ئیرادەی رۆژئاواییەکان لەهێنانە ئارای ڕۆژگارێکی ناوازەی مێژویی

د. رزگار ئاغا
  2019-03-06     375
سەرەتایەک:
سیاسەتمەدارە سیاسی‌و ئابوری‌و عەسکەریەکانی ئەوروپاو ئەمریکا بون کە وەرچەرخانی گەورەو دیاریان هێنایە دی بۆ گۆڕینی رۆژئاوا بۆ سەرزەمینێکی نمونەیی بۆ خەڵکەکی خۆیان‌و مسۆگەریی سەروەریان‌و روگەپێدانی رۆژئاوا وەک ناوەندی زانست‌و ئابووری‌و سیاسەت. 
ئەوە فاکتە کە سیاسەتمەدارەکان ئەم بریارە ئەنجام وەرچەرخاندنەیان سەپاندو هێزە شکستخواردووەکانی تری رۆژئاواو رۆژهەڵاتیان ملکەچ کرد بۆ چۆک دادان لەبەردەم هەنگاوەکانی خۆ دامەزراندنەوەوە. لێرەشەوە هاوڵاتیانی خۆیان ملکەچکرد بۆ پابەند بوون! ملەکەچبوونی سیاسی‌و ئابوری‌و عەسکەری! نەک ویستێکی رۆشنبیری‌و هزری و دەنگی خەڵک! پاشان خەڵک بەهەمو چینەکانیەوە لەرەوشێکی ئەژموونداری توندوتۆڵداو بەدەر لەهەرچ کاریگەریی فەلسەفەو ئایدۆلۆژیایەک پابەندو ڕاهێنران بۆ گۆڕانیان بۆ هاوڵاتیەکی نوێ‌و زۆر جیاواز لەهەموو چاخ‌و سەدەکانی تر.

(١)
جەنگەکانی یەکەم‌و دووەم
سی ساڵێک تێپەربوو لە نێوان دەستپێکردنی جەنگی یەکەم و کۆتایی هاتنی جەنگی دووەم. بێگومان دیارە ئەم دوو جەنگە بەهۆی ناکۆکی و ململانێی ولاتە ئەوروپیەکانەوە هەڵگیرسان و هەموو جیهانیان لە جەنگەوە تێوەگلان. جەرگەی جەنگەکان لە نێوان ئەڵمان و وڵاتە ئەوروپاییەکانی دراوسێی بوو بەهۆی ئەوەی ئەم ولاتانە لەو کاتەدا پێشکەوتووترین ولاتی دنیابوون و ئەیانویست یەکتر تێک بشکێنن. ئەڵمانیا لەماوەی ٢٦ سالدا دووجار فەرەنسەی داگیر کرد وە لە هەر داگیرکاریەکدا بەلجیکا و هۆڵەندا و لۆکسمبورگیشی ئەماڵی و بەریتانیا و روسیاشی لە بەرنامەدا بوو. و لە دواجاردا ئەم جەنگانە بوونە ململانێی داگیرکاری و وێرانکەر کە هەموو دنیای گرتەوە.


جەنگی دووەم زۆر دڕندانە و خوێناوی وێرانکاریی تر بوو کە نزیکەی ٦٠ ملیۆن سەرباز و سڤیلی تیا کوژرا و جگە لە کۆمەڵکوژی و سوتاندنی مرۆڤەکان کە هێشتا یەکەمین جەنگە بەم وەحشیگەریە! ئەوە لەولاوە بوەستێت کە داروپەردوو بەسەر گوند و شاری زۆربەی ئەوروپاوە نەهێڵرا و بوونە سوتماکی جەنگ. بەشێوەیەک کە وێران و خاپوورکردنی خانوو و ماڵ و بیناکان و ئاوارەکردنی خەلکی بێ تاوان مەبەستدارانە و ئەنقەست بوون و نەما لە ئەوروپا پریشک و زرمی جەنگی بەرنەکەوێت.

