شانۆ بۆ وا داماو‌ بووه‌ له‌كوردوستان ...؟

زه‌به‌نگ به‌هادین
  2019-04-15     251

ساتێك ده‌چیته‌ هۆلێكی‌ شانۆی‌ له‌هه‌ر پارێزگایه‌ك له‌هه‌رێمی‌ كوردوستان یه‌كه‌م كاره‌سات دوا كه‌وتنی‌ كاتی‌ نمایش له‌ هه‌موو شانۆكان, لێره‌وه‌ كز بوونی‌ متمانه‌ ده‌ست پێده‌كات له‌نێوان كاستی‌ شانۆكه‌و بینه‌رادا , پاش ئه‌وه‌ش دێنه‌ سه‌ر ته‌ختی‌ شانۆكه‌و داوای‌ لێبوردن ده‌كه‌ن به‌ چه‌ند بیانویه‌كی‌ بێ مانا ,گرێ یه‌كی‌ دی‌ شانۆ لێره‌  ساردی‌ هۆڵی‌ شانۆ له‌ زستان و گه‌رمی‌ زۆری‌ له‌ هاوین وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ بینه‌ر هاتبێ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئازار بچێژێ له‌گه‌ڵ سروشتدا نه‌ك بۆ بینینی‌ نمایشێكی‌ شانۆی‌ تێكه‌ڵ بوون له‌گه‌ڵ ده‌ق و نمایشدا , هه‌رچی‌ ته‌ختی‌ شانۆكانیشه‌ كه‌م ده‌رامه‌تی‌ و نه‌بوونی‌ و لاوازی‌ دیكۆر به‌ جوانی‌ به‌دی‌ ده‌كرێت ,له‌ دوای‌ ئه‌مانه‌ ده‌بێ ئه‌و پرسیاره‌ بكه‌ین  بینه‌ران كێن له‌ ناو هۆڵی‌ شانۆ ؟ كێن ئه‌وانه‌ی‌ هانی‌ خه‌ڵك ئه‌ده‌ن بۆ بینینی‌ شانۆگه‌ریه‌ك  ؟ كێن ئه‌وانه‌ی‌ هه‌ڵه‌ی‌ ده‌رهێنه‌رێك یان شانۆكارێك راست ئه‌كه‌نه‌وه‌ ؟ ئه‌مانه‌و كۆمه‌ڵی‌ گرفتی‌ قورستر .


