نامەیەکی کراوە بۆ نما

تارا عومەر تۆفیق
  2019-02-01     537
 سلاو نما گیان، ماندو نەبیت، دەستە بچکۆلەکانت بەتوندی دەگوشم.
نما گیان ئەو هێرشە ئیعلامیەی کە ماوەیەکە دەکرێتە سەر تۆو خێزانەکەت بە تایبەتی باوکت بەڵگەی ئەوەیە کە تۆ کاریگەریت داناوەو ڤیدیۆکانت قسەی دلی خەلکی دەکەن. تۆ بە کارەکانت بویتە کەسایەتیەکی کۆمەڵایەتی و چویتە ناودڵی منداڵان و ماڵی خەلکی هەژارو کەمدەرامەتی کوردوستانەوە. هەستەکانی تۆ وخەونەکانت خەونی هەموو منالێکی بێبەشە لە منداڵێتی لەم کۆمەلگەیەدا. خەونە سادەو ساکارەکانت هیواو حەزی مناڵانەت چوونەتە بەرانبەر گەندەلی و پارەخۆری و  بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی لێپرسراوو چەتەو چاوچنۆکەکان. هەربۆیە تۆ ئەوانت باش نارەحەت کردووە.  هەموو بەرنامەیاکت وەبیریان دێنیتەوە کە ئەوان چەندە فاشل بوون لە خۆشگوزەرانکردنی خەڵکی کوردستان. چەندە فاشیل بوون لە بەڕێوە بردنی ووڵات و رێزگرتن لەوەی کە بە قەولی خۆیان لایان موقەدەسە!! وەک ونەتەوە و نیشتیمان وکوردایەتی وخۆشەویستی خاک. جا چجای شکستە یەک لەدوایەکەکانیان لە پەرودەوفیرکردن و لە دابینکردنی سادەترین پێویستیەکانی ژیانی خەلک لە ئاوو کارەبا وخزمەتگوزاری تەندروستی و داوودەرمان و ئەمنیەتی سەرجادەوبان.
بایەخدان بە مافی تاکەکانی کۆمەڵگا، بەتایبەت مافەکانی ژنان و منالان نەک لە بەرنامەی ئەم دەسەڵاتەو حیزبەکانیدا جێگەیەکی نیە، بەلکو بەتایبەت مافی مندالان ومنداڵیەتی نەبینراوەو هێچ پێناسەیەکی نیە. بەڵام بە ڕاستی پرسیارە کە بۆچی وا کتوپر منداڵیی تۆ بووە مەسەلەی رۆژو مافەکانی تۆ وەک منداڵ بوونە جێگای خەمی ئەوان؟ بۆ پەیتا پەیتا لەسەر مافەکانی تۆ هەلدەدەنێ و خۆت و خێزانەکەت پەلکێشی بەرنامە تەلەفزیۆنیەکان دەکەن و پزییشکی دەرونیت بۆ دابین دەکەن؟!! 
لە مێژووی ئەم دەسەڵاتەدا نەمانبینی رۆژێک دەزگایەک لە دەزگاکانی ئەم دەسەڵاتە، یەکێک لە شەخسیاتە سیاسیەکانی، پەرلەمانتارێک، کەناڵێکی تەلەفزیۆنی سەر بە حزبەکان، دڵیان راچڵەکیبێت بۆ مناڵە عەلاگە فرۆشەکانی ناو بازار یان کیژۆلە دەستفرۆشەکانی ناو شەقامەکانی شارەکان کە بۆ فرۆشتنی دەستەسرو بنێشت و بوتڵی ئاو شەوانە لە جیات خوێندن و خۆئامادەکردن بۆ قوتابخانە لە شوشەی پەنجەرەی ئۆتۆمۆبیلە گرانبەهاکان دەدەن تا دوو پووڵ بۆ خانەوادەکنیان پەیدا بکەن. ئەم دەسەڵاتە هەرگیز بۆی پرسیار نیە کە ئەم مندالانە بە شەو لەسەر شەقامەکانی شار دەرگیری چی دەبن، شەوانە چۆن خۆیان لە دەست بازرگانانی لەش و دێوەزمەی ناو سەیارە جوانەکان دەپاریزن.‌ هیچ دەزگایەک پزیشکی دەروونی بەکرێنەگرت بۆ ئەم منالانەو هەموو ئەو مندالانەی کە لە سایەی سیستەم و کلتوری دواکەوتوی کوردستاندا بەردەوام توشی ئازاردانی جەستەیی و شکاندنی دەرونی دەبن لەلایەن خێزان و کەس‌و کارو تەنانەت مامۆستاو فێرکارەوە.