بەڵام لە دوای سالی ١٩٤٥ ووتەیەکی بەناوبانگ و باو هاتە سەرزمانی ئەوروپاییەکان و ووتیان " جارێکی تر ئەمە رووناداتەوە", ئەمەش ئاماژەبوو بۆ ویست و پەرۆشیەکی جیددی جیهانی بۆ خۆبەدوورگرتن لە جەنگێکی جیهانی تر. گەلە ئەوروپاییەکان و حکومەتەکانیان پابەندی ئەم ووتەیە بوون و پەندی مێژوویی گەورەیان لە وێرانکاری و کوشتن و برین وەرگرت.

بەڵام چۆن مسۆگەری ئاشتیان لە ئەوروپا هێنایە دی؟ زۆرینەیەک هەستیان بە بەرپرسیارێتی ئەوە کرد کە جەنگەکان لەسەر شانی نەتەوەیی ئەکەوێـتەوە لە ئەوروپادا. زلهێزەکانی ئەوروپا و بەریتانیا و فەرەنسە و ئەڵمانیا و روسیا شانەخڕێ و ململانێی قورس و تیژیان هەبوو تەنانەت لە کاتی ئاشتیەکەشدا کە هەریەک بتوانێت زالبوون و هەژموونی ئابووری و سیاسی خۆی بهێنێتە دی. دەستکرا بە داهێنانی باجی گومرگی و هەندێ بەربەستی ئابووری و بازرگانی لە نێوان زۆرینەی دەوڵەتە ئەوروپاییەکاندا. بەڵام وەڵامی زۆربەی چاودێڕان, بە سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیر وزانا و ڕابەری بزووتنەوە نەتەوەییەکانیشەوە ئەوە بوو بە روون و ئاشکرا داوای ئەوەیان کرد کە ئەوروپا ئەبێت یەکبگرێت. لە بری ئەوەی ململانێ و شانەخڕێ هەبێـت, پێداویستیەکی زۆر هەیە بۆ هێنانەدی سیستەمێکی هاوکاری لە نێوانیان.
بەڵام بێگومان زۆرێک لە ئاستەنگ و گرانی هەبوو کە پێویست بوو زاڵببن بەسەریدا بۆ هێنانەدی ئەم ئامانجە.

رۆژئاواییە سوێندخۆرەکان, ئەوانەی پابەندی پاراستنی دەولەتە دیموکراتیەکان بوون لە بەرامبەر هەرەشەی داگیرکاری شوعیەت, دەستیان کرد بە دامەزراندنی کۆمەڵێک دامەزراوەی نێودەولەتی بە مەبەستی دامەزراندنەوەی دەوڵەتە ئەوروپاییەکان وەک قەوارە و وەک ئابووری و بەتایبەتی بەرگریکردن و چاککردنی باری ئابووری ئەو دەولەتانەی کە لە جەنگی دووەمدا خاپووربووبوون.

لەبەرئەوەی زۆربەی دەولەتە ئەوروپاییەکان وێران بووبوون, زۆربەیان بووبوون بە ژێر باری قەرزارێتی ئەمەریکاوە و نەیان ئەتوانی کە بچنە ژێر باری تێچوونەکانی بونیادنانەوە. کەمی خۆراک و کەرەستەی خاو و سەدان هەزار پەناهەندەیان هەبوو کە پەناگەیان نەبوو. بەهۆی ئەم ئاستەنگ و گرانیانەوە ئیش و کاریش قڕ بوو بوو. بۆیە لەم بارە سەختەدا, ئەم حکومەتانە مەیلیان بەلای پشتیوانی شیوعیەتدا هەبوو و ئەمەش ترسی بۆ ئەمریکا نایەوە کە ترسی لە شیوعیەکان هەبێت کە لاوازی ئەو ولاتە ئەوروپیە رۆژئاواییانە بقۆزنەوە و حکومەتە دیموکراسیەکان بروخێنن. لەنێوانیاندا یۆنان و تورکیا بوون, وەک بەرپەرچێ بۆ شیوعیەکان, سەرۆکی ئەمریکای ئەوکاتە هاری ترومان لە ١٩٤٧ دا نەخشەیەکی دانا کە بە بیروباوەری ترومان ناسێنرا بۆ پشتیوانی و کۆمەکی ئابووری ئەو وڵاتانە و هی تریش کە لە ژێر مەترسی و هەرەشەی سوڤیەتدا بوون.

