خوێندنەوەیەک بۆ پاشەکشەی هەنگاوەسیاسیەکان

نەوزاد ساڵح
  2019-01-23     866

هەڵبەتە چەندین هۆکاری ناوخۆیی ودەرەکی کاریگەریی تەواویان هەیە لەسەردواکەوتن وبەپاشداهاتنی هەنگاووجووڵە سیاسیەکانی سەرکردایەتی سیاسی کوردکە تائێستاش پلان و ستراتیجیەتێکی عەقڵانی و دوورمەودای نیەو بەپێی رۆژ مامەڵەدەکات لەگەڵ ڕوداوو پێشهاتە سیاسیەکاندا،نەبوونی یەکگوتاری کەکاریگەری راستەوخۆی هەبوەلەسەرئەم بەپاشداهاتنەوزۆرجار دوای دەرەنجام دەکەوێت و بە ئاگادێتەوەو دەکەوێتەوێزەوگلەیی لە ڕەوتی ڕۆژگار، ئەگەر چی جەنگی تیرۆریزمی جیهانی دا‌‌عش کۆتایی نەهاتوە بەڵام ڕەنگە بەرەو کۆتایی هەنگاو بنێت و لەدەرهاویشتەی ئەم جەنگە دەست کردەدا کورد وێڕای شەهیدبوونی سەدان ڕۆڵەی گیان فیداو برینداربوونی هەزاران پێشمەرگەی قارەمان و زیانێکی زۆری مادی و مەعنەوی بەڵام هەست دەکەین  لەچنینەوەی بەرهەمی ئەم جەنگەدا کە کوردکارئەکتەری بنچینەیی بووە هێندە زەرەرمەندبووە  ئەوندە لە دەسکەوتەکان سودمەند نەبووە، لەو نێوەندەشدا توویتە لەناکاوەکەی ترەمپ لە ١٩ ی دیسەمبەری ٢٠١٨دابووە هۆی نیگەرانی کوردبەگشتی و  کوردانی خۆرئاوابەتایبەتی،  بێ باکی  هاو پەیمانانیشی دەرخست دەرهەق بە بەرخۆدانی خۆرئاوای کوردستان، هەرچەندە کۆشکی سپی زوو هەستی بەپەلەیی وشپرزەیی ئەو بڕیارە کردو ئێستا قۆناغ بەقۆناغ لە هەوڵی راستکردنەوەیدان، هەڵپەی کردنەوەی نوێنەرایەتی وڵاتان لە سوریا ئەوەمان پێدەڵێت کە زلهێزەکانی وەک ئەمریکاو روسیا ئیتر گرەو لەسەر ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد ناکەن کە (٧) ساڵە لەسەر خاکی وڵاتانی سوریاو‌ عێراق چەک نەما تاقی نەکەنەوە بۆیە ئیتر ئەو وڵاتەو ئەسەدیش ئاسایی دەمێننەوەو ئەو گەمەیەش رەنگە کۆتایی بێت،سیاسەتە