سەردەمی سانسۆر: تۆتالیتاریەتی تەکنەلۆجیا

لاوك سەڵاح
  2019-02-17     395

ململانێی نێوان کەلتور بەهەمو جۆرەکانیەوە؛ سیاسی و کۆمەڵایەتی لە لایەک و تەکنەلۆجیا لە لایەکی دیکەوە لە ترۆپکدایە، یەکەمیان نوێنەرایەتی بەها گشتییەکان دەکات و دوەمیان ئامرازی کارئاسانین، بەهۆیانەوە ژیانی ئیداری و کەسایەتی و حکومڕانی و هەمو بوارەکانی دیکە رێکدەخرێن. پرسیاری ئێستا ئەوەیە کامیان ئەوەی دیکە دەتوێنێتەوە؟

هاوشان بەوەش دەوڵەت و تەکنەلۆجیاش لە ملمڵانێدان. کامیان ئەوەی دیکە بەرێوە دەبات؟ ئایا دەستەڵاتی دەوڵەت بەکاردێت بۆ سانسۆرکردنی کۆمەڵگە بەهۆی تەکنەلۆجیاوە یان تەکنەلۆجیا بەکاردێت بۆ هێنانەدی شەفافیەت و دەرخستنی شێوازی بەکارهێنانی دەستەڵاتەکانی دەوڵەت؟ دواتر، لە هەموی گرنگتر، کاتێک ئەو هاوکێشانە تێکەڵ بە کۆمەڵگەیەکی لۆکەڵی وەک کوردی دەبێت چۆن گرێ کوێرەکان دەکرێنەوە؛ لەوپەری پەرەسەندنی تەکنەلۆجیاوە بۆ ئەوپەری کوێرە دێیەکی خۆمان؟

کە بانگەشەی هاتنە کایەی سەردەم و کۆمەڵگەی زانیاری و چەمکەکانی کرانەوە و شەفافیەت درا، ئێمە سەرمەست و شۆک بوین، ئاسودە و سەرسامبوین لە ژێر کاریگەری سیحری وشە و چەمکەکان، لەو باوڕەدابوین کە کۆمەڵگەی زانیاری دەبێتە هۆی رێکخستنەوەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و پیادەکردنی بنەماکانی دیموکراسی بە ئاسانی، بیرمان لە کاریگەری و ئەنجامەکان و شێوازی بەکارهێنانەکانیمان نەدەکردوە، وەک منداڵ، بێگەردانە پێشوازیمان لێکرد و هەمو نهێنییەکانی خۆمان لا درکاند. بیرمان لەوە نەدەکردەوە کێ ئەم کۆمەڵگە زانیارییە بەرێوە دەبات، کێ دواتر دەبێتە خاوەنی ئەم کۆمەڵگەیە، وا تێدەگەیشتین گۆرانکاری و گەشەسەندی تەکنەلۆجیا عەقڵە سیاسییە ژەنگاوییەکان رادەماڵێت و لانی کەم ستەمی دەوڵەت کەم دەکاتەوە، بەڵام بەداخەوە لە گەرمەی پرۆسەی بەزانیاریکردنی کۆمەڵگە، پاسەوانە قەدیمەکان وەک جاران بە روخساری نوێوە هەمان گەمەیان بەرامبەر بە کۆمەڵگەکان و نەتەوەکان کرد. بەداخەوە ئێمە لە گفتەکانی دونیای جیهناگیرییەوە بەوەی هەمومان لە یەک گوندا بە بەرجەستەکردنی بنەماکانی دادپەروری و دور لە رەگەزپەرستی کۆ دەکاتەوە، خۆمان لە شاری گوگڵ بینییەوە، ئەو شار و ئەو دونیایەی بە تۆڕی عەنکەبوت ژیانمانی تەنیوە و بچوکترین جوڵە تۆماردەکات!

