پەیامێکی کراوەو چەند سەرنجێک بۆ کۆنگرەی داهاتوی حیزبی دیموکڕاتی کوردستان

عەزیز شێخانی
  2019-01-18     494

پوختە
ئەو پەیامە هەڵگری تێڕوانینی رەخنەگرانەیە و لە سەردەمێکدا دەنووسرێ، کە حیزبایەتی لە نێو کورداندا بەڕێژەیەک لە بایەخ کەوتوە. بەشێک لە حیزبە کوردییەکان لە قۆناخێکی دیاریکراودا ئەکتەرێکی کارا و چالاکبوون، بەڵام ئەمڕۆ لاپەڕەکان هەڵدراونەوە و ژینگەی حیزبایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە دۆخێکی نەخوازراودا تێدەپەڕێ. حیزبی دێموکڕات قورسایی جارانی نەماوە و لە ژێر کارتێکەری ژمارەیەک فاکتەری نێوخۆیی و دەرەکیدا بە لاسەنگیی و دابڕاوی لە مەیدانەدکەدا هەیە. حیزبایەتی کوردان بە یاسای خۆڕسک و لە قۆناخی خەباتی رزگاریخوازانەدا لاقی هەڵگرتووە، بۆیە ئەو رەوتە و پێوەندی نێوان یاسا، خەڵک، تاک و حیزبایەتی بە کرچ و کاڵی گەشەی کردوە. لە مەودای خەباتی شاخ و شاردا کێشە و گرفتی جیاواز لە نێوخۆی حیزبەکاندا و لە پێوەندی حیزبەکان لە گەڵ یەکتردا سەریانهەڵداوە. لە ململانێی نێوخۆدا لۆژیکی هێز، توندوتیژی، چەک و شکاندنی کەسایەتی مرۆڤەکان کەڵکیان لێوەرگیراوە. لە کێبەرکێی نێوان هێزە سیاسییەکاندا سەرکردە، بنەماڵە و پێشمەرگە و لایەنگرەکان لە چەکی جۆراوجۆری وەک یەکترشکاندن، پیلان، چەک و تەنانەت دەستێکەڵکردن لە گەڵ دوژمن سوود وەرگیراوە.


 کۆنگرەکان بۆ حیزبەکان ناوەندی یەکلاکردنەوەی کێشەکان نەبوون و زۆرجاران پێش و پاش کۆنگرەکان دژکردەوەکان گەیشتوونە لوتکە و پارت و رێکخراوی تازەی بەرهەمهێناوە. حیزبی کوردی بە تەواوەتی لە قەیراندا دەژیت و پێویستە دووبارە حیزبایەتی و حیزب لە کوردستاندا تاریف بکرێنەوە. حیزب لە کۆمەڵگە دیموکڕاتیکەکاندا خاوەنی بایەخی تایبەتە و هەتا ئەمڕۆ جێگە و پێگەی نەلەقیوە. بە واتایەکی دیکە، جێگرەی حیزب لە پڕۆسەی دێموکڕاسی و ئیدارەکردنی کۆمەڵگە دێموکڕاتەکاندا دەرنەکەوتوە. لە وڵاتە دێموکڕاتیکەکاندا یاسا سەروەرە و حیزب و پارتە سیاسییەکان لە ژێر حوکمی یاسادا کاردەکەن. لە کوردستانی داگیرکراودا دەوڵەت و یاسا چەوسێنەر و تۆقێنەرن و دەرفەتی ژیانی ئازاد و گەشەکردنی رێکخراو و پارتە سیاسیی و ئەوانی دیکە نەخوڵقاوە. کوردەکان بۆ سەرکەوتن پێویستیان بە حیزب و حیزبایەتی هەیە، بەڵام حیزب ناکرێ رۆڵی دەوڵەت، عەشیرەت، کۆمپانیا و دەزگا جیاوازەکانی دیکە بگێڕێ! تاک و کۆی کوردان لەو کایەدا کاریگەری خۆیان هەیە و کۆمەڵگەیەکی وریا، بژاردەی ئاگا و بەرپرسیار بە هەموو بایەک شەن ناکەن و لە کۆتاییدا خۆیان بڕیاردەر و سەرچاوی دەسەڵاتن. ئەوان ئازادی خۆیان نافرۆشن و لە پێناوی خاک و خەڵکدا ئامادەی فیداکارین، بۆیە تەسلیمی دیکتاتۆرییەتی دەرەکیی یان خۆماڵی نابن. 

سەرەتا
گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا لە دۆخێکی نادیار و رۆژگارێکی ئاڵۆزدایە. رۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر پاڵەپەستۆی قورس و سیاسەتی دوژمنکارانەی دەسەڵاتی ناوەند و قەیرانە بەژان و درێژخایەنەکاندا دەناڵێنێ. چارەنووسی گەلەکەمان، بەرژەوەندی خاک و خەڵک زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستیان بە تاکتیک و ستراتیژیەکی ورد و هەللاجیکراوە. جۆغڕافیای نیشتمان و جیرانەکانمان بۆ ناگۆڕێ و ناچارین لە گەڵ ئەو دۆخەدا بگونجێین. توانای رووخاندنی دەسەڵاتی ناوەندمان نییە، بەڵام ناکرێ گیانی تەسلیمبوون و کولتووری خۆبەدەستەوەدان لەوە زیاتر پەرەبستێنێ. وزەی کۆنتڕۆڵکردنی ئاسمانی وڵاتمان نییە، بەڵام دەتوانین لە کوردستان و لە قووڵایی کۆمەڵانی خەڵکدا ببینە خاوەنی بزوتنەوەیەکی یەکدەست و کارا. کۆمەڵگەی کوردستان لە رابردوو وریاترە، بەڵام لە ژێر سیاسەتی توند و دوژمنکارانەدا پشتی چەماوەتەوە و زیاتر لە جاران درزی تێکەوتوە. نیزامی ئێران گەیشتۆتە خاڵی وەرچەرخان، بەڵام ئێمەی کورد پەرتەوازە و ناتەباین و بەستێنی داهاتوومان بەخەستی مینڕێژ کراوە. لە ماوەی چوار دەیەی رابردوودا وزە و توانایەکی زۆر دژ بە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و پووچەڵکردنەوەیان تەرخانکراوە. مەیدانی بەرەنگاربوونەوەی کورد دژ بە نیزامی تاران بەربڵاوە، بەڵام لە زۆر گۆڕەپاندا نادیار و ونین. کورد لەو گۆڕەپانەدا پێویستی بە ئاڵوگۆڕێکی قووڵ و پێداچوونەوەیەکی شارەزایانە و رەخنەگرانەیە.


