چی لەتەندروستی بکەین؟

د.گۆران عەبدوڵا
  2019-02-05     911
2-2
حەوتەم
نەخۆش‌و هاوڵاتی
1. ناکرێ خزمەتی تەندروستی بەمنەتەوە وەکو خێر و سەدەقە فڕێبدرێتە بەردەم نەخۆش یا وەکو کاڵا بفرۆشرێ. تەندروستی مافە و کەس بۆی نیە بەبیانوی نەبونیی، شوێنی دانیشتن، رەگەز، تەمەن یا هەر بیانویەکی تر جیاکاری لەنێوان مرۆڤەکان بکا.
2. ناکرێ نەخۆش زانیاری نەبێ لەسەر نەخۆشیەکەی یا ئەو پشکنین و چارەسەر و دەرمان و نەشتەرگەرییەی بۆی ئەکرێ. پێویستە نەخۆش ئاگای لەهەمو وردەکارییەکی نەخۆشیەکەی هەبێ و پێشوەخت رەزامەندی تەواوی دابێ لەسەر ئەو پشکنین و چارەسەرەی بۆی ئەکرێ.
3. تەندروستی بەبێ بەشداریپێکردنی نەخۆش، هاوڵاتی، خێزان و کۆمەڵگا کارێکی نەکردەیە. ناکرێ کەسێک تەندروستبێ ئەگەر دایک و باوک و کەسوکار و گەڕەکەی و قوتابخانەکەی و شوێنیکارەکەی...هتد تەندروست نەبن. پێویستە تەندروستی بەهاوکاری خێزان و کۆمەڵگا بەرهەمبهێنرێ. نەخۆش و خێزان و کەسوکارەکەی لەهەمو کەسێ باشتر ئەزانن چی باشە و چی خراپە و ئەکرێ لەگەڵ پزیشک و کارمەندان وەکو تیمێک هاوکاربن بۆ خزمەتی نەخۆش.
4. ناکرێ بەبێ رەزامەندی و بەشداری نەخۆش بڕیار لەبارەی تەندروستیانەوە بدرێ. پێویستە هانی دروستکردنی گروپی تایبەت بەنوێنەرایەتیکردنی نەخۆشیە جیاجیاکان بدرێ بۆ داکۆکیکردن لێیان. پێویستە نوێنەری ئەو گروپانە گوێیان لێبگیرێ لە بڕیاردان لەسەر پرسە تەندروستیەکانی تایبەت بەوان.
5. ناکرێ بەبێ بەشداری کۆمەڵگا، سیاسەتی تەندروستی دابڕێژرێ. پێویستە بۆردی راوێژکاریی تایبەت بە رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و گروپەکانی تایبەت بە مامۆستایان، ژنان، مامۆستایانی ئاینی، پیاوماقوڵان...هتد لەناو وەزارەتی تەندروستی دروستبکرێ و بەشدارییان پێبکرێ لە پرۆسەی دروستکردنی بڕیار.
6. ناکرێ هاوڵاتیان بەشدارنەبن لە دیاریکردنی سیاسەتی تەندروستی. ئەکرێ پەرلەمانی تەندروستی دروستبکرێ و هەر ناوچەیەک نوێنەری خۆی هەڵبژێرێ و مانگانە ئەو پەرلەمانە کۆببێتەوە و گرنگترین کێشە تەندروستیەکان تاوتوێبکا و بیگەینێتە شوێنی بڕیاردان.
7. ناکرێ بەچاوێکی دوژمنکارانە تەماشای میدیا و رۆژنامەنوسان بکرێ. پێویستە میدیا وەکو سەرچاوەیەکی گرنگی زانینی ئاستی رەزامەندی یا ناڕەزایەتی خەڵک لەسیستمی تەندروستی سەیربکرێ. ئەکرێ میدیا بەکاربهێنرێ بۆ زانینی هۆکارەکانی ناڕەزایەتی خەڵک و چارەسەرکردنی ئەو کێشانە. ئەکرێ بۆردی راوێژکاری تایبەت بە میدیاکاران لەناو وەزارەتی تەندروستی دروستبکرێ بۆ گۆڕینەوەی زانیاری و هەماهەنگی.
