پارتی‌‌و یه‌كڕیزیی‌ به‌غدا

لەتیف فاتیح فەرەج
  2019-05-11     438
1

ئه‌حمه‌دی‌ حاجی‌ ره‌شید سیحری‌ هه‌موو ئه‌و قسانه‌ی‌ فازڵ میرانی‌ و پارتیه‌كانی‌ به‌تاڵكرده‌وه‌ كه‌ هه‌میشه‌ سه‌ری‌ زارو بنی‌ زاریان یه‌كڕیزی‌ به‌غدایه‌، هه‌موو لایه‌ك له‌ سه‌ر ئه‌حمه‌دی‌ حاجی‌ ره‌شید كۆكن بۆ ئه‌وه‌ی‌ ببێته‌وه‌ به‌ بڕیار ده‌ری‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌، ته‌نانه‌ت ئه‌حمه‌د سه‌فاری‌ نوێنه‌ری‌ پارتیش هه‌مان هه‌ڵوێستی‌ ئه‌وانی‌ دیكه‌ی‌ هه‌یه‌، كه‌چی‌ له‌سه‌ره‌وه‌ فه‌رمانی‌ به‌سه‌ردا ده‌كه‌ن ده‌بێت له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌حمه‌د خۆی‌ هه‌ڵبژێرێت و نابێ ئه‌حمه‌دی‌ حاجی‌ ره‌شید ئه‌و پۆسته‌ وه‌ربگرێت، جا من بۆ دڵنیایی‌ هه‌مان ئه‌و بابه‌ته‌م له‌ دوو كه‌سایه‌تی‌ یه‌كێ كۆمه‌ڵ و یه‌كێ گۆڕان دوو باره‌ كرده‌وه‌ هه‌مان شتیان پێوتم، ئێستا سه‌یری‌ ئه‌و یه‌كڕیزیه‌ بكه‌ن چۆن پارتی‌ تێكیده‌دات و ئاماده‌شه‌ به‌ پاره‌ یان هه‌ر رێگایه‌كی‌ تر ده‌نگ بۆ نوێنه‌ره‌كه‌ی‌ خۆی‌ په‌یدا بكات.

 2

بۆ پرسی‌ كه‌ركوك و چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كه‌ی‌ پارتی‌ به‌ هه‌زار بڕوبیانوی‌ جۆراو جۆر كه‌ركوك دڵه‌كه‌ی‌ مه‌لا مسته‌فای‌ بارزانی‌ بۆ حه‌شدو راكان جبوری‌ جێهێشتوه‌و له‌ گه‌ڵ خۆیدا نه‌ك هه‌ر نوێنه‌ره‌كانی‌ خۆی‌ ته‌نانه‌ت دكتۆر نه‌جمه‌دینی‌ كۆنه‌ یه‌كێتی‌ و رێبوار تاڵه‌بانی‌ یه‌كگرتوشی‌ بردوه‌ته‌ هه‌ولێرو به‌ ئامان و زه‌مان ناگه‌ڕێته‌وه‌، جار ناجارێكیش كه‌مال كه‌ركوكیه‌كه‌ راده‌سپێرێت لێدوانێكی‌ ئاو لێڵكه‌رانه‌ بدات، ئه‌وه‌ش یه‌كڕیزیه‌كه‌ی‌ پارتی‌ له‌ كه‌ركوك ، هه‌ڵبه‌ت ئێستا مه‌سعود بارزانی‌ گه‌ره‌كی‌ بێت به‌ دوو سه‌عات هه‌موو نوێنه‌ره‌كان ده‌نێرێته‌ ئه‌نجومه‌ن و گرێكوێره‌ی‌ نێوان خۆیان و كوردی‌ كه‌ركوك ده‌كاته‌وه‌، كه‌ نایكا تۆ بڵێی‌ بیانوه‌كه‌ هه‌ر خیانه‌تكارانی‌ 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ر بن وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن یان شتێكی‌ دیكه‌یه‌.

 3

بۆ ئه‌وه‌ی‌ یه‌كڕیزیه‌كه‌ی‌ كوردستانیش یان وه‌ك ئه‌وه‌ بێت كه‌ خۆی‌ گه‌ره‌كێتی‌ یان تێكی‌ بدات، سه‌ره‌تا كاری‌ بۆ ئه‌وه‌ كرد گۆڕان و یه‌كێتی‌ بكاته‌ گژ یه‌كترا، ئه‌وه‌ لانی‌ كه‌م تا ئێستا سه‌ری‌ نه‌گرتوه‌ ، ئه‌وسا دوای‌ ده‌نگدانه‌كه‌ به‌ یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم یه‌كسه‌ر فرسه‌ت سۆفیه‌ك راده‌سپێرێت بڕوات بڵێ ئێمه‌ كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین سه‌رۆك له‌ ناو خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌ڵبژێرین، ده‌ی‌ با هه‌ڵبژاردن پاك و بێگه‌ردو بێ ته‌زویربێت خوای‌ ده‌كرد چۆنتان ده‌ویست واتان كردبا، به‌ڵام ئه‌مه‌ رێك گرێدراوی‌ ئه‌و یه‌كڕیزیه‌ جوانه‌یه‌ كه‌ پارتی‌ باشوه‌ستایه‌تی‌. 
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×