لەڕۆژی جیھانی کرێکاراندا چیمان بۆ کرێکارەکان کردووە؟

یاسین نادر ڕەحمان
  2019-05-01     798
 نامەوێت بەمشێوەیە مێژووی ئەم ڕۆژەیە کە لە ١ی ئایاری ١٨٨٦ز لە شیکاگۆی ئەمریکا ڕوویداوە و تیایدا چینێکی داماو و ھەمیشە ماندووی ڕۆژگار کە مافەکانیان لەو ساڵانەدا بەھۆی بارەکێشی و کارلێکێشانی زۆرەوە پێشیلکراوە و لەسەر خواستێکی سەرەتایی خۆیان واتە: کەمکردنی کاتەکانی ئیشکردنیان لە ١٤ کاتژمێرەوە بۆ ٨ کاتژمێر، بەس بەتەنیا بخەمە ڕوو، ھەر چەندە لەم پێناوەشدا پاش چەند ڕۆژێک بەردەوامی لە ناڕەزایەتییان چەند کرێکارێک بەھۆی تەقەی پۆلیس و دەزگا ئەمنیەکانی ئەمریکاوە کوژرا و پاش ئەم مێژووە و تا ڕادەیەکیش ڕابردووتر لەم مێژووە، بزوتنەوە و حیزبگەلێک دروست بوون کە ھەمیشە خۆیان بانگەشەکار و داکۆکیکەر لە مافی کرێکارەکان، خۆیان زانیوەو دروشمەکانیان ھەمیشە لە مافی ئەم چینە ماف زەوتکراوە پیشانی ھەموو دونیا داوە، کە ڕوویەکی سەرەکی ئەمەش لە بەرژەوەندیخوازی زیاتر ھیچی تری لێ بەدی ناکرێت، چوونکە دۆخی کرێکارەکان و تەندروستبوونی شوێنی کار و خزمەتکردنی زیاتر بەوان لە ڕووی ژینگەی ژیان و ئاسوودەیی کۆمەڵایەتیەوە ئێستاکەشی بەدواوە بێت نەک سەقامگیر نەبووە، بەڵکوو خراپتر بووەو ڕۆژانە ھەواڵە دڵتەزێن وناخۆشەکان لە بارەی ژیانی ناخۆشی ئەم توێژە ھەر دەبیستین و ئیتر چۆن چارە دەکرێت و چۆن کاری بۆکراوە، وا ئەنجامەکەی لە ئێستادا لە دۆخی ئەواندا دەبینین، کە بەداخەوە شتانێکی دڵخۆشکەر نەک نین بەڵکوو ھەژێنەر و ناخۆشیشن.

 کاتێک کە ئێمە دۆخێکی وا نەخوازراو دەبینین لەپاش ئەم مێژووە سەد و چەند ساڵەی ئەم ڕووداوەیە، جیاوازیەکان بەنسبەت سەردەمانی بەردەداری و چینە بورژوازەکان لە پێشێلکردنی مافی کرێکار وزەحمەتکێشان و ڕەنجدەرانی کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکان لە چیدا دەبینین!!؟ ئایا ئاڵوگۆرییەکی بەرەو باشبوونی ژیان ودۆخیان دەبینین یا خود نا دوخی ناخۆش وتەحەمولنەکراوی ژیانی ئەوان؟ 

بەڵی قسەکردن لە سەر چینێکە وا ھەمیشە سکاڵایان لە دۆخی نەخوازراوی ژیانیان ھەیەو دەزانن ھەر ئەم دۆخە ئەوان لە خۆشیەکانی ژیانیان بێبەش دەکات و تاقە ھیوای ئەوانیش ڕەنگە بونیاتنانی داھاتووی ڕوڵەو منداڵەکانیان بێت، کە نەکوو ئەوانیش بە دەردی ئەوان بڕۆن و پیشەیان ھەمان پیشەی خۆیان بێت. 

لەکوردستانیشدا لە مێژووی حیزبە کۆمەنیستی و سوشیالیستییەکان و حیزبەکانی تریشەوە، بەپێی ھەندێک تیۆر و ڕیبازی سیاسی، ھەمیشە یادو بیرەوەری ئەم ڕۆژەیان بەرز و پیرۆز ڕاگرتووەو خۆیان داکۆکیکەر لە مافی ئەم توێژە زانیوەو کۆڕو سیمینار وپروگرامی تایبەت بەم ڕۆژەیان لە بەرنامەدا ھەبووە، ئیتر لە ئاستی کرداری نازانین دۆخی ئەوان بەم پرۆگرام و بەرنامانە بەرەو باشتربوون چووە یان خود نا...!؟ 

