کوردستان، هەرێمێک تێیدا بڕیاری حیزب تەقلە بەیاسا لێدەدا

عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا
  2019-02-08     1161

بەپێی ماددەی ( ٥٦) لە یاسای ژمارە ( ۱ ) ی ساڵی ( ۱۹۹۲)ی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بەدەق ھاتووە کە [ پەرلەمان شوێنی یەکلاکردنەوەی پرسە چارەنوس سازەکان دەبێت ، وھەرئەویش بڕیار لەسەر ڕێککەوتنەکان دەدات ، ھەروەھا پەرلەمان پەیوەندییە یاسایی ودەستورییەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد دیاری دەکات]

کەچی لەکۆبونەوەی ڕۆژی سێ شەممەی ( ٥-۲-۲۰۱۹)ی  نێوان وەفدی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەشاری ھەولێر ،  ھەردوو حیزب چەند بڕیارێکیانداوەو لەسەرچەند خاڵێک ڕێککەوتون لەوانە؛  

ــ بڕیاڕیانداوە کە( ۱۸)ی شوباتی( ۲۰۱۹ )پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەھەولێر کۆبونەوە ئەنجامبدەن ، و ھەردوولاو حکومەتی بەغداش ڕێگەچارەیەک بدۆزنەوە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کەرکوک .ئەمانەوچەند پرسێکی تر ، بەڵام بەلای منەوە 
ئەوەی کە پێویستە ئاماژەی بۆبکرێت ئەوەیە کەھێشتا لە ھەرێمی کوردستاندا ھێندەی بڕیارو ڕاسپاردەکانی حیزب زاڵەو لەسەرزەمینی واقیعدا کاری پێدەکرێت چارەکە ھێندەی ئەوە  یاساکانی پەرلەمانی کوردستان و یاسا کارپێکراوەکان لە ھەرێم کاریان پێناکرێت ،کەئەوەش جگە لە بێ ڕێزیکردن بەپەرلەمان ،بێ ھەیبەتکردنی یاساکانیشە کە لەو پەرلەمانەوە دەرچوێنراون .

ھەرچەندە من بەگومانم کەبتوانرێت لەو کاتەی دیاریکراوە چ پەرلەمان و چ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیش بتوانن کۆبونەوەکانی کەبڕیاریان لێداوە ئەنجامبدرێن چونکە ئەزمونمان لەگەڵ ئەوجۆرە بڕیارانەی کە لەکۆبونەوەکانەوە دەدرێن ھەیە  ، بەڵام ئەوەی کە مایەی تێڕامان وھەڵوەستە لەسەر بۆکردنە ئەوەیە کە چ خێرەو لەکوێی دونیادا ھەبوە لەبارەگاکانی مەکتەبی سیاسی دووحیزبدا بڕیار لەسەر کۆبونەوەکردن ونەکردنی پەرلەمان بدرێت کە بەحساب لەئێستادا گەورەترین دامەزراوەی ھەرێم وھەڵبژێردراوی خەڵکی کوردستانە .

بەداخەوە بڕیاردان لەسەردەسپێکردنەوەی کۆبونەوەی پەرلەمان کارێکی تازەنیەو دوای دوو ساڵ لەپەکخستنی پەرلەمان دواجار لەمانگی ئەیلولی (۲۰۱۷) دا ھەرلەکۆبونەوەی نێوان ھەردوو حیزب بڕیار لەسەرکاراکردنەوەی پەرلەماندرا ،و لەوەش کارەساتتر ئەوەبوو کە کارنامەی یەکەم دانیشتنیش کە ( ۱٥-۹-۲۰۱۷)بوو ھەرلە بارەگای حیزبەوە دانران.

لێرەدا چەند پرسیارێک دێتە ئاراوە بۆ ھەموو حیزبەکان و پێویستیان بە وەڵام دانەوە ھەیەو ناکرێت بێ وەڵام بمێننەوەو ھەروا بەسادەیی لێیان بڕوانرێت لەوانەش:

ـ  یەکێتی وپارتی کە زۆرباس لە سەروەری یاسا دەکەن و ھەرخۆشیان یاسای ژمارە (۱)ی ساڵی (۱۹۹۲)یان دەرچونداوەو دەنگیشیان بۆداوە ،بۆپشتگوێی دەخەن و بڕیاری نێو بارەگاکانی خۆیانیان لە یاسا کارپێکراوەکانی ھەرێم لەلا گرنگترو پیرۆزترە ؟

ــ ئەو حیزبانەی بەگشتی و بزوتنەوەی گۆڕان بەتایبەتی کە لەدانوستاندان بۆبەشداریکردن ونەکردن لەحکومەتدا ، لەدوای ئەوەی یەکێتی وپارتی لەسەر ھەموو بابەتەکان ڕێککەوتن و تەنانەت ڕۆژیشیان دیاریکرد بۆ دانیشتنی پەرلەمان ، پێمان بڵێن مححەلی ئێوە لەئیعرابدا چیەو لەکوێدایە ؟ 

ــ بۆھەموو پارتە سیاسیەکانی ھەرێم  کە خاوەنی کورسی پەرلەمانین لە تاکە کورسیەکەوە بۆ زۆرترین کورسی ، ئایا پێتان وانیە کە ھەموو دامەزراوەکانی ھەرێم و لەنێویشیاندا پەرلەمانی کوردستان کە گەورەترین دامەزراوەی یاسادانانە لە ھەرێم بونەتە ئامێرێکی خنجیلانە بەدەست حیزبەوەو کەی ویسترا کاری پێدەکرێت و گەر بەپێویستیش نەزانرا ئەوا کڵۆم لەدەرگاکەی دەدرێت یان ڕاست وچەپێک بەسەریدا دەھێنرێت .
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×