نامەی بەرهەم ساڵح بۆ بارزانی

هێڤیدار ئەحمەد
  2019-01-22     2603

ساڵی 2011 بوو گەرمەی خوپێشاندانەكانی 17ی شوبات بوو لە سلێمانی، تەقەبوو لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح و یادی دامەزراندنی حیزبی سوسیالیست بوو لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر، سەرۆك بارزانیش لەو یادەدا ئامادەبوو، بزووتنەوەی گۆڕان لە لووتكەی ئۆپۆزیسیۆنیی خۆیدابوو. محەممەد توفیق رەحیم، لە بزووتنەوەی گۆڕان لەو یادەدا لە ریزی پێشەوە دانیشتبوو، باش لەبیرمە، سەرۆك بارزانی گوتارێكی پێشكێشكرد، ئەوەندە بەرگیری لە بەرهەم ساڵح كرد وەك سەرۆكوەزیران، بە قسەی خودی د.بەرهەم ساڵح حیزبەكەی (یەكێتی) قەت هیندەی بارزانی بەرگری لێنەكردبوو.

ئەو یادە دوای هەفتەیەك بوو لە نامە نهێنییەكەی د.بەرهەم ساڵح بوو بۆ مام جەلال، كە ئەوكات سەرۆككۆماری عێراق بوو . بەرهەم ساڵح لەو نامەیەدا داوا لە مام جەلال دەكات دەستیبگرێت ، چونكە بەشێكی هەرەزۆری مەكتەبی سیاسی یەكێتی دژایەتی دەكەن. هەر لەو نامەیەدا بەرهەم ساڵح دەڵێ "خوا هەڵناگرێ پارتی زیاتر لە یەكێتی پاڵپشتی من دەكات ".

یادەكەی حیزبی سوسیالیست تەواوبوو، من لەگەڵ بەرهەم ساڵحدا سواربووم، فەڕەیەكی شەست مەتری هەولێرمان لێدا و زۆر قسەمانكرد، دواتر رۆیشتین بو ئەنجوومەنی وەزیران و قاوەیەكی خوشمان خواردەوە. بەرهەم ساڵح بانگی توانا ئەحمەدی كرد كە سكرتێری رۆژنامەوانی ئەو بوو، گوتی كاكە توانا بەڕاستی ئەمڕۆ كاك مەسعود لە پێشكێشكردنی گوتارەكەیدا زۆر پاڵپشتی منی كرد و برادەرانی گۆڕانیش لەوێ دانیشتبوون.

سەرۆك بارزانی بەردەوام پاڵپشتی ئەم پیاوەی كردووە كە ئێستا سەرۆككۆماری عێراقە و ناوی بەرهەم ساڵحە. كاك بەرهەم رۆژێك لە ماڵی خوی لەسەر نانخواردنی ئێوارە بەمنی گوت "بە كاك مەسعودم گوتووە، هەركاتێك دەوڵەت رابگەیێنی، من یەكەم كەس دەبم لە پشت سەری تۆوە بوەستم"، كە گشتپرسی لە باشووری كوردستان كرا، رۆژێكیش نەمانبینی د. بەرهەم ساڵح قسەیەكی خێر بو ئەنجامدانی گشتپرسییەكە بكات جگە لەو رۆژەی لەگەڵ خەڵكدا چوو بۆ دەنگدان !

لەدوای 2003ەوە كە عێراقی دوای سەددام دروستبوو، بەرهەم ساڵح خەونی بە پۆستی سەرۆككۆماری عێراقەوە دەبینی و پێیگەیشت! بەڵام چۆن؟ هێشتا د.بەرهەم ساڵح لەنێو حیزبی (هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری) بوو، لەلایەن پارتییەوە بانگكرا و سەرۆك بارزانی پێیگوت، كاكە ئەگەر دەتەوێ ببیە سەرۆككۆماری عێراق، بەهەموو شێوەیەك پاڵپشتی تۆ دەكەین. بەڕێز بەرهەم ساڵح، وای نیشاندا كە قەت ئارەزووی ئەو پۆستەی نییە، تەنانەت سەرۆك بارزانی ئەم بابەتە لەگەڵ یەكێتیش باسكرد و پێیگوتن ئەگەر ئێوە رازیبن با د.بەرهەم بكەینە سەرۆككۆمار ، پێش ئەوەی د.بەرهەم ساڵح بگەڕێتەوە نێو یەكێتی، بەڵام یەكێتی گوتی قەت ئەوە قبوڵ ناكەین و چۆن بەرهەم سالح دەكەینە سەرۆككۆمار و ئەوە رەفتارێكی دۆستانە نییە ئێوە لەگەڵ یەكێتی دەیكەن ئەگەر وابكەن !

