دانپێدانان بەشکستی سیاسی‌و مایەپوچی، بەڵام هەڵاتن لەبەرپرسیارێتی

جەبار ئەمین
  2020-05-26     846
بۆ یەکەمجارە بەرپرسێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان، بەمجۆرە دان بەو ھەموو بەکار‌ھێنانە خراپەی دەسەڵاتەکەیان بنێت و بڵێت ئەوە حکوومەتەکانی ئێمەی پارتی و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوو کە بووە مایەی قەیران و نەھامەتی بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستان و نکۆڵی لەوە ناکات کە ئەوە سیاسەتە شکستخواردووەکەی جووت حزبە کە ھەرێمی ھێناوەتە سەر بەڕەی مایەپوچی ئابوری و سیاسی.

ڕۆژی ٢٣ی ئایاری ٢٠٢٠، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە ئاشکرا و بۆ ڕای گشتی وتی:

١- "ئاشکرایە لە خەرجکردنی داھاتی ھەرێمی کوردستاندا، نادادپەروەرییەکی زۆر و بێ پلانی ھەبووە."
٢- "لە دابەشکردنی بودجەی ھەرێمدا ھیچ لێکدانەوەیەک بۆ ئایندە و نەوەکانی داھاتوو نەکراوە."
٣- "حکومەتی ھەرێم ٢٧ ملیارد دۆلار قەرزارە."
٤- "حکومەتی ھەرێم خاوەنی ھیچ یەدەگ و پاشەکەوتێکی دارایی نییە."
٥- "ناکرێت ھاوڵاتی ئاو و کارەبای نەبێت، قوتابخانەی باشی نەبێت، نەخۆشخانەی نەبێت، ڕێگە و بانێکی باشتری نەبێت."
٦- زۆر کەمایەسی لە بواری کارگێڕی و ئابوری ھەبووە.
٧- زۆر چەوتی ھەبووە و ھتد.

نادادپەروەری، بێ پلانی، قەرزاری ملیارەھا دۆلار، نەبونی دیدێک بۆ ئایندە، بیرنەکردنەوە لە نەوەکانی داھاتوو، چەوتی لە سیاسەت، کەمایەسی کارگێڕی، کەمی کارەبا، نەبوونی کەرتێکی پەروەردە و تەندروستی باش و ھتد، ئەو دەستەواژانە بوون کە سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بە حکومەتەکانی ھەرێمی پێش خۆی لکاند.

ھەر ھەموو ئەو دەستەواژانەی سەرۆک وەزیران بەکاریھێنان بۆ پێناسەکردنی حکومەتەکانی ھەرێم لە جێی خۆیانن. گشت ئەو ڕاستییانە و سەدەھا ڕاستی تر دەیەھا ساڵە، لە لایەن ئۆپۆزسیون و نوسەران و خەمخۆران و ھاوڵاتیانەوە، دەوترێت، بەڵام پارتەکەی سەرۆک وەزیران و یەکێتی نیشتیمانی نکۆڵییان لەو ڕاستییانە دەکرد و ڕەخنەگرانیان بە تێکدەر و ئاژاوەگێر و موزایەدەچی لە قەڵەم دەدا. لە ڕاستیدا دەبوایە سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆک وەزیران کە یەکێتییە، داوای لێبوردن لە گشت ئەوانە بکەن. 

