کەنیسەی نۆتەردام‌و وانەیەک بۆ ئێمە!

سەڵاح رەشید
  2019-04-22     723
پارێزگاری شاری پاریس، خانم ئەنا هیدالۆگۆ، وتی پێویستە چاککردنەوەی کەنیسەی نۆتەردام، پێش یاری ئۆڵۆمپی ساڵی (2024) لە پاریس کۆتایی هاتبێت، بۆ ئەوەی لەکاتی ئەو یاریانەدا ئامادەبێت کە گەشتیاران بیبینن، ئەمە چەندی تێدەچێت و کێ پارەکەی ئەدا؟

کەنیسەی نۆتەردام، ئێوارەی رۆژی دوشەممە رێککەوتی (15)ی نیسانی ئەمساڵ ئاگری گرت و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا، زۆر شوێنی سوتان و بە تایبەتی هەردو منارەکەی، کەنیسەی نۆتەردام بە باناوبانگترین شوێنی پاریس دەژمێرێت کە تەمەنی نزیکی (850) ساڵ دەبێت و ساڵانە زیاتر لە (12) ملیۆن گەشتیار سەردانیان دەکرد.

نزیکەی (400) ئاگرکوژێنەوە و زیاتر لە (9) سەعاتیان پێچو تا توانیان ئاگرەکە خامۆش بکەن. (3) خێزانی دەوڵەمەندی فەرەنسا، بڕیاریاندا نیو ملیارد ئۆیرۆ ببەخشن بۆ چاککردنی نۆتەردام، یەکەم خێزان کە خاوەنی چەندەها مارکەی جیهانین وەک گوجی و ساینت لاورێنتە، ئەوان (100)، ملیۆن ئۆیرۆیان بەخشی، هەروەها بێرنارد ئەرناولت، کە خاوەنی(LVMH) ئەویش (200)ملیۆن ئۆیرۆی بەخشیوە، هەروەها کومپانیای نەوتی تۆتاڵ (100) ملیۆنی بەخشیوە. هەروەها مارک لادرایت (10 تا 20) ملیۆن ئۆیرۆی بەخشیوە.

چەندەها تاکە کەس و خێزانی دەوڵەمەند و کەسایەتی دیاری فەرەنسی و ئەوروپی و جیهانی هاوکارییەکی بەرچاویان بەخشیوە بۆ نوێکردنەوەی نۆتەردام. هەندێ لەوانەی هاوکارییان کردوە، بڵاویان کردۆتەوە کە نایانەوێت ئەو پارەیەی بەخشیویانە لە تاکس دایشکێنن، چونکە لە یاسای فەرەنسادا هەیە، ئەو کەسەی هاوکاری شوێنە رۆشنبیرییە نەتەوەییەکان بکات ئەتوانێت تا (66٪) لە تاکس دایشکێنێت.

شتیفان بێرن، لێپرسراوی بەشی رۆشنبیری لە پاریس وتی، ئێمە کێشەی پارەمان نابێت، جگە لە ملیاردێرەکان، هەمو هاوڵاتییەک ئامادەی هاوکارییە لە دەوڵەمەندەوە بۆ هەژار، هەریەکە بەپێی بارودۆخی ئابوری خۆی، لە کارگە گەورەکانەوە وەک ئەپڵ تا نانەواخانەیەکی بچوک، هەر هەمو فەرەنسا و دنیا بەشدارن لەم کارەدا و پارێزگای شاری پاریسش بەڵێنی (50) ملیۆن ئۆیرۆیان داوە.

تاکو ئێستا نازانرێت، چاککردنەوەی نۆتەردام چەندی تێدەچێت و بە چەند ساڵ تەواو دەبێت، هەرچەندە سەرۆک ماکرۆن بڵاویکردەوە کە هەوڵ ئەدەن لە ماوەی پێنج ساڵدا تەواوی بکەن. سەرۆکی یەکە ئیدارییەکانی شارو شارۆچکە و دێهاتەکان، هەمو بەڵێنیان داوە، کە هەریەکە بە پێی دانیشتوانی شوێنەکەیان، هەرکەسە (10) ئۆیرۆ ببەخشێت بۆ ئەو کارە نەتەوەییە.


ئەم کارە نمونەیەکی بەرز و هەستێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی گەورەیە کە نیشانی ئەدات کە هاوڵاتیان چەند شوێنە گشتی و نەتەوەییەکانی خۆیان خۆش دەوێت و چەند ئامادەی ئەوەن کە بیپارێزن. خۆزگە و سەد خۆزگە، هاوڵاتیان کوردستان بە گشتی و دەوڵەمەندەکانیان بە تایبەتی کەمێ لەو ئامادەییەی فەرەنسیەکان و هاوڵاتیانی وڵاتانی تر، فێردەبوین.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×