بێ پلان و شڵە ژاویەکەی ترامپ کە لە بەرژەوەندی تورکیابوو،هەژموونی دەسەلاتی ئەمریکا و روسیاو ئێران و تورکیا و سوریا لە ناوچەکەدا و شەڕکردنیان لەسەرپاراستنی بەرژەوەندیەکانیان دۆخیکی نوێی دروست کردوەو کوردکراوەتە قەڵغانی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئەو وڵاتانەو ئیستا بە مایەی خۆیەوە لەم گەمەسیاسیەی ناوچەکەدا هەڵناسێتەوە و زیانی گەورەی بەرکەوتوە،عێراق و سوریا لە ماوەیحەوت ساڵی رابردوودا جگە لە بازاڕی ساقکردنەوەی کاڵا سەربازیەکانی زلهێزەکان لە سێبەری ئەو بەرژەوەندیانەشدا ئیسرائیل و ئێران و ئیمارات و قەتەر و تورکیاو سعودیەش کە ئێستامیسر و هەندێک لە ولاتانی کەنداویشیان هاتوەتە سەر سەرقاڵی جێکردنەوەوفراوانکردنی سنووری قەڵەم ڕەویی خۆیانن،لە دوای ٢٠١٤ ەوە لەسەرهەڵدانی جەنگی دژبەداعش کورد هەلی باشی بۆ رەخساوەو ناو وناوبانگی باشی دەرکرد بەهۆی بەشداری کارای فەرماندەو پێشمەرگەکانی لە بەرەکانی جەنگی دژی تیرۆریزمی جیهانی و کۆی مرۆڤایەتی،ئەوەی لە  ئەمڕۆدادەگوزەرێت و هەستی پێ دەکرێت کوردبەهۆی نەبوونی یەکڕیزی ویەکگوتاری هاوبەشەوە لە پاشەکشەیەکی نا سروشتیدایە و لە هەر چوار پارچەی کوردستان پەلاماری  جیاواز جیاوازی دەدرێت بۆ بەرتەسککردنەوەی سنوری دەسەڵاتی و  لەچوار چێوەدان وپێشێلکردنی سەروەری خاک و زەوتکردنی ماف و هەموو ئازادیەکانی،ئەودۆزەخەی کە ساڵی ڕابوردوو تورکیابۆ عەفرینی ساز کرد و پێشتریش پەلاماری کۆبانێ و شارو گوندەکانی تری باکورو خۆرئاوای کوردستانیدا و ئێستاش بە هێنانی هێزو دروستکردنی سیناریۆی جۆراو جۆر بۆ وێرانکردنی مەنبج ودا‌‌گیرکردنی لەپەرەسەندایە بە پشتیوانی گرووپە تیرۆرستیەرادیکاڵ وتووندڕەوەکانی وەک بەرەی نەسرەوئەحرار ئەلشام......هتد.

