جووت مۆراڵ لە حەڵاڵ و حەرامدا لە لای کوردانی تاراوگە

دلێر محەمەد نوری
  2020-06-01     1908

ڕەنگە هیچ شتێک هێندەی کۆچکردن لە جوگرافیای شوێنی لە دایک بوون و گەورە بوونتەوە بۆ جوگرافیایەکی جیاواز لە ڕووی کولتور و نەریت و نەتەوە و ئایینەوە، هەڵسوکەوتی ناباو و شازی خودی خۆت و هاونشتیمانییەکانت بۆ دەرنەخات و سەرنجت بۆ خۆی نەبات. 

یەکێ لە سیفەتە هەر سەرەکییەکانی زۆربەی هەرە زۆری کوردانی تاراوگە دووڕوویی ئەخلاقی یان جووت ئەخلاق یان دەبڵ مۆڕاڵ (double moral)ە.


ئەمە بە داخەوە ئەو کوردانەی تاراوگە دەگرێتەوە کە بە باکگراونێکی ئایینییەوە ڕوو لە ئەوروپا ئەکەن. جا بەر لە هەرچ شتێک، ئەو کەسانە دەبێت بیریان نەچێتەوە کە ئەوروپای کافران نەیانناردووە بە دوای کەسدا ئەوە ئێمەین دژ بە هەندێ ئەحکامی ئایینی ئیسلامیش وەستاوینەتەوە کۆچمان کردووە بۆ وڵاتانی ئەوروپا. چونکە لە فەرموودەیەکی سەحیحدا پێغەمبەر(د.خ) دەفەرموێت (من جامع المشرک و سکن معە فهو مثله) واتا ئەوەی تێکەڵاوی بێباوەڕان بکات و لە گەڵیان نیشتەجێ بێ وەکو ئەوانە) نەک ئەمە لە دەیان جێگەی دیکەشدا تەنانەت دەقی پیرۆزیشی لە سەر هاتووە کە هاتن بۆ وڵاتی کافرانی حەرام کردووە! جا بۆیە بانگەشەی ئیسلام بوون و هاتنت بۆ ئێرە دوو شتی دژ بە یەکن.


بە درێژایی ٣٢ ساڵی ژیانم لە کوردستان هەرگیز بە وێنەی ١٥ ساڵی ژیانم لێرە گوێم لە وشەی حەرام و حەڵاڵ نەبووە، من تێناگەم لە هاونشتیمانیانی خۆم کە ژیان لێرە هێندە مایەی پەستانی دەروونییە بۆتۆ لە ڕووی حەڵاڵ و حەرامەوە چ پێویستی کرد بەڕێزت ئەم رێگەیە هەڵبژێریت.


ئامۆژگاریشم بۆیان هەر ئەوەیە کە کەمێک وەک مرۆڤی ئاسایی بژین و بڕێکیش لە کەلی ئەو حەڵاڵ و حەرامە بێنە خوارەوە، چونکە ئەگەر حەرامە مادی و مەعنەوییەکانیان بۆ ڕیز بکەم کە ڕۆژانە نۆشی گیانی ئەکەن زۆر لەو حەڵاڵە وردانە زیاترە کە خۆیانیان پێوە سەرقاڵ کردووە.


هەر بۆ نموونە هەر پەنابەرێکی کوردی موسڵمان کە ڕووی کردۆتە وڵاتێکی وەکو نەرویج تا سەرپێی خۆی کەوتووە و کاری دۆزیبێتەوە، یارمەتی مانگانەی بۆ بژێوی ژیان (سۆشیال) وەرگرتووە، پارەی چارەسەری نەخۆشی و تێچووی بەڕێوەبردنی خزمەتگوزارییەکان و تەنانەت بۆدجەی ئەو مزگەوتانەش کە بۆ موسوڵمانان ئاوەدان کراونەتەوە لە پارەی باج دراوە و دابین کراوە. ئەگەر ئێمەی موسڵمان بزانین نەرویجییەکان ساڵانە چەندین ملیار کڕۆن لە کڕینی مادە ئەلکهولییەکان خەرج ئەکەن کە زیاتر لە ٢٥% دەچێتە کاسەی حکوومەتەوە و ئەو پارەی باجەی کە لە هاوڵاتیان سەرف دەکرێت، ئەمە جگە لە باجی باڕ و مەلهای شەوانە و گۆشتی بەراز و حەرامکراوەکانی دیکە، کە ڕاستەوخۆ بەشێک لەو پارانە دەگاتە گیرفانی موسڵمانان و مزگەوتەکانی موسوڵمانان. جا پێم ناڵێن گەڕان بە دوای حەڵاڵدا لێرە چ مانایەکی بۆ دەمێنێتەوە؟


