نه‌وه‌ی نوێ: له‌ كۆمپانیایه‌كی ئابوورییه‌وه‌ بۆ كۆمپانیایه‌كی سیاسیی

مه‌ریوان وریا قانع و ئاراس فه‌تاح
  2019-04-24     821
نەوەی نوێ تازه‌ترین ھێزی ئۆپۆزیسیۆنی ناو کایەی سیاسیی ھەرێمە كه‌ بەر لە هه‌موو شتێك زاده‌ی سایكۆلۆژیا و خولیای شه‌خسیی ملیۆنێر و سه‌رمایه‌دارێكی ناڕوون و دووڕوخسارە. ناڕوون و دووڕوخسار به‌و مانایه‌ی گه‌رچی پڕۆژه‌ ئابوورییه‌كانی و بوونی به‌ ملیۆنێرێكی گەنج و گه‌وره‌، جێگای مشومڕی گه‌وره‌ و به‌دگومانیی بوون لای خه‌ڵكێكی زۆر، بەڵام خستنه‌گه‌ڕی بەشێک لە سەرمایه‌كه‌ی و دامەزراندنی ئیمپراتۆرییه‌ته‌ میدیاییه‌كه‌ی له‌ناو پرۆسه‌ی دروستكردنی حیزبێكی سیاسیی نوێدا، ڕووداوێکی تازەی ناو کایەی سیاسیی ئێمە بوو. ئەم ھێزە تازەیە خاوەنی گوتارێکی سیاسیی رادیكاڵ و ”بوێرانە“بوو بەرامبەر بەو دەسەڵاتدارێتییەی لە ھەرێمدا دروستکراوە و ھەر ئەم گوتاری ”بوێریی“ەش بوو، بووە جێگای سه‌رسامیی ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی ده‌نگده‌ران له‌ دواھەمین دوو هه‌ڵبژاردندا. ده‌نگده‌رانێك كه ‌هه‌‌م له‌ده‌سه‌ڵات و له ‌ئۆپۆزیسیۆن نائومێدبوون، هه‌م سه‌رسامبوون بەم ”بوێریی“ە و ھەم ھەڵگری خه‌ونی ده‌وڵه‌مه‌ندبوون و خۆشگوزه‌رانییەک بوون كه‌ ئایدیاڵ و نموونە باڵاکایەن خودی شاسوار عه‌بدولواحید بوو.

نەوەی نوێ لە ساتی دروستبوونیەوە خۆی وه‌ك بۆمبێكی سیاسیی قۆناغی دوای بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان نماییشده‌كردوە و بانگه‌شه‌ی ئەلتەرناتیڤێکی دووسەرەشی ده‌كرد. ھەم ئەلتەرناتیڤی حوکمڕانیی دوو ھێزە باڵادەستەکەی ھەرێم و ھەم ئەلتەرناتیڤی ئەو ھێزە ئۆپۆزیسیۆنانەی كه‌ ”بوێریی“ سیاسییان نه‌ماوه‌. بەم ڕۆحییەت و وێناکردنە تایبەتەشەوە، لە پاڵ ئەو وێنەشدا کە لەسەرەوە کێشامان، بەشداریی له‌ ھەڵبژاردنەکانی ئەم دوایەی پەرلەمانی هه‌رێمی کوردستان و عێراقدا کرد.
یەکەم سەرنج بکرێت لەسەر ئەم بەشداریکردنە دەریببڕین ئەوەیە کە ئەم ھێزە سیاسییە تازەیە ئەو قورسایی و ھێز و قەبارەیەی نەبوو، کە بۆ نموونە بزوتنەوەی گۆڕان لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٩ و ٢٠١٣ دا نیشانیدا. بکەرە سیاسییە سەرەکییەکانی ناو ئەم ھێزەش ھەڵگری ئەو کاریزما تایبەتە نەبوون کە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا ھەبوون.
شاسوار خۆی و نه‌وه‌ی نوێی وه‌ك تاقه‌ سیاسیی و تاقە ھێزێکی سیاسیی وێناده‌كرد، كه‌ مێژوویه‌كی پاك و بێگه‌ردی هه‌یه‌ و له‌وانی تر ناچێت، چونكه‌ هه‌موو هێزه‌كانی تر، به‌زمانی خۆیان، ته‌قلیدیین و له‌ هه‌ناوی حیزبه‌كانی تره‌وه‌ سه‌ریانهه‌ڵداوه‌. به‌ڵام گه‌ر به‌وردی ته‌ماشای پێكهات و كه‌سایه‌تییه‌كانی جوڵانه‌وه‌كه‌ بكه‌ین، وێنه‌یه‌كی تر ده‌بینین. بەشێکی بەرچاوی ناوە دیارەکانی ناو ئەم ھێزە یان لەناو بزوتنەوەی گۆڕانەوە ھاتوون، یان لەناو ئەو ماشێنە میدیاییەوە کە لە ھەرێمدا ھەبووە و کاریکردوە. کەسانێکن بە مانای نوێ، نوێ نین و سەر بەو نوخبە سیاسیی و فەرھەنگە میدیاییەن کە لە دونیای دوای ڕاپه‌ڕین و دوای نائومێدبوونی سیاسیی له‌ ئۆپۆزیسیۆن، دروستبوون. جگە لەمە ھەم ھەڵگریی ئەو کولتورە سیاسیی و ئەو میکانیزمە ئابورییانەن کە لە ھەمان دونیادا دروستبووە.