هەر لەم سات و وەختەدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەنەراڵ مارشاڵ دامەزراوەیەکی کۆمەکی ئابووری ئەوروپی دامەزراند بە ناوی ئۆئی ئی سی بۆ دابەشکردنی پارەی هاوکاری ئەمەریکی. هەر لێرەشەوە بۆ مەبەستی بەرگری سەربازی و مسۆگەری ئاشتی و ئاسایشی سەرتاسەری ئەوروپای رۆژئاوایی لەبەرامبەر دوژمنکاریی سۆڤیەت, دامەزراوەی یەکگرتنی باکووری ئەتلەسی (ناتۆ)ی دامەزراند کە هەموویان پابەند بوون بۆ هاوکاری هەر ولاتە ئەندامێک کە رووبەرووی دەستدرێژی ببێتەوە بەسەرکردایەتی ئەمەریکا.

(٢) رۆڵی فەلسەفە رۆشنکارییەکان 
سەرنج: بەبۆچونی من زاراوەی رۆشنکاری دروستە نەک رۆشنگەریی , چونکە "گەر" بۆ پیشەیە وەک مسگەر, ئاسنگەر, زەڕەنگەر, هتدز بەڵام ئەمە پیشە نیە بەڵکو هزر و رەفتارە و لە کوردیدا هیچ لەوانە پاشگری "گەر"ی بۆ بەکارنەهاتووە بە نموونە: سۆفێتی نەک سوفیگەریی, فەقێیەتی نەک فەقێگەری, مەلایەتی نەک مەلاگەریی, ئیسلامەتی نەک ئیسلامگەریی, لاوێتی نەک لاویگەری, هتد بۆیە پاشگری " گەر" لە کوردیدا نیە و لە فارسیەوە پەریوەتە ناو زمانی کوردیەوە. 

با لەدوادوایی سەدەی حەڤدەیەمەوە قسە بکەین کە ئەوروپا لە فەلسەفەی لاهوتی کەنیسە و دەسەلاتی حوکمرانی کەنیسە قوتاربوون. سەدەی هەژدەیەم ئەو کاتە بوو کە فەلسەفەی رۆشنگەری ئازادانە هاتەگۆ, بەڵام تەنها هاوڵاتی ئەوروپایی پێ گۆشکرا. رەهەندەکانی مەعریفە بوونە رۆحێکی نوێ لە داڕشتنەوەی ئەقڵی کەسی ئەوروپایی, نەیتوانی رەوش و ئەقڵی حوکمرانی و سیاسەت بگۆرێت.

فەلسەفەی رۆشنکاریی لەئینگلتەرە دەستیپێکرد و گەشەی کرد بەڵام گەشەی ڕاستەقینەی لەفەرنسەدا بو دوایی گوێزرایەوە بۆ ئیتالیاو ئەلمانیا کە هۆکارەکانی زۆرن و شوێنی باسکردن نین. لەدیارترین پێشەنگەکانی بریتی بوون لە ڤولتێر، دیدرو، وجان جاك رۆسۆو هی تریش.