 

لە باکوری کوردستانیش لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا کە لە ٧ ی حوزەیرانی ٢٠١٥ دا پارتی  گەلانی دیموکرات توانی وەک پارتێکی کوردی ئەگەر چی لەنەتەوەی تریش لەم پارتەدا خەبات دەکەن (٨٠) کورسی پەرلەمانی بەدەست هێنا هەرچەندە زۆری نەخایاند ئەردۆغان و ئەکەپە کەوتنە گێچەڵكردن بە دەرئەنجامی پرۆسەکەو هەڵبژاردنی پێشوەختیان ئەنجامدا لە ١/ ی نۆڤەمبەری هەمان ساڵدا و بەمەش ڕێژەی کورسیەکانی هەدەپ بوو بە (٥١) کورسی و (٢٩) کورسیان لە دەستداکەچەندین هۆکار لە پشتی پلانی ئەردۆغانەوە هەبوو کە بە گوشارو دانانی سەرباز لەسەر سندوقی دەنگدان و رێگریکردن لەدەنگدەرانی کورد لەم پرۆسەیەداو دروست کردنی جاش و جەردەوان خەرج کردنی پارەو خەرجیەکی زۆر وتەزویر (تەزویری رێکخراو).......هتد.

 

سەرئەنجام نەیان توانی دەنگی کوردان کپ بکەنەوە بەڵام کاریگەریان دروست کرد، ئێستاش هەردوو هاوسەرۆکانی ئەم پارتە و چەندین ئەندام پەرلەمان وکادرە بنچینەییەکانی ئەم پارتەوبەهەزاران لەئەندامانی ئەم پارتە لە زینداندان و ڕۆژانە چالاکوانە مەدەنیەکانیان دەستگیردەکرێن و گوشارێکی توندیان لەسەرە، بەڵام دەبینین ئیرادەی تاکی کورد بەهێزتر دەبێت لە دژی سیاسەتی شۆڤێنیانە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش وێڕای نا هەمواری باری ئابوری خەڵکی ئەم وڵاتە بە گشتی و کورد بە تایبەتی لە دەرئەنجامی سیاسەتی هەڵەی سەرانی ئێراندا و کێشەیان لەگەڵ ئەمریکا و جیهاندا و هەڵپە ساردنی رێکەوتنامەی ئەتۆمی،ڕۆژانە کۆڵبەران لە بۆ پاروە نانێک چەندین کیلۆمەتر چیا و دۆڵ و دەشت دەبڕن و شەهید دەکرێن و ڕۆژانە گەنجان لە سێدارە دەدرێن بە ناوی بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکانەوە کە لە ڕاستیدا لەبەر داوای ئازادی و کارو نانە،لە چەند مانگی ڕابردوو دا بینیمان بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران موشەک بارانکران و چەندین شەهیدو‌ بریندار لە سەرکردەو فەرماندەو پێشمەرگە کانی ئەو پارتەی لێ کەوتەوە کە ئەمەش یەکەمجار نیە ئێران دەست بۆ کاری وەها ببات، کەبەم هەنگاوانەیان دەیانەوێت کورد لە جوڵە سیاسیە کانیان بخەن ودەستەمۆی بکەن تا خۆبەدەستەوە بدەن و باسی ژیان و مافی ئازادی خۆیان نەکەن،گرتنە بەری سیاسەتی دوژمنکارانەی هەرچوار وڵات گەرچی هەماهەنگیش نەبن بەڵام تەواو کەری یەکترین و گوشارەکانیان هاوشێوەی یەکترن و بۆ لەبار بردنی ئەزموون و لەسەرپێ نەوەستانی کوردە، لە خۆرئاوای کوردستانیش ویڕای بەردەوامی بەرخۆدانی شەڕڤانان لە دژی فاشیزمی ئیسلامی داعش و رژێمی ئەسەدو سوپای فاشیزمی ئەردۆغانیش کە چەندین داستانیان تۆمار کردووە و بەردەوامن لە خەباتی مەدەنی و حوکمی خۆسەری و خۆ بەرێوە بردن ئەگەرچی هەڵەی بڕیارو  لێدوانەکانی ترامپ زیانی پێ گەیاندون و ئەوان بون بە قوربانی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و روسیا و ئێران و وڵاتانی دیکە، لە عێراق و باشوری کوردستانیش وێڕای ململانێی لایەنەکان و خۆ سەپاندنی دەسەڵاتی شیعە کە پێیان وایە لە (٩٠) ساڵی ڕابردودا و لە ماوەی (٣٥) ساڵی تەمەنی حزبی بەعسدا ئەوان پەراوێز خراون و خۆیان بە بەش خوراو دەزانن، بەڵام هاوشێوەی بەعسیەکان ئەمانیش لە سیاسەتی پاکتاوی رەگەزی خۆیان بەردەوامن و لایەنەکانی تری وەک و کورد و تورکمان کەمینەکانی تر ناخوێنەوەو بە هەمان سیاسەتی بەعسیەکان برەو بە داگیرکاری دەدەن، لە ١٦ ی ئۆکتۆبەری (٢٠١٧) دا کاتێک ناکۆکی دروست بوو لە نێوان هێزە عێراقیەکان و هێزی پێشمەرگەدا بینیمان بە چ شێوازێك و چۆن هێزیان کۆ کردەوە بۆ هێرش کردنە سەر هیزی پێشمەرگەو لەلایەن (حیدرعبادی) سەرۆک وەزیرانەوە بریاری هێرش کردنە سەر ئەو ناوچانە درا کە لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە پارێزراوبوون کاتێک سوپای ‌‌عێرا‌‌ق تیایاندا شکابوون وهەڵهاتبوون.

 