پارت و حیزبە سیاسییەکان لەو دۆخەدا لە گەڵ زۆر ئالەنگاری رووبەڕوون. ئەوان وەکوو کۆمەڵگەی کوردەواری پڕن لە قەیرانی رەنگاوڕەنگ و بە مەبەستی جیاواز لە داوی جیابوونەوە لە یەکتر کەوتوون. حیزب و رێکخراوە سیاسییەکان خاوەنی بیرکردنەوەیەکی هاوبەش و بیرلێکراوەی ورد بۆ دواڕۆژی خاک و خەڵکی رۆژهەڵات نین. حیزبەکان و رێبەرایەتییەکەیان لە گەڵ نوێبوونەوە و خۆبەڕۆژکردنەوە نامۆن و رێژەی بەشداربوونی نەوەی تازە و لاوان لە ئیدارەکردنی حیزبەکاندا یەکجار کەمە. بارودۆخی باشووری کوردستان لە ماوەی سێ دەیەی رابردوو وێڕای فاکتەرە جیاوازەکانی دیکە، خەباتی کوردە رۆژهەڵاتییەکانی لە سەر رێچکەی سەرەکی لاداوە. لەو ماوەیەدا، کورد لە هەر سێ پارچەی دیکەی کوردستاندا و حیزبەکانیان دەرفەتی زێڕین و ئەرێنیان دەستکەوتوە، بەڵام رۆژهەڵاتییەکان لەو بارەوە لەبیرکراو و پەراوێزخراون. حیزب و پارتە سیاسییەکان و تێڕوانینیان بۆ دواڕۆژی کورد کەوتوونە ژێر هێڵی سووری رەخنە.


بزوتنەوە جیاوازەکانی کورد لە ماوەی ١٠٠ ساڵی رابردوودا دەیسەلمێنن، کە شۆڕش و راسان دژ بە زۆرداری هێشتا بە مانای وشە نەبۆتە کردەیەکی تێکڕایی کوردان. بە واتایەکی دیکە، بزوتنەوەی چەکداریی و رێکخراوە نهێنیی و ئاشکراکان وێڕای بژاردەی کۆمەڵگە لە رێکخڕاوکردن و روونکردنەوەی زۆرایەتی خەڵکدا سەرکەوتوو نەبوون. شۆڕش و بزوتنەوەی کوردان بە چاوی نەتەوە و دەسەڵاتە سەردەستەکان، شۆڕشی راستەقینەی خەڵک نییە. نەتەوە و دەسەڵاتی سەردەست دەبینێ و ئاگادارە، کە کوردەکان بە هەموو مانایەک پەرتەوازە و دابڕاون. ئێمە بەکردەوە دەبینین، کە خەڵکی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە کولتوورێک راهاتوون، کە پاڵپشتی داواکاری رەوا و بەرحەقی مافەکانیان نییە. پارت و رێکخراوە کوردییەکانی ئەو پارچەیە لە تەماویکردنی ئەو دۆخەدا رۆڵی سەرەکیان گێڕاوە. خەڵکی کورد لەو پارچەیەی کوردستاندا بەمەبەستی ئەستاندنی مافەکانیان رێکنەخراون و بزوتنەوەی خەڵک لە هیچ بەستێنێکدا کامڵ و پێگەیشتوو نییە.


خەبات بۆ رزگاربوون پڕۆسەیەکی درێژخایەنە و بە چەند درووشمێکی گەورە و سەنگین دەستەبەر نابێ. کولتووری سیاسەتکردن لە نێو کورداندا و حیزبایەتی گەیشتۆتە کۆڵانە داخراوەکان. ئەم جۆرە لە سیاسەت و حیزبایەتی کردنە، کلیلی سەرکەوتن نییە، بۆیە کاتیەتی کە پارت و حیزبە بەرپرسەکان پێداچوونەوەی بنیاتنەر و ئازایانەیان هەبێ. هەموو فاکتە مێژووییەکان دەیسەلمێنن، کە ئێمە بەم شێوازە ناتوانین فاکتەرێکی ئەرێنیی و چالاکی ئاڵوگۆڕەکان بین. ئەگەر خۆمان و سیاسەتەکانمان، قەوارە و تێگەیشتنمان و هەروەها تێڕوانین و جۆری رێبەرایەتی حیزب و پارتە سیاسییەکان نەگۆڕین، ناتوانین ببینە وەزنەیەکی جێگەی باوەڕ. کولتووری حیزبایەتیمان پڕە لە ئالەنگاریی و قەیران و لەو پێوەندییەدا پێویستمان بە وەرچەرخانێکی گەورەیە. شەڕە حیزب و کێبەرکێی سیاسەتکارە نابەرپرسەکان لە ماوەی چەند دەیەی رابردوودا زەبری کاریگەری لە پەیکەری گیانی کوردایەتی و باوەڕی خەڵک بە ئازادی گەیاندوە. ئەگەر راستگۆیانە قەزاوەت بکەین، ژمارەیەکی زۆر لە پارتە سیاسییەکان لە پێناوی خۆسەپێنی یان خۆسەلماندن و مانەوەدا بە درووشم، سیاسەت و کردەوە خەڵکەکەیان بەسەر بەرەی جیاوازدا دابەشکردوە. ئێمە کە خاوەنی دەوڵەت نین و بەردەوام لەژێر هەڕەشەدایین، بە چ یاسا و رێسایەک شایانی ئەو گەمە بێزراوەیین، کە پارتە سیاسییەکان بەناوی ئازادیی و دێموکڕاسی بۆ خەڵک و تاکەکانیان بەدیاری هێناوە؟


