دامه‌زراندنی سیسته‌می سوڵتانیی پێویستی به‌خوێنده‌وار نییه‌

ئاراس فەتاح
  2019-05-10     371
دیکتاتۆرەکان تەنھا دڕندە نین، بەڵکو دەشێت کۆمیدییش بن. سەرۆکی پێشوی تورکما‌نستان، سەفەرموراد نیازۆف، یەکێکە لە سوڵتانە ھەزەلییەکانی ناو مێژووی نوێی سیاسیی سەدەی بیست و بیست و یەکەم. ئەم دیکتاتۆرە سێ ریفراندۆمی یەک لەدوای یەکی کرد، بۆئەوەی بە ‌زۆرینەی ڕەھا وەک تەنھا سەرداری نەتەوەیی وڵات ھەڵبژێردرێت و تاوەکو لە ژیاندا بێت حوکمی ئەبەدیی وڵاتەکەی بکات. پاش ماوەیەک ئەم دیکتاتۆرە خۆشی کرد بە سەرداری ھەموو تورکمانزمانەکانی دونیا و نازناوی „تورکمانباشی“ بەخۆی بەخشیی کە مانای باوکی تورکان دەگرێتەوە. ناوی قوتابخانە و فرۆکەخانە و تەنانەت جۆرێک لە (کا‌ڵەک)یشی کرد بە توکما‌نباشی. وێنە و پۆستەرەکانی تورکمانباشی لە ھەموو شوێنێکی وڵاتدا دەبینران، لەسەر لەشەقامەکانەوە بیگرە بە تێپەڕبوون بە دیواری باڵەخانەکان، تاوەکو دەگات بە پەرلەمان. لۆگۆی کەلـلەسەری خۆی لە سوچی سەرەوەی دەستەڕاستی شاشەی ھەموو کەناڵەکانی تەلەفیزیۆندا دانابوو. وێنەی سەرۆک لەسەر ھەموو بەرھەمە خۆراکیی و خواردنەوە نەتەوەییەکانیشدا وەک ڤۆدگا و چایی، چاپکرابوو. نیازۆف تەنھا سەرۆکی دەوڵەت نەبوو، بەڵکو سەرۆکایەتی ھەموو دەزگا گرنگەکانی وڵاتەکەشی دەکرد، لەوێنەی سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی لەشکر و سەرۆکی مەجلیسی بەرگریی و سەرۆکی کۆمیتەی ئاساییشی نەتەوەیی و مەجلیسی نەتەوەیی و زۆر دەزگای تریش. نیازۆفیش وەکو ھەموو دیکتاتۆرییەکانی دوای ھەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت، لە کۆمۆنیستێکی تەمام عەیارەوە بوو بە ناسیۆنالیستێکی بێوێنە و سیستەمێکی سوڵتانیی زۆر ئاوارتەی دامەزراند. ئەم پیاوە نە بڕوای بە دەستوور ھەبوو نە بە یاسا، تا ئەو شوێنەش ھەڵبژاردن و ریفراندۆمی دەکرد و دەزگای پەرلەمان و پەرلەمەنتارەکانی بەلا‌وە مەبەست بوو کە بە زۆرینەی رەھای دەنگ بەیعەت بکرێت و وەکو قائیدی زەرورەت ھەڵبژێردرێتەوە.

