بیرکردنەوە لەشوێن: بیرکردنەوەی شوێنیی

سەردار عەزیز
  2019-02-15     1313

بیرکردنەوەی شوێنی، جۆرێکە لەبیرکردنەوە کە لەدونیای ئێمەو دەوروبەرماندا بەئەستەم بونی هەیە. ئێمە بەزۆری وەها جۆش کراوین کە لەمیانەی کاتدا بیربکەینەوە. دیارە دەبێت ئەوش بڵێم کە بیرکرنەوەی کاتی-ش، وەک پیویست گەشەی نەکردوە. کۆمەڵە چەمکێکی زۆر هەیە لەبواری بیرکردنەوەی کاتیدا لەدونیای ئێمەدا باسی لێوە نەکراوە.

بیرکردنەوەی شوێنی یانی چی؟ هەمو شوێنێک کە ئێمە تیایدا دەژین بەرهەم هێنراوە، ماڵ، گەڕەک، شار، چاخانە، شوێنی کار، شەقام هەتا وڵات و نیشتمان و تیرەتۆری. کەواتە یەکەم، بنەمای بیرکردنەوەی شوێنی ئەوەیە کە هیچ شوێنێکی سروشتی بونی نیە. هەمو شوێنێک ناوی هەیە، سنوری هەیە، خاوەنی هەیە، کە لە گەڵیدا هێز و تیرەتۆری و پەیوەندی دادەڕێژێت.

دوەم، شوێنەکان تەنها وەک جێگایەکی فیزیکی بونیان نیە، بەڵکو هەمیشە سیمبوڵ و رۆڵی تایبەت بە خۆیان هەیە. میشێل فۆکۆ ئەمە ناودەنێت هیترۆتۆپیا، بەمانای جێگایەکی تر . زۆر جێگا هەن بۆ ئەوەی بمانگەیەننە جێگای تر: مزگەوت، تەکێ، بارەگا، نوسینگە.

سێیەم، شوێنەکان دەبنە لە قاڵبدەری شوناسی کەسەکان، کەسێک لە کەناڵێکەوە دەردەکەوێت، لە چوارچێوەیەکی تایبەتدا دەردەکەوێت، لە ژێر لۆگۆیەکدا، بە زمان و خیتاب و ئاراستەی تایبەت. وشەیەک لە کەناڵێک مانایەکی جیاوازی هەیە، لە هەمان وشە لە کەناڵێکی تر.

چوارهەم، زۆرشوێن هەن ناشوێنن: وەک فرۆکەخانە، فڕۆکە، تێرمیناڵ، کەشتی. ناشوێن هەروەها بە مانای نەبونی توانای پەیوەست بون یان تێگەیشتن لە ئەو شوێنەی کە تیایدای. وەک بەختیار عەلی ناوی دەنێت، زۆربەی کوردەکانی هاندەران لە کوردستانن لە هاندەران، لە جێگایەکدا لە دەرەوەی شوێن، وەک ئیدوارد سەعید باسی دەکات. ئەمەش هۆکارێکی گەورەیە لە یوتوپیایی بونی مرۆڤی غەریبدا.

بەڵام لە گەڵ گەشەی تەکنەلۆجیدا شوێنی نوێ هاتوەتە ئاراوە، شوێنی ڤێرچواڵ (ئیفترازی). مرۆڤەکان نیشتەجیی فەیسبوک و تویتەر و پانتاییە هاوشێوەکانی تری .

مرۆڤەکان لە جێگاکاندا بە جیاواز رەفتار دەکەن، بیردەکەنەوە، مامەڵە دەکەن. شوێنەکان بەردەوام وەها دادڕێژرێن کە یادەوەری مرۆڤەکان ئیدارە بدەن، کاتێک بە شارێکدا دەڕۆیت، پەیکەر دەبینیت، کە میتۆدێکە بۆ ئەوەی پێت بڵێت کە دەبێت چیت لە یادبێت، چیت لە بیرنەچێت. لە ئەنجامدا چۆ هەڵسوکەوت بکەیت. بە هەمانشێوە ناوەکان، رەنگەکان، نەخشەکان.

