دڵنیایی ئاسایشی‌ رۆژاڤا له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌

حەسەن هەندرێنی
  2019-03-05     291

دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ هاری‌ ترومان سه‌رۆكی‌ ئه‌وكاتی‌ ئه‌مریكا ساڵی‌ 1948 دانی‌ به‌ده‌وڵه‌تی‌ ئیسرائیل دانا‌و، له‌سه‌ره‌تاشه‌وه‌ كه‌وته‌ پشت ئه‌و خۆنواندنه‌ی‌ ئیسرائیل‌و راگه‌یاندنی‌ ده‌وڵه‌ت له‌لایه‌ن بنگۆریۆنه‌وه‌. دوای‌ ئه‌ویش ئایزنهاوه‌ر تا به‌ ترامپی‌ ئێستا‌و به‌گه‌له‌كه‌یشیانه‌وه‌ ئه‌گات هه‌مان هه‌ڵوێست دووباره‌ ئه‌كه‌نه‌وه‌ له‌ پاڵپشتییكردنی‌ ئیسرائیل، هه‌رچه‌نده‌ له‌په‌نجاكاندا ئه‌مریكا پێگه‌یه‌كی‌ ئاوا به‌هێزی‌ له‌ڕۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست نه‌بوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئێستا هه‌یه‌تی‌، ئه‌وه‌شی باش ئه‌زانی‌ به‌به‌هێزكردنی‌ په‌یوه‌ندیی‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل، یان پێدانی‌ توانای‌ ماددی‌‌و مه‌عنه‌وه‌یی پێی، وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌ دراوسێكانی‌ ده‌وروبه‌ری‌ ئیسرائیل، زۆر هه‌راسان ئه‌كات، بۆیه‌ به‌ڕووكه‌ش داواكارییه‌كانی‌ پشت گوێ ئه‌خست، به‌ڵام دڵنیایی ئاسایشی پێده‌دا.

 ئێستاش دۆخێكی‌ له‌مچه‌شنه‌ به‌ڵام به‌دیزاینی‌ جیاواز له‌ڕۆژاڤای‌ كوردستان دووباره‌ئه‌بێته‌وه‌، چونكه‌ رۆژاڤا چ وه‌ك گه‌ل چ وه‌ك نه‌ته‌وه‌ چ وه‌ك ئایین جیاوازتره‌. هه‌موو ئه‌و هاوكارییانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ماوه‌ی‌ ئه‌و چوار- پێنج ساڵه‌ی‌ رابردوو پێشكه‌شی شه‌ڕڤانان یان هه‌سه‌ده‌ی‌ ئێستای‌ كردوون، له‌لایه‌ك بۆته‌ جێی هه‌راسان بوونی‌ توركیا، هاوشێوه‌ی‌ هه‌راسانبوونی‌ وڵاته‌عه‌ره‌بیه‌كان  له‌هاوكاریی ئیسرائیل. له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌و دۆخه‌ی‌ پیشووتری‌ ئیسرائیل كۆمه‌ڵێك وڵاتی‌ عه‌ره‌بی‌( سعودیه‌، میسر، ئیمارات) هاتوونه‌ته‌ سه‌رهێڵ بۆ هاریكاریی‌و پشتیوانی‌  رۆژاڤا، چ ئه‌وانه‌ی‌ دژ به‌ توركیان، چ ئه‌وانه‌ی‌ ئێران ‌و هه‌ژموونگه‌راییه‌كه‌ی‌ وای‌ لێكردوون، وه‌ك به‌ره‌ی‌ دژ  به‌دیاربكه‌ون، چونكه‌ بۆ ئێستا ‌و ئه‌و بۆشاییه‌ فراوانه‌ی‌ ته‌ماس له‌گه‌ڵ توركیا، له‌هه‌سه‌ده‌ باشتر شك نابه‌ن له‌سه‌ر زه‌مین، ئه‌مه‌ش هه‌مووی‌ به‌هۆی‌ خۆسه‌لماندنی‌ شه‌ڕڤانان بووه‌، به‌تایبه‌ت له‌و شه‌ڕه‌ دوورو درێژه‌ی‌ له‌گه‌ڵ داعش دووچاریهات،  چ خۆڕاگرتنه‌كانی‌ ‌و شه‌ڕ‌و ململانێكان له‌گه‌ڵ داعشدا، چ هه‌ره‌س‌و كۆتاییهێنان پێی. 

 هه‌موو په‌له‌قاژه‌كانی‌ توركیا‌و نیگه‌رانییه‌كانی‌ به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ‌و بڕ‌و بیانوو به‌ئه‌مریكا ده‌فرۆشێ  به‌وه‌ی‌ هاوكاریی چه‌ك پێشكه‌ش به‌ هه‌سه‌ده‌ ده‌كات، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ڕه‌سمی‌ له‌زاری‌ وته‌بێژی‌ كۆشك‌و نوێنه‌ری‌ سه‌رۆك وه‌ڵامدراوه‌ته‌وه‌، به‌وه‌ی‌ ئه‌وان له‌دژی‌ تیرۆر پاڵپشتی‌ ئه‌و هێزانه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ له‌مه‌یدانه‌كه‌دان، به‌ڵام له‌ باسی لێسه‌ندنه‌وه‌ی‌ چه‌ك قسه‌یه‌كی‌ جدی‌ نه‌كراوه‌، ئه‌گه‌ر كراشبی َ وه‌ك ئه‌و رسته‌ رووكه‌شانه‌ وایه‌ كه‌ ئه‌مریكا له‌په‌نجاكان به‌ره‌ودوا له‌به‌ر خاتری‌ وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كان، به‌رامبه‌ر ئیسرائیل به‌كاریهێناوه‌ له‌باره‌ی‌ پاڵپشتی‌ ماددی‌، به‌ڵام به‌ئاشكرا‌و له‌هه‌ڤدیتنی‌ سه‌رۆكه‌كان دڵنیایی ته‌واویان پێده‌درا له‌باره‌ی‌ پاراستن‌و ئاسایشی ئیسرائیل. 

