قەفەزی ئاسنینی دەسەڵات

ئارام قادر حەمەسور
  2020-05-29     1223

کۆمەڵگە چەمکێکی سۆسیۆلۆژییە و  کۆبوونەوەی تاکەکان لەژێر چەند پێوەر و بەهایەکی کۆمەڵایەتییدا. مرۆڤ بەسروشتی خۆی بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و ناتوانێت بە تەنیا بژیی، دەبێت لەگەڵ تاکەکانی تر چالاکی کۆمەڵایەتی ئەنجام بدات. وەک ئەفلاتۆن گوتی مرۆڤ چوار پێیە، واتا مرۆڤ ناتوانێ تەنیا بە دوو پێیەکانی خۆی ژیان بکات و جالاکی بکات، بەڵکو ناچارە لە گەڵ تاکێکی تردا یان چەند تاکێکی تر چالاکی کۆمەڵایەتی ئەنجام بدات. واتا مرۆڤی چوار پێ، بە دوو پێیەکانی خۆی و دوو پێی تاکێکی تر بە کۆمەڵایەتیی دەبێت.

کۆمەڵگەی کوردیی لە کوردستانی باشوور بەرەو وێران بوون چووە، واتا لەوە دەرچووە وێران نەبێت، ئێستا کاتی چارەسەری نەخۆشییەکەیە. بەدرێژایی مێژوو  ئەم ناوچەیە شەڕ و نائارامی تێدابووە، بەردەوام وێرانکراوە بەناوی دین و سیاسەت و نەتەوە و شەڕە پەڕۆ. ماکینەی ئایدۆلۆجییاکان بەردەوام لێرە خراونەتە گەڕ و خەڵکیان وەک مێگەل گەوجاندووە، لەوێرانەیەکەوە چۆتە وێرانەیەکی تر.

دوای ڕاپەڕین و درووستکردنی پارلەمان و حکومەت، گشت هیواکان بە یەکێتی و پارتییدا هەڵواسران. بەڵام هەرزوو شەڕی ناوخۆیی سەلماندی ئەمانە هی حکومەتداری نین، بەڵکو عەقڵی خێڵەکانن هاتوون لەڕێگەی دەسەڵاتەوە شەڕی ڕابوردوویان تەواودەکەن. شەڕی ناوخۆ گشت هیواکانی کردە سەراب، گشت ئومێدەکانی خستە ژێر پرسیارەوە.

دوای ۲٨ ساڵ لە حکومڕانی، ئەم دەسەڵاتە کۆمەڵگەی وێرانتر کردووە، تاکی خستۆتە قەفەزێکی ئاسنینی نائۆمێدییەوە، وەک قەفەزە ئاسنینەکەی ماکس ڤیبەر. ئەم دەسەڵاتە دەوڵەمەندە بەپارە و نەوت بەڵام نەیتوانیوە پێداویستی سەرەتایی بۆ کۆمەڵگە دابین بکات، یەکێتی و پارتی دەیانتوانی وەک شانشینەکانی وڵاتانی عەرەبی دیکتاتۆرێکی باش ببن، بەڵام ئەوەشیان نەکرد. بە نەوت دەمانتوانی وە ئیماڕات و قەتەر بگەشێینەوە، بەڵام نەیانکردووە، چونکە عەقڵی حکومڕانییان نییە.
 ئومێدەکانی تاکیان کوشتووە و کۆمەڵگەیان وێرانکردووە. ئەوەی هەیە وەک نیچە دەڵێت زۆرینەی گەنی و کەمینەی خەنین.

لە گشت کایەکاندا کۆمەڵگە وێران بووە، لەپەروەردە و بیگرە بۆ تەندرووستی. هەرکاتێ ناوی حکومەتی هەرێم دێت لەخەیاڵدانی تاکدا گەندەڵی وێنا دەکرێت. هەر لەڕاپەڕینەوە کە شۆفڵ و عاموودی کارەبایان بەرەو سنوورەکان برد تا دزینی خەونی گەنجەکان، دەسەڵات لە وێرانکردن نەوەستاوە.

ئەم هەموو نائومێدی و وێرانییە دەکرێت ببێتە سەرچاوەی شەپۆلێکی کۆمەڵایەتی گەورە، شەپۆلێک دژی هەمووحیزب و سیاسییەکان، کۆمەڵگەیەکی بێدەنگ ڕۆژێک دێت جوڵە و قسەی تووندی هەبێت، وەک ماکیاڤیللی دەڵێت کە خەڵک هەڵسا هیچ قەڵایەک میر ناپارێزێت.

بۆ درووستکردنەوەی کۆمەڵگەیەکی تەندرووست، دەبێت سیستمی پەروەردە دەور ببینێت، لەڕێگەی پەروەردەوە دەتوانین بۆ بیست ساڵی داهاتوو جیلێکی باشتر درووست بکەین. بەڵام کێ سیستەمی پەروەردە بگۆڕێت؟ دەبینین تائێستاش وەزارەتی پەروەردە هەرلای دەسەڵاتە، حیزبەکانی تریش ناوێرن وەریبگرن، ئەوەندەی شەڕی پۆست دەکەن شەڕی پەرۆشی و عەقڵ ناکەن.

دەسەڵات  بۆگەن بووە و فەشەلی هێناوە، هەمووحێزبەکانیش بەشدارن بەپێی دەسەڵاتیان لە ۲٨ساڵی ڕابوردوو، ئۆپۆزسیۆنیش هێندە تەمبەڵە مەگەر شەقام لەجێگە خەوەکەیدا بیهێنێتە دەر. هەموویان  تووڕەیی کۆمەڵگەیان بەردەکەوێت. گشت حیزبەکان تاکیان فێری حیزبپەرەستی کرد نەک مرۆڤدۆستی. وەک ماڕکس دەڵێت کاتی کردارە و قسە و نووسین کۆتایی هات. ناکرێت چیتر لەسەر کەلـلەسەری تاکەکان ئێوە خۆش بژین، ناکرێت تاسەر ماکینەی گەوجاندن کاربکات. چوونکە ئەم نیشتیمانە داهات و نەوتی ئەوەندە زۆرە، گەر تۆزێ عادل بن ئەوروپایەکی بچووک دەبووین.
گرفتەکە ئەوەیە وەک ماکس ڤیبەر دەڵێت هەندێک بۆ سیاسەت دەژین و هەندێک بە سیاسەت دەژین. دەسەڵات بەتایبەت یەکێتی و پارتی کەکۆنتڕۆڵی داهات و چەکیان لایە، بە سیاسەت دەژین بۆخۆیان. سیاسەت لای ئەوان کۆمپانییای پارەیە نەک خۆشگوزەرانی خەڵک. گەر گەمژانە بیر نەکەینەوە ۲٨ ساڵی ڕابوردووی ئەم ستایلەی دەسەڵات بەسە بۆئەوەی بزانیین چەند وێرانکەرە، تابزانین ئێمەی خستۆتەتە ناو قەفەزێکی ئاسنین.

کۆمەڵگەش خۆی تەمبەڵە و ئیرادەی کەمە، تاکەکان لەبەر خەمی تایبەت خەمی گشتییان نییە، وەک ماڕکس دەڵێت گرفتەکە ئەوەیە ئەوان بە پێوەن و ئێمەش دانیشتووین.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×