بەڵام گەر لە ئاستی تاکەکەسی بچینە دەرەوە: ئایا لە جێگایەکی وەک کوردستاندا، چۆن بیردەکەیتەوە؟ ئەوەی من هەستی پێدەکەم، جێگایەکی وەک کوردستان لە ئاگایی گشتیدا بونی نیە. ئەمە بەشێکە لەو پرۆسە ئاڵۆزەی کە نزیکەی سەدەیەک لەمەوپێش رۆژئاواییەکان لە میانەی پرۆسەی کۆلۆنیالیدا هێنایان بۆ وڵاتی ئێمە. پێش ئەوروپاییەکان نەخشە نەبو، سنور نەبو حکومەت نەبو. حکومەت تیرەتۆری دروست دەکات. دروستکردنی تیرەتۆری پرۆسەیەکی ئاڵۆزە لە پێکەوە گرێدانی خەڵک لە گەڵ خاکدا بە باڵادەستی حکومەت لە میانەی هێزەوە. عێراق هەمان کێشەی هەیە. پێکەوە نوسان نیە لە نێوان خەڵک و خاک و حکومەتدا. تێڕوانین لەمە پاڵنەری ئەوەبو کە چەمکی پانتایی یان تیرەتۆری جڤافتی هەڵبژێرم، وەک چەمکێک بۆ تێگەشتن لە پرسی خاک لە عێراقدا، لە بەرامبەر نەهاتنەئارای چەمکی یان واقیعی تیرەتۆری دەوڵەتیدا. بیرمەندی فەرەنسی هێنری لێڤیبفیر تیرەتۆری دەوڵەتی بە تیرەتۆری ئەبستراکت ناو دەبات. ئەم جۆرە تیرەتۆرییە بەرهەمی توندوتیژی و شەڕە، پانتاییەکە کە دەوڵەت وەک تابلۆراسا مامەڵەی لە گەڵدا دەکات. تابلوراسا بە مانای ئەوەی وەک کاغەزی سپی وەهایە هەرچیەکی بوێت لە سەری دەنوسێت.

لە ئاستی گەردونیدا شوێن دەبێتە جێگایەکی شل، هەتا بێت زیاتر وەک شمەکێک مامەڵەی لە گەڵدا دەکرێت. بە جۆرێک دوفاقیەکی سەیر لە ئارادایە، لە کاتێکدا کە شوێن دەکرێتەوە بەروی مرۆڤەکاندا، بەڵام لە هەمانکاتدا جۆری جیاواز لە بەربەست و سنور و رێگری و خاوەندارێتی دێتە ئاراوە.

مرۆڤ هەتابێت بە روی زەویدا دەڕوات بەبێ ئەوەی رەگ دابکوتێت، ئەمە تیۆرەی ژیل دۆلۆز و گواتاری بو لە چەمکی رایزۆمدا. بە مانای ئەوەی وەک هەرێز لە ئاستی روکەشدا بە ڕەگێکی کورتەوە بکشێ. ئەمە کۆتایی میتۆدی دارە، کە رەگ دابکوتیت لە جێگایەکدا و بچیتە قوڵایی و ئیتر نەچیت بۆ هیچ کوێ.

بیرکردنەوەی شوێنی بیرکردنەوەی جیاوازە لە ئاستی میتۆد و بینین و مامەڵە و تێگەیشتنەوە. لە چەند هەفتەی داهاتو لە خانەی بیری روسی لە شاری لەندەن ناوچە جێناکۆکەکان وەک چەمکێک بۆ خوێندنەوەی عێراق بە کاردەبەم لە دیدی خوێندنەوەی شوێنەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×