پارتی منەتی چی دەکات؟

گۆران عەلی كەریم
  2019-01-23     837
هاوكێشە سیاسیەكە لە ٢/١٠/٢٠١٨ دا گۆڕانی بەسەرداهات،  ئەوكاتەی دكتۆر بەرهەم بەهەڵبژاردن دەبێتە سەرۆك كۆمار و شكست بەڕكەبەرەكانی دینێت، كە لەناویاندا فواد حسێن یەكێك بوو لەوان. لێرەوە خاڵی وەرچەرخانی منەتی پارتی بەسەر یەكێتیەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار، كۆتای دێت.

  ئێستا پارتی لەباتی منەت كردن شەری ئەوە بە بەرهەم ساڵح دەفرۆشێت، كە بەموبارەكەی خۆیان و بەویست و ئیرادەی ئەوان، ئەو پۆستەی بەدەست نەهێناوە، دەنا پارتیەكان لە هەموو كەس باشتر دەزانن، ئەو لەهەموو كاندیدە  پێشنیار كراوەكان بەوەی خۆشیانەوە، شایستە ترو موستەهەقتر بوو تا ئەو پۆستە وەربگرێت. 

هێڤیدار ئەحمەد پەیامنێری پێشووی رووداو پەرلەمانتاری ئێستا لەسەر لیستی پارتی، بەچاویلكەی پەیامنێرییەكەی رووداوەوە دنیا دەبینێت و دەخوازێت، بۆ وەرگرتنی پشتیوانی پارتی، سەرۆككۆمار دەستلەكاركێشانەوەی خۆی رادەستی بارزانی بكات، تا لەم رێگایەوە پشتیوانی پارتی و بارزانی بەدەستبهێنێت، بۆ پشتیوانی ئەم داخوازیەشی باس لەنامەیەكی مام جەلال ئەكات كە كاتی خۆی بۆ كیشەكانی نێوان بارزانی و مالیكی باس كراوە، بەرێزیان لەوە خۆی بێئاگا ئەكات، رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی تەنها لەسەر پۆستی سەرۆككۆماری نەبووە، بەڵكو ئەو پۆستە لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكی هەرێم بووە، بۆیە پارتی چەند منەتی هەبوو بەسەر مام جەلالەوە بۆ ئەو پۆستە، یەكێتیش ئەوەندە و زیاتریش منەتی هەبوو بەسەر كاك مەسعودەوە، چونكە لەكۆتایدا بە موبارەكەی یەكێتی وادەی سەرۆكایەتی هەریم بۆ دووساڵ درێژكرایەوە.  

 دیارە هێڤیدار دەیەوێت بەخۆینەری وتارەكەی بڵێت،  مام جەلال ئەوكاتەشی سەرۆككۆمار بووە بەموافەقتی بارزانی و پارتی  سەرۆككۆمار بووە، بەڵام خۆی لەوە دەدزێتەوە ئەو راستیە ئاشكرا بكات كە بارزانیش بە موافەقەت و رەزامەنی تالەبانی بوو بەسەرۆكی هەرێم، ئەوە رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی بوو، هەر بۆیە چۆن بارزانی لەبەغداد پشتیوانی تاڵەبانی كرد، لەكوردستان یەكێتی و تاڵەبانی هەلمَەتی هەلبژاردنیان بۆ كرد، بە بەرهەم ساڵحیشەوە، بەو حاڵەشەوە دكتۆر كەمال میراودەلی كە ركبەری بارزانی بوو بۆ وەرگرتنی  پۆستی سەرۆكی هەرێم، سەرباری ئەوەی هیچ پارتیكیشی لەپشتەوە نەبوو بەڵام زیاتر لە ٤٠٠ هەزار دەنگی هێنا.   

لەراستیدا مرۆڤ بۆ ئەوەی هەردودیوی دیمەنەكە بەباشی ببینێت، ئەبێت ئەو راستیە بخرێتە روو، بۆ كورد واباشتر بوو، لەبەغداد، لایەنە سیاسییەكان پێكەوە بونایەو گوتاری هاوبەشیان هەبوایە بۆ پرسە هەڵپەسێردراوەكان، بەتایبەتی لەكاتێكدا كە بەشێكی زۆری ناوچە كێشە لەسەرەكان بەكەركوكیشەوە  لەئێستادا كەوتونەتەوە بن دەستی حكومەتی ناوەند، بەڵام سیاسەتی پاتری بەئاراستەیەكە خەریكە پۆستی سەرۆككۆمار دەكاتە كراسەكەی عوسمان و هەموو دنیا لەم خاڵەوە دەبینێت، خۆ گەر ئەوەندە نیگەرانن لەوەی ئەمە بوەتە هۆی تێكچوونی یەكریزی كورد، دەبوو ئەوان كاندیدەكەی خۆیان پێش هەڵبژاردنەكە بكێشایەتەوە و ئێستاش ئەو منەتەیان بەسەر یەكێتی و سەرۆككۆماریشدا بكردایە.

 ئێستا هەر چۆنێك بێت، دۆخەكە بەجۆرێكە بەرهەم ساڵح بەپلیكانەكانی پارتیدا سەرنەكەوتوە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، بۆیە موبارەكەی پارتی تا ئەو شوێنە پێویستە، كە كورد لەبەغداد بكاتە خاوەن پرۆژەیەكی یەكگرتووی بەهێز، هاوكات  پارتیش وەك هەر لایەنێكی تری كوردی سود لەو دۆخە ببینێت و بتوانێت  لەعێراق سودمەند بێت لە پێگەی سەرۆككۆمار .

 رەنگە برای نوسەر هێڤیداریش بێەویت بەم نوسینەی  لەسەر حسابی خەڵكی تر چاكەی ئەوەی پارتی بداتەوە كە بوەتە پەرلەمانتار، بەڵام حەقیقەتەكە شتێكی ترە و ئەوان بێ ئاگا لەوەی كە زەحمەتە رق و كینەو تورەیی پارتی  لە وەبێت كە كۆدەنگی شكینراوە، بەڵكو ئەسلی مەسەلەكە ئەوەیە كە پارتی لەو پرسەدا هەست بەشكست دەكات و ئەم جارە  بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆماری  نەیتوانی خاوەن فەزل و منەت بێت.

بۆیە داواكەی هێڤیدار نەلۆژیكیەو نە ئەقلانی تەنها شتیكی تیابێت بۆ خۆی باش بێت رەنگە ئەوە بێت، كەنوسەر لەرێگەی ئەم بابەتەوە توانی وەلای خۆی جارێكی تر بۆ حزبەكەی دووبارە بكاتەوە، دەنا خۆشی ئەو راستیە دەزانیت، داواكەی چەند گاڵتە ئامیزە ئەوەش نەك لای خەڵك، تەنانەت لای زۆرێكیش لە پارتیەكان.
 

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×