بۆ ئەوەی زیاتر لەم ھێزە، یان لە ھەر ھێزێکی سیاسیی تر لە ھەرێمدا بگەین، پێویستە لانیکەم لە سێ ڕەھەندی سەرەکیی بڕوانین. یەکەمیان ئەو گوتاره‌ سیاسییانەیە کە ئەم ھێزە ھەڵیگرتوە. دووھەمیان پێكهاتی ڕێكخراوه‌یی ئەو ھێزەیە. سێھەمیان ئەو پەیوەندییەیە کە ئەو ھێزە بە کایەی ئابورییەوە گرێیدەدات.

بەبۆچونی ئێمە گوتارە سیاسییەکانی نەوەی نوێ نموونەیەکی تەواو ڕوونی ئەو جۆرە گوتارەیە کە لە ئەدەبیاتی سیاسییدا بە پۆپۆلیزم ناونراوە. یەکێک لەڕەگەزە ھەرە بنه‌ڕه‌تیی و گرنگەکانی پۆپۆلیزم، لە ھەموو مۆدێله‌كانیدا، بریتییە لە سادەیی و سەتحیبوونی گوتاره‌ سیاسییەکەی و وێناکرنێکی زۆر ساکاری کێشە ئاڵۆزەکان، ئینجا پێشنیارکردنی کۆمەڵێک ڕەچەتەی سیاسیی ساكاره‌ بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە ئاڵۆز و کەڵەکەبووانە کە حوکمڕانییەکی خراپ دروستیان دەکات. ئامانجی ژمارە یەکی ھێزە پۆپۆلیستەکان دەستکارییکردن و گۆڕینی نوخبه‌ی حوکمڕانە به‌ نوخبه‌كه‌ی خۆیان، نەک دەستکاریکردنی ئەو واقیعەی کە ئەو کێشانەی دروستکردوە، داڕشتنەوەی دەزگاکانی و ھێنانەکایەی فۆرمێکی نوێ لە پراکتیک و کردەی سیاسیی و پێداچوونەوەیەکی ھەمەلایەن بە پەیوەندیی نێوان کایەی سیاسیی و کایەکانی تر، بەتایبەتی پەیوەندیی ئەم کایەیە بە کایەی میدیا و کایەی ئابورییەوە. ھێزە پۆپۆلیستەکان دەیانەوێت بەھەر نرخێک بگەنە ترۆپكی ده‌سه‌ڵات، نه‌ك ده‌ستكارییكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌سه‌ڵات بكه‌ن.