بەریتانیا جگە لە ئەقڵێکی گەورەی بە توانا و دووربینانە کە بیریان لە دەسەلات و شکۆ کردەوە بۆ میللەتەکەیان, بەپێی هەڵکەوتەی جوگرافیەکەی تەنها وڵات بوو کە دەستی شەر و وێرانکاری سەدەکانی حەڤدەی نەگەیشتێ و بەتایبەت دووربوون لە هێرشەکانی ناپلیۆنەوە. بۆیە یەکەمین دەولەتی ئەوروپایی بوو کە داهێنانە زانستی و پیشەسازیەکان تیایدا بە بێ خەمانە و مسۆگەرانە سەری هەڵدا و زانکۆکانیان کەوتنە گەڕ و بەرائەتی داهێنانەکان سەریان هەلدا و لێرەوە لە چەندین ئاراستەی داهێنان و دروستکردنی ئامێرە جیاجیاکان و پیشەسازی هەمە چەشنەوە کەوتنە خۆ تۆکمەکردن, سەرمایەیەکی گەورەیان کۆکردەوە و وەرچەرخانی گەورەیان هێنایە دی لەفراوانکردنی دەسەڵاتی سەربازییان لە دەرەوەی ئەوروپادا لە رێی دروستکردنی پاپۆرە جەنگیەکانیانەوە کە بەدەریادا چوونە دەرەوەی دوورگەی بەریتانیا بۆ ئەفەریقا و ئەمەریکای باشوور.
بۆیە پێگەی خۆی و کاریگەریەکانی لەسەر دامەزراندنی ئەوروپای نوێ کە تیادا باڵادەست بێت هاتوونەتە دی و بریاردەری گرنگن.

بگەڕێینەوە سەر فەلسەفەی رۆشنکاری , لە ئەڵمانیادا کانت پەیدا بوو کە بە مامۆستای ئەقڵی رۆژئاوایی دائەنرێـت لەدوای دێکارت دەستی گرت بەسەر فەلسەفەی رۆشنکارییدا  و گرنگترین کتێبی پێشکەشی هزری ئەوروپی کرد بە ناوی "رەخنەی پراکتیکی ئەقڵ" و لەم کتێبەیدا باسی لە هەموو شتێک کرد, زانست, ئایین , رەوشت و سیاسەت. بەڵام نە ئەم کتیبە و نە کتێبەکانی تری و نە فەلسەفەی رۆشنکاریەکانی  تری پێشوو خۆیشی لە سیاسەت و حوکمرانیدا گوێی پێ نەدرا هەتا دوای یەک سەدە لە مردنی. کتیبەکەی بەناوی "پرۆژەی ئاشتی هەمیشەیی" کە لە ١٧٩٥دا نوسی و بووە هەوێنی پێکهێنانی عوصبەتول ئومەم لە ساڵی ١٩٢٠ دا لە لایەن ویلسۆنی سەرۆکی ئەمەریکی ئەو سەردەمە کە یەکێک بووە لە خوێندکارەکانی, کە دواتر بوو گۆڕا بە نەتەوە یەکگرتووەکان.

زۆرێک لە سیاسەتمەداران و توێژەران ئەڵێن کە هەرچی گۆرانکاریەکانی سیاسەت و یاسا و رەوشتی حوکمڕانی و پەیوەندیە دیبلۆمیاسیەکانی نێو دەولەتان هەیە لەم فەیلەسوفەوە سەرچاوەی گرتووە و بەتایبەتی کتێبی ئاشتیەکەی.
بەڵام ئینگلیز و بە سەرکردایەتی ئەمریکا بە عوصبەتول ئومەم رازی نەبوون و بنەماکانی فەلسەفەی کانتیش پشتگوێخران کاتێک ترسیان لێ نیشت کە ئەوروپا دەسەڵاتیان زاڵ بێـت بەسەریاندا و بەتایبەتی کە هەژموونیان لە ئەفەریقادا بەرچاو بوو. بۆیە جەنگی دووەم ئەو کێشەیەی بۆ یەکلا کردنەوە و بالیان کێشا بەسەر زۆربەی جیهاندا بەدەر لە روسیا و چەند وڵاتێکی رۆژهەلاتی ئەوروپا کە لە ژێر دەسەڵاتی روسیادا مانەوە.