لە ئێستادا نەتەوەکان و کۆمەڵگەکان و کەسەکان چەند دەیەکێکە لەم کۆمەڵگەکەی داتا و زانیاری و تەکنەلۆجیایە دەژێن و مامەڵە بە زانیارییەکان دەکەن و بونەتە خاوەنی ئەزمون، ئەمان لە مێژە قۆناغی سەرسامی و شۆکیان تێپەراندەوە و بیر لە سود و بەکارهێنانە خراپەکانی دەکەنەوە، وێڵن بە دوای دارشتنی یاسایەکی نوێ بۆ راگرتنی ئەو کاریگەریە قوڵانەی لە سەر هەمو پەیوەندییەکانی کۆمەڵگە هەیانە هەر لە دامەزراوەکانەوە تا ئەندامی خێزانەکان، بە تایبەتی کە تێکەڵ بە کەلتوری سیاسی و کۆمەڵایەتی جیاواز دەبێت و هەریەکەیان ڤێرژنی خۆی لە گرفت و ئالەنگەری دەردەخات.

کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆجیا وەک ئەمەزۆن و فەیس بوک و تویتەر و گوگڵ و ئەمستگرام و هەمو ئامراز و سۆفتوێرە تەکنەلۆجیاکانی دیکە کە بە شێوەیەکی شاراوە بەکاردێن بونەتە "برا گەورەکەی جۆرج ئورویل" بەسەر ئێمەدا، ئێمە چەند سودیان لێدەبینین، ئەوان دو هێندە.

لە ساڵی ٢٠١٨ دا، رۆژانە ئەپڵ ٦٠٠ هەزار ئای فۆنی فرۆشتوە، ئەمەزۆن زیاد لە ٥٠٠ بلیۆن دۆلاری پەیدا کردوە، نزیکەی ١.٤٧ بلیۆن کەس چونەتە سەر فەیس بوک و ٣.٥ بلیۆن کەس گوگڵیان بەکارهێناوە. ئەپڵ لە ساڵی ١٩٧٦ دامەزراوە و ئامرازەکانی دیکە بەر لە دە ساڵ لە ئێستا ئەو رەواجەیان نەبوە، بەڵام ئێستا ئەگەر بۆڕی ئەپڵ نەدەنەوە لە رێزی ئەودان.

ئەوەی کە هەمیشە باوە، هەر کۆمپانیایەک بەو خێراییە گەشە باکات دەبێتە هۆی نیگەرانی و هەرەشە بۆ هەمو لایەک،. فەیس بوک گەورەترین پلاتفۆرمی جیهانە، کە بە ئاسانی دەتوانێت زانیاری ژەهراوی بکات، ئەمەزۆن بۆتە سەرچاوەی هەرەشە بۆ بازرگانەکان و فرۆشیارەکان، ئەو هێزەی گوگڵ لە گەڕان و پشکنین و گەیشتن بە هەمو جۆرە زانیارییەکی گشتی و تایبەتی هەیەتی هەمو دونیای ناسەقامگیر و شپرزە کردوە. ئینتەرنێت بە گەورەترین سەرچاوەی مۆنۆپۆلکردنی زانیاری دەژمێردێت لە هەمو سەدەی رابردودا.

لە ئێستادا ئەندام پەرلەمانەکانی دونیا، رێکخراوە مەدەنییەکان و کەسایەتییەکان بە ئەندازەیەکی زۆر نیگەرانن و داوا دەکەن کە رێ لە دەست تێوەردانی ئەم کۆمپانیا تەکنەلۆجیایانە بگرن لە بەرئەوەی هەمو زانیارییەکی وردیان لەسەر هەمومان هەیە و دەیفرۆشنەوە. زانیاری سەبارەت بە کەسایەتیمان، حەزەکانمان و پەیوەندییەکانمان و شوێنەکانمان. ئەوان دەڵێن دەبێت سنورێک بۆ ئەم دەست تیۆەردانە دابنرێت بۆ ئەوەی بە ئاسانی یاری بە زانیارییەکانمان نەکەن، ئەوەش بە دارشتنی یاسای نوێ یان کەرتکردن و جیاکردنەوەیان لە یەکتر. ئەو عە‌قڵەی لە پشت گوگڵەوە کار دەکات تا ئەندازەیەکی زۆر هەر وەک عە‌قڵی سیاسی شەستەکان و هەفتاکانی سەدەی رابردو کار دەکات، سیخۆری بەسەرمانەوە دەکات.

