رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی 21 یان 22ی نیسانە؟

حامد محەممەد عەلی
  2019-04-24     264
هەموو ساڵێک لە 30 ئاداردا مشتومڕێک لەسەر ڕۆژی لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد سەرهەڵدەدا، لەکاتێکدا کە مێژووەکە زۆر کۆن نییە و هێشتا خەڵکانێکی ئەو سەردەمە لە ژیاندا ماون، بەڵام تائێستاش ساخ نەکراوەتەوە ئایا 30 یان 31ی ئاداری 1947 قازی و هاوڕێکانی لەسێدارەدراون! ئەوەی مەبەستمە لێرەدا باسی بکەم، سەرهەڵدانی ناکۆکییە لەسەر مێژووی دەرچوونی یەکەم ژمارەی  ڕۆژنامەی (کوردستان) ی دایک لە قاهیرە.

لە ساڵی 1968 و 1969، کۆچکردووان (د.مارف خەزنەدار و د.کەمال فوئاد) دوای ماندووبوونی باش، ڕۆژنامەی (کوردستان) یان دۆزییەوە و ڕۆژی 22 ی نیسانیان بە ڕۆژی دەرچوونی یەکەمین ژمارەی ڕۆژنامەکە دیاریکرد و لە دوای ئەوەوە لە سەرەتای حەفتاکانەوە و پاش لەچاپدانی زۆربەی ژمارەکانی (کوردستان) لەلایەن د.کەمال فوئادەوە لە ساڵی 1972 لە بەغدا، ئیتر 22ی نیسان لای هەمووان کرا بە ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی و ساڵانە لەو ڕۆژەدا بە چالاکی و شێوازی جۆراوجۆر لە ناوخۆی کوردستان و دەرەوەش یاددەکرێتەوە.

ماوەی چەند ساڵێکە گومان لەسەر ڕۆژی دەرچوونی یەکەم ژمارەی (کوردستان) دروستبووە و هەندێ لە توێژەر و ڕۆشنبیرانی کورد پێیانوایە 22ی نیسان نییە، بەڵکو 21ی نیسانی 1898 ئەو ڕۆژەیە کە یەکەمین ژمارەی (کوردستان) ی تێدا دەرچووە. یەکێک لەوانە (د.فەرهاد شاکەلی) بوو کە یەکەمجار بەدواداچوونی بۆ ئەو پرسە کرد و لە ڕۆژنامەی (ئاسۆ) لە ساڵی 2007  بابەتێکی لەوبارەوە بڵاوکردەوە و گوتی 22ی نیسان دروست نییە و 21ی نیسان تەواوە.  

دیارە بە بەڵگەوە داکۆکی لە ئەنجامی توێژینەوەکەی خۆی دەکات. ئەوکات یەکەمجار ئەو قسەیە زۆر بەهەند وەرنەگیرا و بگرە لەلایەن هەندێ کەسیشەوە ئەو بۆچوونە ڕەتکرایەوە و بەرهەڵستیش کرا.

یەکێک لەوانە (کاک عەبدوڵڵا زەنگەنە)ی توێژەری بواری ڕۆژنامەنووسی بوو کە ئەویش لەوبارەوە ڕاوبۆچوون و لێکدانەوەی خۆی هەیە و پێیوایە لە گۆڕینی مێژووی کۆچی بۆ زاینی، گرفت دروست دەبێ و چەند کاژێرێک جیاوازی دروست دەبێ..(جێی وەبیرهێنانەوەیە کە لەسەر ڕۆژنامەکە تەنها ساڵنامە ی کۆچی و ڕۆمی نووسراوە). 

ئێستا لە سەروبەندی یادی 121 ساڵەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا، وا جارێکی تر ئەو پرسە سەریهەڵداوەتەوە و ئەمجارە (د.مەغدید سەپان) بەدواداچوونی کردووە و هەمان ئەنجامی توێژینەوەکەی د. فەرهاد شاکەلی بەدەستهێناوە و بەقسەی خۆی ، بە بەڵگە دەیسەلمێنێ کە 21ی نیسان تەواوە نەک 22ی نیسان.

کەوابوو ئێستا لەسەر ئەم پرسەش دوو ڕای جیاواز هەیە و هەرلایەکیش بەڵگە و لێکدانەوەی خۆی هەیە و داکۆکی لێدەکات.. بۆیە من پێشنیاز دەکەم هەردوولا لە هەولێر سیمینارێکی ڕووبەڕوو سازبکەن و بەڵگە سەلمێنەرەکانی خۆیان بخەنە ڕوو. دەکرێ ئەو سیمینارە لەلایەن ئەکادیمیای کوردییەوە یان وەزارەتی ڕۆشنبیری یان سەندیکای ڕۆژنامەنووسانەوە سازبکرێ و خەڵکی پەیوەندیدار بەشداری تێدا بکەن.

هەروەها دەکرێ د.مەغدید لەگەڵ د.فەرهاد شاکەلی و هەر توێژەرێکی تر کە هەمان ئەنجامگیرییان کردووە، پێکەوە بەیاننامەیەکی هاوبەش دەربکەن بۆ ڕای گشتی کوردستان و بینێرن بۆ تێکڕای ناوەندە ڕۆشنبیری و ڕۆژنامەگەری و ئەکادیمییەکان و بەڵگەکانی خۆیان لەسەر ساخکردنەوەی ئەو مێژووە، بە کورتی بڵاوبکەنەوە و داوای ئەو سیمینارە بکەن، بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم ناکۆکی و جیاوازییە و سەلماندنی ڕاستییەکەی.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×