ئێستا بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراقە و بەناوی (یەكێتی)یەوە ئەو پۆستەی وەرگرتووە نەك هەموو كورد، چونكە خۆی پێش هەمووان ئەو یەكێتییەی كورد و تەنانەت یەكێتی ناو یەكێتیشی تێكدایەوە . هەولێر تائێستا ئامادەنییە پێشوازی لەو سەرۆككۆمارە بكات، نەك لەبەرئەوەی بەربژێرەكەی پارتی بەرامبەر ئەو لەنێو پەرلەمانی عێراق و بەدەنگی شیعە و سوننەكانی دژە كورد دەرچوو، بەڵكو پارتی و بارزانی بەراشكاوانە پێیانگوتبوو ئەگەر دەتەوێ ئەو پۆستە وەربگری پێش هەموو لایەك ئێمە پاڵپشتی تۆ دەكەین، بەرهەم ساڵح حاشای كرد، كەچی لە پشتەوە یارییەكەی گۆڕی وەك كودەتایەك بەسەر یەك شاندی پارتی و یەكێتیدا ، كێ پێیگوت ئەوە بكات ، وەڵامەكە دەبێ لەلای خۆی بێت .

دوای ئەوەی بە لاوازی بووە سەرۆككۆمار ، لەوكاتەوە د.بەرهەم ساڵح، دەرگا نەماوە لێینەدات كە چۆن كارێك بكرێت هەولێر دەرگای خۆی بەڕوویدا بكاتەوە؟ بۆ ئەو مەبەستە قسە لەگەڵ هەموو جۆرە خەڵكێك دەكات . ئێستا چۆن نێوانی د.بەرهەم ساڵح لەگەڵ سەرۆك بارزانی و پارتی چاكدەبێتەوە؟

لە 2012دا كەمال رەئوف، سەرنووسەری رۆژنامەی هاوڵاتی بوو، سەردانێكی كاك نێچیرڤان بارزانی كرد، كاك نێچیرڤان پێیگوت "مام جەلال كە سەرۆككۆماری عێراقە نامەی دەستلەكاركێشانەوەی خۆی رادەستی جەنابی سەرۆك بارزانی كردووە" ئەمە لە رۆژنامەی هاوڵاتی ببووە مانشێت.

تەبایی نێوان جەنابی سەرۆك بارزانی و مام جەلال بەڕەحمەتبێ زۆربوو، ئەو نامەیەی مام جەلال بۆ ئەوەبوو عێراقییەكان و شیعە و سوننە لە بەغدا بزانن، كورد پێكەوەیە و بڕیاری كوردستان لە هەولێر و مەرجەعیەتی كوردستان (هەولێرە)، بەوشێوەیەش هەم پێگەی مام جەلال لە بەغدا بەهێزتربوو، هەمیش كورد قسەی لەبەغدا زۆر بەهێز بوو. مەبەستی ئەو دوو سەركردەیەی كورد ئەوەبوو، بایەخی هەردووكیان و كوردستان لەنێو كوردە، نەك لەبەغدا و لەدەست شیعە و سوننەكان .

پێشنیاز دەكەم د.بەرهەم ساڵح ئەو نموونەیەی مام جەلال دووبارە بكاتەوەو نامەی دەست لەكاركێشانەوەی خۆی رادەستی سەرۆك بارزانی بكات، بۆ گەڕانەوەی سەنگ و هێزی كورد كە خۆی بەشێكی زۆری شكاندنی ئەو سەنگ و هێزەی بەردەكەوێت. هەر كاتێك كورد پێكەوە مەبەستی بێت و لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان بڕیارێك بدەن و داوا لە د.بەرهەم ساڵح بكات بگەڕێتەوە، ئامادەبێت. چونكە سەنگی د.بەرهەم ساڵح لەنێو هەولێر و سلێمانی و كەركووك و دهۆكە نەك لە بەغدا و لەو پایتەختانەی لە رێگەی وەزیرێكەوە پێشوازی لێدەكەن!

د.بەرهەم ساڵح، بڕوابكە چۆن سەرۆك بارزانی لەوكاتەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بووی تاوەكو سەر پاڵپشتی جەنابت بوو، ئێستاش هەروادەبێ. چونكە جەنابیشت باش دەزانی بەبێ خەڵكی كوردستان و پایتەختە سیاسییەكەی (هەولێر) ناونیشانی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق بۆ ئێوە "كامڵ" نییە.

فەرموو نامەكەت بنووسەو بگەڕێوە هەولێر، كە بڕیارتدا ئەو نامەیە بنووسی، راوێژ لەگەڵ كەسانی دڵسۆز بكە، كە قسەی خێرت بۆ بكەن، نەك قسەی شەڕ. بڕیارەكەش لای خۆتە. بەوشێوەیە بەشێوەیەكی واتادار ئەوە دووپاتدەكەیەوە كە بڕیاری كورد یەكە و نابێ لەبەغدا لەتببێ.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×