دو ئیداره‌یی‌ یان فۆبیای‌ لامه‌ركه‌زیه‌ت!

ئارام جەمال
  2019-01-23     1093
نه‌یارانی‌ لامه‌ركه‌زی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا بۆ ئه‌وه‌ی‌ رێگه‌ له‌چونه‌پێش‌و چه‌سپاندنی‌ لامه‌ركه‌زی‌ كارگێڕی‌ بگرن، به‌ مه‌به‌ست ده‌یانه‌وێت هه‌مو ناوهێنانێكی‌ لامه‌ركه‌زی‌ یه‌كسان بكه‌ن به‌ دو ئیداره‌یی‌، له‌بارێكدا ئه‌م دو چه‌مكه‌ له‌دو پاشخانی‌ ته‌واو جیاوازو دور له‌یه‌كتره‌وه‌ دێن، به‌جۆرێك، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر رویه‌كی‌ ناچاری‌ نه‌بێت ئه‌سڵه‌ن به‌راوردكردنیان هه‌ڵه‌یه‌كی‌ مه‌نهه‌جیشه‌، به‌ به‌ڵگه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌گه‌ر لامه‌ركه‌زیه‌تی‌ كارگێڕی‌ وه‌ك سیستم له‌خواستێكی‌ كارگێڕیی‌‌و دیموكراسیانه‌ی‌ هاوچه‌رخ‌و سه‌رده‌میانه‌وه‌ هاتبێت‌و له‌دنیادا باو بێت، ئه‌وا دو ئیداره‌یی‌ له‌پاشخانێكی‌ ته‌واو نا- كارگێڕییه‌وه‌ هاتوه‌و پایه‌كانی‌ له‌سه‌ر شه‌ڕی‌ ناخۆو دابه‌شكردنی‌ نفوزی‌ ناوچه‌یی‌ راوه‌ستاوه‌، كه‌ ئه‌مه‌ نه‌ك هه‌ر ناهێڵێت سیستمه‌ كارگێڕییه‌كه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان لامه‌ركه‌زی‌ بێت به‌ڵكو رێگرێكی‌ سه‌رسه‌خته‌ له‌به‌رده‌م ئه‌و سیستمه‌داو بگره‌ مۆركێكی‌ ناچیزو ناسه‌رده‌میانه‌شی‌ به‌خشیوه‌ته‌ سیستمه‌ كارگێڕییه‌ مه‌ركه‌زییه‌ حزبسالارییه‌كه‌شی‌.

جا بۆئه‌وه‌ی‌ سیستمی‌ به‌ڕێوه‌بردن‌و كارگێڕی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بخرێته‌وه‌ سه‌ر راسته‌ رێی‌ ئاسایی‌ خۆی‌، پێویسته‌ به‌ر له‌هه‌ر شتێك مۆدێلی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ دو ئیداره‌یی‌ وه‌ك به‌ردی‌ سه‌ره‌ رێی‌ به‌رده‌م سیستمی‌ كارگێڕی‌ لاببرێت‌و ده‌ست به‌ چه‌سپاندنی‌ سیستمی‌ لامه‌ركه‌زی‌ كارگێڕی‌ بكرێت. به‌واتایه‌كی‌ تر، چه‌سپاندنی‌ سیستمی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ لامه‌ركه‌زی‌، نه‌ك له‌گه‌ڵ‌ مۆدێلی‌ ناچیزه‌ی‌ دو ئیداره‌ییدا توانای‌ هه‌ڵكردنی‌ نییه‌ به‌ڵكو لامه‌ركه‌زیه‌ت له‌ودیو قۆناغی‌ دو ئیداره‌یی‌و له‌دوای‌ ناشتنی‌ ئه‌و مۆدێله‌ ناقۆڵایه‌وه‌ توانای‌ ژیانكردنی‌ هه‌یه‌و ده‌رفه‌تی‌ باڵاكردنی‌ راسته‌قینه‌ی‌ بۆ ده‌ڕه‌خسێت‌و زو به‌ زو ده‌توانێت روه‌ ئه‌رێنی‌‌و گه‌شه‌كانی‌ سیستمه‌كه‌ په‌ره‌پێبدات.

