جانتا ڕەشەکە هۆکاری ئەم (هیچییە)یە

دلێر محەمەد نوری
  2020-05-23     1013

ئەگەر چی ڕەنگی ڕەش لە زۆر باردا بە هاوکاری ڕەنگی دیکە تابلۆی ژیانمان بۆ دەڕازێنێتەوە، بەڵام هێماشە بۆ خەم و خەفەت و تاریک و تنۆکی و شاردنەوە و ناڕوونی. لەو ڕۆژەوەی داتاکانی سامان و داهاتی ئەم وڵاتە چووە نێو جانتا ڕەشەکەی ئاشتی هەورامی و نێچیرڤان بارزانییەوە، دەبوو لە چاوەڕوانی ڕۆژێکی ڕەشی لەو جۆرەی ڕۆژی وتارە ڕوونەکەی مەسروربارزانی دانیشین. ئەگەر چی زۆرێک لەو جۆرە جانتا دیبلۆماسیانەی  کە ئاشتی هەورامی هەڵیدەگرت ڕەنگیان ڕەشە بەڵام گرنگە داتاکانی ناوی وەکو چەرمە ڕووپۆشەکەی ڕەش نەبن و گرنگیشە هەڵگرانی ئەم جانتایانە ڕاستگۆ و ڕوون و شەفاف بن، نەک ناڕوون و تنۆک و تاریک وەک خودی جانتا کە خۆی. ئەوێ ڕۆژێ دەوڵەتمەدار و داهێنەری ئابوری سەربەخۆ لە ژوورێکی پارلەماندا قسەی بە سەرۆکی پارلەمان بڕی  و هاتەوە بە گژ پارلەمانتاراندا، ئەو بە ڕوونی پێی ووتین چاوەڕێی هیچ لە زانیارییەکانی نێو ئەم جانتا ڕەشە مەبن، کە دواتر بووە هۆکاری ئەم هیچییە.
 ئەم حکومەتەی کە ئێستاکە مەسرور بارزانی بەڕێوەی دەبا و دەوڵەتمەدار نێچیرڤان بارزانی پێشتر بەڕێوەی دەبرد، هیچ کات هێندەی ڕۆژی ڕاگەیاندنی مایەپووچ بوون و قەرزای و نەبوونی و نەهامەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان شەفاف و ڕوون نەبوو لە گەڵ خۆی و خەڵکیشدا. لە گەڵ ئەوەشدا کە هێشتا هەر ڕوون ڕوون نیە وەکو ئاو و ئاسمان. بگرە ڕاگەیاندنەکە دوو دیوی هەبوو بە دیوێکدا پێ ووتین گەیشتووین بەچی و بەڵام پێی نەوتین بۆچی و کێ و چی بوون هۆکاری گەیشتنمان بەم هیچییە؟ ئەگەر چی خودی گەیشتن بەم هیچییەی ئێستا هیچ گرنگییەکی بۆ هاوڵاتی نیە، هێندەی پێمان بڵێن ئێوەی داهێنەری ئەم هیچییە، چی دیکەتان بۆ دەکرێت تا ئەم هیچەی ئێستمان بگۆڕین بە شتێکی باشتر لەم هیچییە.
جەنابی سەرۆک وەزیران هیچ مژدەیەک و ڕووناکییەکی پیشان نەداین جگە لەوەی کە پێی ووتین من هیچم بۆ ناکرێت دەبێت ئێوەی هاوڵاتی شتێکمان بۆ بکەن تا ڕزگارمان بێت لەم هیچییە. ئەگەر چی ئەو دەشزانێت کە ئێمەی هاوڵاتی نە جانتا ڕەشەکەمان بە دەستەوە گرتووە  و نە داتاکانی ناویشیمان بە چاو بینیوە. نە لە ئیمزا و پەیوەستنامە ڕەشەکان ئاگادار بووین و نە پارەی شیرینی نەوت و پارە و پولی ژێر مێزیشمان بە چاو بینیوە. هەر بۆیە وا باشترە بۆ سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هیچگەرایی داوای یارمەتی لە داهێنەرانی ئەم هیچییە بکات. لێیان بپرسیت بۆچی و چۆن ئێمەیان گەیاند بەم هیچییە؟ لێشییان بپرسێت و بزانێت هیچیان پێ ماوە لە پارەی کەڵەکە بووی ئەم هیچییە؟ جگە لە خۆیان چ کەس و چ لایەنێکی دیکەش ئاگادار و بەشدارن لەم هیچییە؟ ئەنجا وەرەوە تەماشایەکی دەوروبەری خۆشت بکە بزانە بەرێوەبردنی سەتەلایتی حزبی و کەسی و کڕینی ڤێلا و سەددان دام و دەزگا و کۆمپانیا بە چی بەڕێوە دەچن؟ گەر ئێوەش بەشێک نەبن لە هەدەردانی ئەو پارانەی ئێمەی گەیاندووە بەم هیچییە؟  دەنا دڵنیابە سەرۆک کۆڕۆنا بێتاوانە لە دروستکردنی ئەم هیچییە، ئەوە سیاسیەکان و باڵادەستەکان و بازرگانانی نەوت و گەندەڵکارانن تاوانباری ئەم هیچییە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×