 ئه‌وه‌ی‌ بۆ رۆژاواش له‌م قۆناغه‌دا گرنگه‌ پاراستنی‌ ئاسایشه‌كه‌یه‌تی‌ له‌و هه‌ڕه‌شه‌ به‌رده‌وامانه‌ی‌ ئه‌ردۆغان كه‌رۆژیك ده‌ڵێ: ئه‌م ناوه‌یان لێئه‌كه‌ین به‌گۆڕستان‌و رۆژێك ده‌ڵێ: گوێ به‌كه‌س ناده‌ین‌و دێینه‌ منبه‌ج ‌و ئه‌و شریته‌ سنوورییه‌، به‌ڵام به‌كرده‌یی تائێستا جگه‌ له‌وه‌ی‌ عه‌فرین كه‌ بابه‌تێكی‌ ته‌واو جیاوازه‌، هیچ رووینه‌داوه‌. 

ته‌نگترین كات به‌لای‌ كوردانی‌ رۆژاوا ئه‌و رۆژه‌بوو كه‌ ترامپ به‌تویتێك جاڕی كشانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانیدا له‌سوریا، له‌به‌رامبه‌ریشدا زۆرترین كاردانه‌وه‌ی‌ له‌ناوه‌خۆی‌ ئه‌و وڵاته‌ هێنایه‌پێش، ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو وه‌زیری‌ به‌رگری‌ جیمس ماتیس‌و برێت مه‌مكگۆرگ له‌سه‌رووی‌ ناوی‌ ئه‌و لیسته‌دابوون كه‌ ده‌ستیان له‌ پۆسته‌كانیان هه‌ڵگرت.

 هاوكات كاردانه‌وه‌كان له‌ناو توركیا زۆر به‌خێرایی ده‌ركه‌وتن، هه‌رزوو وه‌زیری‌ به‌رگری‌‌و وته‌بێژی‌ حكومه‌ت رایانگه‌یاند كه‌ ده‌چنه‌ ناو قوڵایی خاكی‌ سوریا‌و به‌ڵێنی‌ 25 كم یان به‌درێژایی سنووره‌كانی‌ ئه‌م دوو وڵاته‌ له‌ترامپ وه‌رگرتووه‌، دوایین لێدوانی ئه‌ردۆغان باس له‌نه‌بوونی‌ شوێنێك ئه‌كات به‌ناوی‌ كوردستان له‌ناو خاكی‌ توركیا!. 

هه‌روه‌ها دوێنێ بوو باسیان له‌زینده‌به‌چاڵكردنی‌ كورد ده‌كرد له‌ناو تونێله‌كاندا، ئه‌و تونێلانه‌ی‌ هه‌سه‌ده‌ لێیانداوه‌، ئه‌مجۆره‌ هه‌ڕه‌شانه‌ له‌ پێش چوونه‌ ناو عه‌فرین توندتر‌و پڕمتمانه‌تربوون. 

 بۆ وه‌بیرهێنانه‌وه‌ش خاڵێكی‌ دیكه‌ی‌ وه‌رچه‌رخان، فشاری‌ شه‌ش سیناتۆری‌ كۆماری‌ بوو به‌تایبه‌ت سیناتۆر لیندس گراهام كه‌ دیداری‌ له‌گه‌ڵ ترامپ سازدا‌و داوای‌ كرد كه‌ وه‌ك هاوپه‌یمان بێوه‌فا نه‌بن له‌گه‌ڵ كوردانی‌ رۆژاوا. له‌پاڵ ئه‌مه‌شدا نابێ رۆڵی‌ فه‌ره‌نسا نادیده‌ بگرین كه‌ هه‌میشه‌‌و له‌م چه‌ند ده‌یه‌یه‌دا هاوبه‌ش‌و هاوكارێكی‌ دڵسۆزی‌ دۆزی‌ كوردبووه‌، به‌تایبه‌ت رۆڵی‌ فلۆره‌نس بارلی‌ وه‌زیری‌ به‌رگری‌ ئه‌و وڵاته‌ كه‌ كۆتاییهێنان به‌تیرۆری‌ به‌سته‌وه‌ به‌كشانه‌وه‌ی‌ هاوپه‌یمانان له‌م وڵاته‌دا‌و له‌ڕسته‌یه‌كی‌ پڕمانادا گوتی‌: پێویسته‌ ئه‌ركی‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ رێكخراوی‌ داعش ته‌واوبكرێ، به‌ر له‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ سوریا بكشێنه‌وه‌. كه‌واته‌ ئه‌و جوڵه‌ دبلۆماسیی‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی له‌ڕووكه‌شدا به‌رامبه‌ر رۆژاڤا ئه‌یبینین، هیچ نین ‌و بارته‌قای‌ پاراستنی‌ ئاسایشه‌كه‌ی‌ نیه‌ كه‌ ئه‌وان ته‌نها ئه‌یانه‌وێ له‌م خاڵه‌دا هاوكاریی بكرێن.   

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×