حیزب و پارتە سیاسییە کوردییەکان زۆرن و بەشێکی بەرچاو لە رێچکەی راستەقینە لایانداوە. پارتە سیاسییەکان لە رابردوودا بەمەبەستی رزگارکردنی گەل و خاک یان دابینکردن و دامەزراندنی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی دامەزراون، بەڵام بەداخەوە خاک و خەڵک رزگار نەبووە و عەداڵەت دەستەبەر نەکراوە. ئاڵوگۆڕە گەورە و بەرینەکانی جیهان و چەقینی بزوتنەوەی سیاسی کوردان لە رۆژهەڵات لە بەستێنێکی دژوار و بەردیندا، دەرفەتی بۆ پێکهاتن و دەرکەوتنی زۆر وردە پارت و رێکخراوی بەناو سیاسی خوڵقاندوە. لە ئاکامدا جۆرێک سەرلێشوان و "هەرکەس هەرکەس" ژینگەی سیاسیی کوردستانی داپۆشیوە. حیزبی دێموکڕات لەو نێوەدا لە ئەرکە سەرەکییەکان لایداوە و سەرەڕای مێژووییەکی پڕ لە فیداکاریی بە هۆکاری جیاواز تووشی گەلێک قەیران و ئالەنگاری بووە. ئەو حیزبە پۆتانسیۆلی رێبەرایەتی بزوتنەوەی پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانی لەباربرد و پەرتەوازە و دابڕاو پەراوێز خراوە. بەشێک لەو هۆکارانە دەرەکین و لابردن و چاککردنیان ئەرکێکی دژوارە، بەڵام بەشی سەرەکی کێشەکان نێوخۆیین و قابیلی چارەسەرکردنن.
لێرەدا ئاماژە بە چەند خاڵێک دەکەم، کە تەتەڵەکران و خوێندنەوەیان سوودبەخش و ئەرێنییە. شایانی باسە، کە ئەو خاڵە لاوازنە بە رێژەی جیاواز لە زۆربەی هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا دەبیندرێن و ئەو نووسینە تەنیا حدک ناگرێتەوە. تاکەکان، کۆمەڵگە و بە تایبەت بژاردەی رۆژهەڵاتی کوردستان بە رێژەیەکی زۆر لە بەردرێژبوونی ئەو قۆناخە دژوارەدا بەشدار و بەرپرسیارن.


- رێبەرایەتیی و بەتایبەت نەخشی کەسیی یەکەمی حیزب پێویستی بە ئاڵوگۆڕە. حیزب، مێژوو و داهاتووی ئەو خەباتە ناکرێ فیدای کفوکوڵی نابەجێی ژمارەیەک سیاسەتکار بکرێ، کە باوەڕیان لەقە و کردەوەیان گومان دەخوڵقێنێ. ئەو حیزبە بۆ سەرکەوتن و درێژەدان بە خەباتێکی کۆنکرێت و خاوەن بەرهەم، پێویستی بە رێبەرایەتییەکی ئاگا، خاوەن بەرنامە، ئازا و باوەڕمەندە. خەباتی رزگاریخوازانە سەرێکی وشیار، جەستەیەکی گەنج و شارەزاییەکی کارا و هەڵسووڕ دەخوازێ. ئەو خەباتە تەنیا بە وێنەهاویشتن و وەشاندنی درووشم و قسە سەرناگرێ و سەرناکەوێ. بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، باشترە کە ئەندامانی رێبەرایەتیی و دەفتەری سیاسیی سێ دەورە و کەسی سکرتێر لە دوو دەورە زیاتر لەو پۆستانەدا نەبن. ئەگەر کەسێک بە١٠ ساڵ نەتوانێ پڕۆژە و بەرنامەکانی جێبەجێ بکات و واز لە کورسییەکەی نەهێنێ، ئەو کەسە باوەڕی بە حیزبایەتی کارا و پرسی بەڕێوەبەریی شارەزایانە لە کارەکاندا نییە. حیزبە ئازادیخوازەکان لە پێناوی گەیشتن بە ئامانجی خەڵکدا ئامرازن، بەڵام ئەوان ناکرێ و ناگونجێ ببنە ئامرازی تاکە کەس و چەند کەسێکی دیاریکراو. لە ئەگەریکی ئەوتۆدا حیزبەکان دەکەون و پاسیڤ دەبن و لە کۆتاییدا لە مەیدانەکەدا پاشگوێ و پەراوێز دەخرێن.


- رێبەرایەتی حیزب و کەسی یەکەمیی حیزب، ئەرکی گەورەیان لەسەر شانە. سکرتێری حیزب و پارتێکی سیاسی بە کارمەندی حیزب پێناسە ناکرێ، کە مانگانە چەند هەزار دۆڵارێک لەو حیزبە وەرگرێ. کەسی یەکەمی حیزب، تەنیا کار و ئەرکی دەرکەوتن لە چەند مێدیایەکی کوردزمان و فارسیزماندا نییە! بەڕێوەبەر و قسەکەری حیزبی دێموکڕات کەسێک نییە، کە لە بواری فکر و رێکخستنەوە لاواز و تەماوی بێ و لە حیزبایەتیدا ناشارەزا. لە رۆژگاری ئەمڕۆدا لەوە ئاسانتر نییە، کە سیمینار بگریی و بۆ ئەندامانی حیزب و لایەنگران لێرە و لەوێ قسە بکەی. ئیدارەکردنی حیزبێکی رزگاریخواز و خاوەن بەرنامە پێویستی بە ماندووبوونێکی زۆر و کاری بەردەوامە. ئەگەر هەموو هونەری حیزبایەتی بوو بە قسەهاویشتن و دووپات و چەندپاتکردنەوەی وتە کۆنەکان، حیزبایەتی و قەوارەی رێکخستنی حیزب بەهێواشی دادەپێ. ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکڕات ناکرێ لە بازنەی حیزبایەتیدا بکەونە ژێر شوێنەواری کفوکوڵی تێپەڕ و کۆی حیزب لە دەستی کەسانێک بکەن، کە حیزب بۆ خۆیان وەک ئامراز دەبینن! ئەو حیزبە پێویستی بە کەسانێکی داڕێژەر، کۆکەرەوە، هەڵسووڕێنەر و پارێزەری پرستیژ و سیاسەتەکانی حیزبە. حیزبی رزگاریخواز و بەرپرس، دێموکڕات و خاوەن دوورنەمای سیاسی سەرکردەی ئازا، راستگۆ، فیداکار، شارەزا و خاوەن شەم و هونەری سیاسەتی دەوێ، کە قازی ئاسا کردەوەکانیان لە قسەکانیان بەبڕشتر و درێژتر بن.