ئەم دیکتاتۆرە ھەزەلییە زیاتر لە ٢٠ ساڵ حوکمی ڕەھای گەلێکی پێنج ملیۆنی کرد کە دەوڵەتەکەی بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی دونیا لە گازی سروشتیی و نەوت دادەنرێت. نیازۆف قەشمەریی بە کەرامەتی ئینسان و مافی مرۆڤ و دەستوور و یاسا دەھات، ھەربۆیە کتێبێکی نووسیی بۆئەوەی جێگای دەستوور بگرێتەوە. „روحنامە“ ناوی ئەو کتێبە ھەزەلەییەیە کە یەکێک لە کۆمیدییترین دیکتاتۆرەکانی دونیا نووسیویەتی. ئەم کتێبە بوو بە بیبڵی ئایدیۆلۆژیی دەوڵەت و ھاوشێوەی ئایەتولکورسییەکی سیاسیی بوو، چونکە ھەر کەسێک لە ماڵەکەی یان لەشوێنی کارەکەی لەگەڵ خۆی ھەڵیبگرتبایە، ژیانی لە ھەموو بەڵایەک پارێزراو دەبوو، ھەر خوێندەوارێکیش دەرخی بوایە، پلەی ئیداریی و تایتڵی ئەکادیمیی وەردەگرت. „روحنامە“ بوو بە پسوڵەی وەرگرتنی پۆست و شوێنی کار و پلەی زانستییی و تەنانەت مۆڵەتی شۆڤێریش بەبێ دەرخکردنی ئەم کتێبە مومکن نەبوو. بە پارەی نەوت و گاز نزیکەی ٣٠٠٠ پەیکەر و مۆنۆمێنتی لە ئاڵتوون و برۆنز و بەرد بۆ دروستکرا. کەم باڵەخانە ھەیە لە عیشق ئابادی پایتەختی تورکمانستان، وێنەی سەرۆکی بەسەرەوە نەبێت. یەکێک لە مۆنۆمێنتە ئاڵتونییە بەناوبانگەکانی عیشق ئاباد کە بەرزاییەکەی ٨٠ مەتر دەبێت، پەیکەرەکەی سەرۆکە کە لەگەڵ ئاراستەی خۆردا دەجوڵێتەوە و لەگەڵ خۆرئاوابوونیشدا پشوودەدات. سێ یەکی سامانە شەخسییەکەی کە لە بەتاڵانبردنی گاز و نەوتدا دەستیدەکەوت، بەرامبەر بە فائیدەی سێ لەسەد لە دوێچە ‌بانکی ئەڵمانیادا قایمی کردبوو. کۆمپانیای ئۆتۆمبیلی دایملەر- کرایسلەر کە بەرھەمھێنەری ئۆتۆمبیلی مارسیدیسە،‌ بەرامبەر بە سەفەقەیەکی گەورەی ئابووریی کتێبەکەی وەردەگێڕێتە سەر زمانی ئەڵمانی.

یەکێک لە کۆمیدیترین و دراماتیکیترین کاری ئەم دیکتاتۆرە گۆڕینی ناوی ھەموو مانگەکانی ساڵ بوو کە یەکێکیان ناوی خودی „تورکمانباشی“ خۆیەتی ‌و مانگێکی تریشی بەناوی „قوربانسوڵتان“ی دایکییەوە ناوناوە. گەنجان بۆیان نەبوو ددانی ئاڵتوونیان ھەبێت و پیاوانیش ریش و قژی درێژ. پاشئەوەی نەشتەرگەرییەکی دڵیان بۆ کرد و دکتۆرەکان جگەرەیان لێ قەدەغەکرد، جگەرەکێشانی لە ھەموو وڵاتەکەی قەدەغەکرد و کەس بۆی نەبوو لە روبەری گشتییدا جگەرە بکێشێت. وەک نموونەیەک دەمەوێت بە یەکێک لە دێرە بەناوبانگەکانی کتێبەکەی کۆتایی بە حیکایەتی ئەم سوڵتانە بھێنم کە دەڵێت: „گەر من خیانەت لە وڵاتەکەم تورکمانستان بکەم، گەر من خیانەت لە تورکمانباشیی بکەم، با ژیانم وێرانبکرێت.“