موسڵمانە کوردەکانی ئێرە هەم لە ناڵیش دەدەن و هەم لە بزماریش، هەم خواشیان ئەوێ هەم خورماش. زۆربەی هەرە زۆریان شەو و ڕۆژ خەریکی خوێندنەوەی پێکهاتەی ئەو خۆراکانەن کە دەیخۆن نەکا ١% ی چەوری یان جەلاتینی بەراز بێت، بەڵام لەولاشەوە هەر هەموویان خانوویان بە قەرزی بانک کڕیوە کە بڕی ٢ بۆ ٤% سوود (ریبا) دەچێتە سەر، ئەمە و ئەگەر بزانن یەکێ لە ترسناکترین تاوانەکان لە ئیسلامدا ریبایە و لە دەیان دەقی قورئانی و فەرموودە باس کراوە و لە پێناو درێژە نەدان و گەڕان بە دوایانەدا بۆ خوێنەر بە جێی دەهێڵم.


ئاشکرایە لە ئیسلامدا پرۆسەی هاوسەرگیری چ پیرۆزییەک و گرنگییەکی هەیە، وە چەند ناشەرعییە تۆ بێیت لە پێناوی سودی مادی و مەعنەوی نکۆڵی لەم هاوسەرگیرییە بکەیت لە لای حکومەت، بگرە ئەم نکوڵی کردنە تەنانەت ئەچێتە خانەی تەڵاق کەوتنیشەوە. هەرچەندە کارێکی ئاسان نیە بەدەستخستنی وەها ئامارێک، تا بزانین چەندن ئەوانەی لەم کارە نەخوازراوەوە گلاون، بەڵام بێشک بن کە زۆرێک موسوڵمانی کورد هەن لە ئەوروپا لە بەرچاوی حکومەت جیابوونەتەوە و بەڵام لە سەر جێگەی نووستنەکانیان هاوسەرن، من گومان دەکەم گەر ئیسلامەتی وا بێت، ئەبێت بێباوەڕی چی بێت؟ ئایە ئەگەر ئەمە ناوی دووفاقی ئەخلاقی نەبێت چ ناوێکی دیکەی هەیە؟


لێرە تۆ کار دەکەیت و باج دەدەیت، ئەو باجانەی دەیدەیتەوە بە حکومەت، دواجار لە مناڵەکەت و لە پیربوونی خۆتدا سەرف ئەکرێتەوە. هەرچ کاتێکیش بێکار یان ناساغ بیت دووبارە بەم باجانە پشتت دەگرنەوە. مەگەر دادپەروەری خودایی لەمە زیاتر بێت دەنا هەر خۆیشی دەڵێت (واذا حكمتم بین الناس أن تحكموا بالعدل...) دەی با بە  ویژدانەوە بیری لێ بکەینەوە کە عەدل لە کوێ دایە ئێمەی موسڵمان بە ڕەش کار بکەین و خۆمان لە باج بدزینەوە و لەولاشەوە وەکو کەمدەرامەت پارە لە باجی خەڵکە ماندوو و ئیشکەرەکە بکێشینەوە. دە بزانن بەشێکی زۆری کوردی موسڵمان لەم کردەوەیەشدا بێ قسورن، وەنەبێت نەرویجیش نەبێت ئەم کارە بکات، بەڵام تۆ بێیت و بانگەشەی ئیسلام بوون و دادپەروەری بکەیت و ئەم گەندەڵییەش بکەیت دووبارە دژیەک و جووت مۆڕاڵیییە و گوناهباری لای باری تەعالاشی.


کەم نین ئەو کوردانەی بە نەخۆشی دەروونی و فرت و فێڵ خانەنشین بوون. سیستمی خانەنشینی بندیواریان هێناوەتە ئێرەش، بەڵام بە فێڵ کردن لە یاسا و دەوڵەت و دەزگا دەروونی و تەندروستییەکان. چەندین ژنی موسوڵمان هەن کە بە هۆی نەخۆشی دەروونی خانەنشینی پێشوەختە بوون بە مووچەیەکی مفت و کەمیان هەیە  بە هۆکاری تەندروستی ڕاستەقینە خانەنشین بووبن، دەنا زۆربەیان خۆیان دەخەنە باری دەروونی ئاڵۆزەوە، بەهۆکاری هەڵبەستراوی جۆراوجۆر کە لە کوردستان بە سەریاندا هاتووە، لە وێنەی دەستدرێژی سێکسی و هۆکارگەلی ناجۆر و ناپەسەندی دیکە، کە ڕەنگە بە هۆی ئەم گێڕانەوانەوە زۆرێک لە ئەوروپییەکانیش وێنەیەکی ناشرینیان لە بارەی ژیانی کۆمەڵایەتی کورد لە هزری خۆیاندا بۆ دروست بێت. ئەم خانەنشینانە لە لای دەوڵەت هۆکارێکی دەروونی دروستکراو لە پشتیانەوەیە و لە نێو کۆمەڵگا کوردییەکەش پشت ئێشە و هۆکاری تەندروستی فیزیکی لە پشت خانەنشینیەکەیانەوە بانگەشە بۆ دەکەن.