ئەوەی پێویستە لێرەدا جیاکارییەکی سەرەتایی تیادا بکەین، جیاکردنەوەی ”خەونی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی مێژوویی“ە لە ”ڕەچەتەی سیاسیی سادە“. ھێزە پۆپۆلیستەکان ھەڵگری خەونێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی مێژوویی نین کە ھێزەکانی ئەو خەونە و ڕەگوڕیشەکانی لەناو ئەو واقیعە کۆمەڵایەتیی و مێژووییەدا بێت کە لەناویدا ئامادەن. ھاوکات عەقڵانییەتێکی سیاسیی حیساب بۆکراویش ئاراستەیان ناکات، بەڵکو ھەڵگری ”ڕەچەتەیه‌کی سیاسیی“ سادەن کە نەک تەنھا دژ بە ھەموو عەقڵانییەتێکی سیاسییە، بەڵکو تەواو ناکۆکیشە بە ھێز و توانا مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانی ناو ئەو واقیعە. بەم مانایە گوتاری پۆپۆلیستیی لەباتی ئەوەی واقیع بناسێت و ئەگەری گۆڕانکاریی لەناویدا بدۆزێتەوە و گەورەبکات، لەسەر نەفیکردنێکی تەواوی ئەو واقیعە کاردەکات. ئامرازی سەرەکیی ئەم نەفیکردنەش جگە لە پێشنیارکردنی ڕەچەتەیەکی سیاسیی ئاسان، شتێکی دیکە نییە. گوتارەکانی نەوەی نوێ سەر بەم شێوازەن لە ڕەچەتەی پۆپۆلیستی و چاره‌سه‌ری ساده‌ بۆ كێشه‌ ئاڵۆز و گه‌وره‌كانی دونیای دوای ڕاپه‌ڕین.

ھەرچی مۆدێلی رێكخراوه‌یی هێزە پۆپۆلیستییه‌كانە، مۆدێلێکی هه‌ره‌مییه‌ و دیارده‌یه‌كی تاكسه‌رۆكیی ئاراستەیدەکات.  هه‌موو هیوا و گوتار و تواناكانیشی له‌سه‌ر له‌باقه‌ت و كارامه‌یی و كاریزمای ئەو تاکە سه‌رۆكە به‌نده‌. له‌ناو بزوتنه‌وه‌ پۆپۆلیستییەکاندا كه‌سی دووهه‌م و سێهه‌م بوونی نییه‌، چ جای سەرکردایەتییەکی دەستەجەمعیی و دروستبوون و دەرکەوتنی کەسایەتی سیاسیی تازە. بۆیه‌ له‌ زۆرینه‌ی حاڵه‌ته‌كاندا به‌ كه‌وتنی سه‌رۆكەکە، به‌بێزاربوون و بێتاقەتبوونی، یان بە مردنی، سەرجەمی بزوتنەوەکە و گوتارەکانیشی دەمرێت، یان تووشی شەلەلێکی سیاسیی ھەمەلایەن دەبێت تاڕادەی كۆتاییھاتنی خودی جوڵانه‌وه‌كه‌. بزوتنه‌وه‌ پۆپۆلیستییه‌ تاكسه‌رۆكه‌كان ئه‌و مۆدێله‌ن له‌ بزوتنه‌وه‌ی سیاسیی كه‌ یەک سەرۆک به‌تاقی ته‌نها ئاراسته‌ی كۆی سیاسه‌ت و گوتار و ئابووریی و هه‌یكه‌لی ڕێكخراوه‌یی جوڵانه‌وه‌كه‌ ده‌كات. نەوەی نوێش مۆدێلێكی ئه‌م ڕه‌وته‌یه‌ كه‌ له‌ جیهانی سیاسه‌تدا نموونه‌ی كه‌م نییه‌.