 بەلکو دەسەڵات زیاتر گرنگی بە تۆ داوە نما گیان!! پزیشک و پسپۆر بۆ تۆ دابین دەکات تا لە بەرنامەکان  فرمێسک بۆ نما برێژن کە چۆن ئەم منالە لە لایەن باوکیەوە بەکارئەهینریت!! گەشەی عەقلی نماو خۆشڕەوانی نما بەلای ئەوانەوە بووەتە جیگەی پرسیارو لایان ئاسایی نیە!! لەکاتیکدا کە هەلس‌وکەوت و قسەکانی نما زۆر ئاسایی و نۆرمالە و لە زۆربەی ووڵاتە پێشکەوتوەکان بە دەیان منداڵی لێهاتووی وەک نما هەن. منداڵانێک وەک نما لە یوتوب و ماڵپەرەکان قسە دەکەن، رای خۆیان دەڵین، یان ئامادەی بەرنامەکان دەبن بۆ گفتوگۆ لە سەر پرسە کۆمەلایەتی یەکان. هەیانە رەخنە لە دەوڵەت و وەزیر و کەسایەتی و سەرۆکەکان دەگرن لەسەر سیاسەتی دژ بە منالان و دژ بە کۆمەڵگاو دژ بە ژینگە.
بە پێی یاساکانی لەقالبدانی منال لە خۆرهەلاتی ناوەراست و کوردستانیش باوکی نما لەو نۆرمە باوە لایداوە.  باوکی نما تاوانبار دەکرێت و راپێچی دادگاکان و بەرنامەکانی تەلەفزیۆن دەکرێت بۆ ئەوەی لەبەرچاوی نما رووبەرووی پرسیارێک بکریتەوە کە ئایا نەریمان باوکی نما منداڵەکەی بەکاردەهینێ بۆ مەبەستی سیاسی خۆی!! ئەمە کەی راستەو فەرهەنگی کوێیە کە باوک و منال بەیەکەوە لەبەردەم رای گشتیدا بخرێنە بەردەم پرسێکی ئاوا!!
 سەبارەت بە بەرنامەی بێسنوریش، پێشکەشکەری بەرنامەکە هیچ شارەزاییەکی نەبوو لە شێوەی مامەلەو گفتوگۆ کردن لەگەل منال، پرسیارەکانیشی نەک پرۆفیشنەل نەبوون بەلکو بەرنامەکە بە گشتی بریتی بوو لە بەرنامەی ئیستجوابی باوکی نما بە ئامادەیی نما. چا چاکتر نەبوو کە هەر باوکی نماتان بانگهێشت بکردایە، ئامادەیی نما لەوێ چ حیکمەتێکی تیابوو؟
پرسیارێکی نالەبارو ناشایستە ئاراستەی نما دەکریت کە ئەگەر پارەو خانوو ئیمکانیەت بدەنە خۆی وباوکی واز لە بەرنامەکانی دەهێنێت!! ئەم پرسیارە جگە لە ئاماژەیەکی زەق بۆ نوقمبوونی ئەم کۆمەڵگایە لە زەلکاوی گەندەڵی و پولپەرستی مانایەکی تری نیە؟ بە رادەیەک کە هەموو بەها ئینسانیەکان دەخرێنە سەوداو مامەلەوە. بەتایبەت پرسێکی وا لە منداڵێک چ پەیامێک دەدات بە نەوەی داهاتوو؟!!
