یاری لەگەڵ زلهێزەكان

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
  2019-03-28     419
هەر چەند سەرۆكی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان زۆر بەمتمانەوە هەڵسوكەوت دەكا، بەڵام ئەو یارییەی كە لەگەڵ روسیاو ئەمەریكا دەیكا یارییەكی مەترسیدارەو زۆر ئەستەمە بەئاسانی پێشبینی سەرەنجامەكەی بكرێ‌. یارییەكە گەیشتۆتە رادەیەك كە یاریكەرەكە هەر دەبێ‌ لەسەری بەردەوام بێ‌‌و پەراوێزێكی فراوانی بۆ پاشگەزبونەوە نییە.

ململانێی نێوان ئەمریكا و روسیا گوێزراوەتەوە ناو خاكی توركیاو بەشێوەی ململانێ‌ لەنێوان موشەكی پاتریۆتی ئەمریكی‌و موشەكی ئێس (400)ی روسی رەنگی داوەتەوە. هەردولا لەپێشبڕكێدان بۆ فرۆشتنی موشەك بەتوركیا. بەڵام مەسەلەكە مەسەلەی بازاڕ نییەو هەروەها مەسەلەی ئەوە نییە كە كام موشەك لەوی تر باشترە. مەسەلەكە ئەوەیە كە هەڵبژاردنی هەر كام لەم دو موشەكە، دەشێ‌ ببێ‌ بەوەرچەرخانێكی گەورە لە مێژوی توركیاو كاریگەریی قوڵ لەسەر رێچكەی ستراتیجی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی بەجێ‌ بهێڵێ‌.

توركیا دەوڵەتێكی ئاسایی نیە. كاتێك دەوڵەتێكی ئەندامی پەیمانی ناتۆ بڕیار دەدا چەك لە نەیاری پەیمانەكە بكڕێ‌، ئەمە بەم واتایە دێت كە ئەو دەوڵەتە بەپێی رێساكانی یاریی هاوپەیمانێتی كار ناكا.

ناتۆ زۆر لەم هەڵسوكەوتەی توركیا نیگەرانە. رۆژنامەی تایمز لە سەروتاری هەفتەی رابردو بەمجۆرە گوزارشتی لەو نیگەرانییە كردوە و وتویەتی توركیا بە كڕینی موشەك لە روسیا، هەڕەشە لە ئاسایشی هاوپەیمانەكانی دەكا لە ناتۆ.

نیاز وایە لە حوزەیرانی داهاتودا توركیا دەست بە وەرگرتنی موشەك بكا لە روسیا. تا ئێستا ئەردۆغان وا دەردەكەوێ‌ كە نیازی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی نییە. نەك هەر ئەمە، بەڵكو بە متمانەیەكی زۆرەوە قسەیەكی واشی فڕێداوە كە روسیا كۆپییەكی لە ئێس (400) پێشكەوتوتری هەیە كە بە ئێس (500) ناسراوە. ئەمەش بەم مانایە دێت كە ئەگەر توركیا ئێس (400) بكڕێ‌، رەنگە دواتر ئێس (500) یش بكڕێ‌. پەیامەكە زۆر رون بو. بەڵام كێشە گەورەكەی توركیا لەوەدایە كە مەسەلەكەی گەیاندۆتە ئاستێك كە پەشیمانبونەوە لێی بۆتە كارێكی ئەستەم.

ئەگەر توركیا سور بێ‌ لەسەر كڕینی ئێس (400)، ئەمەریكا دەستەوەستان ناوەستێ‌. تەنانەت رەنگە مەسەلەكە بگاتە رادەی هەڵپەساردنی ئەندامێتیی توركیا لە ناتۆ یاخود دەركردنی. لە هەردو ئەگەردا رۆژئاوا توركیا لە دەست دەدا و روسیا توركیا دەگرێتە باوەش، جگە لەوەی كە ناتۆ بنكەی ئینچەرلیك لە دەست دەدا. دور نیە یەكێتیی ئەوروپا، توركیا لە لیستی كاندیدەكانی ئەندامێتی دەركا و رایەڵە ئابورییەكانی لەگەڵ بپچڕێنێ‌. دەشێ‌ ئەم هەنگاوانە كاریگەریی خراپ لەسەر ئابوریی توركیا و لیرەی توركی بەجێ‌ بهێڵن. هەروەها دەشێ‌ ئەمریكا بگەڕێتەوە سەر بەكارهێنانی كارتی كوردی سوریا و توركیای پێ‌ بترسێنێ‌.

