خێڵی گۆڕانیش؟

ئەنوەر حەمە عەلی
  2020-05-20     586
پێکهاتەکانی خێڵ لە سێ کاراکتەری سەرەکی پێک هاتوون: کۆد (عورف و عادەت) ی خێڵ، ئەندامەکانی (ڕەعییەت) و سەرۆک خێڵ و وێنا خوداییەکەی. سەرۆک خێل یان سەرۆک گروپ، ئەو کەسەیە کە لێزان و قسە زانە لە دانان و شیکردنەوەی کۆدی خێڵ و گرووپ و ئەیان ڕازێنێتەوە بە ووتەکانی بۆ ئەوەی ئەندامەکانی زیاتر پابەند بن پێوەی و هەر ئەویش گەرەنتی ئەم پابەندبوونە ئەکات. ئەندامی باش ئەو کەسەیە کە پابەندە بە کۆدەکانی خێڵ ، گروپ و سەرۆکەکەیەوە و بە پێچەوانەشەوە ڕاستە.!

ڕێکخستنی خێڵانەو گروپ گەرایانە جێگەیەکی گرنگ و ڕۆڵ گێڕ بۆ ئەندێشەی خود ناهێڵێتەوە. ،تاک ئەوەندە وابەستە ئەکات بە کۆد و سەرۆک گرووپەوە کە بەبێ ئەمانە ڕێگەی تازەی پێ نادۆزرێتەوە. کۆچکردنی سەرۆک ئیتر ئەبێتە کارەساتێکی گەورە. گرووپ لە ڕێگای سەرۆکدا، وەک و لە ناو بازنەیەکی داخراودا، بەیادگارییەکانی سەرۆک ئەهێنێ و ئەبا، وێناوپەیکەریان بۆ بونیاد ئەنێ. کارەساتەکە ئەوەیە کە خێڵ توشی ئاڵینگاری تازەی دوای مردنی سەرۆک ئەبێت و حیکمەتەکانی زەمەنی سەرۆک بەشی ڕووبوەربونەوەیان ناکات. لە ڕاستیدا ئەم جۆرە لە وابەستەیی بە یادگاری و حیکمەتەکانی سەرۆک، تێک لە پەل و پۆی ئەفراندن (داهێنان) ئەخات و گروپیش لە گەشکردن و بەرھەم ھێنانی ھزری و دروست کردنی دەروازەی نوێ، سڕ و دەستەوەستان ئەکات.

چاخەکانی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی لە جۆری خێڵایەتی، لە ئەوروپا، بە سەدە تاریکەکان ناسراوە. ئەفراندن لە هەموو بووارەکانی ژیاندا لە حاڵەتی نەبوون دابووە. گەنجینەی کووڵتوری، سیاسی و ئابووری ئەوکاتانە تەنها شیکردنەوەی کۆدەکانی خێڵەکان و حیکمەتەکانی سەرۆک خێڵەکانی بووە. لە ئافاتی ئەم کۆدو «حیکمەتانەدا»، هەزاران مرۆڤ ناداتپەروەرانە کوژراون و سوتێنراون ، ملیۆنانیش کۆیلە و دەستەمۆ کراون و ئاشی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و زانستی لە هەڵسوڕان خرابوو.

کۆدی شارستانی گشتی، کە بە دەستوری شارستانی ناسراوە، تاک و گروپی لەبەشێکی زۆری ئەم کۆدە لۆکاڵانە ڕزگارکرد و ئازادی کرد. ئەم پرۆسەتازەیە، ڕۆشنگەری، شۆڕشی پیشەسازی، دیموکراسی و ئازادی تاکی پێک هێنا. ئەم پرۆسەیە قیتاری داهێنانی خستە سەر سکەی خۆی و هەتا ئێستاش لە پێشڕەویدایە.

لە کوردستان و ڕۆژهەڵات، بە چەپ، ڕاست، دینی و نادینی، هێشتا هەر لە پرۆسەی بەرهەم هێنانی خێڵداین. کۆدی کاپیتالی مارکس و سەرۆک گروپ مەنسوری حیکمەت بۆ کۆمۆنیستە کرێکارییەکان. قورعان و سەید قوتب و هاوشێوەکانی بۆ خێڵە جیاوازەکانی ئیسلامی سیاسی. کۆدەکانی کوردایەتی و مام جەلال و مەلا موستەفا بارزانی بۆ یەکییەتی و پارتی ، هتد.

ئایا گۆڕانیش لە گەرمەی دروستکردنی گروپێکی خێڵ ڕەودا نییە بۆ پەیڕەوی ناو خۆی و ڕێکخەری کۆچ کردووی؟ ناکرێت حیزب بە شێوەیەکی جیاواز لەوانی تر دابھێنرێت؟ ناکرێت وێنای سەرۆک زیاتر لە فرنسوا میتران، جۆن کێننێدی و دیگۆل بچێت نەک لە جەمال عابدولناسر ، خومیەنی و ئەتاتورک ؟

ئەوەی سیاسەتی لەزمان خستووە لە کوردستان هەر گەندەڵی و حوکومڕانی نییە بەڵکو شکستی سیاسییەکانە لە ترانزیسۆنی سترەکچەری سیاسەت و سیاسەت کردن لە شەرعییەتی شۆرشگێڕی ،کە هەڵقوڵاوی زەمەنێکی کۆنە وئێستا ئێکسپایەربووە، بۆ سترەکچەرێکی تازە کە لە گەڵ دوونیای ئێستاو مرۆڤی ئێستادا بگونجێت. سەرنجتان نەداوە لەو لێکچوونە خەمبارەی لە نێوان سترەکچەر و ڕیکخراوە "مەدەنییەکان"ی حیزبەکانی کوردستان هەیە لە گەڵ حیزبە شوعیی و قەومییەکانی ساڵانی پەنجاکان و پێشتریش؟ ئیتر چۆن ئەتانەوێ گەنجی ئێستا لە ئاوها سترەکچەرێکدا، خولیا بە سیاسەت کردن بدا و بیرۆکە و پرۆژەی تیا بەرهەم بهێنێ؟ چۆن ئەتوانن بە ئاوها ڕێکخستنەوە مۆدێڵێكی فەرمانڕەوایی تازە و بونیاتنەرو جیاواز لە ڕابوردو دروست بکەن؟
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×