جەنگی‌ تۆپی پێ یان جەنگی‌ سەد کاتژمێريی‌

سامان شوکر
  2019-04-16     299
جەنگی‌ تۆپی پێ جەنگێکی‌ مێژوییە لەناوچەی‌ ئەمریکای‌ ناوەڕاست لەنێوان دو وڵاتی‌ دراوسێ هندۆراس‌و سلفادۆر ڕویداوەو بەجەنگی‌ تۆپی پێ یان جەنگی‌ سەد کاتژمێری‌ ناسراوە بەهۆی بەڕێوەچوونی‌ یاری‌ تۆپی پێیی نێوان هەڵبژاردەکانیان لەچوارچێوەی‌ پاڵاوتنەکانی‌ گەیشتن بەجامی‌ جیهانی‌ 1970 کە لەمەکسیک بەڕێوەچو. 

چوارچێوەی‌ سیاسی 
 بە هۆی‌ کۆمەڵێ پرسی سیاسی پەیوەست بە کۆچەوە ململانێی نێوان ئەم دوو وڵاتە لە ساڵی‌ 1969 بۆ ماوەی‌ چەند مانگێک بە توندی‌ ڕووی‌ لە گرژبوون دەکرد ، هەروەها بڕیارێکی‌ حکومەتی‌ هندۆراس کە بووە هۆی‌ لێسەندنەوەی‌ خاوەندارێتی‌ زەوی‌ و زاری‌ زیاتر لە 300 سەد هەزاری‌ سلفادۆری‌ کە پێشتر کۆچیان کردبوو بۆ هندۆراس و هەر لەوێش جێنشین ببوون . 
 
هەر دوو وڵات لە لایەن دوو سیستمی‌ حوکمڕانی‌ سەربازی‌ دکتاتۆری‌ بەڕێوەدەبرا ، وە دۆخی‌ سیاسی و کۆمەڵایەتییان زۆر نالەباربوو ، ئەمەش وایکرد هەریەکەیان بە دوای‌ ڕێگەیەکدا بگەڕێن بۆ دوورخستنەوەی‌ سەرنج لە سەر کێشە ناوخۆییەکانیان . بۆیە بۆ خۆ دوورخستنەوە لەو کێشانە هەر دوولایان هەوڵیاندا سوود لە ڕێکخستنی‌ یاری‌ تۆپی پێی نێوان هەڵبژاردەکانیان ببینن کە لە چوارچێوەی‌ پاڵاوتنەکانی‌ گەیشتن بە جامی‌ جیهانی‌ بەڕێووە دەچو. 
 
یەکەمین یاری‌ نێوان هەڵبژاردەکانیان لە 8ی‌ حوزەیرانی‌ 1969 لە شاری‌ تیگۆسکالیا پایتەختی‌ هندۆراس بەڕێوەچوو کە بەئەنجامی‌ گۆڵێک بەرامبەر بە هیچ لەبەرژەوەندی‌ هندۆراس لە کەشێکی‌ گرژ و ڕوودانی‌ ئاژاوە و شەڕ لە نێوان هاندەرانی‌ هەردوو هەڵبژاردە کۆتایی هات. 

وە لەیاری‌ گەڕانەوەدا کە لە 15ی حوزەیرانی‌ 1969 لە یاریگای‌ فلۆربانکالی‌ شاری‌ سلفادۆر بەڕێوەچوو ، هەڵبژاردەی‌ سلفادۆر توانی‌ وەڵامی‌ هەڵبژاردەی‌ هندۆراس بداتەوە و یارییەکە بە ئەنجامی‌ سێ گۆڵی‌ بێبەرامبەر لە کەشێکی‌ گرژدا بباتەوە کە یاریزانەکان لە رێگەی‌ پاصی گولەنەبڕ و بە پاسەوانی‌ ژمارەیەکی‌ زۆر لە هێزە ئەمنییەکان گوازرانەوە نێو یاریگا ، هەروەها یاریگاکەش بە ژمارەیەکی‌ زیاتر لە هێزە ئەمنییەکان دەورەدرابوو . 
       