ئەم سیاسەتەی هەندێک لەکۆنە بە عسیەکان و دەسەڵاتدارانی شیعەی عێراقی کە ئێران جوڵەیان پێدەکات بۆ کوردو کەمینەکان هیچ جیاوازیان نیە و عێراق لەدەست ئەم عەقڵیەت و بیرکردنەوەیە رزگاری نەبووە،هەربۆیە وەک مەلیک فەیسەڵی یەکەم دەڵێت (شتێک نابینم بە ناوی گەلی عێراق) ەوە واتە گەلانی عێراق خاڵی کۆکەرەوەیان نیە چونکە بەدەستکرد پێکەوەلێکێنراون کەواتە جیابونەوەیان بە ئاشتیانە باشترین چارەسەرە. هەرچەندە بە شێک لەو هەڵانەی کە کورد زیانی لە دەرئەنجامیان کردووە پەیوەندیان بە هەڵەی سەرکردایەتی کورد خۆیەوە هەیە ئەوەی لە ئێستادا کە ناوچەکەی سەرقاڵ کردوە بەرژەوەندی و دابەشکاریەکی تری دەستکەوتەکانی زلهێزەکان و هەندێکی ترە لە ووڵاتانەی کە باسمان کرد،بینینی ڕۆڵی کورد لەم نێوەندەدا بە پێی جیۆ سیاسی و ئابوریەکەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستداکە داگیرکردن و دابەشکردن تیایدا بەردەوامە پێویستی بە خۆ رێخستنەوەیەکی نووێ هەیە ،تێکڕای لایەنەکان هەوڵی بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بدەن و ڕۆڵێکی نوێ بگێڕن بۆ تیپەڕاندنی ئەم قۆناغە و خۆبگونجێنن لەگەڵ دیدگاو سیاسەت و بەرژەوەندی زلهێزەکاندا تا بتوانرێ کار لەسەر ستراتیژێکی نوێ ئەگەر چی تاکتیش بێت بۆئەم قۆناغە چونکە لێکترازانی لایەنەکان و بە حزبی کردنی کۆمەڵگە سوود بە بابەتە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان ناگەیەنێت وهیچ گٶڕانکاری و پێشکەوتنێک ناهێنێتە دی،حزبەکانی کوردستان لە (١٠٠) سەدساڵی ڕابردودا نەیانتوانیوە خزمەتێکی گەورە بە دۆزی کورد بکەن و هەنگاوە سیاسیەکانیان پێش بخەن کە ئەمەش دەرئەنجامی پەرت بوون ویەکتر نەخوێندنەوە بووە، بە یەکخستنی ماڵی کوردی هێزو ووزەش بۆتاكی کوردی دەگەڕێتەوەو ئیرادەی تاک لە ڕووی سایکۆلۆژیەوە بەهێزدەکات.

 

بەڵام بە پەردەوازەیی و بەش بەش بێگومان دەرئەنجامەکەی زیان بە ڕەوتی پێشکەوتنی نەتەوە دەگەێنێت. گەورەترین زیان کە لە مێژوودا بەر کورد کەوتبێت هۆکارەکەی ناتەبایی ماڵی کورد بووە کاتێك لە ساڵەکانی ١٩١٨ تاکوو١٩٢٢ کاتێک شیخ مەحمودی نەمر دەکرێتە مەلیکی کوردستان بەڵام  عادیلە خانمی فەرمانڕەوای هەڵەبجە دژایەتی دەکات،لە ڕانیەو قەڵادزەش پشدەریەکان کە بابەکر ئاغا هانیان دەدات بە هەمان شێوە دان بە حوکمەتەکەی شێخدا نانێن،وێڕای دژایەتی کردنی لەلایەن موریدەکانی تەکیەی تاڵەبانیەکانەوە لە کەرکوک کە دەبنە هۆی لاواز کردنی حوکمەتەکەی شێخ مەحموود وشکستی پێدەهێنن. لە باکوری کوردستانیش کاتێک شێخ سەعیدی پیران شۆرش دەکات بەڵام بەهۆی پیاوە ئاینیەکانەوە کە هێندە بیری توندڕەوی ئاینیان دەبێت تاتوانەوەی سیمای نەتەوایەتی خۆیان وئەم پیاوە ئاینیانە کە لەهەمان کاتدا فەرماندەی سەربازیش بوون بیروڕایان لەگەڵ (شێخ سعید) دا نایەتەوەو دواجار هەر ئەمانە دەبنە هۆی شکستی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و شێخ  و (٥٢) هاوڕێی تێکۆشەری لە سێدارە دەدرێن. 