نه‌وه‌ی نوێ وه‌ك هێزیكی سیاسیی نوێی ناو كایه‌ی سیاسه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، یه‌كه‌م رێكخراوه‌ كه‌ راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن سه‌رمایه‌دارێكه‌وه‌ دروستده‌كرێت و ھەم خۆیشی سه‌ركردایه‌تی و ئاراستەی دەکات. گه‌ر هێزه‌ سیاسییه‌كانی تری ھەرێم پاش گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات گۆڕابن بۆ كۆمپانیایه‌كی سیاسیی، ئه‌وا نه‌وه‌ی نوێ ھێزێکە لە کۆمپانیایەکی ئابورییەوە گۆڕاوە بۆ ھێزێکی سیاسیی. لە ھەردوو دۆخەکەدا پەیوەندییەکی تەواو ناتەندروست لەنێوان سیاسەت و ئابورییدا دروستبووە. لە دۆخی یەکەمیاندا سیاسەت دەبێتە ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردنی ئابوریی، لە دۆخی دووھەمیشیاندا ئابوریی دەبێتە ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردنی سیاسیی. لە ھەردووکیشیاندا سیاسەت لەوەدەکەوێت کردە و بڕیاری پێکەوەیی و دەستەجەمعیی بێت بۆ دروستکردنی ”ژیانێکی ھاوبەش“ بەلانی ھەرەکەمی کێشە و گرفت و ململانێوە.

سەرۆکی نەوەی نوێ سه‌رمایه‌دارێكه‌ له‌ناو ئابوورییه‌ پڕ گەندەڵیی و تاریکییه‌كه‌ی دونیای دوای ڕاپەڕینی هه‌رێمی كوردستاندا بوو به‌ملیۆنێر. ئەوەی ئەمی لە ملیۆنێرەکانی ناو ئەو دونیایە جیاکردەوە سەرفکردنی بڕێكی سه‌رمایه‌کەی بوو له‌ دروستکردنی ده‌زگایه‌كی میدیاییدا كه‌ ماوه‌یه‌ك رۆڵێكی به‌رچاوی له‌ نیشاندانی پێشێلكردنی مافەکانی مرۆڤ و خراپەکارییه‌كانی سیسته‌می حوكمڕانیی لە ھەرێمدا گێڕا. NRT وەک دەزگایەکی میدیایی، گرنگییەکی مێژوویی تایبەتی لەناو ئەو ئیمپراتۆریەتە میدیاییە شەخسیی و حیزبیی و ئاراستەکراوەدا ھەیە کە دوو ئەرکی سەرکییان ھەیە: یەکەمیان، فرۆشتنی حیزب و بنەماڵە سوڵتانییەکانە بە نرخی فریشتە و فریادڕەسێکی مێژوویی بە کۆمەڵگای ئێمە. دووھەمیان تێکدان و شێواندنی ھۆشیاریی مرۆڤی ئێمە و بەناسیاسیی و ناڕەخنەییکردنی ئەو ھۆشیارییە. NRT لەدوای دروستبوونی نەوەی نوێوە وەک ھێزێکی سیاسیی، وەک زۆرێک لە تەلەفیزیۆنە حیزبییەکانی تر، بووە بە ئامرازی پڕوپاگەندەکردن بۆ نەوەی نوێ بەگشتیی و بۆ سەرۆکەکەی بە تایبەتی. خاوەندارێتی سەرۆکی نەوەی نوێ بۆ میدیای NRT وایکردوە گوتاره‌كانی بزوتنه‌وه‌ی نوێ، به‌فیگه‌ر و قسه‌كانی شاسواردا بناسرێنه‌وه‌. قسه‌كانی شاسواریش دووبارەکردنەوەیەکی زۆر سادەی ئه‌و گوتارانه‌یە كه ‌پێشتر له‌ كایه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسییدا بە شێوەیەکی سیستماتیکیتر و عه‌قڵانیتر هه‌بوون.