سەرۆک و خێزانە سیاسییەکانی کوردستان و لەسەروی ھەموویانەوە پارتی دیموکراتی کوردستان یەکێکە لەو ھێزە سوڵتانییانەی کە خەون و ستراتیژیان ھاوشێوەی خەونەکانی نیازۆفە. ئەوەی ئەوان دەیانەوێت مانەوەی خۆیانە وەک سوڵتان و سەرداری ئەبەدیی ھەرێمی کوردستان. بەحوکمی جوگرافیا و ھەندەسەی دەسەڵاتیش لە ھەرێمدا ئەم ھێزە سوڵتانییە ناچارە سازش لەسەر ‌ھەندێ پرۆسەی شکڵیی بکات، بەبێئەوەی یەک ملیمەتر لە خەونە سوڵتانییەکانی خۆی دووربکەوێتەوە. دوا سازشی پارتی بریتی بوو لە ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم لە پەرلەمانەوە. گەرچی لەڕووکەشدا ھێزە ئۆپۆزیسیۆنە رادیکاڵەکانی جاران بە ریتۆریکێکی دێماگۆگیانە وایدەردەخەن کە ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم لە پەرلەمانەوە دەستکەوتێکی گەورەیە، بەڵام لەجەوھەردا ھەنگاوێکی گەورەیە بۆ خێراکردنی پرۆسەی بەسوڵتانیکردنی حوکمڕانیی و بەخێزانییکردنی تەواوی سیاسەت لە ھەرێمدا. پارتی تەنھا گوڵبژێری ئەو حیزبانەی نەکرد کە دەیەوێت لە حکومەت و دامەزراندنی سیستەمەکەیدا بەشداربن، بەڵکو ڕۆڵبژێری سیاسیی و ئەخلاقییشی بۆ کردن. پارتی توانی بۆ یەکمینجار بەتەنھا ئیملای سیاسەتی داھاتووی ھەرێم بکات. پارتی بۆ دروستکردنی حکومەتەکەی و سیستەمە سیاسییەکەی ئەو ھێزە سوڵتانییانەی ھەڵبژارد کە ھەم ھاوشێوەی مۆدێلەکەی خۆین و ھەم متمانەی پێیانە و ھەم ئەو ڕۆڵانەشیان بۆ دەستنیشاندەکات کە دەبێت لە داھاتوودا بۆی بگێڕن. بۆئەم مەبەستەش ھەر یاسایە و بە فیلتەری لیژنە یاساییەکەیدا تێپەڕدەبێت و دەبرێتە پەرلەمانە کۆنترۆڵکراوەکەی و زۆرینەی ڕەھا بەدەستدەھێنێت. بۆئەم ھەنگاوەش پارتی وەکو ھێزێکی سوڵتانیی تومکە، پێشوەخت ھەموو زەمینەسازییەکی یاسایی کردبوو کە لەچەند مادە و بڕگەیەکی ناو یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمدا جێگەی کردنەوە و بە ڕەزامەندی و ملکەچیی گۆڕان و یەکێتی تێپەڕێنرا. سەرەتا، یاسای سەرۆکایەتی ماوەی سێ رۆژی ھەزەلیی داناوە،‌ بۆئەوەی کەسانی تر خۆیان بۆ سەرۆکی ھەرێم کاندید بکەن. مرۆڤ کاتێک نموونەی نیازۆف دەبینێت، سەری لەم ھەنگاوەش ناسوڕمێت، چونکە لە ھیچ شوێنێکی دونیادا نەبووە کە خۆکاندیدکردن بۆ سەرۆکایەتی ھەرێمێک ماوەی سێ رۆژی ھەتیوی بۆ دانرابێت. ھیچ قوتابیەک ناتوانێت خۆی بۆ تاقیکردنەوەی شەشی سەرەتاییش لەماوەی سێ رۆژدا ئامادەبکات، چجای بۆ کاندیدکردنی سەرۆکی ھەرێم. ھەرچی پرسی بڕوانامەی سەرۆکیی ھەرێمیشە کە بە زرنگی کەسانێکی ئۆپۆزیسیۆن خرایە دەنگدانەوە و بوو بە شەرمەزارییەکی گەورە بۆ فراکسیۆنی گۆڕان، لە سیستەمە سوڵتانییەکەی پارتیدا جێگەی پرسیار نییە، چونکە ئەم خێزانە سوڵتانییە لەجەوھەردا خۆی بە ھەڵبژێردراوی خودا و نەتەوە دەزانێت بۆ سەرۆکایەتییکردنی ئەم میللەتە.

