‌نه‌وشیروان مسته‌فاو كشتوكاڵ

لەتیف فاتیح فەرەج
  2019-03-27     244

له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێست نه‌ریمانی ده‌رهێنه‌ری شانۆیدا له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆی سه‌ردانی نه‌وشیروان مسته‌فامان كرد ، زیاتر له‌دو سه‌عات قسه‌كرا له‌ده‌ره‌وه‌ی سیاسه‌ت و بابه‌تی سیاسیدا، قسه‌كان له‌سه‌ر زانكۆو په‌یمانگاو زۆرو بۆری ئه‌و ناوه‌ندانه‌و پرسی كشتوكاڵ بون، ئه‌و پرسیاری ئه‌وه‌ی ده‌كرد ئاخۆ خاكی سنوری سه‌نگاوو هه‌مه‌وندو ئه‌و ناوچانه‌و به‌تایبه‌ت قه‌ره‌تامۆر یه‌ك و چه‌ند ده‌بڕێت و بۆ چی باشه‌.

دیار بو نه‌وشیروان مسته‌فا زۆر په‌رۆشی ئه‌وه‌ بوو چۆن بتوانرێت گه‌شه‌ به‌بواری كشتوكاڵ بدرێت و مرۆڤی كورد له‌مرۆڤێكی به‌رخۆرو ته‌مبه‌ڵه‌وه‌ بكرێته‌ مرۆڤێكی خۆ ژێن و ئه‌وی تر ژێن، له‌راستیدا ئه‌گه‌ر هۆشیاری كشتوكاڵی هه‌بێت ده‌شته‌كانی كوردستانی باشور به‌كه‌ڵكی ئه‌وه‌ دێن نه‌ك هه‌ر به‌شی كوردستان پێویستی دابین بكه‌ن  ته‌نانه‌ت به‌شی هه‌نارده‌ كردنیش ده‌كات، به‌ڵام دیاره‌ به‌په‌روه‌رده‌یه‌كی سیاسی سه‌قه‌ت كار له‌سه‌ر تێكشكاندنی مرۆڤی كورد كراوه‌و له‌ساڵانی رابردودا به‌جۆرێك ئه‌و مرۆڤه‌ لاره‌ خوار كراوه‌ كه‌ هه‌ر چاوی له‌ده‌ستی حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات بێت و ملكه‌چی بڕیاره‌كانی حزب بێت.

نه‌وشیروان مسته‌فا كاتێك باسی په‌ره‌ پێدانی كشتوكاڵی ده‌كرد، ئامانجی ئازادكردنی مرۆڤی كورد بو له‌لاره‌ خواری و ملكه‌چی ده‌سه‌ڵات، له‌و ڕوه‌وه‌ تێده‌گه‌ین كه‌ ئه‌و پیاوه‌ پاڵنانی خه‌ڵكی بۆ ناو ده‌سه‌ڵات و گه‌یشتنه‌ پۆست و پله‌ی به‌لاوه‌ گرنگ نه‌بووه‌، هێنده‌ی به‌لایه‌وه‌ گرنگ بوو مرۆڤی خۆ خاوه‌ن دروست بێت، پێده‌چێت ئه‌و خه‌ون و ئاواته‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا ئێستا به‌ ده‌ردی ئه‌وانه‌ش نه‌خوات كه‌ خۆیان به‌ هه‌ڵگری په‌یامه‌كانی ئه‌و ده‌زانن.

ئێستا كه‌ بیر له‌قسه‌كانی ئه‌و رۆژه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌كه‌مه‌وه‌و بیر له‌هه‌وڵه‌كانی به‌رێ‌ بۆ خۆماڵی كردنی توتن له‌ باشوری كوردستان ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ كاتی خۆی هه‌وڵدراوه‌ پایه‌كانی خۆ خاوه‌نی له‌سه‌ر بونیاد بنرێت، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش ده‌بینم كه‌ كاتی خۆی بۆچی سلێمانی و باشوری كوردستان لكێنراون به‌عیراقی عه‌ره‌بیه‌وه‌، گوایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ نه‌كرێت خه‌ڵكی باشور له‌ برسان ده‌كرن له‌به‌ر نه‌بونی دانه‌وێڵه‌، هه‌روه‌ها سه‌یری خه‌ونه‌كانی نه‌شیروان مسته‌فاش ده‌كه‌م له‌بواری ئاودێریدا، تێده‌گه‌م ده‌بوو ئه‌و پیاوه‌ هه‌رگیز ئاوڕی له‌سیاسه‌ت نه‌دایه‌ته‌وه‌، ئه‌و له‌ده‌ره‌وه‌ی سیاسه‌ت كه‌سێكی تر بو، سیاسه‌ت وه‌ك سادقی هیدایه‌ت ده‌ڵێت هۆیه‌كی سه‌ره‌كی به‌هه‌ڵه‌دا بردنه‌.
دواتر بیرو ڕاكانیشی له‌ سه‌ر زۆری و بۆری زانكۆكان باس ده‌كه‌م. 

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×