چی لە کایەی سیاسیی ھەرێمدا دەگوزه‌رێت؟

مه‌ریوان وریا قانع و ئاراس فه‌تاح
  2019-04-03     1169

                                                                                                      (١)

یەکێک لە ئاکارە ھەرە سەرەکییەکانی ھەر کایەیەکی سیاسیی بریتییە لە جوڵە و جێگۆڕکێ و سەرلەنوێ ڕیزکردنەوەی پێگەکانی ناو کایەکه‌یە، بەجۆرێک کە دابەشکردنی دەسەڵات و پێگەی ھێزەکان و کارکردنی دەزگاکان و قورسایی بکەرە سیاسییەکان و جۆری پراکتیکە سیاسییەکان، فۆرمی تر و ناوەرۆکی تازە وەردەگرن. کایەی سیاسیی لە ھەرێمی کوردستانیشدا لەم جوڵە ناوەکییە بەدەر نییە. لە چەند وتارێکی کورتدا ھەوڵدەدەین ھەندێک لەو گۆڕانکاریی و جێگۆڕکێی و سەرلەنوێ ڕیزکردنەوانە دەستنیشانبکەین کە لە ئێستادا ڕوودەدەن و پێویستیان بە قسەلەسەرکردن و ڕاڤەکردن ھەیە.

دواھەمین ھەڵبژاردنی په‌رله‌مانی ھەرێم ھەندێک ڕاستیی تازەی ھێنایە پێشەوە، لە ھەموویان گرنگتر باوەڕنەمانی کۆمەڵگای ئێمەیە بەوەی کە ھەڵبژاردن بتوانێت شتێک لەو فۆرمی حوکمڕانییە بگۆڕێت کە بە چارەکە سەدەیەک قۆرخکاریی و پارچەپارچەکردن و توندوتیژیی و خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات و گەندەڵیی و به‌خێزانییكردن و تێکەڵکردنێکی ترسناک و ھەمەلایەنی سیاسەت و ئابوریی بەیەکتری، دروستکراوە. لە دواھەمین ھەڵبژاردندا زیاد لە شه‌ست لە سەدی خەڵکانێک کە مافی دەنگدانیان ھەبوو، بەشداریی ھەڵبژاردنیان نەکرد و پارتی و یەکێتیش بە یەکەوە، لەپاڵ تەزویرێکی ڕێکخراو و سیستماتیکدا، جگە لە بیست بۆ بیست و پێنج لە سەدی کۆی دەنگدەرانی ئەو کۆمەڵگایەیان نەبردوە. ئەو باوەڕەی کە ھەڵبژاردن میکانیزمێک نییە بۆ دەستکاریکردنی ئەو فۆرمە خراپە لە دەسەڵاتی سوڵتانیی لە ھەرێمدا، خەڵکی ئێمەی بەرەو ئەو بایکۆتکردنە برد کە بینیمان. ئەوەی ئێستا ھەیە و دروستدەکرێت دونیای دوای ئەو بایکۆتە گەورەیەیە، لەناویشیدا بەھێزکردنی پایەکانی ئەو فۆرمەیە لە دەسەڵات کە هیچ پێگەیەکی جەماوەریی ڕاستەقینەی لەناو کۆمەڵگادا نەماوە و ھیچ پەتێکی متمانەش لەنێوان ئەوان و کۆمەڵگادا نەماوەتەوە کە نەپچڕابێت. پرسیاری سەرەکیی ئەوەیە ئایا لە قۆناغی دوای بایکۆتکردنی ھەڵبژاردندا چ گۆڕانکارییەک دروستبووە و چیش بەڕێوەیە دروستببێت؟ با سەرەتا لە پەرلەمانەوە دەستپبکەین.