نما باسی فەرەنسا دەکات، باسی پۆتین و عەبادەی دەکات بەلام لەبەرئەوەی کە نەیبینیون ئەمە شوێنی پرسیارو سەرسورمانە بۆ بەشدارانی بەرنامەکە!! لەمڕۆدا کە سۆشیال میدیا جیهانی بەیەکەوە بەستۆتەوە، من پێموایە کە ئەم جۆرە پرسیارانە بۆ کاتیک دەشیا کە نما لە سەرگوزشتەو چیرۆکەکەکانی داپیرەیەوە باسی فەرەنساو و پۆتین و میرکلی بیستبیت.
لە نما دەپرسن کە گەورە بووی حەز دەکەی ببیت بە چی. نما لەبات ئەوەی بڵێت ئەمەوێت ببمە دکتۆر،  دەڵێت حەزدەکەم ببمە سەرۆکی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ ئەوەی خەونەکانی منداڵان بهێنمەدی. بەرێز دکتۆر شەریف خەونەکەی نما ئاگردەداو بەوەش وازناهێنێت، بەلکو باوکی نما رووبەرووی بەرپرسییارێتی دەکاتەوە لەوەی بۆ نما دەبێت ئەم خەونەو ئەم خەمە لە ئێستاوە هەلگرێت. ئەمە درێژدەبیتەوە بۆ پەیامێک بۆنما و نەوەکانی داهاتوو، کە دەڵێت مناڵان ئێمەی گەورە بێ هیوا بووین ئەم بارودۆخە بۆ ئێوەش ئەبەدییەو هیواتان نەبێت چونکە کەس پێی ناکریت ئەم دەسەڵاتەی کوردستان بگۆڕێت.
دکتۆر شەریف دەلیت منال تا تەمەنی ١٢ ساڵان لە شتی ئەبستراکت تێناگات و نابێت بۆی باس بکریت . ئەم زانیاریە جگە لەوەی کە زانیاریەکی هەلەیە هاوکات لەگەڵ مامەڵەی ڕۆژانەی گەورە ساڵان و کۆمەڵگای کوردستان لەگەڵ منداڵاندا ناکۆکە. ئاخر لە کوردستان منالان لە قۆناغی سەرەتاییەوە بە ئەبستراکت و موقەدەساتەکان گۆش دەکرێن. ئەی خودا ئەبستراکت نیە؟ ئەی وانەی ئایینی و نسوسەکانی قورئان باسی ئەبستراکتەکان و بگرە خورافاتەکان ناکەن؟ کە بە مندالان دەرخ دەکرێن. ئەی رۆژانە مزگەوتەکان هاواری ئەبستراکتەکان نادەن بە گویچکەی منالەکانمان دا. ئەی نەتەوە ئەبستراکت نیە کەچی مناڵەکانمان لە هەنگاوی سەرەتاییەوە بە ئەیرەقیب و سرودی نیشتمانی گۆش دەکرێن.
 نما دەلێت جاڕنامەی مافەکانی منداڵان. وەک ئەوەی نما کفری کردبێت، لە جیات گوێگرتن لە نماو خۆشحالبوون بەوەی کە مناڵان دەتوانن بەهرەمەندبن و ئاگاییان هەبێت لە دنیای دەرەوەی خۆیاندا. هەلوێستێکی سەیر دەبینین کە باس کردن لە جارنامەی مافی منال دەخرێتە ریزی سیاسەت و پێیان باش نیە نما لە ئێستاوە بە سیاسەت ئاشنایە. لە کاتێکدا‌ هیچ یاساو سنورێک لە کوردستان دیارینەکراوە بۆقەدەغەکردنی شۆرینەوەی مێشکی مناڵ بە ئایدۆلۆجیاو ئاین و موقەدەساتەکان.