 

 نموونەی سێیەم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان كاتێک ( قازی محەمەد) دوای چەندین ساڵ خەبات لە ١٩٤٦ کۆماری مهاباد ڕادەگەێنێت بەڵام تەمەنی ئەم کۆمارەش ساڵێک تەواو ناکات و بەهۆی خیانەت و فریودانی هەندێک لە هۆزو تیرەکانی کوردەوەکە پشتی قازی بەردەدەن و پاڵپشتی ئێران دەکەن و بەمەش کۆماری کوردستان توشی ڕوخان دەکەن. هەر بۆیە کورد نەبوەتە ژمارەیەکی سەر مێزی وتووێژی وڵاتان لەنەتەوە یەکگرتوەکان یان ئەنجومونی ئاسایش وەک پرسی ئێستای (فەڵەستین) ،(کۆسۆڤۆ) (تەیموری خۆرهەڵات)......هتد کەئەمانە دۆسیەی کارکردنن و ئەنجامیان دەبێت بەڵام جوڵە سیاسیەکانی کورد هێشتا نەیانتوانیووە بگەیەنرێنە وەرگرتنی ڕەهەندی نێو دەوڵەتی کە هۆکاری سەرەکی پەرت بوون وپەردەوازەیی کوردە،مەخابن سوودوەرنەگرتن لە پەندو ئەزمون و نموونە میژووییەکان تائێستا دیاردەیەو بەردەوامی هەیە ، لە باشوریش وەرزێک لەساڵی یەکەمی چوارساڵی ئایندە بەسەر هەڵبژاردنەکانی ٣٠/٩/٢٠١٨ پەرلەمانی کوردستان تێ پەڕیوە بەڵام لایەنە کان هەر نەیانتوانیووە متمانە دروستبکەن و فریوی دەنگدەرەکانیان دەدەن بەپاساوی بێ بنەما، ئەم خەم ساردیەئەگەر چارەسەر نەکرێت لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا ڕەنگە کەمترین ڕێژەی خەڵک بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنەکان بکەن، باشترین بژاردە و دەرفەت بۆ چارەسەری ئەم دۆخە بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردە بە ئامادەبوونی سەرجەم لایەنەکان چونکە هەتا کۆنگرەی نەتەوەیی کوردنەبەسترێت و لایەنەکان و کەسایەتیەکان هاوڕا نەبن و کۆنگرە نەکرێتە بنەمای کۆکەرەوەی خاڵەهاوبەشەکان و هەوڵ و تواناکانی کورد لەمەڕ دۆزەڕەواکەی زەحمەتە بەم پەردەوازەییە کورد بگاتە مەنزڵی ئارامی، هەمووکاتێک دوژمنەکانی کورد لە پەردەوازەیی وناتەبایی کورددا سودیان بینیووەو مەرامەکانی خۆیان هێناوە تەدی، ئەگەر لایەنە سەرەکیەکان مامەڵەی دروست لەگەڵ ئەم دۆخەدا نەکەن و بە وریاییەوە جوڵە و هەنگاوە سیاسیەکانیان نەنێن بە دڵنیاییەوە چارەنوسی باشوریش وەک پارچەکانی تری کوردستان دەبێت و ئەم دەستەکەوتانەشمان لە دەست دەچێت کە بە خوین و فیداکاری سەد ساڵەی رابردوو هێنراونەتە دی کە ئەم حکومەتەی لێ بەرهەمهاتووە وێڕای تیبینی زۆر مان لەسەر کارو ئەرکەکانی بەڵام ڕۆشناییەکی باشە ئەگەر پەرەی پێبدرێت وچاکسازی بنەڕەتی تیابکرێت  لەڕێگای پەیوەندیەکانیەوە لەگەڵ دنیاداوکار بۆ بەهێز کردنی بکرێت،ماوەتەوە بڵێین تەنهابەیەکڕیزی ئاواتەکانی کورددێنەدی.

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
بافڵ تاڵەبانی: هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆیدا دەكرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د: هیچ هێزێكى ئۆپۆزسیۆنى ئێرانى‌و توركى لاى ئێمه‌ تیرۆریست نین
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
مەسعود بارزانی: ناكرێ لەو وادەیەی دیاریكراوە "هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد" بەڕێوەبچێت
وتەبێژی وەزارەتی دارایی: دەستمان بە رێککارەکانی پلەبەرزکردنەوە کردوە
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
وەزیری نەوتی عێراق: داوامان لە حكومەتی هەرێم كردوە نەوت رادەستی سۆمۆ بكەن بۆ هەناردەكردنی
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×