دۆخێکی پێچەوانەی ئەو وا دەبینین، گەر لەسەر ئەم بۆچوونەی کۆتاش بئاخفین و ڕوونتری بکەینەوە و بڵێین کرێکاران لە کۆمەڵگای کوردیدا بەرەو مەترسی ئیفلیجبوونی خزمەتکردنی ئەوان وا ھەنگاو دەنرێت، بەھەڵەدا ناچین ودرۆ ناکەین، چوونکە دروستە ئەم ڕۆژە بۆ ئەوان دانراوە بەڵام پشووی کرێکار وڕۆژی‌ کرێکاران کاتێک دەبێت کە مافی ماڵ و حاڵ ودۆخی ژیانی فەراھەم بێت و حکوومەت و ھەموو دام ودەزگاکان خزمەتی زیاتریان وەک چینێکی شەرمن وھەژار و کەم دەرامەت و کەم خواست بە جیاواز لە چینەکانیتر بکەن، " ئەگینا چ پشوویەک و چ جەژنێک کاتێک کە ئەوان ھەر لە ڕەزاڵەت ومەینەتیدا بژین، بە دیوێکیتر جەژنی کرێکاران جەژنی ئاسوودەییەکانی لە مافەکانێتی، ئیتر ھەر کاتێک بەرجەستە ببێت وبێتە دی ! ئێمە کوا ڕێزی کرێکارەکانمان بەو ئاستە لە ڕووی خزمەتکردنی زیاتریان گەیاندووە کە ناویان بە پیرۆز بزانین و جەژن ویاد ومەراسیمیان بۆ بکەینەوە، "کام کۆمپانیا وشەقامی بە ناوبانگ و ناوەندی زانستی وئەکادیمی وڕوشنبیری و .....ھتد، بە ناوی کرێکارانەوە لە ئێستاو ڕابردوودا کراوە، کام نەخۆشخانەی ئەھلی و حکوومی خزمەتی ئەوانی بە بێ بەرانبەر کردووە و کام دەزگای گرنتیکردنی ئابووری و کۆمەڵایەتی، گرنتی ژیان ومنداڵەکانی ئەوانی کردووە کە لە دۆخە نەخوازراوەکاندا فریای ئەوان بکەون، ئەی لە ئاستی زانکۆکانماندا کوا کورسیەکانی خوێندنی قوتابخانەیی وزانکۆیی بۆ ڕوڵەو منداڵی کرێکارانمان، ئەی لە ئاستی حکوومەتیشدا کوا کاری جیددی وھەنگاوی درێژمەودا بۆخزمەتی زیاتری ئەوان کراوە، "جگە لە دەرکردنی بەیاننامەو پیرۆزکردنی ئەم وڕۆژە و بەپشووکردنی نەبێت، ئەی ھەرگیز بووەو ڕوویداوە کار لەسەر ئەوە بکرێت کە ھەموان کرێکارێکی مەدەنی و دڵسۆز بۆ نیشتیمانمان بین، یا خوودنا پڕ کردنەوەی وڵات بە کۆمپانیای جۆراوجۆر و گۆڕینی کرێکارێک کورد بە کرێكارێکی‌ بەنگلادیشی وھیندستانییەک... ئەویش لەبەر ھەرزانی نرخی ئەم کرێکارانەوە بەنسبەت وڵاتی خۆیانەوە بەخزمەت دەزانرێت.

 ئەم ھەنگاوانەو ھاوشێوەی ئەم ھەنگاوانە ئایا خزمەتکردنی کرێکارانە یان ماڵوێرانکردنیان؟ باشە لەمەش تێپەڕین ھەموو مووچە خۆرێک لە کوردستانیشدا کارکەرێک بەناوێکی مۆدیرنانەتر نیە، ئیتر چەندە خزمەتکراوەو لە ئێستادا مووچەی بۆدابیندەکرێت و مافی زەوت دەکرێت یان ناکرێت، ئەوەش خۆی پرسیارێکە کە ھەمیشە سەردێر ومانشێتی دەزگا ڕاگەیاندنەکانمان بووە، ئەمەشمان لەبیر نەچێت کە بەپێی پێشکەوتنی دونیای تەکنۆلۆجیاو مودێرنە، پەکخستنی ڕوڵی کرێکارە سادەو نەشارەزاکانی بەدواوە بووەو ئیتر دۆخیش لە ھەموو وڵات وھەرێمێک ھەرچۆنێک بێت، دەبێت لەگەڵ دونیای کاروکارکردن لەگەڵ ئەم دۆخە پێشکەوتوویەی تەکنۆلۆجیادا سازراو بێت، کە ئەمەش دیسانەوە ئەرکی ناوەندە فێرکاریەکانی زانکۆو قوتابخانەو سەنتەرە ئەھلی وحکومیەکان، نسبەت بەڕابردووەوە قورستر دەکات، ئەمانەی سەرەوە بەرکوڵێک لە دونیای بێ خزمەتكردنی چین وتوێژێکی وەک (کرێکاران) لە جیھان و بەتایبەت لە کوردستان بوو، کە لەگەڵ دۆخ و ئاڵۆزیەکانی وڵات و ھەرێممان لە ئێستاو ڕابردووشدا نسبەت بەکرێکارەوە جگە لە تاکێکی مەینەتبار وھەمیشە ئیھمالکراو، نەتوانراوە دۆخێکی شایستەتر بۆ ئەوان بڕەخسینرێت وھەمیشە باری ڕەنج وژیان ودۆخی سەختییان، ئەوان وا خەریکە بەرەو پووکانەوە
لەناوچوون دەبات، لەکاتێکدا کرێکارەکان سازێنەر وبونیاتنەری زۆر لە کۆمەڵگا ھەبووەکانی دونیان و نابێت ئەوان ھەرگیز لە یاد بکەین ومافەکانیان ھەروا بە زەوتکراوی لەسەر پەڕە کاغەزەکاندا ئاڵوگۆڕ پێبکەین وھەنگاو بەرەو باشترکردنی ژیانیان نەهاوین.
زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×