- لەسەر تێکەڵبوونەوە یان یەکگرتنەوە لە گەڵ حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێراندا بڕیاری یەکلاکەرەوە بدرێ. کۆتایی بەو قۆناخە بهێندرێ، کە قازانجی تەنانەت بۆ حدک و حدکا نییە. ئاشکرایە، کە حدک و حدکا پێکەوە دەتوانن حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بن. ئەوان پێویستیان بە یەکگرتنەوە و ئاڵوگۆڕێکی ورد و هەڵسەنگێندراوە. رۆژهەڵات لەو دۆخە نەخوازراوە و تەژی لە لەتبوون و دابڕانانەدا شەکەت و بێزارە. دەرچوون لەو دۆخە کولتوورێکی تازە لە حیزبایەتیی و پێکهێنانی حیزبی دەوێ. گونجاوە، کە سوننەت و دیاردەی کۆپیکردنی ناوی حیزبی دایک لە رەوتی جیابوونەوەی پارت و حیزبە سیاسییەکان کۆتایی بێ. ئازایەتی لەوەدایە، ئەگەر تەنانەت حیزبێک نیواونیو لەتبێ، ناوی تازە بۆ حیزبی جیابۆوە هەڵبژێردرێ و شەڕی "ناوی هاوشێوە" بە مێژوو بسپێردرێ. ئەو پرسە لە رۆژهەڵاتدا بۆتە دیاردە و حیزبایەتی و حیزبەکانی لەبەر چاوی خەڵک خستووە. لە درێژەی هەڵتۆقینی پارت و حیزبی جۆراوجۆر لە ژێر رەحمەتی بارانی بەناو کوردایەتیدا، حیزبایەتی لە مانا و نێوەرۆک بەتاڵ بووە. هەموو ئاماژەکان دەریدەخەن، کە گۆزەی حیزبایەتی لەسەری دەڕژێ و لە نوختەیەکدا دەبێ ئەم گەمەیە کۆتایی بێت. کوردەکان لە مەیدانی سیاسەتدا نیازیان بە کۆمپانیای سیاسیی نییە و گونجاوە سنوورەکان زیاتر لە هەمیشە راشکاو و ئاشکرا بن.


- حیزب ناکرێ ببێتە بارمتەی چەند کەس و رێگە لە بەشداریکردنی چالاکانەی هاوڵاتیان و نەوەی تازە بگیردرێ. حیزبی دێموکڕاتی ئەمڕۆ لە گەڵ حیزبی دێموکڕاتی سەردەمی پێش دامەزرانی کۆمار و دواتر جیاوازە. هوونەری گەورە لەوەدایە، کە جیاوازییەکان و ئاڵوگۆڕە قوڵ و بەرینەکان بکرێنە خاڵی ئەرێنیی و وزەدەر. بەشداربوونی چالاکانەی کوردی ناوچە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئیدارەکردن، داڕشتنی سیاسەت و هەروەها بەڕێوەبەردنی کارەکاندا ئەسڵێکی لەبیرنەکراوە. لە حیزبی ئەمڕۆدا دەبێ نوێنەراتی ناوچە جیاوازەکان رەنگبداتەوە و لە رێگای جۆراوجۆر حیزبەکان لە دەردی لۆکاڵیبوون رزگاریان بێت. راستییەکی حاشاهەڵنەگرە، کە حیزبایەتی لە نێو کورداندا و بۆ بەشێکی کەم لە کەس و بنەماڵەکان بابەتێکی تایبەتە. بەشێکی زۆری ئەوان لە قوچەکی سەرەکی ئیدارەکردن و رێبەرایەتی حیزبەکاندا جێگیربوون و بەئاسانی واز لەو بەرژەوەندییانە ناهێنن. مرۆڤ لە هەموو بەستێنەکاندا توانایەکی رێژەیی هەیە و ناکرێ هیچ کەس و بنەماڵەیەک هەتا کۆتایی تەمەن لە پۆستی بڕیاردان و داڕشتنی سیاسەت و حیزبایەتیدا بمێنێتەوە. ئەو خاڵە بە نوختەی هەرە لاوازی حیزبایەتی کوردی ئەژمار دەکرێ، چوونکە لە پاسیڤکردنی پارتەکان و هەروەها دابڕاندن و لەتکردنیاندا نەخش و رۆڵی سەرەکی دەگێڕێ. لە وەرزش، هونەر، کار و سیاسەتدا مرۆڤەکان تەمەنی کاریان هەیە و ناکرێ لە حیزبێکی رزگاریخوازانەدا کە گۆیا بۆ ئازادی هەوڵدەدات، ئەو پرسانە بە هیچ بیانووییەک پشتگوێ بخرێن. پارت و حیزبە رۆژهەڵاتیی و کوردییەکان بە رێژەیەکی زۆر لە ئاستی قوچەکی دەسەڵات و رێبەرییدا داخراون و بە کردەوە بوونە مڵکی چەند کەس و بنەماڵەیەک. حیزبی دێموکڕاتی ئەمڕۆ لە ژێر سێبەری ئەو سیاسەتەدا ناتوانێ لەوە زیاتر کاریگەر بێ و لە داوی قەیرانی زیاتر و زۆرتر دەکەوێ.