8. بەبێ باوەشکردنەوە بۆ گروپە چەوساوە و پشتگوێخراوەکان تەندروستی لەخەونێکی خۆش زیاتر هیچی دیکە نیە. پێویستە کەمئەندامان، خاوەن پەیداویستیە تایبەتەکان، پیروپەکەوتەکان، بیرکۆڵەکان، بێداڵدە و دەستکورت و بێکار و ئاوارەکان حیسابی تایبەتیان بۆ بکرێ لە خزمەت و سیاسەتی تەندروستیدا.
9. ناکرێ خەڵک لە زانیاری تەندروستی بێبەشبکرێ. پێویستە پێگەی ئیلکترۆنی (ئەگەر کرا کەناڵی تەلەفزیونی و ڕادیویی و سۆشیال میدیای) تایبەت بەپێشکەشکردنی زانیاری تەندروستی دروستبکرێ. پێویستە زانیاریەکان بەشێوەیەکی ئاسان و بە زمانێکی سادە بۆ هەمو کەسێ فەراهەمبکرێ.

هەشتەم
کەرتی گشتی و تایبەت
1. ناکرێ کەرتی گشتی و تایبەت بەتێکەڵاوی بمێنێتەوە و بواربدرێ لەیەک کاتا لە کەرتی گشتی و تایبەت کاربکرێ. ئەم دو کەرتە پێویستە جیابکرێنەوە.
2. ناکرێ ئەو پزیشک و کارمەندانەی کە هەمو کاتەکەیان لە کەرتی گشتی بەسەرئەبەن هەمان حسابی ئەو کارمەند و پزیشکانیان بۆ بکرێ کە لەهەردو کەرتەکە کار ئەکەن. ئەکرێ ئەوانەی بەتەنها لە کەرتی گشتی کارئەکەن موچەی زیاتر و دەرماڵەی باشتریان بۆ تەرخانبکرێ.
3. ناکرێ میکانیزمێک نەبێ بۆ رێکخستنی کاری ئەو کارمەند و پزیشکانەی کە لەیەک کاتا لە کەرتی گشتی و تایبەت کار ئەکەن. ئەکرێ داوایان لێبکرێ لەبەرامبەر موچە و دەڕماڵەی زیاتر تەنها لە کەرتی گشتی کاربکەن. ئەگەر بڕیاریاندا لە کەرتی تایبەت کاربکەن ئەوا پێویستە وەکو کارمەندی حکومی نەمێننەوە و ئەو داهاتەی ئەمێنێتەوە بۆ زیادکردنی موچە ئەوانە بەکاربێ کە ئەیانەوێ تەنها لە کەرتی گشتی بمێننەوە.
4. ناکرێ سود لەو کارمەند و پزیشکانە وەرنەگیرێ کە لە کەرتی تایبەت کارئەکەن. ئەکرێ بۆ ماوەی دیاریکراو گرێبەست لەگەڵ ئەو کارمەند و پزیشکانە بکرێ کە کەرتی گشتی پێویستی پێیان هەیە.
5. ناکرێ نەخۆشخانە بەکاربهێنرێ بۆ داخڵکردنی ئەو نەخۆشانەی کە لە کەرتی تایبەت ئەبینرێن. پێویستە نەخۆشخانە گشتیەکان تەنها خزمەتی ئەو نەخۆشانە بکا لە فریاکەوتن و عیادەی گشتیەوە ڕەوانە ئەکرێن. ئەشێ هەمو مەسرەفێکی ئەو نەخۆشانەی لە کەرتی تایبەتەوە ڕەوانئەکرێن، کەرتی تایبەت بیگرێتە ئەستۆ نەک حکومەت.
6. ناکرێ خەڵک هەبێ تەنها ئیشی ئەوە بێ نەخۆش لە کەرتی گشتیەوە ڕەوانەی نورینگە و نەخۆشخانە تایبەتەکان بکا. ناکرێ بوار بە نوێنەری ئەو نورێنگە و نەخۆشخانە تایبەتانە بدرێ بە ئارەزوی خۆیان لە فریاکەوتنەکان و نەخۆشخانە گشتیەکان نەخۆش بۆ نەخۆشانە تایبەتەکان پەیدا کەن و بەشێوەیەکی ناشرین نەخۆش بترسێنن کە گوایە لە کەرتی گشتی هیچیان بۆ ناکرێ. ئەم دیاردەیە پێویستە بنبڕبکرێ و ئەوانەی ئەنجامیئەدەن روبەڕوی بەدواداچونی یاسایی بکرێنەوە.