هەڵبەتە لەم بە خانەنشین بوونەی کوردان پشکێکیش بەر پیاوان دەکەوێت بە بیانووی تەندروستی خۆخانەنشین دەکەن و لەولاشەوە بە ڕەش پارەی زیاتر پەیدا دەکەن. خودی ئەم کردارانەش ئەوە دەگەیێنن کە بەشێک لە کوردە موسڵمانەکان لە پێناو کارنەکردن و پارە کۆکردنەوە دەیان کاری نابەجێی دژ بە ئایین و دوور لە نەریتی باوی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدەن لە ئەوروپا و لە کاتی سەردانەکانی کوردستانیشدا هەموو ئەمانە ئەشارنەوە و بە خۆبادانەوە لە بەردەم کەسوکاردا خۆ دەنوێنن.


کەم نین ئەو کوردە موسڵمانانەی لە پێناوی مافی مانەوە وەرگرتن لە دووڕوویی ئەخلاقی و ئایینی و کۆمەڵایەتیدا هەرچی چیرۆک و فڕت و فێڵ هەیە لەوانەی لە بڕگەی پێشووتردا باس کران و بڕێکی زۆری دیکەشیان بەکار نەهێنابێت. هەر دوای وەرگرتنی مافی مانەوەکەش کەوتوونەتە خۆبادان بەوەی ئەمان کەیسی سیاسیان هەیە بۆیە دواجار ئەو مافەیان پێدراوە. سەیر لەوەدایە مافی سیاسی لە سەر کەیسی سیاسی لە دژی دەسەڵاتی کوردی وەرگرتووە، بەڵام چلەی پاسپۆرتە ئەوروپییەکان نەچووە ئەو لە کوردستانی پڕ مەترسی بۆ سەر ژیانی تۆز ئەکات.


ئەمانەی سەرەوە مشتێکن لە خەرواری فرت و فێڵ و کارە ناشایستەو نامرۆڤایەتیی و نائایینی و ناکۆمەڵایەتییەکانی کوردانی تاراوگە. بەدەر لەمانە گەلێ وردەکاری ناشایستەی دیکەش بەدی دەکرێ، بە تایبەتی لە بابەتی ئۆتۆمبیل پیاداکێشانی بە ئەنقەست بۆ وەرگرتنی قەرەبوو یان قفڵکرۆنی مۆبایلی گرانبەها و ڕەوانەکردنەوەی بۆ کوردستان و بە بیانووی وون بوون یان دزین بە یەکێکی دیکە قەرەبوو دەکرێنەوە. زۆرن ئەوانەی بە ئۆتۆمبیلی خۆیان ڕوویان لە کوردستان کرد و لە تورکیا گریان تێبەردا و قەرەبووی ئۆتۆمبیل و گەشتەکانیان بەزیادەوە بۆ کرایەوە.


ئەگەر ئەمڕۆ لە پایتەختێکی ئەوروپی وەکو ئۆسلۆ بڕوانی دەبینیت، بەشی ڕۆژهەڵاتی ئۆسلۆ شوێنی نیشتەجێ بوونی موسوڵمانانە بە گشتی و کوردیش وەکو بەشێک لەوان، هەم دیاردەی حیجاب و ڕووکەشە موسڵمانانەکە بە پیاو و ژنەوە دەبینیت، هەر وەک ئەوەی لە پایتەختێکی عەرەبی بیت نەک ئەوروپی. لە لایەک چالاکی ئیسلامی و دابڕانێکی کۆمەڵایەتی و کولتوری گەورە دەبینی لە بەشە ڕۆژئاواییەکان ئۆسلۆ و لەەلایەکیش بووە بە ژینگەی زۆرترین دەستدرێژی و کوشتن و دزی و دیاردە کۆمەڵایەتییە دزێوەکان و بازرگانی مادە هۆشبەرەکان. ئەمەش ئەوە دەگەیێنێت کە نە بانگەشە ئایینییەکەیان لە جێی خۆیەتی و نە کردەوە دزێوەکانیان جێگەی شانازین.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×