- ناوچەگەرایی لە حیزبدا کز و لاواز بکرێ و شایستەسالاری بەسەر ناوچەگراییدا زاڵبکرێ. ناوچەگەرایی لە پڕۆسەی حیزبایەتیدا رەنگی سیاسی گرتوە و خەریکە بەشێوەیەکی نەرێنی پانتاییەکی زۆر دادەگرێ. حیزبایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا لۆکاڵیزە کراوە و رێبەرایەتی حیزبەکان لەو بەینەدا بەمەبەستی مانەوە لە چەقی بڕیاردانی حیزبەکاندا دەستەوداوێنێ ناوچەگەرایی و دەستەگەرایی ناسالم بوون. راستییەکی حاشاهەڵنەگرە، کە حیزبی دێموکڕات بە گوێرەی پاشخانی مێژوویی، تێکۆشان و نەخشی بەرچاو لە بەشێک لە جۆغڕافیای کوردستاندا زیاتر رەگی داکوتاوە. ئەو کردە سیاسییە لە رۆژگاری خۆیدا باس لە چیرۆکی زیندوویەتی و ئازایەتی پێشڕەوانێک دەکات، کە بۆ دەستەبەرکردنی مافی خەڵکی کورد تێکۆشاون. شایانی وەبیرهێنانەوەیە، کە جیهان، ناوچە و کوردستان لە ماوەی زیاتر لە ٧٠ ساڵی رابردوودا بە رێژەی بەرچاو گۆڕاون. فاکتەری جیاواز دەرکەوتوون و بە شێوازی ئەرێنیی و نەرێنی لەسەر پرسی حیزبایەتی و تێکۆشانی کوردان شوێندانەرن. جیابوونەوە و لێکترازانەکان کەم و زۆر لە گەڵ ناوچەگەرایی هاوبەند کراون و ژمارەیەک لە سیاسەتکارەکان بەمەبەستی شکاندنی رکەبەرەکان لەو چەکە کەڵکیان وەرگرتوە. ئاسەوار و شوێنەواری ناوچەگەرایی نەرێنی و بە سیاسیکراو شێرپەنجەیەکە لە پەیکەری بزوتنەوەی کوردایەتیدا و خەریکی وەک خۆرە هەموو خانەکانی کۆمەڵگە دەگرێتەوە.


- حیزبە رۆژهەڵاتییەکان و یەک لەوان حدک لە سەر چۆنیەتی خەباتی مێدیایی دژ بە رێژیم لە سەررێچکەی لۆژیکی لایداوە و کەوتۆتە داوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کفوکوڵی ژمارەیەک کەسی نێوخۆ و دەرەوەی حیزب. کۆڵەکەی سەرکەوتنی خەباتی پێشمەرگانە و تەنانەت رێکخستنە نێوخۆییەکان شاردنەوەی زانیارییەکانە. پێشاندانی جوڵە جیاوازەکانی حیزب لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها مێدیای حیزب، دەستی کۆماری ئیسلامی ئێران و دەزگا سیخوڕییەکانی بۆ زەبرلێدان لەو پارتە ئاوەڵاتر دەکات. پێشاندانی ئەو هەموو دەورەی پێشمەرگایەتی و مانۆڕی قەڵا یان سەرسنوور ئالەنگاری زۆرتر دەخوڵقێنێ. باشووری کوردستان زەمانەتی خۆیان پێناکرێ و با کردەوە و بڕیارەکان لە خانەی لۆژیکی سیاسەت لانەدەن. باشترین چارەسەر بۆ ئەو سەردەمە، کارکردن لە بێدەنگی و نهێنی پارێزی دایە. ئەگەر خاوەنی کردەوە بین، ئەو کات لە مەیداندا دۆست و دوژمن ئاگادار دەبن و زمانی کردەوە بە هەموو پێوانەیەک لە زمانی قسە تیژتر و کاراترە. باشووری کوردستان بۆ کوردە رۆژهەڵاتییەکان ناکرێ ببێتە مەیدانی ئاشکرای پێشاندانی پەروەردەی پێشمەرگە و مانۆڕی جیاواز. گونجاوە، کە ئەو ئەرکانە بەدوور لە چاوی مێدیا و راگەیەنە گشتییەکان بەڕێوەبچن. مێدیای گەلێکی ژێردەست و حیزبێکی چەکدار و تەنانەت ئۆپۆزیسیۆنێکی بەرپرس شارەزایی، ئامانج و وردبینی دەوێ. شەڕی راگەیاندن و هەروەها نهێنی پارێزی لەو بەستێنەدا گونجاوە سەرلەنوێ دابڕێژرێنەوە.


- سەربەخۆیی سیاسی بۆ حیزبە سیاسییەکان و تەنانەت سەرکردەی حیزبە سیاسییەکان پرسێکی هەستیار و گرینگە. سەربەخۆبوون و پاراستنی سیاسەتی سەربەخۆبوون بۆ دەوڵەتەکانیش پێگە و جێگەی دیاری هەیە، بۆیە سەرمایەیەکی زۆر لە پێناوی پاراستنی سەربەخۆیی بڕیاردان و فەرزی ئیرادەی خۆیەتی تەرخاندەکرێ. حیزبی دێموکڕات لە ماوەی ژیانی سیاسیی خۆیدا قۆناخی جیاوازی بڕیوە و بەستراوەیی و سەربەخۆیی بە رێژەیەک تاقیکردۆتەوە. رێبەرایەتی، کەسی یەکەم و هەروەها ساختار و توانا مرۆیی و ماددییەکان رۆڵ و کاریگەریی یەکلاکەرەوەیان لەسەر بەستراوەبوون یان سەربەخۆبوونی حیزبەکان هەیە. کوردستان ژینگەیەکی تایبەت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و پاراستنی پارسەنگ و سەربەخۆیی لە بەستێنی کار و تێکۆشانی سیاسییدا ئەرکێکی قورسە و شارەزایی دەخوازێ. ئەگەر رێبەرایەتی حیزب پەرتەوازە و بەناوی دۆستایەتی لە گەڵ ئەم حیزب و ئەو پارتی سیاسی خاوەنی روانگە و تێڕوانینی جیاواز لە سیاسەتی حیزبەکەی بوو، بێگومان پرسی سەربەخۆیی سیاسی دەکەوێتە مەترسییەوە. ئەگەر کەسی یەکەمی حیزب بەناوی جیاواز و بە مەبەستی ئاشکرا و شاراوە لە بەستێنی سیاسەتی ناوچە بەلایەکدا شکاندیەوە، سەربەخۆیی سیاسی حیزب زەربەی کاریگەری لێدەدرێ. حیزبی دیموکڕات و زۆربەی ئەو حیزبانەی تووشی دەردی دابڕان بوون و دەبن، ئاسانتر لە دۆخی ئاسایی دەکەونە ژێر شوێنەواری هێز و حیزبە گەورەکان.

