کێ لەسێبەری حکومەتی موتوربەکراودا دەحەوێتەوە؟

میران محەمەد
  2019-05-05     619
ماراسۆنی پێکهێنانی کابینەی نۆیەم وردە وردە لەکۆتایی نزیک دەبێتەوە، یاریزانەکانی پارتی‌و یەکێتی‌و گۆڕان بەوپەڕی توانای خۆیان پێشبڕکێیان کرد، وەک خۆیان دەڵێن هاوڵاتێ سەنتەرەو دەیانەوێت حکومەتێکێ خزمەتگوزاربێت.

راگەیاندنی بەشداری و رێکەوتنی ئەم سێ لایەنە بەچەشنی موتوربەی درەختێکە کە میوەی هەر چڵێکی تامێک دەدات بەڵام بەئاوی چاوەڕوانی هاوڵاتیان ئاودراوە. چاوەڕوانییەک کە لەسەرەتای کابینەی هەشتەوە درێژبووەتەوە.

ئەوەی کابینەی نۆ لە حکومەتە بنکەفراوانەکانی  پێش خۆی جیا دەکاتەوە خاڵێکی سادە و ساکارە، لەوانی پێشوودا خەڵک داوای چاکسازی و یاسا و دادپەروەری زیاتری دەکرد بەڵام لە کابینەی نوێدا داوای ژیان دەکات.

پێدانی موچە لە کاتی خۆیی و دەرفەتی کار  لای هاوڵاتیان لەوپەڕی گرنگیدایە و لەپلەی دووەمدا خزمەتگوزاریەکان دێت، رەنگە هۆکارەکەش رەشبینیەکی تەواوبێت کە باڵی بەسەر هەموواندا کێشاوە. 

چیتر دەستەواژەی (هەرکەس بۆخۆی)، هاوکێشەیەک نیە کە هاوڵاتی هەوڵی سەلماندنی بدات بەڵام خۆ ژیانیش بەبێ هیوا بەسەرناچێت، لانی کەم هەموو گۆڕانکاری و پێشهاتێکی نوێ لای بەشێکی زۆر لە هاوڵاتیان جارێکی تر ئومێد دروست دەکاتەوە بەتایبەت کە پێشهاتەکە ئاشتیانە و دەستەجەمعی بێت، بۆیە راگەیاندنی رێکەوتنی ئەم سێ لایەنە سەرەکییە موتوربەی کۆمەڵێک خواستی دەنگدەرە و ئەم جارە بئ گوێدانە ئەوەی کێ وەزیرە و کێ چی دەکات هاوڵاتیان ئامانجیانە بەزوتر کات لەسێبەریا پشوویەک بدەن و بۆ کەمێک بحەوێنەوە
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×