(٣) هزر یان سیاسەت, کامیان باڵادەست بوون؟
زۆرێک لە سیاسەتمەداران ئەڵێن هزر پێش سیاسەتە. ئەم ووتەیە تەنها لە رووی کاتەوە راستە کاتێک هزرێک ئەنوسرێتەوە و دواتر پراکتیزە بکرێت. ئایا عەرەبانە لە دوای ئەسپ ئەبەسرێت یاخود لە پێشیەوە! واقییعش ئەوەی سەلماند کە هەژموون و ئیرادەی سیاسی و نوخبەی سیاسی بڕیادەرە لە هێنانە کارای هزر و پێشبینیەکان.

کتێبی " پرۆژەی ئاشتی هەمیشەیی" ی کانت هەرچەند سەدەیەک زیاتریش پێش دامەزراندنی عوسبەتولئومەم نوسرا بەڵام گرنگ کارپێکردنی بوو کە نوخبەی سیاسی ئینگلیز و ئەمەریکا کەوتنە سەر کەلکەلەی جێبەجێکردنی. ئەمان زوو زانیان نوسین و رێنمایی و ڕاسپاردە هەمووی ئەبنە مرەکەبی سەر کاغەز و گەمژەیی بوو ریشی خۆیان بسپێرن بە میللەتانێک کە هێشتا ئاستی هۆشیاریان نەکەیشتوەتە ئەوەی پابەندی حوکمرانی یەکگرتوو ببن. نە سیاسەتمەدارەکانیان لە ئاستی ئاشتی و پێکەوە ژیان بوون نە هاولاتیەکانیشیان. بۆیە زوو گەیشتنە ئەو دەرئەنجامەی کە ئەبێت یەک سەرچاوەی دەسەلات هە بێت کە بتوانێت هەمووی بخاتە یەکگرتنێکی بێ سەرپێچیەوە. بۆیە بریاریان دا با هزر و فەلسەفە چاوەڕێ بێت هەتا ئەو کاتەی ئەتوانێـت خزمەت بە ستراتیژی سیاسەت بکات .بە زەمینەسازی بۆ جێبەجێکردنی ئەم هیوایە بە هەموو رەهەندەکانیەوە یەک سەدە و نیوی ویست بۆ ئەوەی نیوەی یەکەمی نەخشە مەزنەکەیان بهێننە دی وپاشان بە نیو سەدەی تریش بە تەواوی هاتە دی.

بزانین چۆن؟
بەریتانیا لەگەڵ ئاوابوونی دەسەلاتی ئاینی کەنیسەداـ کە ململانێ ناوخۆییەکان رەویبوونەوە ـ دەستکراوەیی بۆ دامەزراندنی دامەزراوەی حکومی بۆ هەمووان هاتە ئاراوە. بەریتانیاییەکان دوورەپەرێز دانەنیشتن و بەڵکو کەڵکەڵەی شکۆمەندی و سەردارێتیان کەوتە سەر لە هێنانە ئارای دونیایەکی جیاوازتر لە هەموو سەدەکانی تری مێژووی ئەوروپا بە تایبەتی و جیهان بە گشتی. ئەم جڵەوگیریە بە ئاسانی و لەو دوورگە بچووکە دوورە دەستەی ئەوروپاوە ئەستەم ئەهاتە بەرچاو بەڵام گەورەترین ئەقڵی تاقانەی ستراتیژ بین و پلانی ژیرانەی خۆیان خستەکار ، لە خودی خۆیانەوە ئامادەسازی دەستپێکرد لەو کاتەی لە ناوەڕاست و رۆژئاوای ئەوروپا و بە دیاریکراوی ئەڵمانیا و فەرەنسە خەریکی شەڕ و فراوانبوونی قەلەمرەوی خۆیان بوون لەسەر حسابی میللەت و پاشەرۆژیان. ئەلمانەکان ٢٦ جار فەرەنسەیان داگیر کرد و سنووری زەمینی ئەڵمان ئامانجیان نەبوو بەڵکو شوێن هەبوونی زمانی ئەڵمانی کەوتبوون و تەماعەکانیان بێ سنووریی تێپەراند. فەرەنساییەکانیش ئیمپراتۆریەتی ناپلیۆنیان بۆ بووە مەینتەتی گەورە و لە هێرشی سەربازیەوە تێوەی گلاندبوون هەتا سەری خواردن.