لە لایەکی ترەوە، لە جیاتی ئەوەی سەرۆک وەزیران بەرپرسیاریەتی بەشێک لەو ھەموو گەندەڵی و قەیرانە بخاتە سەر ئەستۆی خۆی، گشت شکستەکانی خستە ئەستۆی ئامۆزاکەی و یەکێتی نیشتیمانی و حکومەتەکانی بەغدا. ئەوە ھەڵھاتنە لە بەرپرسیاریەتی.
مەگەر حکومەتەکانی نێچیرڤان بارزانی ئامۆزا و یەکێتی نیشتیمانی لەم دە پازدە ساڵەی دواییدا زۆربەی جاران، لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بەڕێوەنەدەبران؟ ئەی بۆ پارتی ھێشتی ساڵ لە دوای ساڵ ئەو سیاسەتە شکست خواردووە پیادەبکرێت و بەردەامبێت؟

مەگەر سەرۆک وەزیران خۆی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی نەبوو؟ ئەی بۆ ھەر زوو پێش ساڵانێک، بۆ ئەو بەھەدەردانەی سامانە گشتییەکان و گەندەڵییەکان و نادادپەروەریی و برسییەتیکردنی خەڵک نەھاتە وەڵام؟

مەگەر سەرۆک وەزیران خۆی ساڵانیکی زۆر بەرپرسی یەکەمی دەزگای ئاسایشی ھەرێم نەبوو؟ ئەی بۆ ھێشتی ئەم ھەموو مەترسییە بێتە سەر ھەرێم و زۆرێک لە ھاوڵاتیانی برسی ھەرێم ئێستا بەغدا وەک ڕزگارکەر ببینن و پێگەی ھەرێم وا لاواز بێت؟ 

ئایا سەرۆک وەزیران خۆی بێبەرییە لە سیاسەتی ھەڵەی تەنیا پشتبەستن بە داھاتی ناجێگیری نەوت نەبوو؟ ئایا خۆی بێبەرییە لەو سیاسەتەی نە ئایندەدیدی تێدا بوو، نە بیرکردنەوە لە نەوەکانی داھاتوو؟ ئایا خۆی بێبەرییە لە ڕادەستکردنی بەڕێوەبردنی ھەرێم بەو ھەموو کادرە کارگێڕییە حکومییە بێ توانایە؟ ئایا خۆی بێبەرییە لە سیاسەتی گەندەڵی و بەھەدەردانی سامانی گشتی؟ ئایا خۆی بەشدارنەبوو لە برسیکردن و نانبڕینی خەڵکی؟ ئایا خۆی ھیچ بەرپرس نەبوو لە ھێنانەئارای سەدەھا ھەزار بندیواری موچەخۆر، کە ساڵانێکی زۆرە فشارێکی زۆریان خستووەتە سەر بودجەی ھەرێم؟

ئایا سەرۆک وەزیران خۆیشی، پاش ٢٨ ساڵ لە حوکمڕانی کوردی، ھیچ بەرپرس نییە لە کەمی کارەبا و نەبوونی سەکتەرێکی پەروەردە و تەندروستی شایستە و رێگا و بانێکی باش؟ ئایا خۆی ھیچ بەرپرس نییە لە دابین نەکردنی بیمەی کۆمەڵایەتی بۆ ھاوڵاتیانی کەم دەرامەت و ھەژاری ئەم ھەرێمە؟ ئایا خۆی ھیچ دەستی لە دەستەمۆکردنی دادگاکاندا نییە، و نەھێشتنی بونیان بە دادگای بێلایەن و ئازاد و دادپەروەرانە؟ ئایا خۆی بێبەرییە لە ساختەکارییەکانی لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان؟ ئایا خۆی ھیچ بەشدار نەبووە لە سنوردارکردنی مافی خۆپیشاندان و ئازادییەکان لە ھەرێم؟ ئایا خۆی بێبەرییە لە نادادپەروەری چینایەتی و جەندەری لە ھەرێم؟

لە ڕاستیدا، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران خۆیشی بە ڕادەی خۆی بەرپرسە لەو سیاسەتە شکستخواردووە لە زۆربەی بوارەکان. ئێستاش کە سەرۆک وەزیرانیش دان بەو ھەموو بەکارھێنانە خراپەی حوکمڕانی دەنێت، مافی ھاوڵاتییانە پرسیاری لێبکەن: تاوانباران کێن و کەی دەدرێنە دادگا؟
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×