هەڵوەستەیەك لەسەر پەیامەكەی ئۆجالان

هیوا سەید سەلیم
  2019-05-07     1030

دوای ھەشت ساڵ لەقەدەغەکردنی دیدار لەگەڵ پارێزەرەکانی، رۆژی ٣ ئایار دەوڵەتی تورکیا رێگای داوە کە لە زیندانی ئیمرالی دیداری نێوان ئۆجەلان و پارێزەرەکانی ئەنجام بدرێت، ئەو بڕیارەی حکومەتی تورکیا لە کاتێک دایە شەش مانگە لە زیندانەکانی تورکیا و باکوور و باشووری کوردستان و لە ھەندەران چالاکی مانگرتن بۆ ھەڵگرتنی گۆشەگیری سەر ئۆجەلان بەڕێوەدەچێت، کە لە نێو ئەو مانگرتنەدا لەیلا گیوڤەن بۆتە سونبلی مانگرتووان، چەند کەسێکیش تا ئێستا بوونەتە قوربانی ئەو جۆرە خەباتە مەدەنیە.

دوای دیداری ئیمراڵی زۆرێک لە چاودێران وای ھەژماردەکەن کە ئەمەیان سەرکەوتنی خەباتی مانگرتووانە کە دەوڵەتی تورکیای ناچارکرد کە گۆشەگیری سەر ئۆجەلان ھەڵبگرێت، بەڵام بە وردبوونەوە لەسەر ناوەڕۆکی پەیامەکەی ئۆجەلان کە لە لایەن پارێزەرەکانی خوێندرایەوە و کات و ساتی ڕاگەیاندنەکە، کە ھاوکات بوو لەگەڵ بڕیاری کۆمسیۆنی باڵای ھەلبژاردنی تورکیا سەبارەت بە دووبارە ھەڵبژاردنەوەی ھەلبژاردنی شارەوانی ئیستەنبوڵ پێویستی بە ھەڵوەستەیەک دەکات، کە لێرەدا لە دوو خاڵ دەیخەینە ڕوو.

خاڵی یەکەم پەیوەندارە بە پەیامەکە، کە ئەوەی لە پەیامەکە ئێستای ئۆجالان ھاتووە، بریتیە لەوەی کە جارێکی تر ئۆجەلان جەخت لە پەیامی خۆی دەکاتەوە کە لە نەورۆزی ٢٠١٣ رایگەیاندبوو ، ئەمەیان یان ئەوەتا ئۆجەلان لەو کاتەوە تا ئێستا کە دیدارەکەی لەگەل ئەنجام دراوە تەواو لەو بارودۆخە دابڕاوە،  یان ئەوەتا دەبێت بە گومانەوە لەو ھەڵوێستەی دوای بڕوانین، چونکە دۆخی ئێستای تورکیا و باکووری کوردستان لەگەڵ بەھاری ٢٠١٣ تەواو جیاوازە .

لە نەورۆزی ٢٠١٣ ئۆجەلان جاڕی کۆتایھێنانی خەباتی چەکداری دا، بەڵام لەبەرامبەر ئەو ھەڵوێستەی حکومەتی تورکیا کۆتایھێنا بە پرۆسەی ئاشتی، لە دوای ئەوە بەدەیان ھەزار کادیر و سەرکردەی ھەدەپ کە لە ناویاندا ھاوسەرۆکەکانی  ئەو پارەتە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیدان یوکسەداغ و چەندین پەرلەمانتار و سەرۆک شارەوانی خراونەتە زیندان، تورکیا لە ئۆپڕاسیۆنی سەربازی بەردەوامە نەک ھەر لە پرۆسەی ئاشتی پاشەکشەی کردووە بگرە لە ئێستادا لە ھەموو جارێک زیاتر نکۆڵی لە پرسی کورد دەکات، نموونەش ئەو قسانەی ئەردۆغان کە لەو دواییە چەندین جار ووتویەتی لە تورکیا شوێنێک نیە ناوی کوردستان بێت، بۆیە کاتێک بەراوردی ئەم دوو کاتە دەکەین گومانێک لەلامان درووست دەبێت.

خاڵی دووەم کە جێگای ھەڵوەستە لەسەرکردنە بابەتی دووبارە ھەڵبژاردنەوەی شارەوانیەکانی ئەستەنبوڵە کە ھاوکاتە لەگەڵ دیداری ئەو دواییەی ئیمراڵی.

ھەموو لایەک دەزانین کە ئەردۆغان و پارتەکەی لە ئێستادا ژێر کاریگەری سەدمەی دۆڕاندنی ئیسەنبوڵ دایە، وە باشیش دەزانێت ھۆکاری دۆڕانەکەی چی بووە و ھەدەپ ئەگەرچی لە شارەکانی باکوور پاشەکشەی پێکراوە بەڵام بەو ھەڵوێستەی کە ھاوپەیمانی لەگەڵ جەھەپە توانی گەورەترین شکست ڕووبەڕووی ئەکەپە بکاتەوە، بۆیە بۆ ئەوەی نەچێتە ژێرباری قبووڵکردنی دۆڕانە گەورەکە پێدەچێت ئەردۆغان مانۆرێکی لەژێر سەر بێت، بۆیە دەبێت ھەدەپە بە تایبەتی و کورد بەگشتی بەھەستیاری مامەڵە لەگەل ئەو پێشھاتانە بکات.

ئەو دوو گومانەی لێدەرچێت ئەوەی تر دەبێت بەرێزەوە بڕوانرێتە خەباتی شەش مانگەی مانگرتنی ھەلگرتنی گۆشەگیری سەر ئۆجالان و لێرە بەدواوەش ئەوان لە حاڵەتی بەردەوامی دیدارەکانی ئیمڕاڵی دەبێت کۆتایی بە مانگرتنەکەیان بێن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×