بۆیە هەتا ئەڵمان و فەرەنساییەکان کەوتنە باری یەکلاییکردنەوەی ململانیکانی نێوانیان, بەریتانیا توانی بەرنامەی سیاسی و ئابووری ناوخۆیی و دوورگەکانی یەکبخات و ئابووریەکی تۆکمە دابمەزرێنێت. کاری جیدی کرد هەتا دامەزراوە دەولەتیەکانی دابمەزرێنێت و گەل بووە چەقی بەڕێوەبردن کە چینی ناوەراست جلەوگیری گرتەبەر. هاوڵاتی بەریتانی بووە خاوەنی شوناسێکی کەسی جیاوازتر لەوەی لە ئەوروپادا هەبوو و مافە کەسی و یاساییەکانی نوسرانەوە و هەلبژاردن کەوتە دەستیان. 

شاژنە ڤیکتۆریا باوەری بە هزر و توانای سیاسی و بەریوەبردنی خەلکەکەی هەبوو و لە دەسەڵاتێکی سیاسی و جێبەجێکاریەوە خۆی کرد بە دەسەڵاتێکی رەمزی بەریتانیا و زۆربەی زۆری دەسەلاتەکانی بەخشیە حکومەت و بەم پێیە گۆرانکاری رەگ و ریشەیی گرنگ هاتە گۆڕی لەسەر دەستی چەندین سەرۆک وەزیرانەکانی وەک لۆرد ملبورن, سێر روبێرت بەیڵ و دیزرائیلی وولیم گلادستون و سالزبێری.

کێشەوململانیکانی ناو ئەوروپا بە هیچ پەیماننامەی نێوخۆیان رانەوەستاو بەهاتنی شەڕی یەکەمی جیهانی تەقیەوە. لەمە بەدواوە پەیماننامەی ڤێرسای لە ۱۹۱۹ دا رازی نەبوو ئەڵمانیا بێتەوە ناو سیستەمی ئەوروپایی و لە هەمان کاتدا روسیش پەرێزبەندیەکی پیشان دا و ئیتر ئەڵمان و روس لە دەری ئەو دەوڵەتانەبوون کە هاوسەنگی ئەوروپایان پێکهێنا بەڵام بە لا تەریکی تیایدا مابوونەوە.

ئەلمانیا ملی بۆ بەندەکانی پەیماننامەکە نەئەدا و خەریکی گەڵاڵەکردنی پیلانەکانی خۆی بوو کە لە بەریتانیا و ئەمەرکا نهێنی نەبوون. بەریتانیاش زیاتر مەبەستی ئاگاداربوون لە نزیکەوە خۆی ئەخستە ناو کاروبارەکانی ئەوروپاوە زیاتر لەوەی ڕێگریی بکات لە ئەگەری بەیەکدادان و هەڵگیرسانی شەڕێکی تر.

