محەمەدی مەلاقادر، دراوسێی چەند ساڵە

نەبەز گۆران
  2019-01-15     1085

لەم وتارەدا من سەرنجم لەسەر ئایدۆلۆژیای ئەم پیاوە نییە، ئەمڕۆ كۆچی دوایی كرد. سەرنجیشم لەسەر ئەوە نییە چەند ساڵ پێشمەرگە بووە و، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی بووە، بەڵام كۆمەڵێك یادەوەری دراوسێیەتیم لەگەڵ ئەم پیاوەدا هەیە، كە ئەشێت گێڕانەوەیان ئاسایی بێت.
ساڵانی ناوەراستی دووهەزارەكان، رۆژنامەی هاوڵاتی نزیكەی سێ‌ چوار ساڵ دراوسێی ئەم پیاوەبووین. ئەوكات من رۆژنامەنووسبووم و ئەویش ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی. ئێمە لە رۆژنامەی هاوڵاتی وەك مشكی هەواڵ، بەردەوام بەشوێن زانیاری سەرنج راكێشدا دەگەڕاین، بەتایبەتی زانیاری ناو كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتیی. ئەم پیاوە لەگەڵ نووسەر و رۆژنامەنووس هیچ كێشەی نەبوو، یانی بۆی گرنگ نەبوو دیدگات چۆنە لەسەر خۆی و حیزبەكەی، چۆن دەنووسی و دەتەوێت چۆن رەخنەیان بكەیت، كەسێكبوو دۆستایەتی نووسەر و رۆژنامەنووسی دەكرد، بەبێ‌ گرنگی دان بە ئایدۆلۆژیای حیزبی، ئەمە سروشتێك بوو تایبەت بەخۆی.
لە دراوسێیەتیدا عادەتی وابوو، ئێواران دەهاتە بەردەرگا و لەسەر كورسییەك دادەنیشت و تا دەمەو تاریك نەدەچووە ژورەوە، ئێمەش ئەگەر هەواڵمان كەمبوایە، یان مانشێتی بەهێزمان نەبووایە، باشترین خەزێنە بۆ هەواڵ و مانشێت، ئەم دراوسێیەمان بوو. هەر بەكەمێك دانیشتن لەگەڵی، یان سەردانێك بۆ لای، چ بە ئێواران یان شەوان، كۆمەڵێك زانیاری باشت خڕدەكردەوە و هەواڵێكی پوختی لێ‌ بەرهەمدەهات.
ئەوكات زۆربەی زانیارییەكانی كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسیی لەرێگەی مامۆستا (مەلا محەمەد)ەوە، دەگەیشت بە ئێمە و بڵاوماندەكردەوە. ئەما ئەم زانیاری وەرگرتنە بە ئاسانی نەبوو، هونەری خۆی هەبوو. هونەرەكە ئەوەبوو، دەمزانی رقی لە بەرپرسێكە، ئەو بەرپرسە لەلای ئەو زۆر رەزاگران بوو، دەچووم هەندێك وردە زانیاریم باسدەكرد و، ئەویش ئینكاری دەكرد، دەیگووت وانییە، منیش بۆ ئەوەی راستییەكەم دەستكەوێت، ئەموت فڵانەكەس وتی: كە ناوی ئەو بەرپرسەم دەبرد، ئیتر زۆر نیگەراندەبوو،دەیووت: راست ناكات، ئەمە راستییەكەیە. راستییەكەی پێدەوتم و دەهاتمەوە پوخت و پاك، راستییەكەم دەكرد بە هەواڵ و بڵاومان دەكردەوە.( دوای بۆم دەركەوت خۆی هەر پێیخۆشە یارمەتیمان بدات.)
