دەربارەی قسەکانی سەرۆکی حکومەت

هۆشیار عەبدوڵا
  2020-05-22     1481
کۆمەڵگەی ئێمە بە هیچ شتێک شۆک نابێت ئەگەرنا دەسەڵاتدارەکانی خۆیان ملێۆنێر بن و لە ۲٠٠۸ ەوە بە تانکەر و لە ۲٠۱٤ ەوە بە بۆڕی نەوتی هەرێم ماوەیەک بەشێکی نەوتی کەرکویشیان فرۆشتبێ کەچی بڵێن دۆلارێک پاشەکەوتمان نیە بەڵکو ۲۷ ملیار قەرزارین هی ئەوەیە شکستیان رابگەیەنن نەک هیچ شتێکی تر!‬

۲۷ ملیار دۆلار قەرز بۆ هەرێمێکی بچکۆلانە کە لە بەغدادەوە پارەی بۆ هاتبێ جگە لە داهاتی نەوت و ناوخۆ فەزیحەیەکی سیاسی و ئابوری زەبەلاحە،ئەو پرسیارە سادە بەڵام رەوایەی کە دەڵێ بۆچی ئێمە نەوتمان کریوە یا فرۆشتوە لە وڵاتێکی زیندودا بوایە نەک حکومەت حزب و خێزانە سیاسیەکانیشی دەخست!‬

‫سەرۆکی حکومەت راستدەکات کاتێک دەڵێ راستکردنەوەی چەوتیەکانی رابردوو کاتی دەوێ،بەڵام مەگەر حوکمڕانی دوێنێش هەر حزبەکەی ئەو نەبو؟!ئەوە بۆچی کاتێک هاتە سەر کورسیەکەی سەرۆک بە کۆبونەوەیەکی حزبی پەرلەمانیان داخست بەڵام بە دەیان کۆبونەوە نەیانتوانیوە حکومەتی پێشو لە چەوتی رابگرن؟!‬

‫بەشێک لە قسەکانی روی لە نوێنەرانی کوردە لە بەغداد،هەر کاتێک شەفافانە و بە قەناعەتەوە حکومەتەکەی ویستی کێشەکان بەتایبەت مەلەفی نەوت چارە بکا،بێگومان پشتیوانی ئێمەی دەبێ،بەو مەرجەی دەستهەڵگرن لەوەی بەناوی ئابوری سەربەخۆوە خەڵکی هەرێم برسی و حزب و عائیلە سیاسیەکان دەوڵەمەند بکەن.‬

‫ئەگەر خاڵی هەرە لاوازی قسەکانی ئەوە بوبێ کە خۆی لە چەوتیەکانی حوکمڕانی پێشو بێبەری دەکا،خاڵی بەهێزی بریتی بو لە ئاماژەدان بە کێشە بونیادییەکانی ئابوری هەرێم کە نەفرەتی بەتەنها ئیعتیمادکردنە سەر نەوتە جگە لە مەسەلەی نەبونی پلان لە دامەزراندن و نەبونی ژێرخانێکی بەهیزی ئابوری.‬

‫بەڵام کاک مەسرور دەزانێ،کە مالکی پێی گوتن نەوتەکەتان هەڵگرن بۆ نەوەکانی داهاتو ئەمان هەر سوربون لەسەر دەرهێنانی لەبەر چاوی رەشی هاولاتیانی کوردستان نەبو بەلکو لەبەر ئەوەبو خۆیان لە رێگای نەوتەوە بە خێرایی دەوڵەمەند بکەن و ببنە خاوەنی ملیاران دۆلار و ئیمپراتۆریەتێک لە دەسەلاتی ئەمنی و میدیایی.‬

هیوادارم کاک مەسرور بتوانێ بەشێک لەو قسانەی ئەمشەوی لە پەیوەست بە چاکسازیەکان وەدی بهێنێ،بەلام قسەگەلێک کە پەیوەست بن بە حوکمرانیی تەندروست و ئابوری بەهێزەوە بە کەسێک جێبەجێدەکرێ کە عەقڵیەتی دەوڵەتداری هەبێ نەک حزبایەتی،ئەمشەو قسەکانیمان بیست،بزانین چەندیتر کردارەکانی دەبینین!؟

هۆشیار عەبدوڵا
۲۲ی ئایاری ۲٠۲٠

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×