دو ئیداره‌یی‌ مۆدێلێكی‌ نه‌شازی‌ به‌ڕێوه‌بردنه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستانداو له‌په‌یوه‌ندییه‌كی‌ تێهه‌ڵكێشی‌ تۆڕئاسادایه‌ له‌گه‌ڵ مۆدێلی‌ به‌سه‌رچوی‌ حزب و حزبایه‌تی‌ باودا، كه‌ به‌ هه‌ردوكیان باوه‌شیان كردوه‌ به‌یه‌كترداو هێزده‌به‌خشنه‌ یه‌كترو به‌ هه‌ردوكیان نوێنه‌رایه‌تی‌ قۆناغێكی‌ مێژویی‌‌و سیاسی‌و كارگێڕی‌ شێواو خراپی‌ دنیای‌ ئێمه‌ ده‌كه‌ن.

مانه‌وه‌و هێشتنه‌وه‌ی‌ دو ئیداره‌یی وه‌ك مۆدێلی‌ باڵاده‌ست كارێكی‌ له‌خۆوه‌و به‌ رێكه‌وت نییه‌، به‌ڵكو پارێزه‌رانی‌ ئه‌و مۆدێله‌ له‌ژێر جه‌بری‌ هێشتنه‌وه‌ی‌ ئه‌و فه‌زایه‌دان چونكه‌ به‌لای‌ ئه‌وانه‌وه‌  پرسێكی‌ حه‌یاتییه‌و به‌ ئاسانی‌ ده‌ستبه‌رداری‌ نابن به‌ به‌ڵگه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له‌و مۆدێله‌دا روبدات ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ نێگه‌تیڤی‌ له‌سه‌ر هێزو نفوزی‌ پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ده‌بێت له‌ناوچه‌ نفوزی‌ خۆیاندا.

گرفتی‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌ی‌ به‌رده‌م راستكردنه‌وه‌ی‌ دو ئیداره‌یی‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ هه‌ر هه‌وڵێك بۆ كاڵكردنه‌وه‌و به‌جێهێشتنی‌ ئه‌و میراتییه‌ خراپه‌ی‌ به‌ڕێوه‌بردن، یه‌كسان ده‌كه‌ن به‌ هه‌وڵدان بۆ تۆخكردنه‌وه‌ی‌ دو ئیداره‌یی‌، له‌بارێكدا ئاسانترین‌و باشترین سیستمێك بۆ مانه‌وه‌ی‌ ئه‌ندازیارانی‌ "دو ئیداره‌خواز" ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێستا هه‌یه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا ناتوانن سیستمێكی‌ كارگێڕی‌ سه‌رتاسه‌ری‌ پێكبهێنن، كه‌ یه‌كه‌ كارگێڕییه‌كانی‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ رێژه‌یی‌ دارایی‌‌و كارگێڕی‌ خۆیان هه‌بێت‌و هه‌ندێك له‌دامه‌زراوه‌كانی‌ پایته‌ختیش رۆڵی‌ چاودێر ببینن به‌سه‌ر 139 یه‌كه‌ی‌ كارگێڕه‌وه‌ (4 پارێزگا، 32 قه‌زا، 103 ناحیه‌).

ئه‌گه‌رچی‌ دوئیداره‌یی‌ به‌ رواڵه‌ت وه‌ك لامه‌ركه‌زیه‌ت ده‌رده‌كه‌وێت به‌ڵام له‌جه‌وهه‌ردا پێیه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌ناو سیستمی‌ مه‌ركه‌زییه‌تدایه‌و ته‌نانه‌ت به‌رهه‌مهێنه‌ره‌وه‌ی‌ مه‌ركه‌زیه‌تێكی‌ جوگرافی‌ ناقۆڵایه‌ كه‌ به‌ هه‌ڵاوسانی‌ ناسروشتیانه‌ی‌ پایته‌خت ته‌واوده‌بێت. كاتێك داوای‌ نه‌هێشتنی‌ دو ئیداره‌یش ده‌كرێت به‌ مانای‌ پایه‌داركردنی‌ سیستمێكی‌ كارگێڕی‌ مه‌ركه‌زی‌ نایه‌ت به‌ڵكو بۆ به‌جێهێشتنی‌ ئه‌و كه‌لتورو میراتیه‌یه‌ له‌به‌ڕێوه‌بردن كه‌ حزبی‌ مه‌ركه‌زی‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ ده‌كات.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×