ئەگەر توركیا لە كۆتاییدا لە كڕینی موشەكە روسییەكان پاشگەز بێتەوە، بە دڵنیاییەوە روسیا دەستەوەستان ناوەستێ‌ و هەمو كارتەكانی بەكار دێنێ‌. لانی كەم دەتوانێ‌ وەرزی گەشتیاری لە توركیا وێران بكا و گەورەترین كێشە بۆ لیرەی توركی دروست بكا، هەروەك دەشتوانێ‌ كۆتایی بە هەمو مامەڵە ئابورییە ستراتیجییەكانی لەگەڵ توركیا بێنێ‌، جگە لەوەی كە لە ئەمریكا باشتر دەتوانێ‌ كارتی كورد بە قازانجی خۆی بەكار بێنێ‌، سەرباری ئەوەی كە دەتوانێ‌ بە پشتگیری كردنی سوپای ئەسەد، هەمو ناوچەی ئیدلب لە گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزیسیۆن پاك بكاتەوە كە ئەمەش بە واتای كۆتایی هاتنی لێك تێگەیشتنەكانی ئەستانە دێت. 

وەك دەردەكەوێ‌، توركیا لە هەردو دۆخدا زیانی بەر دەكەوێ‌. تاكە بژاردەی بەردەم توركیا لەو هەلومەرجەدا، ئەوەیە كە ئەو بژاردەیە هەڵبژێرێ‌ كە كەمتر زیانی پێ‌ دەگەیەنێ‌. رەنگە واز هێنان لە كڕینی موشەكی ئێس 400 كەمتر زیان بە توركیا بگەیەنێ‌. لە راستیدا نازانرێ‌ سەركردایەتیی توركیا چ بژاردەیەك هەڵدەبژێرێ‌، هەر وەك رونیش نییە چۆن بیر دەكاتەوە. لە هەردو ئەگەردا وەرگرتنی هەر هەڵوێستێك سەركێشییەكی گەورەیە و ئاكامەكانی مەترسیدارن.

بەپێی شیكردنەوەی سەروتارەكەی تایمز، رەنگە سەركردایەتیی توركیا ئومێد لەسەر ئەوە هەڵچنێ‌ كە لەگەڵ روسیا یان لەگەڵ ئەمریكا بگا بە سەودایەك لەسەر كوردی سوریا. كامیان سەوداكەی لەگەڵدا بكا، واز لە لایەنەكەی تر دێنێ‌. بەڵام تەنانەت لەم سیناریۆیەش، توركیا بە سەلامەتی لێی دەرناچێ‌.

رەنگە توركیا بتوانێ‌ ئەجینداكەی لە دژی كوردی سوریا جێبەجێ‌ بكا، بەڵام ئەمە هیچ لەوە ناگۆڕێ‌ كە توركیا لە سەوداكەدا دەبێ‌ خۆی لە نێوان روسیا و ئەمریكا یەكلا بكاتەوە و خۆی لە سەنگەری یەكێكیاندا بدۆزێتەوە. ئەمەش وا لە لایەنەكەی تر دەكا، دەست بەجێبەجێكردنی هەڕەشەكانی بكا و زیان بە توركیا بگەیەنێ‌.

یاری لەگەڵ زلهێزەكان یارییەكی مەترسیدارە. هیچ كام لە زلهێزەكان دەستبەرداری بەرژەوەندییەكانی نابێ‌ و لە كۆتاییشدا یاریكەرە بچوكەكان باجەكەی دەدەن.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×