لەم کاتەدا عوسبەتول ئومەم لە لایەن ئەمریکاوە پێشنیاز کراو و دامەزرا, بەڵام وەها ژیرانە داڕێژرا کە نیەتە تۆڵەسازیەکانی ئەڵمان و خواستە شۆڕشگێڕیەکەی رووسی تیا نەزۆک کرد, عوسبە ڕێگری لە بوژانەوەی ئەڵمان گرت و توانا عەسکەریەکانی ڕووسیشی سنووردار کرد. بەریتانیا و ئەمریکا دڵنیابوون کە نێوەندگیریەکی وەها نابێـتە وەستاندنی ئەم دووانە و عوسبەتول ئومەمیش نابێتە مایەی ئارامیی و سەقامگیریی نە لە ئەوروپا و نە لە جیهاندا, ئەوە جگە لەوەی کە دامەزراوەیەکی وەها فرە ساحێب نابێـتە مایەی بەردەوامی و ئاشتی کەوتنەوە و بگرە خۆیان زەرەرمەندی یەکەم ئەبن تیایدا. بۆیە هەر خۆیان کەمتر پابەند بوون پێوەی و نە کاتی خۆیان و نە ووزە و پارەی خۆیان تیا خەرج کرد و چوونەوە بە لای خۆی ئامادەسازی تری تەکنۆلۆجی و لۆجیستکیەوە و چاوەروانی بەیەکادانێکی تری ولاتە ئەوروپاییەکانیان کرد و ئەوەبوو جەنگی دووەمی جیهانی دەستی پێکرد و هاتنە ناوەوەی خۆیان لەمجارەدا یەکلاییکەرەوە و لە بەرژەوەندی سەردارێتی خۆیان بوو و مەرجەکانی ئاشتی و ئاگربر و دامەزراندنەوەی ئەوورپا کەوتە دەست خۆیانەوە و لەوێشەوە دابەشبوونەوەی هێز و قەڵمرەویان لە جیهاندا نەخشە کێشا. نەتەوە یەکگرتوەکانیشان بووە ئەو دامەزراوەیەی کە سەردارێتیەکی هەبێـت بە سەرکردایەتی خۆیان و بەدوور لە دەسەڵات و لاساری ئەوان کاری خۆی بکات.

وەک ستراتیژێکی دووربینانەی بەریتانیا و ئەمریکا, بەرکەوتە و قەڵەمرەوی روس مایەوە وەک خۆی و زۆرێک لە ولاتە ئەوروپاییە رۆژهەلاتیەکان مانەوە لە ژێر رکێفی یەکێتی سۆفیەت و دیسانەوە ئارامگرتنێکی تری چل و پێنج سالەیان خستە بەرنامەوە بۆ خۆ ئامادەسازی بۆ ئەو ڕووبەرووبوونەوەیە.

ئا لەم لێکهەڵوەشانە و پەرەسەندنی ناکۆکیەی ناو ولاتەکانی سوڤیەت کە ئاگایان لە دونیای دەرەوە نەبوو, بەریتانیا و ئەمریکا بە ئارامی خۆیانەوە لە جەنگێگی ساردی سەپێنراوی یەکێتی سۆڤیەتدا بەرامبەر وەستابوون. یەکێتی سۆفیەت بە نەزانینی سیاسەت ئەم جەنگەی دەستپێکردبوو بەو نیازەی پەرە بە بڵاوکردنەوەی شیوعیەت بدات لە ناو خودی ئەمریکا و شەری ئایدۆلۆجی بکات. بەڵام لەبەرامبەرا ئەمریکا خەریکی خۆچەککردن بوو و کەوتە پێشبرکێی چەکی ئەتۆمی لەگەلیدا و ئەوەبوو لەسەردەمی ڕۆناڵد ریگاندا لە ١٩٨١ دا ئەمریکا هێزی ئەتۆمی سۆفیەتی لەناوبرد و لەگەلیشیدا ئابووری سۆفیەتیش کەوت بەوەی ئەمریکا لە ئابووری جیهانی دابڕی.

