ئەی جەژن بە چ حالێک هاتیتەوە؟

شەماڵ عادل سەلیم
  2020-05-24     1230
موتەنەبی شاعیر لەقەسیدەیەکی دا هەجوی حاکمی وڵاتی میسر ( کافور ئەل ئە خشیدی ـ کە چوارەمین حاکمی دەولەتی ئەخشیدی بووەو حوکمی میسرو حیجازو بەشێکی زۆری ولاتی شامی کردووە ) هەجوی دەکات و دەڵێت: ئەی جەژن بە چ  حالێک گەرایتەوە ، هەروەک جاران یان بەشیوازێکی تازەوە ؟
دیارە موتەنەبی ئەو قەسیدەیەی لەکاتی هەڵاتنی لە وڵاتی میسر نووسیوە کە هاوکات بووە لەگەڵ هاتنی جەژنی قوربان ، لە ١٠  دێری یەکەمی قەسیدەکە ،موتەنەبی باس لە خەم وخەفەت و خەمۆکی خۆی دەکات  لەوکاتەوی کە لە میسر گیرساوەتەوە ، شاعیربەگلەییەوە  لەجەژن دەپرسێت : ئەی جەژن ،هەروەک جەژنەکانی پێشوتری کە پر بوون لە نەهامەتی و خەم  ، یان بەشیوازێکی تازەوە هاتیتەوەو ژیانی پر دەردەسەری و بەئازارم بەرو باشتربگۆریت؟
لێرەدا من نامەوێت باس لە تەوای قەسیدەی ئەی جەژنی موتەنەبی بکەم کە بە هەقیقەت یەکێکە لە شاکارە جوانەکانی شاعیر ،بەقەدەر ئەوە دەمەوێت  بەبۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزان لە بەرامبەر ئاوێنەدا ڕاوەستم و بەڕاشکاوانە بڵێم :
 ٢٨ ساڵە هەردووبنەماڵەی دەسەڵاتداری هەرێمی بەتەمای خودا نەک تەنها جەژنەکانیان لێمان تاڵ کردووە ، بەڵکو ساڵ دوای ساڵ بێ روحمانە غەرقی نەهامەتیمان دەکەن ، هەژاری و بێ کاری و بێ خزمەتگوزاری تەنگمان پێ هەڵدەچنێت و خەریکە خەفەمان دەکات .
٢٨ ساڵە ئەودەسەڵاتە پۆشتەیە لەبۆنەکاندا بەڵێنی ژیانێکی شەرەفمەندانەمان  پێ دەدات ، بەڵام لەواقیعدا رێک پێچەوانەکەی جێبەجێ دەکات ، ساڵ دوای ساڵ ژیانی هاووڵاتیان بەربادتر  دەکات .
 تەماشاکەن ، نزیکەی مانگێکە بێ ئاوێ تەنگی پێ هەڵچنیوین ، لە هەولێری پایتەخت هاووڵاتیان رۆژانە بەتەنکەر ئاو دەکڕن و چەندین گەرک لە بێ ئاویدا خەریکە وشک ببنەوە .
سەڕەڕای ئەو هەموو کێشانەش  ،  سەرۆکی  دەسەڵاتە پۆشتەکەمان رۆژێک بەر لە جەژنی رەمەزن لەبری ئەوەی موژدەی باشکردنی ژیانی هاووڵاتیان ڕابگەیەنێت ، هەواڵی ئیفلاسی و قەرزاری هەتا بیناقاقای ڕاگەیاند ، بەدەنگێکی بەرز گوتی : هاووڵاتیانی بەرێزو بێدەنگ وگوێ ڕایەلی هەرێم ، حکومەتی پێشو ٢٧ ملیار دۆلار قەرزی بۆ جێھێشتوین !
لەکۆتایدا دەڵێم ، ئەگەر موتەنەبی  ئێستا  لەژیاندا بایە و خەڵکی ئەودەڤەرەی ئێمە بوایە ، ئاخۆ بە چ قەسیدەیەک هەجوی ئەو دوو بنەماڵەیەی دەکرد کە ٢٨ ساڵە سەڕەرای سوکایەتی و شکۆشکاندن و برسی کردنی هاووڵاتیان ، ٢٧ ملیار دۆلاریشیان لەسەرمان کردە ماڵ و ناشزانین تا جەژنێکی دیکە چەند ملیاری دیکەی دێتە سەر .
جا بەرێزان ، جەژن بەمن چی کە ئاوم نەبێت  لە هەولێری پایتەخت بیخۆمەوە؟  
جەژن بەمن چی کە نەک تەنها ئێمە ،بەڵکو مناڵ و نەوە خێرلەخۆنەدیوەکانیشمان   لەبری سەروەت و سامان و داهاتی نەوت ،بە دەیان ملیار دۆلارقەرزیان بەمیرات لە حکومەتە فاشیلە یەک لەدوایەکەکانی هەرێمی بەتەمای خودا بۆ دەمێنێتەوە؟

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×