لێی گەڕێن لەکەناڵی ئێن ئارتی، لەخاوەنەکەی لێ مەگەڕێن!

نیاز سەعید عەلی
  2019-01-26     497

کەناڵی ئێن ئار تی، لەئێستادا وەک هەموو کەناڵەکانی تری هێزو پارتە سیاسییەکان؛ کەناڵێکی خاوەن پەیامی سیاسییەو بەئاراستە؛ کار ئەکات بۆ هێنانەدی چەندین ئامانج، گرنگترینیان ئەوەیە کەبووەتە پاسەوانی پاراستن و داکۆکیکردن؛ لەبەرژەوەندییە دارایی و ئابوورییەکانی خودی خاوەنی کەناڵەکە، ئەویش لەرێگەی بەکارهێنانی وەکو ئامرازێکی گووشارو فشار، لەسەر حکومەت و پارتە سیاسییە سەرەکییەکان و هەندێ لێپرسراوو دەسەڵاتداری ناو حکومەت و پارتە سیاسییە سەرەکییەکان؛ ئەمەش لەو کاتەی کە خاوەنی کەناڵەکە، ڕووبەرووی فشارو گووشاری جۆراوجۆر ئەبێتەوە، یان ئەو کاتەی کە خاوەنی کەناڵەکە؛ خۆی بۆ بەرژەوەندیی و ئامانجێکی دیاریکراو، کەناڵەکە وەکو ئامرازێکی فشارو گووشار ئەخاتەگەڕ.
لەم دواییانەداو هەر لەدرێژەی خۆپاسەوانکردن و بەمەبەستی بەدەستهێنانی پارێزبەندیی زیاتر؛ ئەو بەڕێزە دامەزراندنی ڕێکخراوێکی سیاسییشی خستەپاڵ کەناڵەکە، ئەمە بەدەر لەوەی کە؛ هەر لەسەرەتاکانی (کردن)ی و (بوون)ی بەڕێزی بەبزنسمان!!!؛ چ بەنهێنیی و چ بەئاشکرا، چەندین هەنگاوی تری ناوە بۆ بەدەستهێنانی پارێزبەندیی و خۆنزیککردنەوە لەکەسایەتییە دەسترۆیشتوەکانی ناو ناوەندو فەرمانگەو دامودەزگا پەیوەندییدارەکانی ناو دەسەڵات و دروستکردنی بەرژەوەندیی هاوبەش و بەخشینەوەی (ئیمتیازاتی تایبەت)و نازکێشانی پیاوانی بواری لێپێچینەوەو بزنس و...هتد.
خاوەنی کەناڵەکە هەر لەسەرەتاکانی دەرکەوتنیەوە؛ ڕووبەڕووی دەیان پرسیار بۆتەوەو بەردەوام خۆی لەوەڵامدانەوە دزیوەتەوە، (بەندە) یەکێکم لەوانەی کە بەکۆمێنت و لەپەیجەکەی خۆیدا؛ هەروەها بەچەند وتارێکی بڵاوکراوە، لەرۆژنامەو لەسۆشیال میدیا؛ ژمارەیەکی زۆری پرسیارم ڕووبەڕوو کردۆتەوە بەزمانی گووڵ، نەک بەزمانی زبرو سووکایەتییکردن، بەڵام ئەو بەرێزە، نەک وەڵامی نەئەدامەوە، بەڵکو لەدواجاردا بلۆکی کردم، ئەمە لەکاتێکدا وەڵامی زۆرینەی کۆمێنتەکانی تری ئەدایەوە.
خاوەنی کەناڵی ئێن ئار تی؛ لەم ساڵانەی دواییدا، بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان و بۆ خۆ دەمامککردن، ئەیەوێت خۆی بکاتە کەسایەتییەک، کەخەسڵەتەکانی کاریزمای تیا بێت، بۆ ئەمە پشتی بەمیدیاکەی بەستووە، لەمڕووەوە لەچەند ساڵی ڕابردوودا؛ چەند بەرنامەیەکی بۆ بانگەشە لەسەر خودی خۆی پەخش کرد، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی چەندین چاوپێکەوتنی تایبەتیی خۆی، هەروەها هەندێ بەرنامەی تریشی بۆ دروستکردنی کاریگەریی لەسەر خەڵک و خۆشەکردنیان پەخشکرد، کە لەبەدواداچووندا دەرکەوت؛ ئەو بەرنامانە تەنها لەخانەی ڕیکلام و پروپاگەندەکردندا بووە بۆ خاوەنی کەناڵەکەو نەچۆتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە، لەنموونەی ئەو ڕیکلامەی کە بۆ خاوەنی کەناڵەکە ئەکرا؛ گوایە بۆ دەستگرتنی گەنجان بۆ ناو بزنس، کۆمەکی ژمارەیەکی زۆر لەگەنجان ئەکات؛ هەر یەکەیان بەبری پێنج هەزار دۆلار، یان ئەو ڕیکلامەی کە ئەکرا بۆ تۆمارکردنی خانوو بۆ تەعمیر  لەسەر ئەرکی خاوەنی کەناڵەکە بەخۆڕایی، یان  بەرنامەی (هەنگاوی یەکەم)، کە تایبەت بوو بە پێشبڕکێی پرۆژەی بزنسیی، کە لەکۆتایی ساڵی (٢٠١٦)دا؛ لەکەناڵەکەوە ڕاستەوخۆ  لەلایەن خاوەنەکەیەوە پەخشکرا ئەکراو دوا ئەڵقەی کەوتە مانگی شوباتی (٢٠١٧)و  تیایدا خاوەنی کەناڵەکە بریاریداو ڕایگەیاند کە بەبڕی دە ملیۆن دۆلار؛ لەویلایەتی کالیفۆرنیا لەئەمریکا،؛ رێستۆرانتێکی براندی تایبەت بەخواردنی مناڵ؛ بەدەیان لقەوە لەهەموو جیهاندا،لەنموونەی ماکدۆناڵد؛ بۆ براوەی یەکەم لەبەرنامەکە بکاتەوە، یەکێک لەلقەکانیشی لەسلێمانی بکرێتەوە، ئەمە لەکاتێکدا کە ئەو بەرنامەیە؛ لەزاری خاوەن کەناڵەکەوەو لەئەڵقەی کۆتاییدا؛ ئەبوایە وەرزی دووەمیشی لەسەرەتای ساڵی (٢٠١٧)دا هەبووایەو بەردەوام بووایەو چەندین وەرزی تریشی بەدوا بهاتایە.