نۆیەم
کەرتی تایبەت
1. ناکرێ لەیەک کاتا لە کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت کار بکرێ. باشترە موچەی پزیشکان و کارمەندان باشتر بکرێ بۆ ئەوەی ناچار نەبن بچنە کەرتی تایبەت. ئەوانەی کە بڕیاری مانەوە لە کەرتی تایبەت ئەدەن پێویستە وەکو کارمەندی حکومەت نەمێننەوە یا ئەگەر پێویستی کرد بەگرێبەست کار بکەن.
2. ناکرێ کەرتی تایبەت بەو بەڕەڵایەی ئێستا کاربکا و چاودێری نەکرێ. پێویستە وەزارەتی تەندروستی دەزگای تایبەتی هەبێ بۆ چاودێری و رێکخستنی نەخۆشخانە و نۆرینگە و تاقیگە و دەرمانخانەکانی کەرتی تایبەت.
3. ناکرێ هیچ ڕێنمایی و ڕێسایەک نەبێ بۆ ڕێکخستنی کارەکانی کەرتی تایبەت. پێویستە وەزارەتی تەندروستی ڕێنمایی و ڕێسای تایبەت دەرکا و چاودێری جێبەجێکردنی ئەو ڕێنماییانە بکا و سەرپێچیکەران سزا بدا.
4. نابێ سەندیکاکان لەیەک کاتا نوێنەرایەتی پزیشکان و کارمەندان بکەن و هاوکات ئەرکی ڕێکخستنی کاری کەرتی تایبەت بگرنە ئەستۆ. پێویستە سەندیکاکان ببنەوە بە ڕێکخراوی مەدەنی بۆ داکۆکی لە مافەکانی پزیشکان و کارمەندان و وەزارەتی تەندروستی دەسەڵاتی تەواوی بدرێتێ بۆ رێکخستنی کەرتی تایبەت.
5. ناکرێ بوار بدرێ دەسەڵاتی سیاسی و حکومی خراپبەکاربهێنرێ بۆ قۆرخکردنی بازاڕی تەندروستیی. گرنگە هەلی یەکسان لەبەردەم هەمو لایەک بڕەخسێنرێ بۆ ئەوەی هەم نرخی خزمەت کەمکا و هەم کواڵیتیەکی باشتر پێشکەشبکرێ.
6. ناکرێ بواربدرێ ئەو نەخۆشانەی کە لە کەرتی تایبەت ئەبینرێن لەکەرتی گشتی چارەسەریان بۆ بکرێ. پێویستە کەرتی گشتی بۆ ئەو خەڵکە بێ کە توانای ئەوەی نیە لەکەرتی تایبەت خزمەت وەرگرێ.
7. ناکرێ خەڵک بۆ چارەسەر بچێتە وڵاتانی دوری وەکو هندستان...هتد و پارەیەکی زۆر خەرجکا لە چارەسەرێک کە ئەکرێ لە کوردستان دابینبکرێ. ئەکرێ کەرتی تایبەت هانبدرێ و هاوکاری بکرێ بۆ هێنانی پزیشکی دەرەکی بۆ کوردستان نەک بەپێچەوانەوە.
8. ناکرێ نرخی خەیاڵیی بخرێتە سەر ئەو چارەسەر و پشکنینانەی لە کەرتی تایبەت ئەکرێ. پێویستە پێوەر هەبێ و نرخ دیاریبکرێ.
9. تاوانە نەخۆش لە گیرفانی خۆی و بەیەکجار پاڕەیەکی خەیاڵی لە خزمەتی تەندروستیی لە کەرتی تایبەت خەرجکا. ئەکرێ بیر لە بیمەی تەندروستیی بکرێتەوە بۆ ئەوە خزمەتانەی کە ناتوانرێ لە کەرت گشتی دابینبکرێ و تەنها کەرتی تایبەت ئەتوانێ پێشکەشیانبکا.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×