لەناو كەوانەیەك ( پیاوێك نەبوو هەرگیز حەزبكەین عەزیەتی بدەین، گەرچی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی بوو، ئەما بەردەوام وەك دراوسێ‌ مامەڵەی لەگەڵ دەكردین و بۆچوونی حیزبەكەی چەند خراپبوو لەسەر ئێمە، كاری نەكردە سەر دراوسێیەتیمان و هەر وەك خۆی مایەوە لەگەڵمان. دەبێت ئەوەش بڵێم: ئەوكات و ئێستاش، لەناو ئەو مەكتەب سیاسییەی پارتی، كەیفم بەو فازڵ میرانییە نەدەهات. خۆی زۆر بەشت دەزانی و واش نەبوو، یەكێك لە هۆكانیش ئەوەبوو، یەكەمجار چووین بۆلای دیداری لەگەڵ بكەین بۆ رۆژنامەی هاوڵاتی، تەرتەنەو فەرتەنەی زۆربوو، دەیەویست خۆی بە ئەرستۆقرات پیشانبدات و لێشی نەدەهات و پێیەوە دیاربوو دەشتەكییە! قاتێك بیجامەی لەبەردابوو، لەسفرەی بریقەدار ئەچوو، زنجیرێك ئاڵتونیش لەملیا بەو تەمەنەوە! جا ئیتر ئەو دیمەنانەم بینی لە دڵی خۆما وتم چارت ئەكەم. هەڵبەتە جگەرە كێشە، كە پاكەتەكەم بینی، رێك كامێرەكەم دەهێنا و گرتم بە دەستمەوە، لەترسی ئەوەی وێنەی نەگرم بە جگەرەوە، دوو سەعات و نیوو نەمهێشت جگەرە بكێشێ‌، هەر دەستی ئەبرد بۆ پاكەتەكەی جگەرە دەربێنێت كامیڕەكەم روو تێدەكرد و خێرا لەترسی وێنەگرتن جگەرەكەی دادەنایەوە، بەم جۆرە واملێكرد تا رۆیشتن نەمهێشت دەم بەجگەرەوە بدات. دوای ئەوە ئیتر لەنووسینیشدا زەرەیەك رەحمم پێنەدەكرد، چونكە لە دیدارەكەدا وتی: من دیسداشەم لەبەردابوو، ماڵی بارزانی فێری جلی كوردییان كردم، كە عەیبە خۆت بەشت بزانیت و ئاواش خۆت تەفسیری خۆت بكەیت! بچن یەكەم دیداری لە هاوڵاتی بخوێننەوە، من و (شوان محەمەد) لەگەڵمانكرد. بە پێچەوانەی ئەوەوە مامۆستا (مەلامحەمەد) نەتدەتوانی شتێك بكەی عەزیەتی بدەیت.)
بە هەرحاڵ... تومەس ئەم زانیاری بڵاوكرندەوەیەی ناو كۆبوونەوەكان لای مەكتەبی سیاسیی پارتی بووە بەبابەت و من ئاگام لێنییە و مامۆستاش باسی نەدەكرد. رۆژێك كاك (محەمەد خۆشناو) خۆی وتەنی: (كاك نێچیرڤان) دەیەوێت پێكەوە چایەك بخۆینەوە. ئێ‌ منیش ئاسایی بوولام رۆیشتم بۆ ماڵیان و دانیشتین. وابزانم كە بەكراس و پانتۆڵێكی شڕەوە منی بینی، پێی سەیربوو، چاوەرێی ئەوەیدەكرد بە چاكەتوپانتۆڵەوە بچم بۆلای! پاش دانیشتن هەندێك موجامەلەی كرد وخۆشی تۆزێك موجامیلە و موجامەلەی زۆرت دەكات، بەس لە بنەمادا وانییە و نابێت بكەویتە ژێركاریگەری موجامەلەكانی. كە چایچییەكە هاتە ژورەوە، وتی: تۆ چای چۆندەخۆی، وتم كەمێك روون، وتی حەتمەن دەزانی منیش چ جۆرە چایەك دەخۆم، وتم بەڵێ‌ زۆر روون دەخۆیت. وتی دەی رێك منیش مەبەستم ئەوەیە دەزانم هەموو شتی ئێمە بە تۆ دەوترێت، ئێمە ماوەیەكە ئاگادارین مامۆستا (مەلا محەمەد) هەرچی زانیاری كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسییە دەیدا بەتۆ، تۆش لە هاوڵاتی هەمووی بڵاو دەكەیتەوە. ئەو پیاوێكە سڕی زۆر قایمە، بەس تێمگەیەنە ئەو نهێنیانە چۆن بەتۆ دەڵێت! 
