی‌ راپۆرته‌كه‌ پشكی‌ فاروق له‌كۆمپانیای‌ ئاسیاسێڵ (28%)ه‌و كۆی‌ سه‌رمایه‌كه‌شی‌ له‌و كۆمپانیایه‌دا به‌ 1.4 ملیار دۆلار مه‌زه‌نده‌كراوه‌، زۆرینه‌ی‌ پرۆژه‌كانیشی‌ له‌سلێمانی‌ ئه‌نجامداوه‌.

ئه‌مه‌ یه‌كه‌مینجاره‌ سه‌رمایه‌دارێكی‌ كورد له‌لایه‌ن میدیا جیهانیه‌كانه‌وه‌ سه‌رمایه‌كه‌ی‌ ئاشكرا ده‌كرێت، هه‌رچه‌نده‌ چه‌ندین گه‌وره‌ سه‌رمایه‌داری دیکه‌ش له‌کوردستاندا هه‌ن، وه‌ك راپۆرته‌كه‌ش ئاماژه‌ی‌ بۆ كردوه‌، تائێستا ناوبراو له‌ریزبه‌ندی‌ ملیاردێره‌ جیهانیه‌كان ناوی‌ نه‌هاتوه‌، چونكه‌ نایه‌وێت له‌وباره‌وه‌ هیچ لێدوانێك بدات.

راپۆرتێك له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌ژماره‌ی‌ ئه‌مرۆی‌ رۆژنامه‌ی‌ ئاوێنه‌دا بخوێنه‌ره‌وه‌