بۆ ناتوانرێت گۆڕانی ڕیشەیی بکرێت؟

دانا میرزا ڕەفیق
  2019-02-12     735

ئۆپۆزسیۆن لەکوردستان توانای گۆڕانکارییان نیە. چونکی هێزیان نیە جگە لەزمان، زمانیش هێزە، لەهەندێک شوێندا لەچەک کاریگەرترە بەڵام ئێمە دەمێکە ئەو قۆناغەمان تێپەڕاندوەو چیدی زمان بۆ ئەوان هێز نیە. لەقۆناغێکدا پێویستمان بەسیاسیەک هەبوو تەنها ڕەخنەیەک بگرێت‌و هیچی تر. ئێستا ئەوە کەس گوێی بۆ ناگرێ. قسەکردنیان، بەیاننامەکانیان، کۆبوونەوەکانیان، خۆ دەرخستنەکانیان...تاد هیچ کاریگەری نەماوەو تۆزی لێ هەڵناسێ.

 کەواتە ئەمانە ناتوانن بڵێن کاری سیاسیش دەکەین. چونکی هێزیان نیە، هێز گوزارشت لە چربوونەوەی سیاسەت ئەکات. سیاسەت و هێز دوو شتی جیاکەرەوە، دابڕاو نین، پێکەو ئیش ئەکەن، تۆ گەر بتەوێ سیاسەت بکەی بە بێ هێز کەواتە لە سیاسەت نەگەشتویت. تۆ کە نەتوانی خۆ پیشاندانێکی گەورە ڕێک بخەی، نەتوانی گۆمەکە بشڵەقێنی، دەسەڵات بە ئارەزووی خۆی چیی بوێ کردویەتی و دەیکات. تۆش هیچ نەکەی، ئیدی تۆ زیادەی. 

سەیری سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا Juan Guaidó بکە، خۆی لە پێشەوەیە، خەلکێکی زۆریش دوایکەوتوون و ئەمەلیان پێی هەیە. ئێستا زۆر لەدەوڵەتە رۆژئاوییەکان، تا ئێستا نزیکەی پەنجا دەوڵەت بەسەرۆکی کاتی ڤەنزوێلا ناساندویانە. چونکی خۆی هەیە. ئەی لای ئێمە چی؟  لای ئێمە دەیانەوێ  هاووڵاتی بێنە سەر جادەکان و دواتر بە قات و ڕیبات و قۆنەری ڕەشی قەترانی کە هیچ تۆزی پێوە نەنیشتوە بچێت لە سەر کورسیەکە دانیشێت. بەر لە هەموو شت ئەمە ئەو پەڕی نائینسانیە. وە هەرەها زۆر خۆش خەیاڵییە. خەڵک بیکاو تۆ سەماکەی، شتی وا چۆن ئەبێت!!!. 

وتەیەک هەیە see and wait (سەیرکەو چاوەڕێکە)، ئەمە لە سیاسەتدا جوڵەیەکی ژیرانەیە، بەڵام هەموو کات نا. ئەمەش ڕێ و شوێن وکاتی خۆی هەیە. دەسەڵات ئەمە ئەکات بۆ ئەوان هەتا بڵێی  جوڵەیەکی ژیرانەیە، چونکی سەرمایەی ئەم وڵاتە لای ئەوانە و هیچ زەرەر ناکات وبگرە زۆر لە بەرژەوەندیەتی. سەیر لەوەدایە ئۆپۆزسیۆنیش هەمان شت ئەکات، بە بێ ئەوەی هیچ شتێکی لا بێت، مەملەکەت وێران بووە. 

ئەوەی کە ماوە ئینسانی ئێمە پشتی پێ ببەستێ ژمارەیەک ڕۆشنبیرو نوسەرو ڕۆژنامەنووس و چالاکوانن. درێغیان نەکردوە، ژمارەیەکیان بوونە قوربانی، نووسینەکانی ئەمان کاریگەری هەیە. کۆڕەکانیان جێگا ئەگرێ. بۆیە دەسەڵات هەموو ڕێگایەک دەگرێتە بەر بۆ کڕینیان، بێدەنگکردنیان، کوشتنیان، ئەتککردنیان...تاد بەڵام ئەمان هەر بەردەوامن. تا ئەوەندەی دەسەڵات بۆی بکرێ نایەڵێت ئاکتیڤ بن، چونکی لێیان ئەترسێ. لە دەرەوە گوێیان بۆ دەگیرێ. کاتی ئەوە هاتووە کە بیر لە پڕۆژەیەکی نیشتمانی گەورە بکرێتەوە. دەکرێ ئەمانە لە چوارچێوەیەک کۆ بکرێنەوەو پێکەوە ئیش بکەن. دەزانم جیاوازی زۆر هەیە. بەڵام ئەوەی کە هەموویان کۆ دەکاتەوە ڕزگارکردنی ئەم گەلەیە. ئەوانی دی بۆ دواتر.

لە مێژووی دوای ڕاپەڕینەوە زەویەکە هێندە لە بار نەبووە بۆ کێڵان. تەنها پێویستی بە دەستەیەکی پاک و جەریئە کە ماکینەکە ئیش پێ بکەن. بڵێن ئەم زەویە مۆڵکی هەموانەو، بەرهەمەکەشی بۆ هەمووانە و ئێوەش بۆ دەرەوە. باوەڕکە پێویستیشی بە زیرەکی ئەوتۆ نیە. پێویستمان بە کەسێکی  وەکو نینسۆن ماندێلا یان غاندی نیە کە لە سفرەوە دەستیان پێکرد. ئێمە لە سفرەوە دەست پێناکەینۆ. ئەو لێڤڵەمان بڕیوە. ماندێلا بەر لەوەی بخرێتە سجن هێز، چەکی بەکار هێنا، غاندیش هەر کات بویستایە ملیۆنەها کەسی دەهانیە سەرجادە، ئەمەش هێزە. بە بێ هێز گۆڕانی ڕیشەیی مەحاڵە.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×