۱۲ی لە ۲٤ بەهێزتر!

عومه‌ر عه‌لی‌ غه‌فور
  2019-04-02     1258

بروتنەوەی گۆڕان لە خولی پێشووی پەرلەماندا، بە ۲٤ کورسی + بەفراکسیۆنێکی زیندوتر + بەوجودی رەحمەتی نەوشیروان مستەفا + لە بارێکدا یەکێتی زۆر لاواز بوو و پارتی مەمنون بوو گۆڕان بەشداری حکومەت بێ و بیکاتە میراتگر و جێگرەوەی یەکێتی لە حوکمدا، نەیانتوانی ئەو پاکێجی چاکسازیەی لە رێکەوتنی ئەوکاتیان لەگەڵ پارتی بۆ بەشداریکردنی کابینەی پێشوو لەسەری رێکەوتبون، بەسەر پارتی و حکومەتەکەیدا بسەپێنن، بەپێچەوانەوە پارتی پەرلەمانی پەک خست و سەرۆکی پەرلەمانی لە هاتنە هەولێر قەدەغە کرد و وەزیرەکانی گۆڕانیشی لە حکومەت دەرکرد..


کەچی ئێستا بە ۱۲ کورسی و لەدەستدانی نیوەی کورسییەکان و هێزی پێشووی + بەستافێکی کەم ئەزمونتر + لە غیابی هێزی گەورەی کاریزمای رێکخەری دامەزرێنەر + هەستانەوە و پێشکەوتنی یەکێتی و بێمنەتیی پارتی لە حزبەکان جگە لە یەکێتی، باس لەوە دەکەن ئەم جارە بەپاکیجی چاکسازییەوە لەگەڵ پارتی رێک کەوتون بۆ بەشداریی حکومەت و بەمتمانەوە دەڵێن پاکێجەکەمان جێبەجێ دەکرێ، بەبێ ئەوەی شەرحی بکەن کارتی بەهێزیان بۆ سەپاندنی چییە؟! 


قسەکانیان یەکلایەنەن، نابینی پارتی وەک لایەنی دووەم باس لەم ئیلتیزامەی خۆی بکا.. جا ئەگەر نەیکرد، گۆڕانەکان چییان پێ دەکرێ بۆ ئیلزامکردنی؟ 
ئەز پێم وانیە کارتی وا سیحرییان بەدەستەوە بێ، کە لەخولی پێشوودا نەیانبوبێ.. ئەوەی دەیڵێن زیاتر لە جۆرە پاساودانێک دەچێ بۆ بەشداریکردن لە حکومەت، تا ئەوەی فیعلەن کارتێکی نوێیان بەدەستەوە بێ کە لە خولی پێشتردا نەیانبوبێ.. ئەگینا دەبێ روون بکرێتەوە چۆن ئەوەی بە ۲٤ کورسیەوە و بەمەعنەویات و دەنگی سەرکەوتنەوە بۆت نەکرێ، بە ۱۲ کورسیەوە و بەمەعنەویات و دەنگی پاش لەدەستدانی نیوەی هێز و کورسییەکانت، بۆت دەکرێ؟!.


ئەو قسەیە کاتێک راست بوو بۆ نموونە لەم خولەدا لانیکەم ۳۰ کورسی بهێنایە، لەبەرانبەردا کورسیەکانی پارتی کەمی بکردایە، بەڵام ئێستا پێچەونەکەی رووی داوە، ئەم بوەتە نیوە و ئەو لە ۳٨ کورسیەوە بوە بە ٤٥ کورسی.
لەبارێکی وادا، مەگەر پارتی زۆر ساڵح و بەستەزمان بووبێ، یان موعجیزەیەک لە یاسا لۆژیکییەکانی ژیاندا روو بدات، کە تێیدا ۱۲ لە ۲٤ بەهێزتر بێ، ئەگینا ئەقڵ نایبڕێ ئەو پلانە سەربگرێ..


چ پارتی چ هەر حزبێکی حاکم ئەوەی ناچار بەجێبەجێکردنی پرۆژەیەکی دەرەوەی خۆی دەکا، نە پیاوچاکی و دڵنەرمیی ئەو حزبەیە، نە خاتر و ختور و برادەرایەتی و نازهەڵگرتن بۆ ئەم یان ئەو حزب، بەڵکو بوونی هێزی جەماوەری و پەرلەمانییە، واتە بوونی سەنگ و قورسایی سیاسیی و یاسایی زیاتر. چەندە تۆ ئەو دوانەت گەورەتر بن، دەرفەتی سەرکەوتنی پاکێجەکانت بۆ حکومەتی پارتیسالار بەهێزترە، چەندەیش بچوک و لاواز بن، دەرفەتەکانی سەرکەوتنت لاوازتر و مەودای مانۆڕکردنی سیاسیشت سنووردارتر دەبێ..
ئەمە سادەترین هاوکێشەی مەنتیقییە.. هیچ فەلسەفەی قووڵی ناوێ.. 


جێی داخە پرۆژەکانی چاکسازیی ئەم وڵاتە نەفەس کورتن، سەرەتا وەک مۆدێلێکی نوێ بەگوڕ و تینێکی زۆرەوە سەرهەڵدەدەن و خەڵکێکی زۆر ئومێدیان پێوە گرێ دەدا، کەچی پێش ئەوەی کاروانەکە بگاتە مەنزڵ، وردە وردە کارەکتەرە کاراکانی پرۆژەکە لەژێر فشار و ئیغرای واقیعدا، کۆڵ دەدەن و تەسلیمی واقیعە ئاراکە دەبن.. ئەمە جگە لەوەی پرۆژەکان بەگشتی هێز لە شەخسێکەوە وەردەگرن نەک لە فیکر و رۆحێکەوە، لەبەرئەوە بەمردنی کەسەکە، پرۆژەکەیش وردە وردە سست و زەرد هەڵدەگەڕێ..

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×