پەرلەمانی هه‌رێمی کوردستان؟
بە پێچەوانەی ئەرک و ھێزی پەرلەمانەوە وەک دەزگایەکی مۆدێرن، پەرلەمانی کوردستان ھەرگیز گەمەکەری سیاسیی ژمارە یەکی ناو کایەی سیاسیی ئێمە نەبووە. پەرلەمانی کوردستان بە بەردەوامی تیمی چوارەم و پێنجەمی سیاسەتکردن و دەزگایەکی پەراوێزیی بووە کە ڕۆڵی دیکۆرێکی سیاسیی بینیوە. بەڵام لەدوای ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٩ و دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە ئەم دەزگایە قورساییەکی سیاسیی و ڕەمزیی بۆ دروستبوو کە دەیتوانی لە پێگە پەراوێزییەکه‌ی خۆیەوە، کێشەی گەورە بۆ مۆدێلە حوکمڕانییە باڵادەستەکەی پارتی و یەکێتی دروستبکات. پەرلەمانی کوردستان بوو بە شوێنی پێکدادانی سیاسیی لە نێوان بەرەی ئۆپۆزیسیۆن و بەرەی حوکمڕانانی کوردستاندا. ئەم پێکدادانە گەرچی پێکدادانی ناو ڕووبەرێکی سیاسیی پەراوێزیی بوون و فشاری پێکدادانانەکانیش بۆسەر دەسەڵات، تەنھا فشارێکی رەمزیی و سایکۆلۆژیی بوو، بەڵام ھاوکات کێشەی گەورەی بۆ دەسەڵاتدارانی ھەرێم دروستکرد. یەکەمجار بوو ”پەراوێز“ێک لە پەراوێزەکانی دەسەڵات بە ئاشکرا بەگژ ”سێنتەر“ی دەسەڵاتەکەدا بچێتەوە و بڕێکی زۆر لە خراپه‌و خه‌وشه‌كانی دەربخات و ھێماش بۆ فۆرمێکی تر لە سیسته‌می سیاسیی و مۆدێلێکی تری حکومڕانیکردن بکات ناکۆک بەوەی لە ھەرێمدا دروستکراوە. تا کار بەوە گەیشت مەسعود بارزانی، کە ھیچ مافێکی یاسایی و ئەخلاقیی نەمابوو وەک سەرۆکی ھەرێم بمێنێتەوە، دەرگای پەرلەمانەکەی داخست و بە دیار چاوی ھەمووانەوە پەکیخست.

یەکەمین وانەیەک بکرێت لەو داخستن و ئاوتکردنەی پەرلەمانەوە بەدەستیبھێنین ئەوەیە کە سیستمە حوکمڕانییە باڵادەستەکەی ھەرێم بەڕادەیەک خێزانیی و شەخسیی و سوڵتانییە، بەڕادەیەک نایاسایی و نائەخلاقییە، تەنانەت گیر بەدەست ھەموو ئەو پەراوێزانەشەوە دەخوات کە لە بنەڕەتەوە بۆ به‌خشینی وێنەیەکی درۆزانە بە سیستمەکە دروستکراون، وێنەی سیستمێک کە گوایە دیموکراسییە، ھەڵبژاردنی ئازاد و پاکی تیادا ئەنجامدەدرێت و پەرلەمانێکی سەربەخۆ و بەھێزیش ئاراستەیدەکات. بە درێژایی قۆناغی دوای ڕاپەڕین ئەرکی سەرەکیی پەرلەمانی کوردستان ئەوەبووە ئەم وێنە درۆزنانەیە بە ئەزموونە شەخسییە دەسەڵاتگەرە سوڵتانییەکەی ھەرێم ببەخشێت. پەرلەمان دیکۆرێکی سیاسیی بێت بۆ شاردنەوەی ڕووە ڕاستەقینەکانی دەسەڵات لە ھەرێمدا. بۆیە لەگەڵ دروستبوونی ئۆپۆزیسیۆندا دۆخەکە دەگۆڕێت و پەرلەمان خۆی لە دۆخێکی تازەدا دەبینێتەوە کە لانیکەم ھەندێک لە بکەرەکانی کۆنترۆڵنەکراون و دەتوانێت لەو پێگە وێنەیی و پەراوێزییەی خۆشیەوە، کێشەی گەورە بۆ مۆدێلە سوڵتانییەکە دروستبکات. پەرلەمان لەو ساتەدا لەو ڕۆڵە دیکۆرییە لادەدات کە بۆی دەستنیشانکرابوو، بڕێك له‌ وه‌زیفه‌كانی خۆی و په‌راوێزێكی گرنگ له‌سه‌ربه‌خۆیی ڕێژه‌یی به‌ده‌ستده‌ێنێته‌وه. بۆیە داخستنی په‌رله‌مان ته‌نها مانایەكی ره‌مزیی گه‌وره‌ی نه‌بوو، به‌ڵكو مانا حه‌قیقییه‌كه‌ی ئه‌و ڕاستییه‌ بوو كه‌ هه‌موو سه‌ربه‌خۆییه‌كی ڕێژەیی ئەم دەزگایە، بۆ ھێزێکی وەک پارتی، مانای بوونی جوگرافیایه‌كی سیاسیی مه‌ترسییداره كه له‌گه‌ڵ ستراتیژ و خواسته مۆنۆپۆلخواز و سوڵتانییەکانی ئەودا نایەتەوە و دەبێت یان دابخرێت، یان بە تەواوی کۆنترۆڵ بکرێت.