(٤)
جەنگی سارد و ئارامکردنەوەی سەرتاپای ئەوروپا
رۆژگاری دوای جەنگی دووەم هەتا سالی ١٩٩١ بەردەوام بوو کە تیایدا حوکمرانی سۆڤیەتی لەسەردەستی دواین سەرۆکیدا کە گۆرباتشۆف بوو هاتە کۆتایی. دیارە بیرۆسترۆیکای گۆرباتشۆف تەنها بریارێکی تاکە کەسی نەبوو و لەگەلیشیدا کتوپر نەبوو, بەلکو بریارێکی سیاسی دەستەگەلی بوو لەسەر دەستی ئەودا لە ئەنجامی گەندەلی و ستەمی ئەو سیاسەتە یەک لەدوای یەکانەیانەوە لە ناوخۆی روسیا و ولاتە بچووکەکانی ژێر دەستیان. سیاسەتەکانی لێنین و تروسکی و ستالین کەلەکەبوون لە سەپاندنی بیری مارکسی و توندوتیژیی و پەراوێز کردنی میللەتەکانیان لەگەڵ گۆرانکاریەکانی ئەوروپای رۆژئاوادا. 

لەهەمانکاتدا, لەسەر ئاستی سەرکردایەتیەکانیان گەندەلی و دزی و خۆشڕابوێڕی تەشەنەی سەند لەسەر داهاتی سروشتی و تەکنۆلۆجیا و مافی خەلکەکانیان, ئۆتۆمبیلی کرانبەهای ئەلمانی و لەسەر نوێ،ی ئاوریشمی ئیتالی و هەمیشە لە گەشتوگێڵێ فەرەنسە بوون و لە گەورە ئوتێل و ڕێستۆرانتەکانا ژیانیان ئەبردە سەر و کۆشک و تەلارەکانیان لە ئەوروپا. ئەمانە بەرامبەر برسیکردن و راونان و بێ بەشکردنی خەڵکەکەی خۆیان لە حوکمرانی و بەدیهێنانی سەرەتایترین مافی خۆیان, بەرە بەرە ژێرخانی ئابووریانی داتەپان و ناکۆکی گەورە لە ناوەوەی ١٥ولاتی سوشیالیستی ژێر رکێفی رووس هاتە مەیدانەوە کە زۆرترین زمان و کەلتوور و رەچەلەکی جیا جیا بوون. ئەمانە زیاتر وایان کرد کە دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی یەکێتی سۆفیەت بەرەو کزیی بروات لەپۆلۆنیاوە هتا گەیشتە چیک و یۆگسلاڤیا و ئۆکرانیا و بێلاروس و بەلتیق و تا دواجار یەکێتی سۆڤیەت هەڵوەشا.

بە کورتیەکەی, دەسەڵاتی بەریتانیا و ئەمریکا بە دوو قۆناغ هاتە دەست لە ئەنجامی سەرقالبوونی ئەو ولاتانە بە تەماع و قەلەمرەوی نامەشروع و گەندەلی و ستەم لە ولاتەکانیان لەسەر حسابی گەلەکانیان لە شەڕی دۆڕاو و خۆ ڕەتێندا. لە بەرامبەریشا ئەقڵێکی تری تیژ و ستراتیژ وورد، خەریکی وڵات ئاوەدانکردنەوەی ئابووری و رۆشنبیری و وزانستی و لەسەروو هەموویانەوە تەشریعیەوە کە حوکمڕانی ووڵاتیان سپاردە گەلەکانیان و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتەکانیان لە بەرژەوەندی خۆیان لە ئارادابوو. لە هەمان کاتدا، جڵوگیریی جیهانیان گرتە دەست کە دواجار بووە هێزی عەسکەری و ڕۆشنبیری و زانستی و زمانەکەشیان کردە زمانی باڵا دەستی سەرزەوی.

ئەگەر بەریتانیا و ئەمەریکا ئەم جڵەوگیریەیان نەبردایەتەوە, ئەبوو حاڵی ئەوروپا ئێستا چی بووایە؟ بێگومان شەڕی بەردەوام و وێرانکاری و کارەساتی گەورە ڕوویان دابوو. ئەوروپاییەکان زۆر قەرزاریانن کە ئەوپەری خۆشگوزەرانیان بۆ فەراهەمهێناوون کە لەمێژوودا ئەوەندە سەقامگیریی و تەباییان بە خۆیانەوە نەدیوە.

د. رزگار ئاغا
دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×