لەماوەیەکی کەمدا ھەم نەوەی نوێ وەک ڕێکخراو و ھەم NRT وەک دەزگایەکی میدیایی، بوون بە حیزب و میدیای تاكسه‌رۆك. نەوەی نوێ لە ئێستادا رێكخراوێكه‌ كه‌ دامه‌زرێنه‌ره‌كه‌ی كۆماندۆئاسا ھەم رێكخراوه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌بات و ھەم ئابوورییه‌كه‌ی له‌ژێر ده‌ستی خۆیدایه‌ و ھەم میدیاكه‌شی ھی خۆیەتیی. ئه‌م مۆدێله‌ له‌ حیزبایه‌تی مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئابووریی و میدیا و ئیدارە و سیاسەتی رێكخراوه‌كه‌ به‌ریمۆت كۆنترۆڵی ده‌ستی سەرۆكەکەیەوه‌ به‌نده‌. بەشێکی زۆری ئەوانەشی لەناو بزوتنەوەکەدا کاردەکەن، یان به‌گرێبه‌ست له‌ ده‌زگاكانیدا کارمەندن، یان فەرمانبەر و مووچەخۆری سەرۆکی ڕێکخراوەکەن كه‌ به‌ خۆبه‌خش ناودێڕكراون. زۆری پێنه‌چوو وێنه‌ ڕاستەقینەکەی نه‌وه‌ی نوێ و شاسواری سەرۆکی بۆ ڕووبه‌ری گشتیی ئاشكرابوو. شاسوار رێكخراوێكی هه‌ره‌میی دامه‌زراند كه‌ خۆی كه‌سی یه‌كه‌م و کەسی كۆتایی و بڕیارده‌ری ناو ڕێكخراوه‌كه‌یه‌. ده‌زگای میدیایی رێكخراوه‌كه‌ شه‌خسی خۆی ئاراسته‌ی ده‌كات، زمان و گوتاره‌كانی جوڵانەوه‌كه‌ خۆی دیاریده‌كات و هه‌رچی ئه‌ندامانی ڕێكخراوه‌كه‌شه‌ كه‌ ناوی ناون خۆبه‌خش، جگه‌ له‌ كارمه‌ندێك كه‌ به‌گرێبه‌ست كاری بۆ ده‌كه‌ن، شوناسێكی تریان نییە.

ئەندامبوون له‌ جوڵانه‌وه‌ی نەوەی نوێدا هه‌ڵگری هه‌مان خه‌سڵه‌ت و مۆدێلی ”كارمه‌ندی گرێبه‌سته‌“ له‌ناو كۆمپانیایه‌كدا كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر سه‌رپێچییه‌كدا، بێگومان ئەوەی سەرۆکی کۆمپانیاکە بە لادان و خیانه‌تی بزانێت، نه‌ك ته‌نها ئه‌گه‌ری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ی ئاماده‌یه‌، به‌ڵكو ناوزڕاندن و تیرۆری كه‌سایه‌تیشی ئه‌گه‌رێكی كراوه‌یه‌. به‌م چه‌شنه‌ مۆدێلی حیزبایه‌تی له‌ناو نه‌وه‌ی نوێدا سەرلەنوێ بەرھەمھێنانەوەی هه‌مان په‌یكه‌ری سیاسییه‌ كه‌ له‌حیزبه‌ نادیموكراسییه‌ ‌سوڵتانییه‌كانی تردا ده‌یبینینه‌وه‌، ئەگەر لەوان خراپتریش نەبێت. شاسوار ده‌توانێت به‌گرێبه‌ست سیاسییەکانی ناو بزوتنەوەکە دابمەزرێنێت و موچه‌یان بۆ ببڕێته‌وه‌، هه‌ر شاسواریش ده‌توانێت گرێبه‌سته‌كه‌یان هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌ و ده‌ریان بكات و بێكاریان بكات.