دوای‌ ئەوەی‌ یاری نێوانیان گوازرایەوە بۆ یاریگاکانی‌ مەکسیک لە 26ی‌ حوزەیرانی‌ 1969 هەڵبژاردەکانی‌ هندۆراس و سلفادۆر لە یارییەکی‌ یەکلاکەرەوەدا کە لە یاریگای‌ ئەزتیکا لە پایتەختی‌ مەکسیک بەڕێوەچوو ، هەڵبژاردەی‌ سلفادۆر لە کاتی‌ زیادکراودا توانی‌ ئەنجامی‌ یارییەکە سێ بەرامبەر بە دوو گۆڵ بباتەوە و خۆی‌ بگەیەنێت بە کۆتاییەکانی‌ پاڵەوانێتییەکە .  ڕاستەوخۆ لە دوای‌ یارییەکە هاندەرانی‌ هندۆراس لە شەقامەکاندا دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و هاوڵاتیانی‌ سلفادۆر کەوتنە بەر هێرشی‌ هندۆراسییەکان لە وڵاتی‌ خۆیان ، بۆیە سلفادۆرییەکانی‌ هندۆراس ناچاربوون ڕووەو سلفادۆر هەڵبێن . 
 
لەهەمان ڕۆژدا سلفادۆر بڕیاری پچڕاندنی‌ پەیوەندییە دبلۆماسییەکانی‌ لە گەڵ هندۆراسدا بە بیانوی‌ ئەوەی‌ کە بە سەر سلفادۆرییەکاندا هاتووە بە تاوان ئەژمێردرێت وە کاربەدەستانی‌ هندۆراس هیچ رێکارێکی‌ کردەییان نەگرتۆتەبەر لە بەرامبەر سزادانی‌ ئەنجامدەرانی‌ ئەم تاوانە و هاوڵاتییە سلفادۆرییەکانیش هیچ قەربوویەک نەکرانەوە لە بەرامبەر ئەو زەرەرو زیانانەی‌ پێیانگەیشتووە. 

ئەو یارییە جگە لە دڵۆپەیەک ئاو هیچی‌ تر نەبوو کە بووە هۆی‌ ئاشکرابوونی‌ هۆکارە قوڵەکانی‌ ململانێی نێوان ئەم دوو وڵاتە ، دۆخی‌ سلفادۆر ئاماژەی‌ بە ڕوودانی‌ شۆرشی‌ هەژاران و جوتیارانی‌ دەکرد بە هۆی‌ دەستبەسەراگرتنی‌ پانتاییەکی‌ زۆر لە زەویی و زار لە لایەن دەرەبەگەکانەوە ، ئەمەش زۆرینەی‌ جوتیارە بچووکەکانی‌ ناچار کرد ڕووەو سنورەکانی‌ هندۆراس کۆچ بکەن و لەوێ نیشتەجێ بن و وەبەرهێنان لە زەوی‌ و زارەکانیان بکەن. 

بەڵام هندۆراس لەسەرەتای‌ ساڵی‌ 1969 بەمەبەستی‌ تواندنەوەی‌ تووڕەیی خەڵکەکەی‌ بڕیاری‌ شۆرشی کشتوکاڵیدا، کە خۆی‌ لەگەڕاندنەوەی‌ هەمو ئەو زەوی‌ و زارانە ئەبینیەوە کە سلفادۆرییەکان وەبەرهێنانیان تێداکردبوو، ئەمەش کێشەیەکی‌ گەورە بوو بۆ وڵاتی‌ سلفادۆر کە ناچار ئەبوو پێشوازی‌ لە ژمارەیەکی‌ زۆر لە هاوڵاتی‌ سلفادۆری‌ کە لە هندۆراس ئەگەڕانەوە بکات، بۆیە دۆخی‌ کۆمەڵایەتی‌ سلفادۆر زۆر نالەباربوو وە لە لێواری‌ شڵەژانێکی‌ کۆمەڵایەتی‌ بەرفراوان نزیک دەبوەوە. 

جەنگ‌و لێکەوتەکانی‌ 
دوای‌ ئەوەی‌ فڕۆکەیەکی‌ هندۆراس ئاسمانی‌ سلفادۆری‌ بەزاند و کەتیبەیەکی‌ سەربازی‌ سلفادۆری‌ کردە ئامانج ، هەروەها ئەنجامی‌ یارییەکەو ئەو تومەتانەی‌ ڕووبەڕووی‌ هاندەرانی‌ هندۆراس کرانەوە ، ئەم هۆکارانە هانی‌ سەرکردە سەربازییەکانی‌ سلفادۆریدا تا لە 14 تەموزی‌ 1969 تاکلایەنە جەنگیان دژی‌ هندۆراس ڕابگەیەنن کە تا 18ی‌ هەمان مانگ بەردەوام بو. 