پەرلەمانی ئەم خولە تازەیە مۆدێلی دوای بەگەڕخستنی تاکتیکی داخستنی پەرلەمانە، واتە مۆدێلی پەرلەمانێکە کە دەبێت بە تەواوی کۆنترۆڵ بکرێت. پەرلەمانێک بەتاڵکراو لەو پێگە پەراوێزییە سەربەخۆیەی لە دوای ھەڵبژاردنی ٢٠٠٩ بۆی دروستبووبوو پەرلەمانی ئەمجارە پەرلەمانێکی تەواو کۆنترۆڵکراو و ئاراستەکراوە، ھێندەی لە لقێک لە لقەکانی پارتی دەچێت، ئەوەندە لە پەرلەمانی میللەتێک ناچێت کە ھێزی جیاواز لەناویدا بە دید و ڕوانین و بەرنامەی جیاوازەوە ئامادەبن. له داهاتووشدا هێنده‌ی ”باره‌گای بارزانی“ ئاراستەی سیاسیی و یاسایی په‌رله‌مان ده‌كات، ئه‌وه‌نده ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی حیزبه كۆن و نوێكان ئاراستەی ناكه‌ن.

ئەرکی ژمارە یەک و ھەرەسەرەکیی ئەم پەرلەمانە تازه‌یە، پەرلەمانی دوای بایکۆت، بریتییه له چارەسەرکردنی کێشە ناوەکییەکانی ناو خێزانە سیاسییە دەسەڵاتدارەکانی ھەرێم و دۆزینەوەی پۆستی سیاسیی بۆ نەوەی دووھەمی خێزانە سوڵتانییەکان، لەپاڵ بەخشینی ڕەوایەتی یاسایی و سیاسیی بەو پۆستانە. پەرلەمانی ئەمجارە پەرلەمانی بەخشینی شەرعیەتە بە دەستگۆڕکێی دەسەڵاتی نەوە سوڵتانییەکان لە نێوان خۆیاندا. پەرلەمانێکە سەرەتا دەیەوێت ململانێکانی ناو خێزانی بارزانیی، بە تایبەتی ململانێی نێوان دوو ئامۆزاکە و باوکیان، لەڕێگای چالاککردنەوەی دەزگای سەرۆکایەتیی ھەرێمەوە چاره‌سەربکات. چارەسەرێک كه دەخوازێت ده‌سه‌ڵاتی بنەماڵەی بارزانی ھەم لەڕێگای بەیاساییکردن و ھەم لەڕێگای بە دەزگاییکردنەوە بەئەبەدیی بکات. ئینجا دوای ئەوان پێگەی منداڵانی خێزانە سیاسییەكانی تری ناو ھەرێم بپارێزێت و بەھێز بکات. ئه‌م سیسته‌مه پیازئاسایه‌ی كه پارتی ده‌یه‌وێت دروستیبكات، مانای ئه‌وه‌یه پارتی ناوكی پیازەکە بۆ خۆی مۆنۆپۆڵ بكات و توێژاڵه‌كانی ده‌ره‌وه‌شی به‌پێی بڕ و توانای ملكه‌چیی سیاسیی، به منداڵانی خێزانه‌ سیاسییه‌كانی تر ببەخشێت. به‌م ستراتیژه‌ش پارتی تەنها پێگه‌ی خۆی به‌هێز و جێگیر ناكات، به‌ڵكو وێنایه‌ك ده‌به‌خشێت به ده‌ره‌وه‌ی خۆی كه هه‌موو له ده‌وری ئه‌و كۆبوونه‌ته‌وه و بەبێ ئەو شتێک بەناوی سیاسەت و حوکمڕانییەوە لە کوردستاندا نامێنێت. لەم گەمەیەشدا پارتی خۆی وه‌ك ”میهره‌بانێكی سیاسیی“ نماییشده‌كات كه گوایە بۆ گۆڕان و یه‌كێتی له چه‌ند پۆستێكی خۆی خۆشده‌بێت، ته‌نها له‌به‌ر پاراستنی یه‌كڕیزیی سیاسیی وڵات و ڕێگاگرتن له مه‌ترسیی و هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر به‌رژەوەندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، لە کاتێکدا ئەوەی پارتی ئەنجامیدەدات داڕشتنەوەیەکی تازەی سیستمە سیاسییەکەیە بەپێی لۆژیکێکی سوڵتانیی ڕەھا و بێڕکابەر، کە جومگە ھەرە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی سیستمەکە لە دەستی خێزانی بارزانیدا دەھێڵێتەوە. ئەم داڕشتنەوە تازەیەش بەناو زیندوکردنەوە و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پێگەکانی ناو پەرلەماندا تێدەپەڕێت.
ئەم دۆخە تازەیە وادەکات پەرلەمانی ئەمڕۆ، پەرلەمانی قۆناغی دوای بایکۆت، ھەم خراپترین و ھەم ترسناکترین دەزگای ناو مۆدێلە حوکمڕانییەکەی ھەرێم بێت. پەرلەمانی ئەمجارە خەریکی چەسپاندن و بەیاسایی و بەدەزگایکردنی خواستە سوڵتانییە ترسناکەکانی بنەماڵە سیاسییەکانی ھەرێمە، ھەموو سیستمە سیاسییەکەشی کورتکردۆتەوە بۆ ئامرازی وەدیھێنانی خواست و ویست و تەماحی ئەو چەند خێزانە سیاسییە و منداڵەکانیان.