گه‌ر بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان یه‌كێك بێت له‌و هێزه ‌سیاسییانه‌ی دوای ڕاپه‌ڕین كه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا زوو هه‌ڵكشاو دوای دوو ھەڵبژاردن داكشا، ئه‌وا جوڵانه‌وه‌ی نەوەی نوێ ئەم پله‌ی یه‌كه‌می لە گۆڕان سه‌نده‌وه‌. گه‌ر گوتاری ”به‌ڵێ ده‌یگۆڕین“ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ماوه‌یه‌كی زه‌مه‌نییدا مه‌ترسییه‌ك بووبێت بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات و له‌ ئێستاشدا له‌ناو دیوەخانی ده‌سه‌ڵاتدا كۆتایی هاتبێت، ئه‌وا له‌مڕۆدا نه‌وه‌ی نوێ له‌ گوتاری گۆڕینی ترۆپكی ده‌سه‌ڵات له‌ پایتەخته‌وه‌ کەوتۆتە ناو مه‌ترسیی ئەوەی ترۆپكی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی له‌ گوندی ئه‌ڵمانی بكه‌وێته‌ له‌رزین. دوای چروکبوونی بۆمبی گۆڕان، بۆمبێكی سیاسیی و ئه‌خلاقیی گه‌وره‌ی تر له‌كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا له‌ چروکبووندایە. ئاكامی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش ته‌نها ناچیزبوونی ئه‌و هێزانه‌ نییه‌ كه‌ خۆیان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌ ئۆپۆزیسیۆنی راسته‌قینه‌ ده‌زانن، به‌ڵكو مه‌ترسیی هه‌ره‌ گه‌وره‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ هه‌م مانای ئۆپۆزیسیۆنبوون بەتەواوی وێران ده‌كه‌ن و هه‌م  كرده‌ی سیاسییش لە ھەموو نرخ و بەھایەک دادەماڵن. بەسەریەکیشەوە متمانه‌ی ئەو زیاد لە حەفتا لەسەدەی، دەنگە ناڕازییه‌كانی دونیای ئێمه‌ به‌ سیاسه‌ت و گۆڕانكاریی شكستپێده‌‌هێنن.

ئێمه‌ هه‌میشه‌ جه‌غدمان له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ له‌م قۆناغه‌دا هه‌موو حیزبه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان به‌پله‌ی جیاواز له‌ پرۆسه‌یه‌كی خێرا و هێواشی به‌سوڵتانیبووندان. سوڵتانیبوونیش مانای ئه‌وه‌یه‌ خێزانێك ده‌ست به‌سه‌ر قه‌ده‌ری حیزبدا ده‌گرێت و حیزب ده‌كات به‌ كۆمپانیایه‌ك بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابووریی و گروپییه‌كانی خۆی و، ھەموو سیستمی حوکمڕانییش دەگۆڕێت بۆ موڵکایەتییەکی شەخسیی و جوڵاندنی بەپێی لۆژیکی ئەو موڵکایەتییە. ئێمه‌ ڕامان وایه‌ كه‌ پرۆسه‌ی به‌كۆمپانیاكردنی سیاسیی نەوەی نوێ بە میكانیزمی به‌خێزانییكردنێکی تەواوی جوڵانه‌وه‌كه‌ كۆتایی دێت و پرۆسه‌ی هه‌ڵوه‌رینی گوتاره‌كانی و به‌داوه‌شانی جوڵانه‌وه‌كه‌ و ته‌كینه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و بكه‌ره‌سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ش كۆتایی دێت كه‌ له‌ قۆناغی دروستبوونی فه‌راغی سیاسیی دوای کەوتنی بزوتنەوەی گۆڕاندا، ئومێدێكیان پێی هه‌بوو.


خاڵێکی دیکە کە ئێمە بەدرێژایی دونیای دوای ڕاپەڕین بەرگریمان لێکردەوە بەستنەوەی سیاسەتە وەک چالاکییەکی ناو ڕووبه‌ری گشتیی بە مەسەلەی ئه‌خلاقی بەرپرسیارێتییەوە. کۆمەڵگای ئێمە پێویستی بە ھێزێکی سیاسیی نوێیە کە بە ئەخلاق و کولتوور و میدیا و زمانێکی سیاسیی نوێ و بڕێکی گەورە لە بەرپرسیارێتییەوە ئامادەبێت، ھەم واقیعەکە بناسێت و ھەم کەرەستەکانی دەسکاریکرنیشی گەڵاڵە بکات. ھەموو ئەمانەش لەناو ئەخلاقیەتێکی بەرپرسیارانەدا کە سیاسەت دەگۆڕێت بۆ ئاکتێکی عەقڵانیی و مێژوویی. ئه‌زموونی سیاسیی كورتی نەوەی نوێش پێمانده‌ڵێت كه‌ ئه‌م جوڵانه‌وه‌یه‌ لە خولی یه‌كه‌می كاری سیاسییدا له‌ ھەموو بەشەکانی ئەم تاقیکردنەوەیەدا دەرنەچوو.




زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×