هەمو هەست بەو مەترسیە دەکەن کە جۆرێکی دیکە لە تۆتالیتاریەت هاتۆتە ئاراوە بە "تۆتالیتاریەتی تەکنەلۆجیا" ناو دەبرێت و کار لەسەر سروشت و سەرچاوەکانی مرۆڤ دەکات، مرۆڤ بۆتە کەرەسەیەکی خاو و ئەوان بە ئارەزوی خۆیان زانیارییەکانی ئێمە بەکار دەهێنن و قازانجی گەورە دەکەن و ژیانی ئێمەیان کردۆتە جۆرێک لە شتومەک و داتا و دور لە هەمو ئەو ئازار و ئەندیشە و یادگار و رۆح کێشانەی رۆژانە هەستی پێدەکەین. ئەو کارەی دەیکەن نەوەک هەر پێشێلکردنی سەروەری دەوڵەت و دامەزراوەکانە بەڵکو سەروەری کەساکانیشە کە تەنانەت لە دۆخی ئێستادا ناتوانن بە چرپەش لەگەڵ خۆیاندا بدوێن، جاران لە تارمایی دامەزراوە ئەمنییەکان دەتۆقیین ئێستا لە باڵادەستی و دیکتاتۆریەتی تەکنەلۆجیا.

ئەوەندەی پەیوەستە بە کۆمەڵگای ئێمەوە، با پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی پار وەک نمونە وەربگرین ئەو سۆفتوێرەی کە پێمان فرۆشرا لە جۆرە هەرە خراپەکان بو کە بە ئاسانی دزەی تیا دەکرا بۆ بەکارهێنانی بۆ مەبەستی تایبەت، ئەوەندەی سەرچاوەی بەگێلکردنی کۆمەڵگە بو ئەوەندە یارمەتیدەر نەبو پرۆسەی سیاسی سەربخات، ئەمە ئەوە راستییە دەگەیەنێت کە مەرج نییە پەرەسەندنی تەکنەلۆجیا ببێتە فاکتەرێک بۆ گەشەسەندنی ئاستی تواناکان و بڕواهێنان بە بنەماکانی پەرەسەندنی سیاسی کۆمەڵگە. هەر بۆیە دواجار هەمو پارتە سیاسیەکان میراتی سیاسی خۆیان کردە بنەمای قسەکردن لەگەڵ یەکتر و داوای سەنگی خۆیان دەکرد. بەداخەوە پرۆسەیەکی وا گەورە کە بە سەرپەرشتی حکومەتە گەورەکانی دونیا و رێکخراوە نێودەوڵەتەکان ئەنجامدرا شکستی هێنا لەوەی یەک خشت بخاتە سەر بیناکردنی پرۆسەی دیموکراسی لەم وڵاتەدا. ئەمە ئەو راستییە دوپات دەکاتەوە، کە کۆمەڵگە پێویستی بە ساتی گەشەسەندی مێژوی خۆی هەیە کە تیایدا ئامادە دەبێت تیۆر و پراکتیک رەنگدانەوەی راستەقینانەی یەکتربن.

بەداخەوە خەڵکانێکی زۆر گرەویان دەکرد کە بونی شەفافیەت رێگرە لە پێشلکارییە سیاسی و یاساییەکان، ئەمە تا ئەو ئاستە راستە کە توانا و بڕوا و ئیرادەی کۆمەڵگە راستگۆیانە بۆ بەرژەوەندی گشتی کار بکات. هەر بۆیە دەبێت رەچاوی رەوتی مێژوی ئەو ژینگەیە بکەین کە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو پێیدا تێدەپەرێت.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×