 

باشترین تایبەتمەندی حیزبی دێموکڕات و بەشێکی زۆر لە رۆژهەڵاتییەکان پاراستنی بەرژەوەندی کورد لە پارچەکانی دیکە بووە. لایەنی لاوازی حیزبە رۆژهەڵاتییەکان و حیزبی دێموکڕات لە قۆناخی لاوازیدا کەوتنە ژێر شوێنەواری حیزب و پارتە کوردییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستانە. ئەو سیاسەتە لە درێژخایەندا قازانجی بۆ کورد و تەنانەت حیزبە رۆژهەڵاتییەکان نەبووە و لە باشترین حاڵەتدا ناسناو و پێگەی پاشکۆیەتی ئەو حیزبانەی پێبەخشیون. شایانی باسە، حیزبی دێموکڕاتی یەکگرتوو و بەهێز باشتر توانیویەتی سەربەخۆیی بڕیاردان بپارێزێ و لە سەردەمی دابڕان و لەتبوونەکاندا مەیدانەکە تەنگەبەرتر بووە. جێگەی لێوردبوونەوەیە، کە بەشێک لە حیزبە کوردییەکان بە ئیمکاناتێکی زۆری ماڵی تێکۆشاون و تێدەکۆشن دەسەڵات و پێگەی خۆیان بەهێزتر بکەن و بۆ ئەم کارە کەسی خۆیان لە سەرکردایەتی و بنکردایەتی حیزبە کوردییەکان دەگرن. حیزبە رۆژهەڵاتییەکان لەو پرسەدا جیاوازنین و لە گۆڕەپانەکەدا روون و ئاشکرایە، کە گەورە حیزبە کوردییەکان چۆن و چەندە لەو کایەدا ئەکتیڤ و چالاکن. بە باوەڕی من باشترە حیزبی دێموکڕات لە سیاسەتی گشتیدا پشتگیری پرسی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان بکات، بەڵام بە پەیام، کردەوە و سیاسەت نەکەوێتە داوی سیاسەتی یەک حیزبی تایبەت و هەڵەکانی رابردوو دووپات نەکاتەوە.


- رێکخستن و تەشکیلاتی حیزب وێڕای هێزی پێشمەرگە پێویستی بەنوێکردنەوە و بەڕۆژکردنەوەیە. مەبەست لەو بەڕۆژکردنەوەیە خۆگونجاندن لە گەڵ بارودۆخی تازە و خۆئامادەکردن بۆ رووبەڕووبوونەوە لە گەڵ ئالەنگارییەکان و درێژەدان بە تێکۆشانە. داڕشتنی بەرنامەی عەمەلی بۆ داهاتوو بەشێکە لە پڕۆسەی تێکۆشان و خوێندنەوەی وردی دۆخەکە و فاکتەرە دوور و نیزیکەکان بەشی جیانەکراوە لە هونەری سیاسەتن. لەو پرسەدا نابێ تووشی هەڵەی خۆگەورە بینین و دوژمن بە کەمگرتن ببین. گەیشتن بە ئامانجەکان ئەرکێکی گرانە و لەو پێناوەدا شیاوە، کە سیاسەت، بڕیار و جوڵە تاکتیکیی و ستراتیژییەکان لە سەر بناخەی زانیاریی و خوێندنەوەی خەسارناسانە بن. رێکخستن و قەوارەی حیزب و هێزی پێشمەرگە بە فۆڕمی رابردوو ناتوانن لە گەڵ ئالەنگارییەکانی ئەمڕۆ و سبەینێ رووبەڕووببنەوە و دەرەقەتی فرت و فێڵەکانی رێژیم نایەن. پارتە رۆژهەڵاتییەکان بۆ تێپەڕاندنی ئەو قۆناخە و قەیرانەکان باشترە لە سەر پرسەکانی دواڕۆژ ساغببنەوە و نەخشەرێگای تازە داڕێژن. تەجرەبەی ساڵانی رابردوو سەلماندوویەتی، کە جوڵە چەکداریی و پێشمەرگایەتییەکان لە ژێر پرسیاری گەورەدان و بە شێوازی کلاسیک ناتوانن لە گۆڕەپانەکەدا جوڵە بکەن.


- پەروەردەی حیزب، بارهێنانی ئەندامی ئەکتیڤ و هەروەها راگرتن و پەرەپێدانی لایەنگران پرسیارێکی کۆنی نێو حیزبە کوردییەکانە. حیزبایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا لە کەشێکی ئازاددا بەڕێوەناچێ، بۆیە راپەڕاندنی ئەرک و کارەکان تایبەتمەندی خۆیان هەیە. سەرەڕای ئەو سەرنجە، حیزب و پارتە بەرپرس و خاوەن خەونەکان لەو بازنەیەدا خۆیان نادەنە دەست قەزا و قەدەر! حیزبە رۆژهەڵاتییەکان لەو بارەوە لە سەر هێڵێکی خوپێگرتوو و کێشراودا ماونەوە و توانای بڕیاری گەورە، خۆنوێکردنەوە و هەروەها گرتنەبەری تاکتیکی تازەیان نییە. خەبات و تێکۆشانی پارت و حیزبە رزگاریخوازەکان لە سەر شان و پیلی ئەندام و لایەنگران و رەوتی پەروەردەکردنی راستەوخۆی ئەوان و ناڕاستەوخۆی خەڵکە. پەروەردەیەک، کە ئەندامی باوەڕدار و وەفادار و لایەنگری رەخنەگر و هاوکار و سەرئەنجام خەڵکێکی خاوەن ئامانج پەروەردە دەکات. شوێنەواری پەروەردەی راستەقینە و تێکۆشانی عەقڵانی و باوەڕدارانە لە درێژخایەندا رەوت و بزوتنەوەی سیاسی-کۆمەڵایەتی دەخوڵقێنێ و گەلان لە دەستەبەرکردنی مافەکانیان نیزیک دەکاتەوە.