منیش وتم: مامۆستا خۆی پیاوێكە لەگەڵ ئێمە خۆشیدێت و لە ئێوە ناچێت بەچاوی دوژمنەوە سەیرمانكات و هەر پێماندەڵێت كوڕەكانم. پاشان مامۆستا رقی لە فڵانە بەرپرسە، هەر ناوی ئەو ئەهێنم دەڵێم وای وت: ئیتر نیگەران دەبێت و راستییەكەم پێدەڵێت و منیش دەیكەم بەهەواڵ و بڵاوی دەكەینەوە. كێشەیەك هەیە لەمەدا؟
(نێچیرڤان بارزانی) وتی: نا كێشە نییە. بەس با یەك شتت بۆ باسكەم. لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی بە مامۆستامان وت ئیتر تۆ(یانی من) لەخۆی دوربخاتەوە، چونكە تۆ دراوسێیەتی ناكەیت و هەواڵت دەوێت، ئەویش بەڵێنیدا چیتر ئامادەنەبێت هیچ شتێك بدا بەتۆ، بەڵام دیاربوو بەڵێنەكەی لەبەر ئێمە بوو، چونكە لەوكاتەی باسی ئەوەماندەكرد هیچت پێنەدا، تۆ تەلۆفۆنت بۆكرد، ئەویش وتی: ئەوە خۆیەتی، لەبەرچاوی هەموومان تەلەفۆنەكەی هەڵگرت و جوابیدایتەوە و هەرچی لە كۆبوونەوەكە باسكرابوو هەمووی پێووتی! وتمان مامۆستا ئیمە سەعاتێكە باسی چیدەكەین، بۆ واتكرد؟ ئەویش وتی: ئەرێ‌ كاكە ئێوە بۆ وازیان لێناهێنن، تۆ هەواڵیان نادەیتێ‌، ئەو نایانداتێ‌، من نەیاندەمێ، ئێ‌ باشە ئەو بەدبەختانە كۆمەڵێگ گەنجی فەقیرو هەژارن رۆژنامەیەكیان هەیە، گەر چوار هەواڵی باشی تیانەبێت دەبێت دایخەن، خۆ قابیلە باسی ئەتۆممان نەكردوە، باسی حیزب و حوكومەت و كوردە، چیتێدایە با ئەوانیش دوو هەواڵیان دەستكەوێت و بڵاوی بكەنەوە، بەم دوو هەواڵە كارەسات دروست نابێت. 
مامۆستا لەگەڵ ئێمەی ئاوابوو، تا ئەو رۆژەی دراوسێ بووین، هیچ كات مانای دراوسێیەتی لەبیرنەكرد و، وەك پارتییە ئایدۆلۆژییە تەعەسوبییەكان سەیری ئێمەی نەدەكرد. هەمیشەش، چ بە رۆژ چ بەشەو بچوینایە بۆلای، وەك ماڵی خۆمان هەڵسوكەوتمان دەكرد. یادی بەخێر دراوسێكی زۆر باشبوو لەگەڵمان و سودی زۆر باشیشمان لێبینی بۆ هەواڵ و مانشێتی رۆژنامەی هاوڵاتی و، لەرووی زانیاریی هەواڵەوە یارمەتی دەرێكی باشمانبوو، بریا ئەوانی تریش وەك ئەو بیریان بكردایەتەوە. ئەو بەو تەمەنە پیرەوە لەو خۆبەگەنج زانانە باشتربوو، كە رۆژنامەی هاوڵاتی و رۆژنامەنووسەكانییان بە دوژمن دەزانی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×