 ده‌بینی‌ حكومه‌ت ئاماده‌یه‌ به‌ سه‌دان ده‌فته‌ر له‌ كونسیرتی‌ هونه‌رمه‌ندێكی‌ بیانی‌ خه‌رج بكات به‌ ده‌یان هه‌زار دۆلار بۆ گۆرانی‌ یه‌كی‌ بێ مانا یان فیستفالێكی‌ پوچ خه‌رج ده‌كرێ سالانه‌ به‌ڵام ئاماده‌ نی‌ یه‌ هاوكاری‌ كۆمه‌ڵه‌ گه‌نجێكی‌ خوێن گه‌رم بكات بۆ نمایش كردنی‌ شانۆگه‌ری‌ یه‌ك یان ئاماده‌كردنی‌ درامایه‌كی‌ كوردی‌ به‌ڵام ده‌بینین چی‌ پاره‌ ده‌درَت به‌م هه‌موو دراما توركی‌ و بیانیانه‌ كه‌ بونه‌ته‌ مۆرانه‌وه‌ هه‌موو پایه‌ ره‌وشتی‌ و كۆمه‌لایه‌تی‌ یه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردیان هاری‌ وه‌ روخاندویانه‌ , بگره‌ نه‌ك ئاماده‌ی‌ هاوكاریان تێدا نی‌ یه‌ به‌ڵكو هوڵی‌ شانۆش به‌كری‌ یه‌كی‌ زۆر ئه‌درێته‌ شانۆكاران یان به‌ خێری‌ حیزبی‌ ده‌درێته‌ ئه‌م گه‌نجانه‌ , ئه‌وتا ئه‌بینین رۆژانه‌ هۆڵی‌ شانۆكان به‌تاڵن ئه‌له‌رزن له‌ چۆڵی‌ و ته‌نیایی‌ به‌ڵام ئاماده‌ نین بدرێنه‌ شانۆكاران بێ به‌رامبه‌ر , نه‌ك به‌ ته‌نها حكومه‌ت بگره‌ هیچ ریكخراوێك ئاماده‌ی‌ هاوكاری‌ نی‌ یه‌ بۆ یارمه‌تی‌ دانی‌ شانۆكاران له‌ ئاماده‌كردنی‌ ته‌ختی‌ شانۆ و جل و به‌رگ و دیكوردا , سالانه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌ قسه‌یه‌كی‌ باق و بریق یادی‌ فیستیفالی‌ شانۆ ده‌كرێته‌وه‌  له‌ بری‌ ئه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵی‌ شانۆكاری‌ باش پاداشت بكرێن كۆمه‌ڵێكی‌ حیزبی‌ دێنن دیاریان به‌سه‌ردا ده‌به‌خشنه‌وه‌ , حیزب و ده‌سه‌ڵه‌ت جۆرێك ده‌ستی‌ خستۆته‌ ناو شانۆوه‌ ئه‌گه‌ر ده‌رهێنه‌ر و ستافی‌ نمایش سه‌ر به‌و حیزبه‌ یان ده‌سه‌لاته‌ نه‌بن هیچ ئاسانكاری‌ یه‌كیان بۆ ناكرێ و بگره‌ دوریش ده‌خرێنه‌وه‌ , ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر جگه‌ له‌ شانۆ درامایه‌كیش ئاماده‌ بكه‌ن ئه‌بێ له‌ قاپی‌ هه‌موو حیزبه‌كان بده‌ن تا به‌ تكاو پارانه‌وه‌ لێیان وه‌رگن ساتێكیش ئه‌مانه‌ سه‌ر به‌و حیز و ده‌سه‌لاته‌ نه‌بن ئه‌وه‌شیان لێ وه‌رناگرن و كاره‌كانیان ئه‌كوژن .


هه‌موومان ‌ ئه‌زانین كه‌ ئاستی‌ رۆشنبیری‌ هه‌موو میلله‌تێك  ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ له‌ سه‌رادنیكه‌رانی‌ شانۆ و بینه‌رانی‌ شانۆدا ده‌رده‌كه‌وێت هه‌ر كات بینه‌ری‌ شانۆ زۆر بوو ئاستی‌ هوشیاری‌ ئه‌و میلله‌ته‌ به‌رزه‌ وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ , شانۆ نزیكترین قوتابخانه‌ی‌ فیركردنی‌ ژیانه‌ بۆ مرۆڤ , ده‌بێ لێره‌ ئه‌وه‌ش بپرسین بۆ بینه‌ری‌ شانۆ كه‌من له‌ كوردوستان ؟