- دیپلۆماسی حیزب لە قەوارە، رێکار و تاکتیکدا لاوازە. کاری دیپلۆماسی کوردان لە دەرەوە لاوازە و ناشارەزایانە بەڕێوەدەچێ. ئەوە راستە، کە پەرتەوازەبوونی حیزب و دابڕانیان لەیەکتر ئەو پرسەی زیاتر ئاڵۆزکردوە، بەڵام بە کورتی لە سەر ئەو کارە سەرمایەگوزاریەکی بەرچاو نەکراوە. بەهێزکردنی دیپلۆماسی حیزب لە دەرەوە رەنگە بە جەرگەی ئاڵوگۆڕە گەورەکان و لە کۆتاییدا رێکخستنەکانی دەرەوەدا تێپەڕ ببێ. بەواتایەکی دیکە، رێکخستنەکانی دەرەوەی وڵات باشترە لە پێناوی بەهێزکردنی هێڵی دیپلۆماسی بەهێز دەکاربێن و لە راستای دەستەبەرکردنی پشتیوانی گەلان، دەزگا و ناوەندەکانی مافی مرۆڤدا بن. دیپلۆماسی و پێوەندییەکانی دەرەوە پێویستیان بە شارەزایی و دەرکەوتن لە گۆڕەپانی جیاواز و رەنگاوڕەنگە. رێکخستنەکان بۆ ئەوکارە دەتوانن پاڵپشتی ماددیی و مرۆیی بن و لە گەشەپێدانی رێچکەیەکی سەرکەوتوودا کارا دەرکەون. شارەزایی و پسپۆڕی لە بازنەی رێکخراو و ئۆرگاندا تۆکمەتر دەبێ و دەتوانێ لە رایەڵکە ناوچەیی و جیهانییەکاندا ببێتە روخسارێکی ناسراو. لاوان لەو بازنەیەدا دەکرێ سەرمایەگوزاریان لەسەر بکرێ. ئەوان پێویستیان بە دەستگرتن، پەروەردە، دەرفەت و رێنوێنیکردنە. ئەوان دەتوانن پایەکانی دیپلۆماسییەکی فرەلایەنە دابەمەزرێنن و بە گوێرەی نۆڕمە باوەکانی رۆژاوا نوێنەرایەتی بزوتنەوەی کورد بکەن. ئەگەر دیپلۆماسی حیزب تەنیا لە چەند سەردان و بەشداریکردن لە ژمارەیەک کۆبوونەوەی رێکخراوە شەکەت و ماندووەکاندا کورتبکرێتەوە، لە کۆتاییدا خێرێکی زۆر نابەخشێ و هیچ لە پرسەکان ناگۆڕێ.


- مێدیایەکی نەبەستراوە و بەهێز بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان، پرسی کوردایەتی و ماف لەو پارچەیەی کوردستاندا سەنگەر و چەپەرێکی پتەوە، کە هێشتا سازنەکراوە. کاتیەتی، کە حدک و هێزە سیاسییەکانی دیکەی رۆژهەڵات وێڕای کەسانی سەرمایەدار و شارەزای بواری مێدیا ناوەندێکی نەبەستراوەی مێدیای دابمەزرێنن، کە وڵامدەری پرسی کورد لە رۆژهەڵات و ئێران بێ. مێدیای حیزب و ناوەندەکانی راگەیاندنی حیزب لە رۆژگاری ئەمڕۆدا ناتوانن رۆڵ و نەخشی مێدیای نەبەستراوە بگێڕن. بەردەنگی مێدیای حیزب بەرفراوان نییە و مێدیای نەبەستراوە و کارا هێز و وزەیەکی زۆری دەوێ. چوارچێوە سیاسییەکان و پێوەندییە حیزبییەکان بەربەستی جیاواز بۆ راگەیاندنی حیزبەکان سازدەکەن، کە مێدیایەکی نەبەستراوە و بەرپرس دەتوانێ ئەو کەلێنە پڕبکاتەوە. مێدیایەکی بەهێزمان دەوێ، کە روو لە نەتەوە و دەسەڵاتی حاکم و هەروەها هاوڵاتیانی کوردستان بێ. پڕکردنەوەی ئەو کەلێنە ئەرکێکی نیشتمانییە، چوونکە بە یەکێک لە پێداویستییە سەرەکیەکانی خەباتی کوردان پێناسەدەکرێ. مێدیایەکمان دەوێ، کە بە زمانی نەتەوەی سەردەست شکۆی ناسیۆنالیزمی سەردەستیان بێنینە ژێر پرسیار و حەقانییەتی مافەکانی خۆمان بە گوێی گوێگرانی نەتەوەی سەردەست بگەیەنێ. گونجاوە، رووناکبیر و شارەزاکانی نەتەوەی باڵادەست لە مەیدانی رووبەڕووبوونەوەی مێدیا و راگەیاندندا ناچار بە پاشەکشە بکرێن. مێدیای نەبەستراوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان کاناڵی بەیەک گەیاندنی بژاردەی کۆمەڵگە و گێڕانەوەی رووداوەکانی دوێنێ و ئەمڕۆی کوردستانە. ئەم کارە لە کۆتاییدا لە شکڵدانی هزر، تێڕوانین و خەیاڵی تێکڕایی رۆژهەڵاتییەکاندا کاریگەر و شوێندانەرە.