مناڵان راپێچ دەکرێنە بۆنە حیزبیەکان و بە پەرۆی سەوزو زەردەوە رکابەرێتی یەکتریان پیدەکەن. لە بۆنە ئاینیەکاندا و لە مزگەوت و خۆتبەکاندا بەشداردەبن و ئەمەش بەلای کۆمەڵگەوە بە ئاسایی دەگیرێت و کەس نارەحەت ناکات!!  
جا من لێرەدا بە هەلی دەزانم کە پێشنیار بۆ نما بکەم کە جاڕنامەی مافی منداڵان بکاتە هەوێنی زنجیرەیەک بەرنامە تاکو بەرلەمنداڵان گەورە ساڵان و خوێندەوارانمان هۆشیار بکاتەوە.
 ئەمرۆ لە جیهاندا جۆرەها پرۆگرامی فیرکاری هەیە کە ئامانجیان ئاشناکردنی منداڵانە بە مافەکانیان کە لە خودی جارنامەی مافەکانی منداڵاندا هاتووە. یەکێک لەو پرۆگرامانە پرۆگرامی (WCP)  World´s children Prize program  ە. لە سالی ٢٠٠٠ ەوە ٤٢ ملیۆن مندال لە جیهاندا بەشداریان کردوە لەم پرۆگرامەدا بۆ ئاشنا بوون بە مافەکانیان. لە سوئید ٣٠٠٠٠ مندال ساڵانە بەشداری ئەم پرۆگرامە دەکەن. لە سالی ٢٠٠٠ ەوە ٧٠٠٠٠ قوتابخانە لە جیهاندا چونەتە ژێر چەتری ئەم بەرنامەیەوە کە ١٧٨٤ ی قوتابخانەکان لە سوئێدن. کەچی لە کوردستان جێگەی سەیروسەمەرەیە ئەگەر منداڵێک ئاگایی لە جارنامەی مافەکانی مناڵان هەبێت !!
 لە کاتیکدا لە جیهاندا چەندین کەسایەتی مندال هەن لە مەیدانی بەرگریکردن لە مافی منداڵان و داکۆکیکار لەسەر داواکاریەکانی منداڵ لە پێش هەمویانەوە لێپرسینەوە لە دەسەڵات و سیاسەتمەداران لە کاتی شکستیان لە دابینکردنی ئاوی پاک و کارەباو شوێنی یاری و شوێنی حەوانەوەی گەرم وگورو قوتابخانە وجادەوبانی ئەمین وەسائیلی پێویست بۆگەشەی منداڵ. نماش هەر ئەمەی کردووە.
  جا نما گیان من پێمخۆشە کە ئەوەت بۆ باس بکەم یەکێک لە گرنگترین بەرنامەکانی WCP دروستکردنی پەلەمانی مندالانە World´s Children Parlament  . لە زۆرێک لە وولاتە پێشکەوتوتوەکان پەرلەمانی مناڵان هەیە بۆ ئەوەی مندالان و گەنجان دیبات و گفتووگۆبکەن لەسەر پرسی دیموکراسی ومافەکانی منالان و هاولاتی بوون. ئەمە لەژیر ئاڵای *مناڵان پێشەواو سیاسەتمەداری داهاتوون*
 هەر یونسێف خۆی رەشنووسێکی هەیە بە ناوی A handbook on Children Participitation in  Parliment  کە لەویدا جەخت دەکات لەسەر بەشداری کردنی منالان و گەنجان لە پەرلەمانی منداڵاندا،  ئەمەش بۆ فەراهەم کردنی مەیدانیکە کە منالان تیایدا تەعبیر لە خۆیان و بیرکردنەوەو پیداویستیەکانیان وکەم وکوریەکانی ژیانیان بکەن، 
لەزۆر شوێنی دنیا منداڵان رەخنەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە شێوەی گالتەو گەپ و سەرکازم لە تەلەفزیون و ماڵپەرەکاندا ئاراستەی شەخسیاتە سیاسیەکان و سەرۆک و دەسەڵاتدارانی ووڵاتەکان دەکەن.  دانی ئەم دەرفەتە بە منداڵ هاندەرێکە  بۆ فێربوونی منداڵ کە لە کۆمیونتی و  قوتابخانەکانیان دا دەنگیان هەڵبرن و رابێن لەسەر هەوڵدان و کۆشش بۆ چاکسازی لە بریارو یاساکانی قوتابخانەکانیان و ئەو مەسەلانە کە پەیوەندیدارە بە مناڵان . جیا لەوە ئەمە پرۆسەیەکە بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی بەرپرسیارو شارەزا بە ئەرک و مافەکانیان لە بنیات نانی دنیایەکی باشتر بۆ منالان و لاوان.