سلفادۆر ژمارەی‌ سەربازانی‌ زیاتر بوو لە سەربازانی‌ هندۆراس کە خۆی‌ لە 20000 هەزار سەرباز ئەبینیەوە بەڵام هندۆراس خاوەنی‌ نزیکەی‌ 10000 هەزار سەرباز بوو ، سلفادۆر ئەمەی‌ بە هەلزانی‌ و قۆستیەوە و هێزەکانی‌ بە قوڵایی 40 کیلۆ مەتر خاکی‌ هندۆراسیان تا نزیک پایتەختەکەی‌ بەزاند  ، بۆ ماوەی‌ 100 ڕۆژ جەنگ بەردەوام بوو لە نێوانیان. 

دیارترین ڕۆژنامەنووس کە ڕووماڵی‌ جەنگەکەی‌ ئەکرد ڕۆژنامەنووسی‌ پۆڵۆنی‌ ریزارد کابوسیرکی‌ بوو کە جەنگەکەی‌ بە جەنگی‌ تۆپی پێ ناوزەند کرد. 

سلفادۆر هەستا بەتۆمارکردنی‌ سکاڵا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دەستەی‌ مافی‌ مرۆڤ و رێکخراوی‌ وڵاتە ئەمریکییەکان، بەتایبەتی‌ دوای‌ ئەوەی‌ کچە سلفادۆرییەک  لەهندۆراس خودکۆژی‌ کردو وەکو سمبولی‌ نیشتیمانی‌ تەماشا کرا.  

لەمانگی‌ ئابی 1969 لە ئەنجامی‌ هەوڵی‌ کۆمەڵگەی‌ نێودەوڵەتی‌ و ڕێکخراوەکانی‌ ئەمریکای‌ ناوەڕاست و دەستێوەردانی‌ سەرۆکی‌ ئەوکاتی‌ ئەمریکا لیندون جونسون کۆتایی بە جەنگەکە هێنرا و ڕێکەوتننامەی‌ ئاشتی‌ مۆرکرا ، کە سوپای‌ سلفادۆری‌ ناچار بە کشانەوە کرد بۆ دەرەوەی‌ خاکی‌ هندۆراس. 

جەنگی‌ نێوان هندۆراس و سلفادۆر کوشتنی‌ 3000 هەزار کەس لێکەوتەوە کە لە نێویاندا هاوڵاتی‌ مەدەنی‌ بوونی‌ هەبوو ، وە بووەهۆی‌ برینداربوونی‌ زیاتر لە 15000 هەزار کەس و ئاوارەبوونی‌ زیاتر لە ( 300000 ) هەزار سلفادۆری‌ کە یەکێک بوو لە هۆکارەکانی‌ هەڵگیرسانی‌ جەنگی‌ ناوخۆیی لە سلفادۆر ، هەروەها هەردوو وڵات زەرەرو زیانێکی‌ زۆریان بەرکەوت لە ڕووخانی‌ زیاتر لە سەدان خانوو و شوێنی‌ گشتی‌ کە بەهاکەی‌ زیاتر لە هەشت ملیار دۆلار بوو ، وە سنوری‌ نێوانیان داخست و جموجۆڵی‌ بازرگانی‌ لە نێوان هەردوو وڵات پەکی‌ کەوت. 

دوای‌ یازدە ساڵ لە وەستانی‌ جەنگی‌ نێوانیان لە 30ی‌ تشرینی‌ یەکەمی‌ 1980 ئەم دوو وڵاتە پەیماننامەیەکی‌ ئاشتییان مۆرکرد کە ئەویش بە یەکلاکردنەوەی‌ کێشەکانی نێوانیان لە لایەن دادگای‌ نێودەوڵەتییەوە. 

دوای‌ ئیمزاکردنی‌ پەیماننامەی‌ ئاشتی‌ نێوانیان چەندین جار هەڵبژاردەی‌ تۆپی پێی وڵاتەکانیان بەبێ کێشە ڕووبەڕووی‌ یەکتر بونەوە، هەروەها لە ساڵی‌ 1982 تیپی‌ هەڵبژاردەکانیان توانیان بگەن بە یارییەکانی‌ جامی‌ جیهانی‌ کە لە ئسپانیا بەڕێوەدەچو. 
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×