- مووشاویرەتی لە کایەی حیزبایەتیدا گۆڕاوە و گونجاوە رێبەرایەتی حیزبی دێموکڕات لەو پێوەندییەدا پێداچوونەوە بکات. مووشاویرەکان مەرج نییە ئەندامی حیزب بن و لە باشترین حاڵەتدا کوردبوون،ئاگابوون، پاقژبوونی سیاسیی و شارەزابوون بە باشترین مەرجی مووشاویرییەت دەناسرێن. حیزبی دێموکڕات و رێبەرایەتی ئەو حیزبە ناچارە بە چاوێکی راستگۆیانەتر لە رووداوەکان بڕوانێ. مووشاویری شارەزا، لێزان، کورد و خاوەن کەسایەتی سەربەخۆ ناچار نییە قسەی ناڕاست و هەڵە بۆ رێبەرایەتی حیزب بکات و رووداوەکان ئاوەژوو بکاتەوە. مووشاویری سیاسی، دیپلۆماسی، کولتووری و راگەیاندن ئازایەتی و شەهامەتی گوتنی رووداوەکانیان هەیە و ئەرکی خۆیان بە پاکی بەڕێوەدەبەن. مووشاویر بڕیاردەر نییە، بەڵام دەتوانێ لە رێگای پێدانی زانیاریی و هەروەها کۆکردنەوەی ئامۆژگارییە کارا و ئەرێنییەکان نەخشی باش لە پڕۆسەی سازکردنی بڕیاردا ببینێ. مرۆڤی حیزبی لە هەموو دونیادا زیاتر لە روانگەی حیزبەکەیەوە دەڕوانێتە رووداوەکان، بۆیە رەنگە لە لێکدانەوەی بەشێک لە پرسە هەستیارەکاندا تووشی هەڵەی لێکدانەوە بێت. مرۆڤی نەبەستراوە و شارەزا بە گوێرەی وەزیفە و باوەڕەکانی لە بازنەیەکی ئیدۆلۆژیدا قەتیس نامێنێ و کراوەتر و بێلایەنانەتر رووداوەکان تەتەڵە دەکات و راستییەکان پووشبەسەر ناکات.


ئەنجام
حیزبایەتی لە جیهاندا گۆڕاوە و تووشی قەیران و ئالەنگاری زۆر بۆتەوە. ئاڵوگۆڕە بەرین و قوڵەکان بەستێنی جیاوازیان خوڵقاندوە و بە خەستی کایەی سیاسەت و حیزبایەتیان داپۆشیوە. لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا دۆخەکە زۆر دژوارترە و ئاخوندەکان درێژە بە سیاسەتی ستەم و چەوساندنەوەی کوردان دەدەن. دۆخی حیزب و پارتە سیاسییە رۆژهەڵاتییەکان لاسەنگە و پڕە لە ئالەنگاریی و قەیران. حیزب و پارتە سیاسییەکان جیاوازن و لە بەر زۆر هۆکار باوەڕی خەڵک بە حیزبایەتی لەقیوە. سەردەمێکی کۆمێدییە و لە ژێر رەحمەتی تێکنۆلۆژی تازە و بارانی کوردایەتیدا حیزبسازی لە نووسینی کتێب ئاسانترە.


 حیزب و سیاسەتکار زۆرن، بەڵام کردەوە و سیاسەتکاری کارا کەم. پارتە سیاسییەکان پەرتەوازەن و وەکوو خێڵ و ئەمیرە کۆنەکان هەرکامە لە ناوچەیەکی کوردستاندا ئەسپی خەیاڵی لێنگدەدا! کورد گوتەنی، کەس خەتی کەس ناخوینێتەوە و تێڕوانیان لەسەر یەکتر ئەرێنی نییە. نەریتێکی خەراپ لە مەیدانی حیزبایەتی رۆژهەڵاتییەکاندا هەیە، کە دوای جیابوونەوە حیزبی تازە بەناوی حیزبی دایک دەکەن، کە بە هیچ پێوانەیەک رەوا و سەرکەوتوو نییە. پرسی خەڵکی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا و نوێنەرایەتیکردنی ئەوان لە نێوخۆ، ناوچە و جیهاندا بەم شێوازە کارپێکراوە سەرکەوتوو نابێ. حیزبایەتی ئێمە پێویستی بە وەرچەرخان و ئاڵوگۆڕە و لەو بەینەدا کولتووری کۆنی حیزبایەتی لە ریزی پێشەوەی چاکسازیدایە. بزوتنەوەی خەڵکی کوردستان بۆ سەرکەوتن یان لانی کەم خۆسەلماندن یاسا و رێسای تازەی کار، باوەڕ و هزری دەوێ.


کۆنگرەکان تەنیا بۆ گۆڕینی قسەکەری یەکەمی حیزبەکان نابەسترێن. کێشەی حیزبە رۆژهەڵاتییەکان و حیزبی دێموکڕات قەیرانی ستراتیژییە نەک گۆڕینی سکرتێرەکان. ئەو کەسانەی، کە سکرتێرن و ئەوانەش کە خۆیان بۆ سکرتێری دەکوتن مرۆڤێکی عەجایب نین و لە زۆر بواردا هاوتای کادرێکی ئاسایی حیزبەکەیانن. زۆر کەس لە ئاکامی چۆڵبوونی مەیدان و دواتر لەتبوون و جیابوونەوەکاندا لاقی گەیشتە کۆبوونەوەی رێبەرایەتی. بە واتایەکی دیکە، ئەوان بە هیچ پێوانەیەک لە رێگا و کاناڵی گەشەکردنی کادر لە بەستێنی تەشکیلات و رێکخستندا سەرنەکەوتوون، بەڵکو بە پەڕجووی لەتبوون و دابڕان و ناوچەگەرایی ناوەکانیان کردە پاوانی خۆیان!


 حدک و بەشدارانی کۆنگرەی رابردوو هەڵەیەکی مێژوویان کرد و لە پێناوی هیچدا پشتی بنەما و پڕنسیپە حیزبیەکانیان لە زەویدا. جێگەی خۆیەتی لەم کۆنگرەیەدا هەڵەکان دووپات نەبنەوە و لە نێو کۆنگرەدا بیر لە پرسە چارەنووسسازەکان بکرێتەوە و هێلکەکان نەخەنە سەبەتەی هیچ تاکە کەسێک. سەردەمی پەڕجوو نەماوە و لە مەیدانی سیاسەتی رۆژهەڵاتی کوردستاندا بەرنامەی ورد و کەرسەی جێبەجێکردنمان دەوێ نەک سەنعەتی سەرۆکسازیی. هیوادارم کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو و یەکلاکەرەوە بگرن و قەرەبووی خاڵە لاوازەکانی کۆنگرەی پێشوو بکەنەوە. کۆنگرە، ئەگەر نەبێتە مەیدانی لێکدانەوەی ورد و تەتەڵەی هێڵە سەرەکییەکان، رێباز، تاکتیک و ستراتیژی حیزب نەکات، لە کۆبوونەوەیەکی رواڵەتی زیاتر نییە.


زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×