پیاوێک دەسەڵاتی بەسەر ژنەکەیەوە نەبێ، لەپەیوەندی تردایە!

هیوا سەعید
  2019-05-21     1851
میشیل فوکۆ لەبەسەرکردنەوەی ڕەوشتی هاوسەرگیری، لەیۆنانی کلاسیکدا، لەبەرگی دوەمی مێژوی سێکسواڵێتە، دەڵێ: "بۆ ژن تەنیا هەبونی پەیوەندی لەگەڵ مێردی خۆی دواهاتی ئەو ڕاستییە بو کە ئەو لەژێر دەسەڵاتیدا بو. بۆ مێردیش هەبونی پەیوەندی تەنیا لەگەڵ ژنی خۆی بەرزترین شێوازە بۆ پەیڕەوکردنی دەسەڵاتی خۆی لەسەر ژنەکەی."

بەپێچەوانەوە، ئەو پیاوەی جگە لە ژنەکەی خۆی، پەیوەندی تریشی هەبێ، دەسەڵاتیشی بەسەر ژنەکەیەوە نابێ.

بۆ جەختکردنەوە لەم تێگەیشتنە پیاوسالارانەیە:
لەڕۆمانی تیمساحی دۆستۆیفسکی، بەهۆی ئەوەی مێردەکەی تیمساح قوتی دەدا، هێشتا نەمردوە، ژنەکە بیر لە جێگرەوە و پیاوی تر دەکاتەوە.
هەروەها، لە ڕۆمانی خۆشەویستەکەی مەدام چاترلی، بە پەککەوتنی مێردەکەی، ژنەکە دوچاری هەمان بیرکردنەوە دێ. 
لە ڕۆمانی مەدام بۆڤاری و ئانا کارنیناش، مێردەکان زۆر سەرقاڵی دنیای تایبەتی خۆیانن، بۆیە ژنەکان بیر لە پیاوی تر دەکەنەوە.
یەکێکی تریش لەو هۆکارانەی، وایکردبو ماری ئەنتوانێت بە تەداخولە سیاسییەکانی لەژێر دەسەڵاتی لویسی مێردیدا بچێتەدەر، بۆ ناچالاکی لە سەرجێی و لاوازی سێکسی لویسی دەیگەڕێننەوە.
لە هاملێتی شکسپیریشدا، دایکی هاملێت گۆڕینەوەی مێردێکی پاشا، بە پاشایەکی تری بکوژی مێردەکەی، لەپێناو چییە، ئەگەر تەنیا لەبەر ئەو توندوتیژی و ویستی باڵادەستییە پیاوانەیە نەبێ. چونکە وەک ئەلبێر کامۆ لە یاداشتەکانیدا ئاماژەی پێدەدا، ئەو گەڕانەوەی پیاو بۆ لای ژن، هەڵاتنی سەرەتای کوڕە لە باوک و گەڕانەوەیە بۆ لای دایک. کەواتە پیاو لەو خەساوییەی سەرەتا هەڵبێ و بۆی بگەڕێتەوە، ئەدی ژن لە کێ هەڵبێ و بۆی بگەڕێتەوە؟ ئەویش لەبری مێردێکی نەرم، کە منداڵانە لە باوەشیدا بیخەوێنێ و ڕۆڵی دایکایەتی بەسەردا بگێڕێ و بیکاتە هاوبەشی فالۆس و ژنبونی خۆی، پێویستی بە پیاوێکی توندوتیژ و باڵادەستە، بەڵکو وەک باوکێک ئەم خەسان و فالۆسەی بۆ پڕ بکاتەوە.

لێرەوەیە لە هەمو ئەم نەریتە یۆنانی و تێگەیشتنە پیاوانەیە بۆ هاوسەرگیری، هۆکاری بیرکردنەوەی ژنەکان لە پیاوی تر، پەیوەست دەبێتەوە بە نەمانی دەسەڵاتی مێردەکان، بەسەریانەوە.

بەڵام فریدریک نیچە، جیاواز لەم تێگەیشتنەوە، لەبارەی باڵادەستی و ژێردەستەیی هەمیشەیی مێرد بەسەر ژنەوە، هاوسەرگیری بە قسەکردن و کۆتاهاتنی هەر پێکەوەبونێکی تر، بە تەواوبونی قسەی دەزانێ. واتا چیتر ئەوان تامەزرۆی دەنگ و بیستنی یەکتر نین و توانای قسەکردن و گوێگرتنیان لە یەکتر نەماوە و بۆ یەکتر ئەزمونکراو و ناسراون. کاتێک قسە تەواو دەبێ، کە ئارەزوەکان تێریان لە یەکەوە خوارد و پێویستییان بە تاقیکردنەوە و ناسینی چێژی تر هەبو، ئیتر بیریان بۆ درزتێخستنی ئەم پێکەوەییە بێزارکەرە و پەیوەندی تر دەچێ.

بەو مانایەی ئارەزوەکان، بەهۆی بێزاربونەوە، ناکرێ چێژ لە یەک دۆخی چەقبەستوی باڵادەست، یان ژێردەستەی، هەتاسەر بکەن. دواجار باڵادەستی و ژێردەستەییەکە لە یەکتر دەکەون، هەرچەندیش پەیوەندییەکە لە ڕێی هۆش و ئەخلاقەوە کۆنتڕۆڵ و ناچارانە درێژە بکێشێ، لە ڕێی هەستەوە درز دەبات. لەبەرئەوەی هەست هۆش و ئەخلاقی باو ناناسێ و ئەو پەیوەندی و شێوە پەیوەندییە بە چاک دەزانێ، بۆخۆی چاک بێ، نەک بۆ ئەویتر چاک بێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×