 شایەنی باسە کەناڵی ئێن ئار تی؛ تاکو ئێستا ڕاپۆرتە هەواڵی لەسەر جێبەجێبوونی ئەو سێ چالاکییە ڕیکلامییەی خاوەنی کەناڵەکە بڵاونەکردۆتەوە؟؟!، ئایا ئەگەر ئەو ڕیکلامانە بچوونایەتە قۆناغی جێبەجێبوونەوە؛ کەناڵەکە بەباسکردنی هەراسانی نەئەکردین!!
ئەگەر هەڵسەنگاندن بۆ هەوڵ و جموجۆڵەکانی خاوەنی کەناڵی ئێن ئار تی بکەین؛ ئەگەینە ئەو ئەنجامەی کە بەرێزی ئەیەوێت هێزی بەرەنگاریی و خەمساردیی و بێ منەتی خۆی، لەبەرامبەر دەسەڵات و پارتە سیاسییە سەرەکییەکان و هەندێ لەکەسایەتییە دەسەڵاتدارەکانی ناو پارتە سیاسییە سەرەکییەکان؛ بەسیناریۆی جیاجیاو بەگوێرەی هەلومەرجی گونجاو؛ پیشانبدا، بێگومان ئەمەش بۆ ئەوەی لەم رێگەیەوە تابلۆیەک بنەخشێنێت و چاوەکان لەگەڵ ئەو دیمەنەدا ڕابهێنێت؛ کە ئەو نەیارێکی بێڕکابەری حکومەت و پارتە سیاسییە سەرەکییەکان و ژمارەیەک لەلێپرسراوە دەسەڵاتدارەکانە.
ئەگەر چەندین شیکردنەوەو گریمانەو ئەگەر، لەئارابێت بۆ ئەم هەڵوێستەی ئەو بەرێزە، ئەوا ئەگەری بەهێز؛ ئەوەیە کە ئەمە بەشێکە لەسیناریۆیەک بۆ وەڵامدانەوەی هەندێک لەپرسیارە وەڵامنەدراوەکان، لێرەوە وەڵامێک لەو تابلۆ نەخشێنراوەدا دروستکراوەو کراوەتە پەیامێکی ئاراستەکراو، ئەویش بەم جۆرە؛ خەڵکینە باوەڕ مەکەن کە خاوەنی ئەم کەناڵە؛ دەمامکی هەندێ بزنسمانی سیاسیی بەشدار لەدەسەڵاتدا بێت!! ، ئەگەر وابووایە چۆن ئەوەنە سەرکێش و چنگ بەکرێ ئەبوو لەبەگژداچوونەوەی پارتە سیاسییە دەسەڵاتدارەکانی ناو حکومەت!
خاوەنی ئەم کەناڵە، لەقۆناغەکانی ڕابردوو؛ چ بۆ ململانێی نێوان هێزە سیاسییە سەرەکییەکان، چ بۆ ململانێی نێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات، چ بۆ ململانێی نێوان تەکەتوول و گرووپە ناکۆکەکانی ناو پارتە سیاسییە سەرەکییەکان؛ بووەتە بەشێک لەئەجێنداکان، لەهەندێک ئەجێندادا خودی خۆی، سەرکێشی کردووەو خۆی تێخزاندووە، لەهەندێکی تریشیاندا بەفەرمایشت داخل بووە!!
ئەزموونی پرۆسەی سیاسیی لەهەرێمی کوردستان دەریخست، کۆمەڵگەی ئێمەش خاوەنی ژمارەیەک سیاسەتمەداری ئەکتەرو سیناریست و دەرهێنەرە ،وەلێ کەسیان هێندەی خاوەنی ئەم کەناڵە؛ سەرکەوتوو نەبووە لەنواندنی ڕۆڵ و بەسیناریۆکردن و دەرهێناندا، پانۆرامای ئەم بەرێزە شانۆگەرییەکەی بەردەوامە، چەند پەردەیەکی تری ماوە، بەڵام کۆتاییهاتنی شانۆگەرییەکە، گرێدراوە بەهەندێ فاکتەری سیاسیی و ئابووریی و سایکۆلۆجیی.
 خاوەنی کەناڵەکە دەمێکە درکی بەکۆتاییهاتنی شانۆگەرییەکە کردووە، هەربۆیە لەبەرەنگاربوونەوەدا و بۆ ململانێ لەپێناوی بەردەوامبوون،؛ میدیاو  کاری سیاسیی کردۆتە ئامرازو لەپشتی پەردەوە، هەماهەنگیان ئەکات لەگەڵ ئاراستە هاو بەرژەوەندەکان و شانۆگەرییەکەی پێ درێژئەکاتەوە!!
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×