 هۆكاری‌ یه‌كه‌م ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ راگه‌یاندن و میدیاكان كه‌ ئه‌مانه‌ هاوكاری‌ شانۆكاران نین , هۆكاری‌ دووه‌م خودی‌ شانۆكاران خۆیانن , ساتێك ئه‌چیته‌ ناو شانۆیه‌ك رێژه‌ی‌ له‌ سه‌دا ده‌ی‌ شانۆكار و هونه‌رمه‌ندانن ئه‌وی‌ دی‌ كه‌سی‌ ئاسایی‌ یه‌ ,سه‌یره‌ ده‌ڵێ شانۆكاران  چاویان به‌كاری‌ ئه‌وی‌ دی‌ هه‌ڵ نایه‌ت كه‌ ده‌بوایه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ زۆر هاوكاری‌ یه‌كتر بونایه‌ , ساتێك شانۆیه‌ك نمایش ده‌كرێت پێویسه‌ هه‌موو شانۆكاران هانی‌ خه‌ڵكی‌ بده‌ن بۆ سه‌ردانی‌ ئه‌و شانۆیه‌ , باس له‌وه‌ نی‌ یه‌ ئاخۆ شانۆكه‌ سه‌ركه‌وتوه‌ یان نا گرنگ بینه‌ر بروات ئه‌و كات بینه‌ر خوی‌ بریار ئه‌دات ئاخۆ شانۆكه‌ چۆن بووه‌ , به‌ڵام شانۆكارن به‌ گشتی‌ زۆر كه‌متر خه‌من به‌رامبه‌ر یه‌كدی‌ ئه‌وان ده‌توانن سوشیال میدیا بۆكار ی‌ شانۆكاران به‌كار بهێنن بۆ زیادكردنی‌ رێژه‌ی‌ بینه‌ر و بۆگه‌شه‌ پیكردنی‌ شانۆ له‌ كوردوستان به‌ڵام لێره‌ ‌شانۆكاران و هونه‌رمه‌ندان خه‌ریكی‌ شكاندن و روخاندنی‌ كاری‌ یه‌كترن نیو هێنده‌ خه‌ڵكی‌ ئاسایی‌ ئه‌وه‌ ناكات به‌مه‌ش قوری‌ كاری‌ شانۆی‌ بۆ شانۆ خه‌ستتر ده‌كه‌ن , شانۆكارن بونه‌ته‌ دوژمنی‌ كاری‌ یه‌كتری‌ ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ش یه‌كێك بێـت له‌ هۆكاره‌ هه‌ره‌ گره‌نگه‌كانی‌ به‌ره‌و دوا چنی‌ شانۆ لێره‌ , سه‌ره‌تا هه‌ر له‌ ساڵه‌كانی‌ نه‌وه‌ده‌كانه‌وه‌ ‌حیزبه‌كان هونه‌رمه‌ندانیان لێك جیا كرده‌وه‌ هونه‌ر و شانۆیان پارچه‌ پارچه‌ كرد ئێستاش هونه‌رمه‌ندان و شانۆكاران خۆیان باقی‌ یه‌كه‌ی‌ ته‌واو ده‌كه‌ن و خه‌ریكی‌ روخاندنی‌ یه‌كترن .


به‌م حاَله‌وه‌ وه‌ختێ ئه‌مه‌ حكومه‌ت و حیزب و ده‌ه‌سه‌لات بێت و وه‌ختێ ئه‌م حاڵی‌ شانۆكاران خۆیان بێت بینه‌ری‌ ئاسایی‌ لۆمه‌ی‌ ناكرێت گه‌ر بینه‌ری‌ شانۆ نه‌بێـت , ده‌بێت شانۆكارن چاوێك به‌ ره‌وشی‌ شانۆدابخشێننه‌وه‌ بگه‌رێن به‌ دوای‌ ئاسته‌نگه‌ كانی‌ شانۆدا په‌نجه‌ بخه‌نه‌ سه‌ر برینه‌ سه‌ركی‌ یه‌كان , له‌ هه‌مان كات ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات ئه‌یه‌وێت ئاستی‌ رۆشنبیری‌ میلله‌ت به‌رو پێش به‌رێت و  شارستانی‌ یه‌تی‌ راسته‌قینه‌ گه‌شه‌ بكات له‌ ناو كۆمه‌ڵگا پێویسته‌ گرنگی‌ زۆر زیاتر بدرێت به‌ شانۆ و هاوكاری‌ شانۆكارن بكرێت له‌ روی‌ دارایی‌ و دابینكردنی‌ هۆڵی‌ شانۆ و و روناكی‌ و دیكورات و باری‌ دارای‌ شانۆكاران نه‌ك به‌مشێوه‌ی‌ ئێستا شانۆكاری‌ كاری‌ شانۆ كاری‌ دووهه‌میه‌تی‌ .


گه‌ر ئه‌م كێشانه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كرێت  ئه‌وا ئێستا له‌ نیوه‌ی‌ شانۆیه‌كدا كاره‌بای‌ ره‌ئیسی‌ ئه‌كۆژێته‌وه‌ ئه‌بێت بینه‌ر چاوه‌رێ هاتنه‌وه‌ی‌ كاره‌بای‌ موه‌لیده‌ بكات تا نمایشه‌كه‌ ته‌واو بكات له‌ داهاتوودا چرایه‌كی‌ روناكی‌ نامێنێ شانۆیه‌كی‌ له‌به‌ردا نمایش بكرێت , ئه‌و كات شانۆ نه‌ك به‌رو دوا ده‌روات بگره‌ دادروخێت و به‌ره‌و توانه‌وه‌ ده‌چێت.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×