ئەوەی جێگای سەرنجە ھەر لەسەرەتای ئەم سەفەقەیەی نێوان پارتی و گۆڕان و یەکێتیدا، نەبوونی ھیچ متمانەیەکی پارتی بوو بە پەرلەمانتارەکانی ئەم دوو ھێزە. پارتی لەدوای ئەزموونی خولی پێشوەوە مارانگا‌ز بووە، نایەوێت جارێکی تر سیاسەت لە دۆخی باری نائاساییدا بکات و ناچاربێت پەرلەمان دابخاتەوە. ئەو پەرلەمانێکی کۆنترۆڵکراو و دەرگاواڵای تەنھا بۆ ئەو پەرلەمانتارانە دەوێت کە گوێڕایەڵ و ملکەچی سەفەقەکەی دەبن بەپشتیوانی کرداریی و مەعنەویی ھەردوو ھێزەکەی تر. بۆ ئەم مەبەستەش دەرەچەیەکی یاسایی دۆزییەوە کە نەک ھەر ڕێگر دەبێت لە پەیمانشکێنیی، بەڵکو دەبێت پەرلەمانتارەکان بە ئاشکرا دەست بۆ یاساکە بەرزبکەنەوە، بۆئەوەی خائین و دڵسۆزەکانی پرۆژە سوڵتانییەکەی لە پەرلەماندا بۆ دەرکەوێت. لەم پێناوەشدا یاساناسانی پارتی برگەیەکی یاسایی ناوێزەیان داڕشت کە تایبەتە بە دەنگدان بەشێوەیەکی ئاشکرا. ئەم بڕگەیە نەک دژ بە ھەموو پرنسیپەکانی دیموکراسیی و پەرلەمەنتارییە، بەڵکو وەکو نموونەیەکی زۆر ئاوارتە و وەک یەکێک لە داھێنانەکانی مۆدێلی سوڵتانیزمی ھەرێم دەچێتە ناو مێژووی پەرلەمانتاریزمی سوڵتانییەوە. ئەم ستراتیژە نوێیەی پارتی فیلتەری دووھەم بوو بۆ پرسی بێمتمانەیی و چاودێریکردنی شەفافانەی ھەموو جۆرە سەرکێشییەکی پەرلەمەنتارەکانی گۆڕان و یەکێتی و ڕێگرتن لە دروستنەبوونی موفاجەئەی سیاسیی تاڵی تر، وەکو لە دەورەی پێشوودا بینیمان.

بەیعەتدانی ئاشکرا بۆ سەرۆک لە پەرلەمان تەنھا مانای کردنی پەرلەمەنتارەکان نییە بە قوتابی گوێڕایەڵی حیزبە سوڵتانییەکان و لەناوبردنی ھەموو نھێنییەکی دەنگدانیش نییە کە لە سیستەمی پەرلەمانتاریزمدا پەیڕەوی لێ دەکرێت، بەڵکو تاکە زەمانەت بوو بۆ متمانەبەخشین بە گۆڕان و یەکێتی و بەشدارییکردنیان لە پۆست و داھات و دەسەڵات.

پرۆسەی بە پەرلەمانییکردنی سوڵتانیزم ئەو گەمژەییە سیاسییەیە کە ھەموو ھێزە سیاسییەکان بە بڕ و قووڵایی جیاواز بەرپرسیارێتیی مێژووییان بەردەکەوێت. لەپاش ڕازییبوونی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم بە ھەموو دەسەڵاتەکانییەوە لەناو پەرلەمان و لەپاش قبوڵکردنی ئەو دوو بڕگە شەرمئاوەرەی باسمانکردن، مۆدێلێکی تری سوڵتانیی و کۆمیدیایەکی پەرلەمەنتاریی نوێیان لەناوچەکە و جیھاندا سەقامگیرکرد. لەم سیستەمە سوڵتانییە نوێیەی ھەرێمدا خێزانی سەرداری یەکەم پێویستی بە چەند خێزانێکی تری سیاسیی ھەیە کە نەک تەنھا شەرعییەت بە پرۆسەی تەوریسی سیاسیی بدات و دەسەڵاتەکانی سەرۆک وەکو خۆی بھێڵێتەوە، بەڵکو دەبێت زەمانەتی ئەوەش بکەن کە ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵات بەتەنھا لەناو خێزانی یەکەمی سیاسییدا ڕوودەدات و ناچێتە دەرەوەی بازنە خێزانییەکەی ئەوەوە.

لەداھاتووشدا پارتی ھەموو دەرگا یاسایی و سیاسییەکانی لەبەردەمدا واڵایە بۆ نووسینی „روحنامە“‌کەی کە ناوی دەستووری ھەرێمی کوردستانی لێ دەنرێت. پارتی بۆ دامەزراندن و بنجبەستکردنی تەواوەتی سیستەمە سوڵتانییەکەی پێویستی بە خوێندەوار نییە، بەڵکو پێویستی بە گەمژەی سیاسیی ھەیە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×