سلێمانی له‌نێوان پێشه‌نگی راپه‌ڕین‌و واقیعی سه‌راسیمه‌بوندا

ئه‌بو به‌كر كاروانی‌
  2019-03-08     190
سه‌ره‌تا یادی راپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ی گه‌له‌كه‌مان له‌ هه‌مووان پیرۆز بێت، پیرۆزباییه‌كی تایبه‌تیش بۆ سلێمانیانی راپه‌ڕیوو، كه‌ توانیان بیسه‌لمێنن له‌ هه‌ڵگیرساندنی ئاگری پیرۆزی راپه‌ڕین و راماڵینی زه‌بر و زه‌نگی به‌عس و دام وده‌زگا سه‌ركوتكه‌ره‌كانی و ئایدۆلۆژیا به‌ رق قانگدراوه‌كه‌ی ، پێشه‌نگن. ئه‌وه‌ش بۆ سلێمانی و مێژووه‌كه‌ی و كلتوری رۆڵه‌كانی نامۆ نیه‌، چونكه‌ شارێكه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه‌ له‌ زۆر وێستگه‌ی مێژوویدا ده‌ستپێشخه‌ر و سه‌رقافڵه‌ و قوربانیده‌ر بووه‌، له‌ مێژووی نوێشدا نكولی له‌ رۆڵی ئه‌م شاره‌ له‌ په‌ره‌دان به‌ فه‌رهه‌نگی كوردایه‌تی و گه‌شه‌دان به‌ ناسیونالیزمی كوردی ناكرێت. ئه‌مانه‌ی ئاماژه‌مان پێكرد و زۆر شتی تری هاوشێوه‌، له‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌كانی بیركردنه‌وه‌ و داهێناندا، به‌شێكن له‌ واقیعی مێژوویی و مێژووی فیكر و تێكۆشانی ئه‌م شاره‌. 

قسه‌شمان لێره‌دا له‌م ڕووه‌ نیه‌، به‌ڵكو سه‌رنجڕاكێشانه‌ بۆ خاڵێ كه‌ به‌ بڕوای ئێمه‌ جۆرێ له‌ جیابوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌م مێژوو رۆڵه‌ پێوه‌ دیاره‌، كه‌ ئه‌ویش تێكه‌ڵكردنی پرسه‌ نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌یه‌ به‌ ململانێی سیاسی و حیزبیه‌كان و سه‌رهه‌ڵدانی جۆرێ له‌ گومان و دوودڵی به‌رامبه‌ر ئه‌و ئامانجانه‌ی كه‌ له‌ ڕووی نیشتمانیه‌وه‌ ده‌ربڕی روحی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ته‌وه‌ن نه‌ك حیزب و ته‌وژمێكی دیاریكراو.

له‌ ئێستادا و بۆ چه‌ند ساڵێك ده‌چێت وێنایه‌ك له‌ سلێمانی كێشراوه‌، كه‌ له‌ ئاستێكیشدا بێت پشتی كردۆته‌ مێژووه‌كه‌ی خۆی، گه‌ر چی له‌ مه‌یدانی خه‌باتی عه‌داله‌تخوازیدا هه‌ر پێشه‌نگه‌، به‌ڵام وه‌ك ده‌ڤه‌ر و زێدێك ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ خوێنگه‌رمی بۆ مه‌سه‌له‌ نیشتمانیه‌كان و سه‌ربه‌خۆیی، له‌ كزی داوه‌.

ئه‌وه‌ش جۆرێ له‌ قه‌یرانی ناسنامه‌ی بۆ ئه‌م مه‌ڵبه‌نده‌ دێرینه‌ی به‌رهه‌ڵستكاری و بوژانه‌وه‌ و فیكر و شه‌ڕكردن دژ به‌ سیاسه‌تی تواندنه‌وه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له‌لایه‌ن ده‌وه‌ڵه‌تی عێراقه‌وه‌ دروستكردووه‌. ئه‌گه‌ر قوڵایی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ش كه‌ ئاماژه‌مان پێكردن غرورێكی برینداركراو و ره‌تكردنه‌وه‌ی په‌راوێز خستنی رۆڵ و دۆخی له‌ كه‌نار ژیاندا بێت، به‌ ره‌نجامی پێچانه‌وه‌ به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌دات و، وێنای شاره‌كه‌ زۆرتر ده‌شێوێنێ و پێگه‌ی ركابه‌ره‌كانی به‌هێزتر ده‌كات و وه‌ك مه‌ڵبه‌ندێكی سه‌رگه‌ردان و بێ ستراتیژ ده‌یخاته‌ ڕوو. مه‌ڵبه‌ندێك تیایدا ستراتیژ و تاكێك، ئامانج و ئامڕاز ، ئامانجه‌ له‌ پێشین و له‌ پاشه‌كان، كه‌س و هێز و بنه‌ما و به‌هاكان، گۆڕاو و نه‌گۆڕه‌كان، تێكه‌ڵ به‌ یه‌كدی بوون. هه‌ر ئه‌وه‌ش كێشه‌ی پێناسه‌ به‌خۆدان و گوزارشت له‌ خۆدانه‌وه‌ و ده‌ستنیشانكردنی هه‌ڵوێستی بۆ خوڵقاندووه‌.

ده‌مێنێته‌وه‌ ئه‌وه‌ی داخۆ سلێمانی به‌م جۆره‌ی ئێستا مێژوو كه‌سێتی شارستانی و ناسنامه‌ی فیكری و رۆڵی خۆی ده‌كاته‌ بارمته‌ی ململانێ سیاسی وزه‌رفی و گۆڕاوه‌كان یاخود به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ سه‌ر له‌نوێ به‌ متمانه‌به‌خو بوونێكی گه‌وره‌ و ویقارێكی شایسته‌ به‌ پێگه‌كه‌ی، ململانێكان ده‌خاته‌ چوارچێوه‌یه‌كی فراوانتر و له‌ ڕوانگه‌ی ئه‌و رۆڵه‌ی خۆی پێویسته‌ له‌ سه‌نته‌ردا بیگێڕێ، ده‌یانخوێنێته‌وه‌ و ئاراسته‌یان پێ ده‌دات و پێناسه‌یان بۆ ده‌داته‌وه‌؟.


له‌هه‌موو حاڵه‌تێكدا به‌بڕوای ئێمه‌ سلێمانی پێویستی به‌ هه‌ڵوێسته‌كردن و خۆپێناسه‌كردنه‌وه‌یه‌ك هه‌یه‌. بۆ ئه‌وه‌ی به‌ناوی خاوه‌ندارێتی له‌غرورو كه‌له‌پورو رۆحه‌ سركه‌ هه‌ستیاره‌كه‌ی، نه‌كرێته‌ پانتاییه‌ك بوجاردانی كوتایی نیشتمانپه‌روه‌ریتی كوردستانی.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×