ئه‌ركه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان زۆر ئاسان دەبێت، به‌ڵام ده‌رئه‌نجامه سیاسیییه‌كانی بۆ دواڕۆژی هه‌رێم و ئاساییشی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تییمان ھێجگار قورس و گران ده‌كه‌وێته‌وه. وەک وتمان ئه‌ركی بنه‌ڕه‌تیی و یه‌كه‌می په‌رله‌مانی داهاتوو بریتییه له به‌یعه‌ت بەخشین به سه‌رۆكێکی تازە بۆ ھەرێم بە بڕێکی زۆر گەورەوە لە دەسەڵات. ئەم بەیعەتدانەش وەیفەیەکی سیاسیی ئاسان و بێکێشەیە، چونکە سێنتەرە سەرەکییەکانی بەیعەتدانەکە لەناو پەرلەمان خۆیدا نین و لەدەرەوەی پەرلەماندا یارییە سیاسییەکانیان دەکەن. پارتی وەک براوەی ھەڵبژاردنێکی بایکۆتکراوی پڕتەزویر، له‌ڕێگای پەرلەمانه‌وه هه‌م ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هەرێم دادەڕێژێتەوە و ھەم سەرۆکەکە لە خۆیان دادەنێت و هه‌م دووباره شه‌رعییه‌تیش به پێگه كه‌وتووه‌كه‌ی سەرۆکایەتی ھەرێم ده‌داته‌وه، ھەموو ئەمانەش له‌ڕێگای هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێم و دووباره‌چالاككردنه‌وه‌ی ده‌زگای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمەوە.

بە کورتییەکەی ئەوەی ئێستا دەیبینین گۆڕانی تەواوی پەرلەمانی کوردستانە، لە دەزگا پەراوێزییە نیمچە ئازادەکەی دوای ھەڵبژاردنی ٢٠٠٩، بۆ دەزگایەکی تەواو کۆنترۆڵ و ئاراستەکراو، کە ھەموو جوڵەکانی لەدەرەوەڕا ئاراستەدەکرێت. بەشداربوونی ھێزەکانی تریش لەم پەرلەمانه‌دا بەشداربوونە لە دەزگایەکدا کە نەک تەنھا لەڕووی ره‌مزیی و سیاسییه‌وه‌ لە کۆمەڵگای ئێمەدا تەواو شکاوە و بێنرخ بووە، بەڵکو ڕۆڵێکی سیاسیی تەواو ترسناکیشی پێبەخشراوە.

ئەم پەرلەمانە لە ساتەوەختێکدا ڕەوایەتی بە دەسەڵاتی منداڵانی خێزانە سوڵتانییەکان دەبەخشێت کە زۆرینەیەکی گەورەی ئەم کۆمەڵگایە بایکۆتی ھەڵبژاردنی کردەوە و قورسایی جەماوەری ھێزەکان لە نزمترین ئاستدایە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×