 بۆ نموونە بروانە:
١. پەرلەمانی منالان لە کەنەدا،The children´s Parliment An educator resource kit (
٢. پەرلەمانی منالان لە بەریتانیا/ لەندەن https://www.childrenengland.org.uk/a-childrens-parliament-for-london
 ٣. پەرلەمانی منالان لە بەریتانیا/ سکۆتلاند Children´s Parliment giving ideas a voice https://www.childrensparliament.org.uk
٤. پەرلەمانی منالان لە ئەفریقیا / African Childrens Parliament Union ACPU
٥. بەرنامەی پەرلەمانە بچکۆلانەکە لە سوید بەناوی Cirkus Möller lilla parlamentet
ل
 Cirkus möllerبەرنامەیاکی مندالانە لە ووڵاتی سوید کە لە یەکێک لەبەرنامەکاندا منداڵەکان بە شێوەی گاڵتەو گەپ رەخنە دەگرن لە سیاسیەکان و بریارە خراپەکانی دەوڵەت کە پەیوەندیدارن بە منداڵانەوە، لەوێدا منداڵان لە تەمەنی زۆر منداڵیدا قسەی خۆیان دەکەن وەک تۆ نما گیان گالتە بە سیاسیەکان و رەخنە لە بریارەکانی دەولەت دەگرن.
لە کۆتاییشدا دەبێ ئەوە بڵێین کە چەندە منداڵان لە کوردستان پیویستیان بە پاراستن هەیە لە کاریگەریی ئایدۆلۆژیا جیاوازەکان و بە تایبەت ئاین و ناسیۆنالیزم، هێندەش و بگرە زیاتریش پێویستیان بەوە هەیە کە بواری دەربڕینیان لەبەردەمدا واڵابکرێت و یارمەتی بدرێن کە بە زمانی گونجاو دەربڕ لە هەستی قووڵیان بە بێبەشی لە سادەترین پێداویستی و خزمەتگوزاریەکان بکەن. هێندەش بە هەوڵی باوکی نما دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی منداڵەکەی لەبەرانبەر گەندەڵی و چەتەگەری دەسەڵاتدارانی کوردستاندا هۆشیار بکاتەوە، دەتوانین تەنها دەستخۆشی بکەین. لە ڕاستیدا پەروەردەی دروست و یارمەتیدانی منداڵ بۆ ئەوەی پێوانە مۆڕاڵیەکانی خۆی دابڕێژێت پێویستی بەوە هەیە کە کردار و ئاکارە نادروستەکانی لە ڕووی ئەخلاقیەوە پێ بناسێنرێت.
 بە ڕاستی چۆن دەکرێت منداڵێک بە مۆڕاڵێکی دروستەوە پەروەردە بکەیت، ئەگەر بۆی ڕووننەکەیتەوە کە هەڵسوکەوتی دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە لوتکەی بی مۆڕاڵیە و هیچ منداڵێک نابێت لاسایی دەسەڵاتداران و کاربەدەستانی ئەم وڵاتە بکاتەوە؟


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×